١٨\٩\٢٠١٧
یەکیەتی باجی
ھەڵەکانی دەدات.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
چەقی سیاسەتی ئێستای یەکێتیی ھەوڵدانە بۆ ھێشتنەوەی دۆخی ھەنوکەیی، ھەر
بۆیە سازشی زۆر بۆ پارتیی دەکات. ئەو سازشانە ھیچیان لە خزمەتی یەکێتیی
و خەڵک و دیموکراسیی نین، تەنھا سازشن لەپێناو بنەماڵەی تاڵەبانیی.
ھەڵە ستراتیجییەکانی یەکێتیی:
١- یەکێتیی پێیوایە تورکیا لە پشت بانگەشەکانی دەوڵەتی سەربەخۆیە، بۆیە؛
پشتیوانیی دەوڵەتی سەربەخۆ و ریفراندۆم دەکات. تا لای ھێرۆ ئیبڕاھیم
ئەحمەد ئەو تێگەیشتنە دروستنەبو، یەکێتیی پشتیوانیی ریفراندۆم و
دەوڵەتی نەکرد.
٢- یەکێتیی بە ھۆی ئەو پشتیوانییە کوێرانەی لە ریفراندۆم و دەوڵەتی
سەربەخۆ، پێیوابو دەکەوێتە بەرەی تورکیا. ئەمە وای کردوە ئێران نیگەران
بێت. ھەر بۆیە لە دوا سەردانیدا بۆ ئێران، د بەرھەم ساڵح لەلایەن قاسمی
سولەیمانییەوە دو پەیمانی گەورەی پێدراون؛ یەکەمیان، ئێران پشتیوانیی د
بەرھەم دەکات چ لەناو یەکێتیی بێت و چ ھێزێکی نوێ دروستبکات، دوەمیان،
ئێران پشتیوانیی بەرھەم ساڵح دەکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە
دوای ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق.
٣- یەکێتی پێیوایە ئەگەر دەوڵەت دروستبکرێت، ئێران قازانجێکی ئەوتۆی
ئابوریی بە یەکێتیی و دەوڵەتی کوردیی نابەخشێت، بۆیە؛ وا باشترە بکەونە
بەرەی تورکیا بەو پێیەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە تورکیادا
رەتدەبێت. ھەروەھا، سەرچاوەکان لە سنوری سەوزن [کەرکوک و چەمچەماڵ]،
بەڵام ئیدارە و رێڕەوەی گەیاندنی بە بازاڕی نێودەوڵەتیی لەژێر کۆنترۆڵی
پارتیی و تورکیان.
٤- یەکێتی دەزانێت بچێتە ناو ھەڵبژاردنەکانەوە توشی دۆڕانێکی گەورە
دەبێت. بزوتنەوەی گۆڕانیش قبوڵی نەبو بە یەک لیست بچنە ھەڵبژاردنەوە بە
ھۆی ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی بە لیستی کراوەن. یەکێتی دەیەویست پێگەی خۆی
بپارێزێت، یان بە سازشێکی گەورە بۆ پارتیی یان بە رێککەوتنی لیستی
ھاوبەش لەگەڵ یەکێتیی. سەرەڕای ئەوەی گۆڕان قبوڵینەبو بەو جۆرە بچنە
ناو ھەڵبژاردنەوە و پێشنیازی بەھێزتر یەکخستنی فراکسیۆنەکان بو،
یەکێتیی پەلەی بو.
٥- لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، پارتیی ناوچەکانی تا رادەیەک پارێزراوتر
دەبن، یەکێتیی ئەو ھاوپەیمانێتییەی لەگەڵ ئێران و شیعەی عێڕاق ھەیە
بەرەو لەناوچون دەچێت بە ھۆی دروستبونی گرژیی لە کەرکوک و ناوچە
جێناکۆکەکان.
٦- دەرفەتێکی زۆر باش بو بۆ ئەوەی یەکێتیی وەک بەدیلی پارتیی لای
ئەمریکییەکان خۆی نیشانبدات، بەڵام نەک بوە نەیتوانی، بەڵکو وەک پاشکۆ
دەور دەبینێت. ئەو دەورەی یەکێتیی دەیبینێت، دەوری پاشکۆیەتییە نەک
ھێزێکی خاوەن گەورەترین مێژوی سەروەریی شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلی ھەرێمی
کوردستان لە حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی رابردو.
ئەوەی یەکێتیی راگرتوە، مانەوەی جەلال تاڵەبانییە. لە ئامادەبونی جەلال
تاڵەبانییدا، یەکێتییە ناڕازییەکان بەرانبەر بنەماڵەی تاڵەبانیی نەرمیی
دەنوێنن. تەمەنی تاڵەبانیی پێناچێت ھێندەی مابێت، لە نەمانی تاڵەبانیی،
نەیارەکانی ماڵی تاڵەبانی دو ھێندە دەبن. ئەوکات، پارتیی ناتوانێت
ببێتە ھۆی پاراستنی یەکێتیی وەک ئێستا یەکێتیی بۆتە ھۆی پاراستن و
تەحقیقکردنی بەرژەوەندیی و ویستەکانی پارتیی.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|