(یەکیەتیی
نووسەرەوانی کوردستان- لقی هەولێر) ئیشی چییە؟

ڕابەر فاریق
1
ئایا فێستیڤاڵ دەتوانێت (دەنگێکی هێمن) بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا شیعری
مەزن هەمیشە پشتی لە (هاوار)ە؟ ئەوە بۆچی تا ئێستە شیعرێکی ئافرێنراو
لە بۆنەگەل و فێستیڤاڵگەلە بێشوومارەکانی کوردستاندا دەرگە
ڕەپێشکراوەکانی خۆی بە ڕووی خوێنەرەوانی قووڵڕوانین دا وازیی نەکردووە؟
بۆچی ئەوانەی فێستیڤاڵ دەکەن، تەنها هاوڕێکانیان، هاوکات ئەو کەسانەیش
دەخەنە لیستی (دەرچوو)ەکانەوە کە بە کەڵک دێن بۆ مەراییکاری و ستاییش؟
ئایا فێستیڤاڵە کوردییەکان، جگە لە بێ ئیشییەکی گەورە، چیی دیکەن؟ ئەوە
بۆچی تا ئێستەیش لە کوردستاندا، گەلێک جار شیعر وەکوو وەعز دەنرێتە بەر
گوێی مرۆوە؟ ئەو هەموو سەنتەر و ڕێکخراو و (یەکیەتی)یانەی کە
فێستیڤاڵگەلێکیان سازکردووە، چ دەقێکی (باڵا)یان پێ ناساندووین،
هاوکاتیش؛ ئایا بوونەتە هۆکارگەلێک بۆوەی نووسەرەوەکە پتر بخوێندرێتەوە
و ڕەخنەکاران بە سەرنجەوە لە بەرهەمهێنراوەکانی بنۆڕن؟ چما کامانەن ئەو
(دەق)ە بە هەڕمێنانەی لە دوای خوێندنەوەیان لە (دیوەخان)ێکدا (خوێندنەوە)گەلی
(ڕەخنە)یی جیددییان لە بارەوە کراوە؟ تۆ بڵێیت (وەک ڕەخنەکارمان نییە)
دەقی (باڵا)مان هەبووبێت، کە لە فێستیڤاڵەکاندا خۆیان ناساندبێت؟
دەتوانین لە فێستیڤاڵەکاندا بە هۆکردی (بیستن)ەوە (دەقی ئافرێنراو)
بناسین؟ بۆچی (دەق)ە خەڵاتکراوەکانی فێستیڤاڵە کوردییەکان هێند زوو
بیردەچنەوە، هاوکاتیش ڕەخنە سەرنجیان نادات؟ لە کاتێکدا سەدان
نووسەرەوەی لاتەریک و داهێنەرمان هەبن، بۆچی دەبێت (ئیدیۆلە وەهمییەکان)
زووتر لەوان خۆیان بسەپێنن، هۆکردەکانی پشت ئەم تارماییگەل و
کۆڵەوارییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟ گەلۆ؛ دەسەڵات تا چ ئاستێک
هاریکار و (مەراییکار)ی بەشینەوەی ئەو ناشیرینییە بەردەوامەیە؟
2
لێرەدا بە پێویستی دەزانم دیسان ئێست لە هەمبەر ئەو بابەتە بکەم و
پرسگەلێکی دیکە بورووژێنم: ئامانجی لاەوەکیی (نەک سەرەکیی) یەکیەتیی
نووسەرەوانی هەولێر چییە لە فێستیڤاڵە درەنگوەخت و کۆڕە (ئەدەب)یی و (هزر)ییەکانی؟
کامانەن ئەو نووسەرەوە جیدییانەی لەوێوە ناسراون؟ ئەو سەرمایە
مانگانەیەی بۆ وێ دانراوە و دەنێردرێ، چۆن سەرف دەکرێ؟ بۆچی کەس پرسیار
ناکات و ناپرسێت؛ ئێمە خەریکی چیین؟ ئەو بڕە پارەیە چۆن دابەش دەکەین؟
چالاکییەکانتان/ چالاکییەکانمان کامانەن؟ بۆچی (کۆوار)ەکەتان/
کۆوارەکەمان لە هەموو ژمارەکانیدا تەنها چەند کەسێکی وەک (دەستەی
نووسەرەوان) و هاوڕێکانتان/ هاوڕێکانمان - بڕێک جاریش کەسێکی دەرەوەی
ئەم گرووپەتان/ گرووپەمان، ئەویش بە سودفە - (نووسین)ەکانیان لەوێ دا
دەوەشێنن؟ تۆ بڵێی ئێمە نووسەرەوەگەلی جیددییمان نەبن؟
جگە لەمانەی سەرەوە، پرسیارگەلێکی دی هەن کە پێوەندییان بە (خەڵات) و (بەخشینەوەی
پارە لە پێناو سپاس)ەوە، هەیە، هاوکاتیش هەوڵگەلێک و مەیلگەلێکی
بێشووماریش هەن بۆ هەبوون و ڕەوایەتیدان بە فێستیڤاڵ و بە هەدەردان و
تەخشانکردنی سەرمایەی میللەتێک، لە پێناو پیشاندانی (بەهرە) و (داهێنان)ی
