په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠١١

یەکی ئایار لە کەشوهەوای عەسکەرتاریی و کۆنەپەرستیی.


سەلام عەبدوڵا   

 

سبەی خاوەنە راستەقینەکەی شارستانی مرۆڤایەتی بە داخوازییە رەواکانیان دژ بە دەسەڵاتدارانی دنیا روو لە شەقامەکان دەکەن. هەموو دەسەڵاتدارەکانیش بە درۆکردن، بە چەک و فێڵ و دووڕووییە دێنە گۆ. تەنانەت هەر لە هێزە ئیسلامییەکان تا گۆڕان و حزبە دەسەڵاتدارو هاوپەیمانەکانشیان خۆیان بە خاوەن و هەڵگری پەیامی چینی کرێکارو چەوساوەکان دەزانن!


لەم رۆژانە فرمێسکڕشتن و"رەحم"و" ریفۆرم"ەکانی چاوچنۆک، چەوسێنەرەکان، لەگەل مشەخۆر و بەلتەچی و سوپا و دەزگاکانی ئاسایش و زەبروزەنگەکانیان بە شێوەیەکی سووک و پێکەنیناوی دەرکەوتن و لەبیریان چووە کە خۆیانن خاوەن پڕۆژەی لیبڕالیزمی نوێ و بازاڕی ئازاد و گران و هەر خۆشیان پەکخەری دەزگا گشتییەکانن و بوون بە هۆی ناڕەزایەتی لەسەرتاسەری دنیا؛ هەر خۆیانن ئاژاوە و باری یاسایی چەوساندنەوەو هەژاریان پەیڕەوکردووە وئێستا باری نایاسایی بەرهەمهێناوە.


ئایا حکومەتێک ئامادەبێت بە خۆڕایی ڤیللای 600هەزار دۆلاری بۆ ئەندام پەرلەمان درووست بکات و خانووی 50ملیونی بۆ کرێکار درووست نەکات، چەندە شایەنی پشتیوانی و رێز و ژیانە؟!


لەم کاتە دۆلار و بازاڕ و رەوشت و جەنگی حکومەتی ئەمریکی بە پلەیەکی لەبەرچاو مایە پووچ بووە، کەچی لەلایەکەوە حکومەت لە سلیمانی بەشێوەیەکی"دیموکراسی"خۆپیشاندانی یەکی ئایار قەدەغە دەکات و لەلایەکی ترەوە گەمژە و"فەیلەسوف"و رەشبیرە کوردزمانەکان، داخوازییە رەواکانی خەڵک دەخەنە بەردەم حکومەتگەلێک خۆیان هۆی سەرەکی نەهامەتی ژیانی کارگەران و مرۆڤایەتین لە جیهان و لەم ناوەڕاستە داخوازی کرێکاران و زیانلێکەتوانی لیبرالیزمی نوێ پێشێلدەکرێ!


سەرمایەدارو حکومەتە شارەزاکانیان(نموونەی حکومەتە تەکنۆکراتەکانی لیبراڵ دیموکرات و دیموکراتی پەرلەمانییەکان)بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی بازاری ئازادی دەدەن و ئەم هەموو ناعەداڵەتی و جەنگ و تاوانەی لێکەوتۆتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە سەردەم و ئاسۆی نوێ بۆ خەباتی چینی کرێکارو هاوپەیمانەکەی دەستیپێبکات.


بەم بۆنەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێی رێزو پێزانینە کە زۆر بە زەقی و روون بە(لەشکرکێشی، قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی1ی ئایار، قەدەغەکردنی خۆپیشاندان، چەقۆکێشان، زیندانکردن، شەق تێهەڵدان و سوکایەتی)وەهمی(ئێمە براین)ی بۆ ئەبەد وردوخاش و بە کردەوە سەلماندی کە حکومەتی هەڵبژێردراوی بازرگان، خاوەن کار، مشەخۆر، جاش، موستەشار و بەعسی و موستەفیدەکانن و گاڵتەجاڕی رەشبیرە دژ بە بیرو فەلسەفەی کارگەران رسواکرد.
لە بەر ئەوەی حکومەت خاوەن پرۆژەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی نییە، ئەم داواکارییانە لە رۆژی یەکی ئایار دووپاتدەکرێنە:


1- پەیرەوکردنی یاسای کار بەشێوەیەکی نوێ.

2- کاراکردنی یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی.

3- راگرتنی دامەزراندنی کاتی.

4- دابینکردنی موچە بۆ کاری کۆمەڵایەتی ژنان و کچانی نێو ماڵ.

5- دیاریکردنی لانیکەمی کرێی کاری یەکسان بۆ خاوەن هێزی بازوو و بیر بەبێ جیاوازی.

6- دەرکردنی یاسایەکی تایبەت دژ بە رەگەزپەرەستی لەبەرامبەر کرێکارانی"بیانی".
7- بەگشتی کردنی کەرتە تایبەتەکان. 8- کۆتاییهێنان بە میلیتاریزەکردنی شارەکان.

9- دابینکردنی کار.

10- کەمکردنی گرانی بازاڕ.

11- کۆنتڕۆڵکردنی جۆری کاڵای هاوردە.

12- بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی سرووشتی.


ئەزمونی سۆسیالیستی لە بەرژەوەندی زۆربەی مرۆڤەکان دوورکەوتەوە، بۆیە تێکشکا، ئێستا سەردەمی هەرەسی سەرمایەدارییە، بۆیە مارکسیزم زیاتر لە هەر کاتێکی تر رەوایەتی هەیە و گۆڕەپانەکە بووە بە هاواری عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە دەسەڵات و ئابووری و ژیانی هەرەوەزی دەبینێتەوە!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک