په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٠

یەکلاکردنەوەى پرسى کەرکوک کلیلى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئێراقە.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


وا بۆ پێنج ساڵ دەچێت هاووڵاتیانى ئێراق ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەبوو لە ریفراندۆمێکدا بۆ دەستوورى هەمیشەى ئێراقى فێدراڵ دەنگیاندا، زیاتر لە 80% دەنگدەران ئەو دەستورەیان پەسەند کرد کە مادەى (140)ى ئەو دەستورە تایبەتە بە یەکلا کردنەوەى کێشەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانى کوردستان ، لەماوەى ئەم پێنج ساڵەدا نەک هەر بەند و بڕگەى ئەو مادە دەستورییە وەکو خۆى جێبەجێ نەکراوە بەڵکو هەنگاوەکانیش کەم تین و قرچۆک بوون بۆ جێبەجێ کردنى مادەکە، وەکو رۆژى روون ئاشکرایە بێجگە لە کات کوشتن و خۆ خەریک کردن و خاوە خاو کردن ئەو ماوە زۆرە هیچى تر نەبوو ، هەروەها بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسییە عەرەبى و تورکمانییەکان گاڵتە و فشەیان بەو بەند و مادە دەستورییە هاتووە و بەردەوام لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە بەرپەرچى لایەنە کوردییەکانیان داوەتەوە بۆ سڕینەوەى ناسنامەى کوردستانیەتى کەرکوک و بە مەنزڵ گەیاندنى دەستورەکە .


کەرکوک تاکو رۆژگارى ئەمڕۆ بووتە جێگاى مشتومڕ و قسەکردنى جدى باس و خواسەکانى نێوان لایەنى کوردى و لایەنە عەرەبى و تورکمانییەکان ، کە هەر نەتەوە و لایەک خۆى بە خاوەن ماف و بەشخوراو دەزانێت لە کەرکوکدا ، چارەسەرکردنى پرسى کەرکوک بووەتە کلیلى چارەسەر کردنى بەشێکى زۆرى کێشە و گرفتەکان ، ئەمەش نەک تەنها بۆ رۆژگارى ئەمڕۆ پێویستە بەڵکو ئەرکێکى مێژووى بووە و دەسەڵاتداران خۆیان لە چارەسەرکردنى دزیوەتەوە.


کاتێک ئاوڕ لە مێژووى کورد بوونى ئەو شارە دەدەینەوە بێگومان سەربارى ئەوەى لە رووى تۆبۆگرافیا و ئاو و هەوا و پێوەرە جوگرافییەکانى دیکەوە بەشێکى دانەبڕاوى هەرێمى کوردستانە هاوکات لەرووى مێژوویەوە پایتەختى گوتیەکان بووە و بەشێکى گرنگى قەڵمڕەوى دەوڵەتى مادەکان بووە کە ئەکباتانا (هەمەدان) پایتەختیان بووە و ساڵانێکى زۆر پایتەخى ئەیالەت (ولایەت)ى شارەزوور بووە ، لەسەردەمى میرنشینە کوردییەکانیشدا لە جوغز و بازنەى دەسەڵاتى میرنشینى بابانەکاندا بووە.


لەسەردەمى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیدا وەک لە قاموس ئەلیعلامى ساڵى 1897ز دەوڵەتى عوسمانیدا هاتووە سەرجەم دانیشتوانەکەى بریتیى بووە لە 30 هەزار کەس و لەکۆى ئەو دانیشتوانە سێ لەسەر چوارى ( 22هەزار و پێنج سەد کەسى) ئەو ژمارەیە کورد بووە ، هەروەها 760 جوولەکە و 460 کلدانیشی تێدا ژیاون و دانیشتوانەکەى دیکەى تورکمان و عەرەب بوون ، بە پێی ئاماری کۆمیتەى تایبەت بە کێشەى ویلایەتى موسڵ کەلە ساڵی 1925لەلایەن (کۆمەڵەی گەلان)ەوە پێکهێنرا، ژمارەی کوردەکانی شاری کەرکوک 87500 کەس بوون کە دەیکردە 63%ی دانیشتوانی شارەکە، ژمارەی عەرەبەکان 25250 کەس بوون کە دەیکردە 18% و ژمارەی تورکمانەکان 26100 کەس بوون کە دەیکردە 19%.


لەسەرژمێرییەکانى دەوڵەتى عێراقى بە هەموو گزى و فڕوفێڵ و ساختەکارى و پاڵپشتى کردنى عەرەب بۆ نیشتەجێ بوون لە کەرکوک و ئەجامدانى پرۆژە ئاوى ناحیەى مەلحە (کە پاشتر بووە حەویجە)و نیشتەجێ کردنى خێڵ و هۆزە عەرەبە مەڕ و ماڵات لەوەڕێن و کۆچەر و شوانکارەکان لە دەوروپشتى ئەو پرۆژەیە ئێنجا هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاى شارەکە بەهەموو شێوازێک دراوە وەکو : ( هێنانى عەرەبى دە هەزارى و دابڕینى ژمارەیەکى زۆرى قەزا و ناحییە کوردییەکان لەو پارێزگایە و دەرکردن و گواستنەوەى فەرمانبەرە کوردەکان لەو شارە و پیادە کردنى سیاسەتى تەعریب و تەهجیر و تەرحیل و گۆڕینى ناو ىشوێن و گەڕەک و کوچەکانى بۆ ناوى عەرەبى و...هتد) هێشتا تاکو سەرژمێرى ساڵى 1957 زۆرینەى کورد بووە.


ئەگەر بەوردى تەماشاى پرسى کەرکوک بکەین هەر لە پاش بڕانەوەى جەنگى یەکەمى جیهانى یەکێک بووە لەو پرسە ئاڵۆز پڕ لە گێرمە و کێشانەى تەنانەت ئینگلیزەکانیش بەدەستیەوە گیریان خواردبوو تێیدا دۆش داما بوون بۆ یەکلا کردنەوەى چارەسەرکردنى کارگێڕى ناوچەکانى کەرکوک و لە سەردەمى دامەزراندنى دەوڵەتى ئێراقیشدا لە ساڵى 1921 تاکو ساڵى 1924 ئەو شارە هیچ ئاڵایەکى ئێراقى بەسەر دامەزراو و دامودزەگاکانیەوە نەدەبینرا تاکو لەو ساڵەدا شا فەیسەڵ یەکەم پاشاى ئێراق هاتە کەرکوک و ئاڵاى ئێراقى لەسەر فەرمانگەکانى میرى تێدا هەڵکرا .


لەسەردەمى پاشایەتیدا مشتومڕى زۆر لە نێوان پەرلەمانتارە کوردەکان و دەسەڵاتدارانى ئەو سەردەمە هەبوو بۆ ئەوەى دەوڵەت لەو راستییە حاشا هەڵنگرە بگات کە کەرکوک شارێکى کوردییە و بەشێکى دانەبڕاوى کوردستانە پێویستە وەکو ئەوەى هەیە حەقیقەت و راستیەکان ببینێ نەک بە چەواشەکارى و تێفکرینى هەڵە مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانى شارەکەدا بکرێت، گرێ کوێرەى پێک نەهاتنى شۆڕشى ئەیلول و حکومەت لەسەردەمى کۆماریدا لە ساڵانى حەفتاکانى سەدەى رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ چاو نەوقاندنى فەرمانڕەوایانى ئەو کاتەى عێراق لەمەڕ چارەسەرکردنى پرسى کەرکوک وەکو خۆى و نکۆڵى کردن لە کەوتنە بەربەش و کەوشن و سنورى کوردستانەوە ، کە پاشتر بە هۆى ئەوەى ئەو دۆزە کە وەکو خۆى چارەسەر نەکرا بووە هۆى ئەوەى شەڕى ئێراق و ئێران رووبدا و دواتر دەوڵەتى ئێراق بۆ قەرەبوو کردنەوەى زیانەکانى شەڕ پەلاماردانى (کۆیت)ى دا و ئێنجا شەڕى گەردەلوولى بیابان و پرۆسى ئازادى ئێراقى هێنایە ئاراوە .


ئەو رووداو کارەساتانە وانەیەکى مێژووى گرنگن بۆ دەسەڵاتدارانى ئەمڕۆى ئێراق بۆیە دەبێت واقعبینانە رەفتار بکەن و خۆیان لە راستیە مێژوویەکان گێل نەکەن ، چونکە لە هاوکێشەکانى رابردوودا وێڕاى ئەوەى سەرى دەسەڵاتدارانى خوارد ئێراقیشى کردە وێرانەیەک تاکو ساڵانێکى دوورو دێژ مەحاڵە بار و دۆخێکى ئارام بەخۆوە بگرێت.
 

 

husin2008@yahoo.com