تاکڕەهەنددا. لێرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێک لە ئامانج و هەوڵەکانی
دەسەڵاتی سیاسیی ئەمەیە، کە بەردەوام هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کۆڕ و
فێستیڤاڵ و مەسرەفگەراییەکی بیرلێکراوەوە، لە ڕێگەی (یەکیەتیی
نووسەرەوان) و (سەنتەر) و کەسایەتیگەلێکی ڕۆبۆتییەوە، لە ڕێگەی
پادداشتە بەردەوامەکانییەوە، دەرگەی پرسیارکردن و گومانکردن و
بیرکردنەوە لە کەسایەتیگەلێک کڵۆم بدات، تا بتوانێت لە پەنا دەمکوتکردن
و کڕینی دەستەیەک لە (ڕۆشنبیر) و (ڕۆژنامەکار)انەوە، ڕەوایەتیی بە هەر
شتێک بدات کە خۆی مەبەستییەتی و لە پێناو بەرژەوەندیی کەسایەتی و
تاقمەکان و خۆیەوەیە، نەک میللەت، لە پێناو بەرژەوەندیی کۆڵەوار و بێ
ئیشەکانەوەیە، نەک ئاست و برەودان بە ئاستی ڕۆشنبیری و جڤاک و
بەرەوپێشەوەچوونەکانی هەر هەوڵ و کۆششێکی جیددیی تاکەکان.
ئەوی ڕۆشنبیر بێت پێویستیی بەوە نییە پرۆژە یان کاری هاوبەشی هەبێت
دەگەڵ دەسەڵات، بە لانی کەمەوە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، چونکە ئەم
دەسەڵاتە لە ڕێگەی گرووپگەلێکی قورمیشکراوەوە مامەڵە دەگەڵ هاووڵاتیان
و ڕۆشنبیران، تەنانەت هەمووانیشەوە دەکات و لە ڕوانگە سنووردار و
ئەجێندا حیزبی و مەسئوولییەکان و خۆیەوە، کارەکان هەڵدەسەنگێنێت و
هەوڵە جوانەکان (ئەگەر هیچی بۆ نەکرێت) تا ماوەیەک، پەردەپۆش دەکات.
یەکێک لەو (هەوڵ)انەیش کە دەسەڵاتی سیاسیی لە ڕێگەی (وەزارەتی
ڕۆشنبیری)یەوە، ئەم (وەزارەت)ەیش لە ڕێگەی (یەکیەتیی نووسەرەوان)ەوە،
ئەوانیش لە ڕێگەی ئەو (سەرمایە)ی کە نراوەتە بەردەستیانەوە، بەردەوام و
بە شێوەگەلی جوایەز لە هەوڵی کڕین و دەستەمۆکردنی (نووسەرەوان) و (ڕۆژنامەوانان)
و (ڕۆشنبیر)انەوەن.
یەکیەتیی نووسەرەوانی هەولێر، لەوەتی هەیە لە لایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە
بەڕێوە دەبرێت، هەر وەک ئەوەی لە باوکەوە بۆیان مابێتەوە؛ هەر وەک
حیزبەکان خۆیان دەنوێنن/ نواندووە. کاتێک حیزبی (یەکیەتیی دیموکراتی
کوردستان) لە هەولێر بوو، هەمان ئەو کەسانەی کە ئێستە نووسەرەوان
بەڕێوە دەبەن، سەر بەم حیزبە بوون، ئێستەیش کە (پارتی دیموکراتی
کوردستان) لە هەولێرە، هەمان پێڕ لە هەمان شارن، لە نێو حیزبێکی دی؛
مەسرەفگەراییی بێ مانایش، هەمان مەسرەفگەرایی. دەشێ پێشتر بە شێوەیەک
لە شێوەکان ئازادیی ڕا دەربڕینیان پتریش بووبێت، کەچی ئێستە هێندە بێ
دەنگن، دەڵێی قەت ناتوانن بدوێن و بنووسن (مەبەستم لە ڕەخنەگرتنە). ئەم
دەستگرتنە بە (یەکیەتیی نووسەرەوان)ەوە، هیچ جوایەزییەکی نییە دەگەڵ
دەستگرتن بە سەر زەویی خەڵقگەلێکەوە، لە لایەن دەسەڵاتبەدەستە
حیزبییەکانەوە، ناشکرێت لە بەرانبەر وەها (یەکیەتیی)یەکدا (تاپۆ)کردنمان
بیر نەکەوێتەوە. کە حیزبی یەکیەتیی لە هەولێر بوون، یەکیەتیی
نووسەرەوان لایەنگیرییان دەکرد، ئێستەیش کە حیزبی پارتیی لە هەولێرە،
لایەنگیریی وی دەکەن، تەنانەت ئامادەیشن لە پێناو مووچە و گەندەڵکارییە
بەردەوامەکانیان، دژایەتیی هەر حیزب- لایەن- کەسێک بکەن.
