په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٣

بەیاننامەی رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا:

 

یەکێتی ئەوروپا لە مەترسی رادەستکردنەوەی چالاکوانانی کوردانی رۆژھەڵات بە ئێران ئاگادار دەکەینەوە.

 


دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سێ چالاکوانێکی سیاسی کوردی بەناوەکانی حەبیبوڵا گوڵپەری پور، ٢٥/١٠/٢٠١٣ زیندانی ورمێ, رەزا ئیسماعیلی، ٢٦/١٠/٢٠١٣ زیندانی سەڵماس, شێرکۆ مەعارفی ٤/١١/٢٠١٣ زیندانی سەقز لەسێدارەدان، لە شاری ھەولێر خۆپیشاندانێک دژ بەو شەپۆلی سێدارەیە لەلایەن ئێرانەوە سازکرا، بە تۆمەتی بەردبارانکردنی کونسوڵخانەی ئێران لەھەولێر. پۆلیسی ئەو شارە ٨ چالاکوانی سیاسی رۆژھەڵاتی دەستگیرکردووە, بە ناوەکانی (مستەفا شێخە، رامان پیرۆتی، چیا مەلاک، پیشەوا عەلی پوور، عەلی ئیسماعیل نژاد، محەمەد فەرھاد زادە، ئامانجی سەڵەواتی و فازڵ محەمەدی).

مایەی پرسیارو نارەزاییە کە ماوەی سێ ھەفتەیە ئەو چالاکوانانە رێگەی دیدار یان دابینکردنی پارێزەریان پێنەدراوە. دەستبەسەرداگرتنی ئەو چالاکوانانە ھیچ بنەمایەکی یاسایی نیەو مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیەو بۆ دڵدانەوەی قونسوڵگەری ئێران و حکومەتی ئێرانە. لەچوارچێوەی ئەو مەبەستەشدا مەترسی رادەستکردنەوەیان ھەیە بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئێمە وەک رێکخراوی کوردستان فۆروم لە بەلجیکا، ئەم ھەوڵەی دەزگا ئەمنیەکانی ھەولێر ئیدانە دەکەین و پێمانوایە دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانە سیاسیانە لەھەولێر تا سەر ئێسک دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانە و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی خۆپیشاندانە کە ھەمیشە دەسەلاتدارانی ھەرێم دیماگۆگانە بانگەشەی بۆ دەکەن.

بەتوندی ئیدانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین لەبەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانی چالاکوانانی کورد و بەلوچ، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان ٢٤ چالاکوانی سیاسی تری کورد لەچاوەروانی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەداندان .

بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین داوا لەرێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و لایەنە سیاسیەکان بکەین کە ھەوڵی مرۆڤدۆستانەی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی ھەولێر بەمەبەستی ھەرچی زووتر ئازادکردنی ئەو بەندکراوە سیاسیانە و مامەڵەیان بە شێوەیەکی یاسایی و دوور لە ھاوکێشە سیاسیەکان.


بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ناو یەکێتی ئەوروپا و نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە ئێراق وھەروەھا دیسکی ئێران لەو دەزگایەدا دەکەین، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لەمەترسی رادەستکردنەوەی ئەو ھەشت بەندکراوە سیاسیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانەوە بە دەوڵەتی ئیسلامی.

بۆ پەیوەندیی:
kurdistanforum@hotmail.com

فەرمان چیمەن: ٠٠٣٢٤٨٨٨٠٥٥٩٢٩


رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا
١٩\١١\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک