١\٥\٢٠١٢
یهکی ئایار له
کوبا!!!

ئاسۆ باڵابەرز
یەکی ئایار لەسەر ئاستی دنیادا بە ڕۆژی
کرێکاران ناسراوە گەرچی لە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی دنیادا نە یاد
دەکرێتەوە نە بۆشیان گرینگە و نە باسیشی دەکەن بەڵام لە بەشێک لە
وڵاتانی تری دنیادا زۆر بە گەرمییەوە پێشوازیی لێدەکرێ و بە شێوەی
جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە بە تایبەتیش لە وڵاتانەی بزووتنەوەی چەپ و
کرێکاریی تێیدا بەھێزە. کوبا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی گرینگی زۆر دەدا بە
یەکی ئایار چونکە تا ئێستاش خۆی بە یەکەم دەوڵەتی سۆسیالیستی دنیا
دەناسێنێت و دەیەوێت لە م یادەوەرییەشدا بەرگریی و پارێزگاریی لەم ناوە
بکا.

دیارە باسەکەی منیش تایبەتە بە یەکی ئایار لە کوبا.
لەوەیە گەشت خەونی زۆریک لە ئێمەمانان بێ بەڵام گەشت بۆ کۆێ و کەی و
چۆن ئەمەیان جیاوازەو پەیوەندیی بە جیھانبینیی و خواستی مرۆڤەکانەوە
ھەیە بۆیە بۆ منیش کوبا خەون و ئەندیشەیەکی
لەمێژینەم بوو دوای ئەوەی بڕیارم دا گەشتی کوبا بکەم بەرنامەی ئەوەم
دانا کە گەشتەکەم بکەوێتە یەکی ئایارەوە و ئەمساڵ واتە ساڵی ٢٠٠٩ لە
یەکی ئایاری کوبا لە ھاڤانا بەشداریی بکەم.. واشی بۆ دەچووم یادی پەنجا
ساڵەی شۆڕشی کوبایە بێگومان یادکردنەوەکە تایبەتمەندی خۆی دەبێ.
یادەوەریی یەکی ئایار لە کوبا زۆر پیرۆز
سەیردەکرێ و پیرۆز رادەگیرێ تەنانەت بۆتە جۆرێک لە کەلتووری ئەم وڵاتە.
چەندین رۆژ پێش یەکی ئایار لە گۆڕەپانی شۆرش لە ھاڤانای پایتەختدا
سەدان کەس دێن بۆ پرۆڤەکردن بۆ گوتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیۆنال بە
مۆسیقاوە لە ئاستێکی گەوەرە و بەرفراواندا کاری لەسەر دەکەن چەندین
مامۆستا و خۆێندکاری مۆسیقا و ئۆرکسترای ئەو وڵاتە تێیدا بەشداریی
دەکەن.
لە کوبا ریکڵام و بڵاوکردنەوەی لافیتە و پڵاک کارت پێش ھاتنی یەکی
ئایار بە دەگمەن بڵاودەکرێتەو یان دەکرێ بڵێین ھەر نییە.. لەوەشە ئەم
جۆرە مامەڵەکردنە پەیوەندیی بە بواری ئابووریی وڵاتەوە ھەبێ چونکە
ئاستی بژێوی خەڵک ئێجگار لە خوارەوەیە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆر کۆلان و بنکەی دەوڵەتییدا بە مایکرۆفۆن
بانگەواز بۆ یەکی ئایار دەکرێ و گۆرانی و سروودی جۆراوجۆر لێدەدرێ. لە
کەناڵەکانی راگەیاندندا پێشوازییەکی بەرچاو و گەرم لە یەکی ئایار دەکرێ.
یادەوەریی یەکی ئایار لە ھاڤانا لە کاتژمێر ٥ بەیانییەوە دەست پێدەکا،
خەڵک و گرووپە جیاوازەکان یە ک بە دوای یەکدا بەرەو گۆڕەپانی شۆرش دەست
بە رێپێوان دەکەن، لە کوبا و لە ھاڤانای پایتەختدا سەرۆکی وڵات ئامادەی
یادەوەریی یەکی ئایار دەبێ.. راوڵ کاسترۆ برای ڤیدل کاسترۆ کە ئێستا
سەرۆکە لە سەرەتای یادەوەرییەکەوە تا کۆتایی گۆڕەپانەکە جیێ ناھێڵێ.
لە یادەوەریی یەکی ئایاری کوبادا مرۆڤ ھەست بە شانازیی و ھەستەوەرییەکی
خۆش دەکا.. بێ ئەوەی بچیتە ناو وردەکارییەکانی دەسەڵات و سیستەمێک کە
لەوێ پەیڕەو دەکرێ.. ئەوەی باسی لێدەکەم لە فۆڕم د یە بەس نەک ناوەڕۆک.
ئەم ڕۆژە لە کوبادا پشووی فەرمییە و تەنانەت
فرۆشگا و بازاڕیش داخراون.
دوای ھاڤانە، سانتیاگۆ بە دووەم شار دێ بۆ گەورەیی یادەوەریی یەکی
ئایار چونکە سەرەتای شۆڕش لەوێوە دەستی پێکردوە و خۆشی بە دووەم شاری
کۆبا دادەنرێ.. دوای ئەویش سانتاکلارە بە سێیەم شار دێ بۆ بەرزڕاگرتنی
یەکی ئایار.. ئەم شارە زۆر سەردان دەکرێت جگە لەوەی گەورەیە مۆنیمێنتی
تایبەتی گیڤارا لەم شارەدایە کە بە راستیی جوان و سەرنجڕاکێشە لەگەڵ
پەیکەرێکی گەورە لەو گۆڕەپانەی کە مۆنیمێنتەکەی لێیە لە سانتاکلارا..
لەم وێنەیەدا باشتر دەردەکەوێ:

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا ئەو شەمەندەفەرەی کە کاتی خۆی گیڤارا و
ھاوڕێکانی لە سەرەتای شۆڕشدا تێکیانشکاند
لەم شارەدا کە پڕ بوو لە سەربازی دەسەڵات ئێستاش وەک شۆینیکی توریستی و
پیرۆز و ھێمای شۆڕش و ئازادیی سەیر دەکرێ و رۆژانە سەدان کەس سەردانی
دەکەن.
لە ھاڤانا پتر لە
ملیۆنێک کەس بەشداریی لە یادەوەریی یەکی ئایاردا دەکەن ساڵانە لە کۆی
گشتیی دوو ملێۆن کەس.
لە یادی پەنجا ساڵەی شۆڕشی کوبا ساڵی (٢٠٠٩)دا منیش یەکێک بوم لە
بەشداربووانی یادەوەریی یەکی ئایار کە تێیدا سەدان توریستی چەپ و
ئازادییخواز تێیدا بەشداریان کردبوو، لەوانەی من بینم گرووپێکی گەورەی
تورک کە بەسەردان ھاتبوون بۆ بەشداریی ئەم یادەوەرییە، گرووپێکی بچووکی
عەرەبی فەلستینیی دانیشتووی ئیسرائیل لەوێ بوون و قسەوباسێکی زۆریشم
لەگەڵیان کرد، گرووپێک قوتابیی لوبنانی، سوری، فەلستینی، مۆریتانی،
گروپێکی گەورەی چینی.. بەشێکی زۆری ئەم
گروپانە لە زانکۆکانی کوبا خۆێندکار بوون و سەرجەمیان جگە لە ھێمایە
کرێکارییەکان ئاڵای وڵاتەکانی خۆیان پێبوو. زۆریتر کە من فریاناکەوتم
ھەموویان بەسەربکەمەوە.
لە یەکی ئایاردا چالاکیی جۆراوجۆر نمایش دەکرێ.. گروپی سەما بە جیا،
گروپی کرێکاران بە کەرستەی کریکارییەوە، مامۆستا و دکتۆر و پۆلیس و
کەمئەندام و منداڵان و ھەموو چین و تۆێژەکان بە کەرستەوە پێداویستی
خۆیانەوە نمایش دەکەن و گۆڕەپانی شۆڕش دەبڕن.
بە راستیی رێکخستنی یەکی ئایار لە کوبا لە ئاستێکی ھونەریی بەرز و
جواندایە.
____________________________________________________
ئەم لینکە بەشێکە لە وێنەکانی یەکی ئایار لە کوبا لە ساڵی ٢٠٠٩:
http://www.youtube.com/user/IFIRAsoTV?ob=0&feature=results_main
لهندهن
ماڵپهڕی ئاسۆ
باڵابەرز
|