لێرەوە، کاتێک (ڕۆشنبیر) یەکسان دەبێت بە بڕە سەرمایەیەکی دیاریکراو،
کاتێک کۆی بیرکردنەوە و ئازادیی خۆی لەو شوێنەدا جێ دەهێڵێت کە لە
خواستی دەسەڵاتەوەیە، ئۆتۆماتیکییەن لە ڕۆشنبیرێکی خودئاگا و بوێرەوە
خۆی تەرجەمەی سەر کەسایەتییەکی مەلوول و ناخودئاگا و قورمیشکراو دەکات،
لەم ساتەوەختانەیشەوەیە کە هیچ بڕیارێکی زاتیی لە دەست کەسایەتییەکی
وەهادا نامێنێت، ئیدی ئەوەی ئامادەگیی دەبێت، بڕیارێکە لە لایەن
گرووپێکەوە بۆی دەردەچێت، یان دەگەڵیاندا ڕێکدەکەوێت بۆ کوشتنی ئازادیی
و بیرکردنەوە و پڕۆسەی ڕەخنەکاریی.
3
فارووق ڕەفیق لە دیمانەیەکیدا بە وردیی تیشک دەخاتە سەر ئەو باسەی کە
شیعر لە کۆڕدا ناخوێنرێتەوە، هەر لەوێشەوەیە کە دەڵێ: (تێ ناگەم شیعر
بۆ خەڵک واتای چییە؟ ئێستەیش نەمتوانیوە لەوە تێ بگەم، بگرە
لێرەیشەوەیە کە خوێندنەوەی شیعر لە کۆڕی جەماوەریدا قبووڵ ناکەم، چونکە
ناتوانم شیعر لە کۆڕدا بخوێنمەوە، بەڵکوو وەکوو تێکست دەیخەمە بەردەستی
خوێنەر؛ خوێنەرە جیددییەکانی منیش ئەو خوێنەرانەن کە شیعرەکانم لە
ساتەوەختە پڕ لە تەنهاییەکانیان دەخوێننەوە. من تێ ناگەم لە کۆبوونەوەی
خەڵکانێک بۆ گوێگرتن لە شیعر، چونکە کەش و هەوای ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە
واتای مەرگی شیعر دەگەیەنێ، لەبەروەی لە دواجاردا ڕاپێچت دەکەنە نێو
دەنگەدەنگەوە و حەماسەتێک دەخوڵقێنن. من تێ ناگەم تۆ چۆن چێژ لە شیعرێک
وەردەگریت کە نووسەرەوەکەی لە کۆڕێکدا دەیخوێنێتەوە؟ تۆ فریای کوێی
شیعرەکە دەکەویت؟ ئەو شاعیرەی وەها خەتەرێک پڕۆسیسە دەکات، کە
دادەبەزێتە ئەو ئاستەوە، چی دەکات؟ هەڵبەتە دەبێت ئەویش پێویستیی بە
حەماسەتێکی لەو چەشنە هەبێت. من زۆر لە کۆبوونەوەی وەها دەترسم کە شیعر
بخوێنمەوە، بەڵام خەڵکانێک هەن شیعرەکانیان تەنها بۆ بۆنە و
کۆبوونەوەکان دەنووسن، هەر بۆیە تا ئێستەیش لەم حاڵەتە تێ نەگەییشتووم
کە چۆن کەسانێک بەم کارە هەڵدەستن. من لەگەڵ ئەوەدام باس لە فەلسەفە
بکەین لە کۆڕدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانیم لە کۆڕ و کۆبوونەوەدا شیعر
بخوێنینەوە.) 1
لێرەوە، ئەو (ترس)ەی فارووق بە توندی جەختی لە سەر دەکاتەوە، ترسێکە لە
ئێستێتیکا و حورمەت گەڕاندنەوەوە هاتووە بۆ شیعر و ڕەهەندەکانی، بۆ تێ
گەییشتنی زیاتری نووسەرەوە و خوێنەرەوان لە ئاست و پێگەی شیعر، چونکە
پێی وایە چێژ لە ساتەوەختە قەرەباڵغکراوەکاندا دەسگیر نابێت؛ ئێمە
ناتوانین لە دۆخێکی جەنجاڵدا بە دوای ئەفسوونەکانی دەقەوە بین، چونکە
دەق داوای تەنهابوونمان لێ دەکات، داوای ئەوەمان لێ دەکات کە بیر
بکەینەوە و لە ڕەهەندەکانی ورد ببینەوە و مومارەسەی وردبوونەوەکە بکەین.
