یه‌کێتی نیشتمانی
بێ ده‌رگاو په‌نجه‌ره مایه‌وه!

موحسین که‌ریم
هیچ کاتێک یه‌کێتی نیشتمانی به‌راده‌ی ئێستا رایه‌ڵ
و چنینی ناوخۆیی لێکترازاو و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاو نه‌بووه.
بارودۆخی ناوخۆیی رێکخراوه‌یی ئه‌م حیزبه به‌جۆرێکه که رۆژبه‌رۆژ
داده‌وه‌شێت و له‌ناوه‌وه داده‌خورێت. ساڵانێکه کوتله‌کاری نه‌سیجی
رێکخراوه‌یی ئه‌و حیزبه‌ی شه‌ق شه‌ق کردوه. دواتریش جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان
ئه‌و شه‌ق و درزانه‌ی به‌جۆرێ گه‌وره کرد که ئیتر توانای پڕکردنه‌وه‌یان
نیه. ئه‌گه‌رچی نه‌وشیروان به‌شێکی هێزه رێکخراوه‌که‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ
خۆی برده ده‌ره‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌شی که‌ماوه‌ته‌وه لاشه‌یه‌کی شه‌قار
شه‌قاره و وه‌کو گیاندارێکی مرداره‌وه بووی لێهاتوه که وورده
وورده لێک هه‌ڵده‌وه‌شێت و ده‌پووکێته‌وه.
به‌راستی وه‌زعیان به‌جۆرێکه ئینسان حه‌سودییان پێ نابات! حیزبێک وه‌زعی
بگاته ئه‌وه‌ی که نه‌توانێ کۆنترۆڵی کۆبونه‌وه حیزبیه‌کانی خۆی له
باڵاترین ئاستی حیزبی‌دا بکات و نه‌توانێ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسییه‌که‌ی
پابه‌ند بکات به‌وه‌ی که نهێنی حیزبه‌که‌یان بپارێزن، ده‌بێ ئیتر چ
پێوانه‌یه‌کی حیزب بوونی تێدا مابێته‌وه!؟ سه‌یرێکی ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی
عارف روشدی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بکه‌ن که له ماڵپه‌ڕی(چاو‌دێر)دا،
که ماڵپه‌ڕی مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیه،
بڵاوکراوه‌ته‌وه. عارف روشدی له بێده‌سه‌ڵاتی و بێهیواییه‌وه به‌رامبه‌ر
به‌وه‌ی که باسه‌کانی ناو کۆبونه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی ده‌چێته سه‌ر
لاپه‌ڕه‌ی بڵاوکراوه‌و رۆژنامه‌کان ده‌ڵێ: "...
ئه‌و شتانه‌ی که ده‌رده‌چێت له کۆبونه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی له‌لایه‌ن
که‌سانێکه‌وه‌یه که به‌ڕاستی ڕێز له کۆبونه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی
ناگرن، ڕێز له خودی خۆشیان ناگرن، ئه‌و کۆبونه‌وانه‌ی که حزبین
پێویسته به‌شدار بووه‌کانی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه ئه‌وه تێبگه‌ن که
کۆبونه‌وه‌ی حزبی داب‌و نه‌ریتی خۆی هه‌یه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه،
هه‌ر که‌سێک ئه‌و کاره بکات، پێش هه‌موو شتێک ڕێزی له خۆی نه‌گرتووه
..."
ئه‌م بارودۆخه رێکخراوه‌ییه‌ی که تووشی یه‌کێتی هاتووه ره‌نگه له‌ناو
هیچ حیزبێکی دنیادا رووی نه‌دابێت. بڕیاره مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ر
حیزبێک له هه‌موو روویه‌که‌وه ئۆرگانێکی حیزبی پته‌وو تۆکمه‌و خاوه‌ن
پره‌نسیپ و زه‌بت و ره‌بتی حیزبی و رێکخراوه‌یی بێت، بڕیاره ئه‌ندامانی
مه‌کته‌بی سیاسی هه‌رحیزبێک له هه‌موو ئه‌وانی دیکه شێلگیرتر بن له‌سه‌ر
پاراستنی بنه‌ما و پێوانه حیزبیه‌کان و نهێنیه حیزبیه‌کان. به‌ڵام
ئاستی توندوتۆڵی سیاسی و تانوپۆی رێکخراوه‌یی یه‌کێتی وای لێهاتوه که
راده‌ی پاراستنی نهێنی کۆبونه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی به‌راده‌ی
پاراستنی نهێنیکاری قسه‌وباسی رۆشنبیرانی چاخانه‌ی شه‌عبی سلێمانی بێت!
یه‌کێتی پێی وابوو که دوای جیابونه‌وه‌ی گروپه‌که‌ی نه‌وشیروان له‌ناو
سه‌رکردایه‌تی ومه‌کته‌بی سیاسی‌دا ئیتر ئه‌و کون‌و که‌له‌به‌رانه‌ی
گرتوه که زانیاریه‌کانی ناو کۆبونه‌کانی سه‌رکردایه‌تی ومه‌کته‌بی
سیاسی‌یان ئاشکرا ده‌کرد. پێی وابوو که به‌چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ئیتر
ناوماڵی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی وه‌کو قه‌ڵغان تۆکمه‌و پته‌وه! به‌ڵام
ئه‌و قسانه‌ی عارف روشدی ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن که ناوماڵی یه‌کێتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی
وه‌کو ده‌واری شڕی لێهاتوه!
عارف روشدی هه‌ر له بێده‌سه‌ڵاتی و بێچاره‌ییه‌وه که ده‌زانێ ئه‌و
ده‌رده به‌و ئاسانیه چاره‌سه‌ر ناکرێ رووی ده‌می ده‌کاته ده‌زگاکانی
راگه‌یاندن و رۆژنامه نوسان. ئه‌مجاره به بیرخستنه‌وه‌ی پره‌نسیپی
رۆژنامه‌گه‌ری به‌بیری رۆژنامه نوسان داوایان لێده‌کات که ئه‌گه‌ر که‌سێکی
بێپره‌نسیپی ناو مه‌کته‌بی سیاسی نهێنیه‌کانی کۆبونه‌وه‌کانی بۆ
درکاندن، ئه‌وان به‌پێی رێزگرتن له پره‌نسیپی پیشه‌که‌یان ئه‌و کاره
نه‌که‌ن و له‌م رێگایه‌وه نهێنی ناو کۆبونه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی
بپارێزرێ! گوێ له عارف روشدی بگرن: " ... ئه‌و
ڕۆژنامه‌نوسانه‌شی که به‌په‌رۆشه‌وه‌ن بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌و ئه‌وانه‌یش
که بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش لادانه له ڕێسای ڕۆژنامه‌وانی..."
کاتێ عارف روشدی هه‌ست به‌وه ده‌کات که ره‌نگه ئه‌م
ئامۆژگاریه‌شی بۆ رۆژنامه‌نوسان سودێکی نه‌بێت، چونکه به‌پێی مه‌نتقی
عه‌قڵ هه‌ر که‌سه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه به عارف روشدی بڵێ" تۆ که
ناتوانی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ت پابه‌ند
بکه‌ی به پاراستنی نهێنی حیزبه‌که‌ته‌وه چ مه‌نتقێکه داوا له من
بکه‌یت ئه‌و کاره‌ت بۆ بکه‌م"، ئینجا نه‌رمه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیان لێده‌کات
و به‌وه ده‌یانترسێنێ که ئاشکراکردنی نهێنی لایه‌نێکی سیاسی که ده‌سه‌ڵاتی
به‌ده‌سته‌وه‌یه وه‌کو جۆرێک له کاری جاسوسی کردن ده‌ژمێردرێ. به
ووردی سه‌رنج بده‌نه ئه‌م قسه‌یه‌ی عارف روشدی:
" ... پاراستنی نهێنیه‌کانی لایه‌نێکی سیاسی که ئه‌مرۆ به‌رپرسه له
به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتێکدا، هه‌ق نیه به‌بێ فه‌رمانێکی تایبه‌تی ئه‌و
لایه‌نه ئه‌و زانیاریانه بڵاو بکه‌نه‌وه."
عارف روشدی ده‌بێ ئه‌وه بزانێ که ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی
حیزبه‌که‌ی نهێنی حیزبه‌که‌ی نه‌پارێزن بۆچی ده‌بێت رۆژنامه‌نوسان له‌وان
زیاتر په‌رۆشی پاراستنی نهێنیه‌کانی ئه‌وان بن!؟ ئه‌و داوایه نه
ماقوڵه‌و نه مه‌نتقی! باشتره کاک عارف ده‌رگای ماڵه‌که‌ی خۆی قایم
بکات و دراوسێکه‌ی به دز تاوانبار نه‌کات! به‌ڵام له‌وه ناچێ ئه‌مجاره‌یان
یه‌کێتی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌کی مابێت تا قایمی بکات!
8/10/2009
|