لە ڕوانگەی فارووقەوە مەرگی شیعر لە سەروەختی حەماسەت پەیدابوون لە
بەردەمماندا قووت دەبێتەوە، دەشێ ئەم ڕوانینەی وی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە
حەماسەت ڕوحی چێژ و بیرکردنەوە دەکوژێ و لە شوێنی وان دا هوتاف و
هەڵکڕووزان و گرژبوون دادەنێت. خوێندنەوەی شیعر دوورکەوتنەوەیە لە
حەماسەت، دوورکەوتنەوەیە لە گشت کەسەکان و گەڕانەوەیە بۆ نێو
تەنهاییەکانی خود، تەنانەت جێهێشتی کەلوپەلەکانی دەوروبەر و شمەکەکانی
بەریشمانە، بەڵام گوێگرتن لێی، ڕێک پێچەوانەی ئەم ڕستانەی سەرەوەیە.
فارووق لە خۆیەوە گومان ناخاتە بەردەم خوێنەرەوە، لە خۆیەوە پێمان
ناڵێت گوێگرتن لە شیعر پێبەندبوونە بە کوشتنی وی و کردنەوەی فەزایەکە
مەرایی بۆ ئەو بکەرانە دەکات کە جوانیی شیعر نزیک دەکەنەوە لە
تێگەییشتنی هەمووان، بەڵکوو لە ئەزموونەوە سەروچاوەی گرتووە.
دەستەواژەی (مەرگی شیعر) کە فارووق خستوویەتییە ڕوو، دەستەواژەیەکی
تەواو بە جێییە بۆ شوێنێکی وەها، لە بەروەی لە ڕێگەی وردبوونییەوە، لە
ڕێگەی شۆڕبوونەوەیەوە بۆ نێو ڕەهەندەکانی ئەم باسە، پەی بە گرفتەکە
دەبات، گرفتێک کە (یەکیەتیی نووسەرەوان) خەڵقی دەکەن، یەکیەتیی
نووسەرەوان-ێک کە دەستەواژەکەیان تەمێکی خەستی بەسەرەوەیە، چونکە لە
هەموو دنیادا هیچ (یەکێتی)یەک نەبینراوە لە نێوان (نووسەرەوان)ەکاندا.
قەت نەبووە دوو نووسەرەوە هەمان ڕوانینیان هەبێت، قەت نەبووە دوو
نووسەرەوە لە سەر باسێک کۆک بن، بەڵکوو هەردەم جوایەزیی یەکێک لە
ڕەهەندە بنچینەییەکانی خوڵقاندنی داهێنان بووە، هەر کاتێکیش (یەکیەتی)ی
شوێن پەنجەی وە دیارکەوت لە هەر شوێنێکدا، ئەرکی هەر ڕۆشنبیرێکە گومان
لەو (شوێن)ە بکات.
کەواتە؛ (یەکیەتیی نووسەرەوانی هەولێر) و هەر یەکیەتییەکی دی، کە
بانگەی ئەوە دەکەن (ڕۆشنبیر) لە نێویاندا هاتوچۆ دەکات، شاعیر
هاوڕوانینیانە، بوونێکی وەهمییان هەیە، چونکە ئەوان شوێنان (من زۆر
جەخت لە سەر لقی هەولێر دەکەمەوە، چونکە تا ئاستێکی باش ئاگاداری
چالاکییەکانی وانم) داڵدەی کەسانی گومانکار و ڕۆشنبیری جیددیی نین،
مادام (ڕۆشنبیر نییە، ئەگەر هەشبێ جیددییە) 2، کەواتە ئێمە لێرەدا
دەتوانین ئەمە بڵێین: ئەم (یەکیەتی)یە بریتییە لە هەڵگرتنی بیری دۆگما
و بنەماکانی هونەری سەفسەتە.
چونکە شیعری ئافرێنراو لە کۆڕدا ناخوێندرێتەوە، کەواتە؛ ئەوەی لە کۆڕدا
خوێندراوەتەوە شیعر نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ شیعر نووسین، مادام هەوڵە،
فێستیڤاڵ (هەوڵ) دەناسێنێ یان (دەقی ئافرێنراو)؟ چونکە لە ڕوانگەی هەر
فێستیڤاڵێکیشەوە، تۆخکردنەوەی کارەکەیان لە سەر ئەمەی دووەمە، کەچی تا
ئێستە شوێن پەنجەیەکی جار جارییش دیار نییە، ئیدی بخوازین یان نا،
دەبێت ئاستیان بهێنینە ئاستی ڕەواتیدان بە کوشتنی جوانیی و حورمەت
نەهێشتنەوە بۆ وشە.
هەڵبەتە ئەوە دەزانین کە فێستیڤاڵ توانای نووسەرەوە کەشف ناکات، بەڵاًم
ئەم هۆکارانە کامانەن کە دەبن بە پاڵنەر تا نووسەرەوەکان بەشداریی تێدا
بکەن و لایەنەکانیش سازی بکەن؟ لە سادەترین وەرامدا بۆ ئەم پرسیارەی
سەرەوە، دەبێت ئەوە بڵێین کە تەنها پاڵنەرێک بۆ بەشداربوو،
وەدەستهێنانی بڕەسەرمایە دیاریکراوەکەیە، بۆ سازکارەکانیش دەستەمۆکردن
و کوشتنی هەوڵە تاکەکەسیی و جوانەکانە، ئەم دوو ئەگەرەی سەرەوە، کە
ئێمە تیشکمان خستووەتە سەریان، لەوێوە دێن کە ئەوی توانستی خۆی بناسێت،
درکی بەوە کردووە کە لە نێو شوێنی وەهادا (باڵا) ناکات، بەڵکوو دەمکوت
دەکرێت، چەپڵەی بۆ لێ دەدرێت، بەڵام چەپڵەکە دەلالەت لە چەپاندن و
هێزێکی گەورە دەکاتەوە بۆ گوشینی جوانییەکانی توانای کەسەکە، تەنها
هەوڵی بکەرەکان و دانیشتووەکانیش ئەم وەرامەیە.
یەکێک لەو هەوڵانەی بووەتە هۆکاری ڕانەکێشانی خوێنەر بە لای دەقی
کوردییدا، دنەدانیەتی بۆ بیستنی شیعر لە نێو ئاپۆڕادا، پاڵەپەستۆخستنە
سەر هەستی بیستنی کەسەکەیە، بۆوەی بەشدار بێت لە وەرگرتنی (چێژی
ساختە)، چێژێک کە هێزی چەپاندن و حەماسەت دروستی دەکات و ڕەوایەتیی پێ
دەدات. شیعر لەوێدا جوانییەکانی دەردەکەون کە لەبەردەستمانەوەیە، چونکە
لەم ساتەوەختەیە کە دەتوانیین لە وشە، دێر، وێنە و تەنانەت
پێکهاتەکانیشی ورد ببینەوە و درک بە بۆشایی و ئەو کەلێنانە بکەین کە
پڕی کردوونەتەوە لە هەبوون و نەهێشتنی تارماییەکانی گومانگەلێک،
هاوکاتیش دانەنانی بەدیل لە جێگەی خۆی. دەستەواژەی (چێژی ساختە)
دەرهاوێشتەی کوشتنی بیرکردنەوەکانی خوێنەرەوەیە، بیرکردنەوەگەلێک کە
مومارەسەی ئافراندن دەکەن دەگەڵ نووسەرەوەدا.
هەر کاتێک لە هەوڵی کوشتنی بیرکردنەوەدا بووین، مومکین نییە چێژ و لێ
ڕامان و تێگەییشتن پارچە پارچە نەکەین، ئەوەی یەکیەتیی نووسەرەوانی
هەولێریش پێی هەڵدەستێت، هەوڵ نییە، بەڵکوو چەندان جار پڕۆسیسە کراوە،
ئەنجامگەلی کوشندەیشی لێ وە دەست هاتووە، بۆیە ئەوە دەبینین کە لە دوای
کەمبوونەوەی (خوێنەرەوە)، ئەڵتەرناتیڤێکی بیرلێکراوە ئامادەگیی خۆی
دەنوێنێ/ نواندووە، ئەویش (بیسەر)ە.
4
ئەگەر ورد سەرنج لە کۆڕ و فێستیڤاڵەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییی بدەین،
ئەمە دەبینین؛ وەکچۆن لە ساڵانی 80 و 90ەکانی دەیەی ڕابردوودا
بیسەرەکانی (عەبدوڵڵا پەشێو) و (شێرکۆ بێکەس) بەردەوام لە هەڵکشاندا
بوون بەرەو لووتکەیەکی نادیار، تەنانەت هەندێک جار دەکەوتنە ململانێیش
دەگەڵ خەوێنەرەوانەکانەوە (مەبەست لە ململانێ زۆربوونی ژمارەیە)
ئێستەیش بە هەمانشێوە کۆڕەکان گەرمن و تا دێ گەرمتریش دەبن، ئەگەرچی
دەقنووسەکانیش گۆڕاون.
ئایا خوێنەرەوە کوردییەکان دەزانن چۆن شیعر بخوێننەوە؟ پێویستە لە سەر
هەر خوێنەرەوەیەک ئەم پرسیارە بەرەو ڕووی خۆی بکاتەوە، ئینجا دەزانین
نەک گوێگرتنەکانمان، بەڵکوو خوێندنەوەکانیشمان چ توانستێکی بێ ئەندازە
و ژەهراوییان هەیە بۆ لەنێوبردنی شیعر.
5
لێرەدا نموونەیەک دەهێنمەوە لەو کۆڕانەی کە یەکیەتیی نووسەرەوانی
هەولێر کردوونی، ئەویش بۆ (ئەدۆنیس)ە. لەم کۆڕەدا دوو نووسەرەوەی
ئافرێنەر ڕستەیەکیان نەگوت لە بارەی ئەزموونی ئەدۆنیسەوە، ڕستەیەک کە
(تێبینی)، یان ڕەخنە، یان (سەرنج)ێکی تێدا بێت، بەڵام هەموو ئەوانەی
(قسە)یان کرد، لەبیریان نەچوو بڵێن (بەخێرهاتنی شاعیری گەورەی عەرەب،
ئەدۆنیس دەکەین). بەڕێوەبەری کۆڕەکەیش، لەگەڵ دەست پێ کردنی دا، گوتی:
(ئەوەی ڕۆشنبیر بێ، پێویستە لە سەروەختی کۆڕدا مۆبایلەکەی
بکوژێنێتەوە)، هەر لەگەڵ تەواوبوونی ئەم ڕستەیە لە دەمی (گۆڕگێڕ)ەکەدا،
ئەدۆنیس پێکەنی و گاڵتەی بە وەزعەکە هات.
من نازانم پێوەندیی نێوان (ڕۆشنبیر) و (کۆڕ) بە چ شێوەیەک گرێ دەدرێت
بە (مۆبایل)ەوە، ئەگەر بێتوو ئەم ڕستەیە خورد بکەینەوە، لە یەک کاتدا
هەم بەرەو ڕووی شۆک و ئەقڵییەتێکی کوشندە و دۆخێکی گاڵتەجاڕ دەبینەوە،
هەم پەی بەوە دەبەین کە ئێمە نەک توانستی بەرهەمهێنانی ماریفەمان نییە،
بەڵکوو هێشتا نەمانتوانیوە بزانین فێری هونەری قسەکردنیش ببین،
هاوکاتیش لە لایەن دانیشتووەکانەوە، جگە لە چەند ڕستەیەکی سواو، هیچمان
نەبیست، هەر ئەمەیش بوو بە هۆکار کە (نەوزاد هادی) بۆ ماوەی چەند
دەقیقەیەک خەو بیباتەوە و لە سەرەتای کۆڕەکەدا ئامادە نەبێت و پێش
تەواوبوونیشی تێی بقەتێنێ. هاوکات فەلەکەددین کاکەییش، وەک هەمیشە بە
خیتابە درێژەکانی بەشداریی کرد، هەر ئەوکاتیش بوو، کە هەموو ئەوانەی
دانیشتبوون وەڕس بوون و خەو بردنیەوە.
لە سەروو هەموو ئەمانەی سەرەوەیش، کەسێک نەبوو باسێکی وەها بورووژێنێ و
ببێت بە هۆکار تا وتووێژێکی قووڵ بەرهەم بێنێت، لە نێوان خۆی و ئەدۆنیس
دا، هاوکاتیش ڕێگە بە دوو گەنجی مەسیحی نەدرا لەوێدا بدوێن، لەبەروەی
پێڕی ئەوان نووسەرەوان نەبوون.
گرێدانی ڕۆشنبیر و مۆبایل، ڕوانینێکی هێندە کوشندە و ترسناکە، پێویستی
بە هەڵوێستەگەلی جیددیی و خێرا هەبوو، لە لایەن یەکیەتییەکەوە، چونکە
ئەم قەشمەرجاڕییە بۆ گازینۆگەلێک دەگونجێت، نەک نێو نووسەرەوان. ئەمە
یەکێکە لە بەڵگە بەرچاوەکان، کە کۆمەکمان دەکات بۆوەی پتر گومان لە
هەبوونی نووسەرەوەی هەستیار و ڕەخنەکار بکەین، لەو شوێنەدا.
6
لەبەروەی (فەرهاد پیرباڵ) لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیی دا، ئاماژەی بۆوە
کردبوو کە نووسەرەوانی هەولێر بووەتە باڕ و هەر کەسێک ئارەزوو بکات،
ئێواران لەوێ دەخواتەوە، قەڵاچۆیان پێ کرد، تەنانەت ئەو پۆستە
تایبەتییەی کە بە تەنیشت دەرگەی چوونە ژوورەوەوە بوو - بە لای دەستە
چەپەوە-، لە بێخەوە هەڵیانکەند. ئەم نموونەیە گەرەکی بە لەسەر وەستان
نییە، چونکە خۆی ئێست کردنە. لێرەدا ناکرێ ڕەخنە ئاڕاستەی فەرهادیش
نەکەین کە بێ دەنگیی نواند، لە وەها کاتێکدا دەبوو وەک هەمیشە هەڵوێستی
نواندبا، کە نەیشینواندووە، هەڵبەت بە بێ هۆکار نییە، دەشێ ئەویش بەشێک
بێت لەو بۆنە ناخۆشەی لەو نادییەدا بەرز دەبێتەوە و باڵانسی کەپوومان
تێک دەدات.
نادی شوێنی بیرکردنەوە نییە برام، دەستەواژەی یەکیەتیی هەوڵێکی
پەردەپۆشکراوە بۆ کوشتنی بیرکردنەوەی تاکەکەس، کۆڕگرتن بۆ دۆست و
ناسیاوەکان و بە بێ دەنگیی کۆتایی پێ هێنانی، هەوڵە بۆ بە هەدەردانی
سەرمایەی میللەت، بەشداربوونی تەنها چەند ناوێکی ئێکسپایەر لە نێو
کۆوارێکی شلوشۆقدا، مانای ئەمەیە: پێویستمان بە جوایەزیی نییە، بۆیە
یەکیەتیمان هەڵبژاردووە بۆ تەعبیرکردن لە کۆڕوانینمان.
لە سەرەوەدا باسمان لەوە کرد کە "ڕۆشنبیر نییە، ئەگەر هەشبێ جیددییە"،
ئەمە بۆ شاعیریش ڕاستە، واتە: شاعیر نییە، کە هەشبوو جیددییە. لە نێو
فەرهەنگی ئێمەدا گەلێک کەس (خوێنەرەوە) و (نووسەرەوە) و (ڕۆشنبیر) و
واعیزەکان، دەستەواژەی ڕۆشنبیری گەورە و شاعیری گەورە و خوێنەرەوەی
جیددیی بەکاردێنن، بە بێ وەی بزانن ئەم دەستەواژە سەقەتانە لە هیچ
فەرهەنگ و شوێنێکدا نیین و هیچ مانایەکیان نییە، ئەوانەی وەکوو
بەکارهێنەریش دەیانڵێن و دەیاننووسن، وەکوو ڕۆبۆت و تووتیی لە دەمیان
دێتە دەرەوە. هەموو ئەوانەی دەستەواژە بێماناکانی سەرەوە بەکاردەهێنن
لە گوتن و نووسینەکانیاندا، تەنها مەبەستیان مەراییکردنە، مەراییکردنیش
چەند ڕەهەندێکی لێ دەبێتەوە: وەرگرتنی پادداشت، خۆ خۆشەویستکردن، چوونە
نێو تاقمەکانەوە، بەرزکردنی تۆ لە پێناو ڕێکلامت بۆ بەرزکردنی من و
گەلێک شتی دیکەیش، کە پێویست بە لێ وردبوونەوە ناکرێن.
7
"شاعیری لۆکاڵیی گەورەی کورد"، ئەم دەستەواژەیە هێندە بە جێیە بۆ
ئاماژەبۆکراو، یان شێرکۆ بێکەس، هەر دەگەڵ خوێندنەوەی ئەو گوتارەی کە
لە پێشوازیی (ئەدۆنیس)دا نووسیبووی و لە حەوتەنامەیەک دا -ڕەخنەی
چاودێر- وەشاندی، پتر تێگەییشتین کە ئێمە لە بەرانبەر هەر
(ئەویدی)یەکدا هێندە دەستەپاچە، لە بەرانبەر هەر (ئەمە)یەکی خۆیشماندا
هێندە باڵابەرزین، چ ماریفەیەکی پێشینەمان نییە، بەر لە نووسینەوەی ئەو
باسانەی ئامادە دەبن لە هزر و خەیاڵماندا، بەڵکوو ئەوەی هەیە و نییە؛
لە سۆز و کەفوکوڵەوە، یان لە ڕقەبەرایەتییەکی ئەستوورەوە سەرچاوە
دەگرێت، بە بێ وەی هیچ کامێک لەمانەیش هەڵگری ڕەگ یان بنچینەیەکی پتەو
و ڕاستەقینە بن.
8
دواجار، پێویستە ئاماژە بۆوە بکەم، کە هەموو ئەو باسانەی لەم گوتارەدا
تیشکم خستووەتە سەریان، بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونەتە هۆکار تا بەشێکی
بەرچاو لە خوێنەرەوان و نووسەرەوان و تەنانەت هەندێک لەو بوونەوەرانەیش
فریوو بدرێن کە پێیان دەگوترێت ڕۆشنبیر. ترسناکییەکە هەر لەمەیشدا گیر
ناخوات، بەڵکوو زۆر زیاتر هەڵدەکشاوە و لە نێو هەندێک لە نووسەرەوانە
قورمیشکراوەکاندا، وەکوو پێداویستی و سەرچاوەیش تەماشای دەکرێت. بۆیە
ناکرێت بە هیچ شێوەیەک نەڵێین: ئەم دۆخە داڕماو و پڕ لە بدەبەرێیە،
پێویستی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و مشتوماڵکردن نییە، لە کاتێکدا لە
هەر ڕەهەندێکیەوە پێویستی بەوەیە، دوور لە مەیلی ڕەخنەکارانمان بۆ
(شوێن)ەکان، ئەم باسگەلە بخرێنە ژێر میکرۆسکۆبی ڕەخنەوە، تا لە ژێرەوە
هەڵتەکێنرێن و وەرچەرخانێک لە بەردەمماندا قوت ببێتەوە.
ئەگەر بێتوو ڕەخنەکاران وەک ئێستە تەنها خۆیان بە شتە بێ ماناکان و بێ
بایەخەکانەوە قاڵ بکەن، هیچ گومانم لەوە نییە، کە کارەساتگەلێکی
تۆقێنەر بەرەو ڕووی کۆمەڵگەی کوردەواریی دەبنەوە و چارەسەرییەکانیش
ئاستەم و ئاستەمتر دەبن، هەر ئەوکاتەیشە کە ڕەخنە هیچ مانایەکی نامێنێت
و هەموو هوتافەکان وەک تۆپی هەواتێکراو خۆ دەنوێنن و جوایەزییەک
نابینرێت لە نێوان ڕەخنە و ستاییشدا، چونکە ڕەخنە وەختێک پێویستە کە
کۆمەڵگە و تاکەکانی بە نێو قەیرانگەلێکی قووڵدا ڕۆچوون و (گرووپ)ەکان
بیر لە داهاتوو و ئێستە ڕەخنەییەکان ناکەنەوە، بەڵکوو بە کارگەلێکی
وەهاوە مژوول دەبن، کە پێوەندییان بە بەرژەوەندی و داهاتەکانیانەوە
هەیە، نەک بەها مرۆیی و مۆڕاڵییەکانی خۆیان و تاکەکانەوە.
9
ئێمە لەم گوتارە کورتەدا بە کورتیی تیشکمان خستووەتە سەر هەر یەکێک
دەستەواژەکانی (یەکیەتیی نووسەرەوانی هەولێر) و (شاعیر- نووسەری گەورەی
کورد/عەرەب) و (خوێندنەوەی شیعر بۆ کەسگەل) و گرتنی کۆڕ و باسگەلێکی
دیکەیش، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاگوزەر. لێرەیشدا تەنها مەبەستمان ئەوە
بووە، کە ئەم باسانە هەروا بە داخراوەیی نەمێننەوە، بەڵکوو - هەر هیچ
نەبێت - بە کورتیی یان لە ڕەهەندێکەوە لە بارەیانەوە بگوترێت و
بنووسرێت. دەکرێت لە دەرفەتێکی تردا، ئێمە یان هەر کەسێکی تر،
بگەڕێینەوە سەر ئەم باسگەلانە، ئەمەیش بۆوەیە کە چیدی لە پەنا گەندەڵیی
و کارە بێ ماناکانەوە نەبین و بەشێکیش لە گلەییەکانمان کاڵ ببنەوە.
____________________________________
پەراوێز و سەرچاوە:
پەراوێز:
ئەو چەند ڕستانەی فارووق، کە لەم گوتارەدا سوودم
لێیان وەرگرتووە، لە ڕووی ڕێنووس و زمانەوانییەوە دەسکارییم کردوون،
بەڵام بە بێ وەی مەفهوومی ڕستەکان یان ڕوانینەکانی وی بگۆڕم، ئەمەیشم
بۆیە کردووە، چونکە ویستوومە دەگەڵ زمانەکەی من یەکتریی بگرێتەوە،
هاوکاتیش ئەو گفتوگۆیەی کە ڕستە ئاماژە بۆکراوەکانی لێ وەرگیردراوە،
وەها خۆی دەنوێنێت کە لە (گوتن)ەوە بووبێت بە (نووسین)، واتە: ڕستەکانی
فارووق لە وتووێژەوە بووبن، نەک دیمانە، کە جوایەزییەکی بەرچاو هەیە لە
نێوان (وتووێژ) و (دیمانە)دا.
سەرچاوە:
1- فارووق ڕەفیق، غەمە جڤاتییەکان، بەرگی دووەم،
چاپی یەکەم، چاپ و بڵاو کردنەوە: چاپخانەی ڕەنج، ساڵی 2008. ل370 و
371.
2- فارووق ڕەفیق، غەمە جڤاتییەکان، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، چاپ و
بڵاو کردنەوە: چاپخانەی ڕەنج، ساڵی 2008. ل360.
|