په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٤

یەکڕیزیی نەتەوەی کورد و، بوێری و ڤین (ارادە)ی سەرۆکایەتیی کورد،
گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان مسۆگەر دەکا!


سیروان کاوسی     


وتەکانی رێزدار مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم لە هەفتەی رابردوو، لەمیدیای جیهانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، هاوکات بوو بەهۆی شادمانی جەماوەری کوردستان و، جارێکی دی هاتنەدی ئاواتی لەمێژێنەی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی لەدڵی هەموو کوردستانیان زیندوو کردەوە. ئەوی لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەی ئەوڕۆدا کورد پێویستیەتی، یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکدەنگیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کەچی لە ئیدارەی سلێمانییەوە دەنگوڕای جیاواز دەبیسترێ، چەند کەسانێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەداتاشینی لێکدانەوەی چەوت و ناقۆڵا دەیانەوێ ئەم دۆخە تاکهەڵکەوتە مێژووییەی کورد لەبار بەرن بۆ خزمەتی رژێمی داگیرکەری ئێران، کە ئەمە جێی داخ وپەژارەیە بۆ حیزبێک لەساڵانی شەوەزەنگ و پڕ لە نەهامەتی سەردەمی رژێمە گۆڕبەگۆڕەکەی سەددام، لاوانی کوردی بە ''درۆشمی ''کوردستان یان نەمان'' و '' کەم ژیان و کەڵ ژیان'' و ''مافی چارەنووس'' پەروەردە دەکرد و، هەزاران رۆلەی قارەمان و زانا و نیشتمانپەروەری لەخۆ گرتبوو، ئێستێ کەسانێکی لێ پەیدابن بەناوی سەرکردەوە کلکەلەقێ بۆ رژێمی تەژی لە تاوان و دڕندەی داگیرکەری ئێران بکەن. ئەوە بوو کەسێکی نیشتمانپەروەری وەک ''ئازاد جوندیانی'' یان لێ هاتەدەنگ کە بۆ خۆشی ئەندامی سەرکردەیەتیی یەکێتی نیشتمانییە و هۆشداری دایە نەتەوەی کورد بەبوونی دەستەیەکی سەر بە ئێران لە نێو حیزبەکەی. هەزار ئافەرینی لێبێ و، بێگومان بەنواندنی ئەم هەڵوێستەی رێز و خۆشەویستیی جەماوەری بۆ لای خۆی راکێشا.


هاوکات لەگەڵ ئەم دەنگۆیانەی نێو یەکێتیی. رێزدار مەلا بەختیار لەوتووێژی لەگەڵ رادیۆ ''مۆنت کارلۆ'' Radio Monte Carlo رێکەوتی ٢٣/٦/٢٠١٤ گوتی: ''داعش و کۆنەپەرستانمان وەک دراوسێ قەبووڵ نییە!"". ئەگەر بۆچوونی رێزدار مەلا بەختیار لە روانگەی ئیدۆلۆژی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ و، دژی کۆنەپەرستییە، ئەوە چۆنە حیزبەکەی، رژێمی داگیرکەری ئێرانی وەک دراوسێ قەبووڵە و هەموو جۆرە رێککەوتن و دانووستانیکیان هەیە پێکەوە!؟ بۆچی بانێکە و دوو هەوا و، ئەم لێدوانانە خزمەتی کێ دەکا!؟ بۆیە لێرەدا پێویستە سەرۆکایەتیی کورد لەم بارودۆخەدا لەلای دنیای دەرەوە و لەنێوخۆی وڵات، یەکهەڵوێستی خۆی پێشانبدا و، کارێکی وانەکەن ئەم هەلە مەزن و زێڕینە پاش سەدساڵ ماڵوێرانی و جێنۆسایدی بەردەوام لەبار بچێ.


هەر مرۆڤێکی رۆناکبیر و ئازادیخواز دەزانێ داعش، وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵەبان و ئەلقاعدە و زۆرێک رێکخراوەی دیکەی کۆنەپەرست لەسەر بناخەی بیری بنچینەگری ئیسلامیی داڕێژراون و، دژ بە هەموو جۆرە ئازادییەکن، لێ داعش ئەوڕۆکە نوێنەرێتیی کوردی سوننە دەکات لەعێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ کورد- هەروەک شیعەی ئێران و عەرەبی شیعەی عێراق کە سنووری هاوبەشیان لەگەڵ کوردستان هەیە. کاتێ دوابستی خاکی کوردستان بەدەستی کورد خۆیەوە بێت، ئێدی چ پێوەندییەکی بە ئێمەی کوردەوە هەیە لە بەشی سوننەی عێراق، داعش حکوومەت دەکات، یان مالیکی یان کەسێکی دی!


ئەگەر سەرۆکی هەرێم دەلێ ئێمە خۆمان ناگلێنین لەشەڕی ئاینیی نێوان شیعە وسوننە لەعێراق، ئەمە هەڵوێست و بۆچوونێکی نەتەوەیی وژیرانەیە و، سوودی کورد لەوەدایە خۆی وەرنەداتە ئەو شەڕە و، نەبێتە لایەنگر و دژبەری هیچ لایەکیان، بەڵکو سنووری خۆی بپارێزێ و شاندێکی دیپلۆماسی لە پسپۆران وزانایانی ئەم بوارە پێکبهێنن و، لە چالاکیی بەردەوامدا بێ لە دەرەوەی وڵات، بۆ راکێشانی پشتیوانیی نێونەتەوەیی. داوا لە ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانە بکرێ کە سەرزارەکیی پشتیوانی دەوڵەتی کوردین، با سەربەخۆیی کوردستان لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز بکەنەوە و دەنگی بۆ بدەن. میدیای کوردی لەم نێوەدا دەتوانێ رۆڵی کاریگەر بگێڕێ لە سازدانی خۆپێشاندانی جەماوەریی لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان، بە نواندنی خۆپێشاندانی هێنمانە و گەیاندنی داخوازیی کورد بە ئۆرگانەکانی نێونەتەوەیی، نەک بە هەڵپەڕکێ وەک ئەوی لە خۆپێشاندانی سەربەخۆیی شاری ئۆسلۆ بینرا. جۆری چالاکی پرۆسەی بەرەو سەربەخۆیی جیاوازە لەگەڵ بۆنەی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی و جێژنی سەربەخۆیی!


بەکورتی، بارودۆخی دەرەوە و نێوخۆ لەبارە بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، ئەم دەرفەتەش نابێ لەدەست بدرێ، ئەمە تاکە دەرفەتێکی مێژووییە کورد بتوانێ سوودی لێوەربگرێ و، بچێتە ریزی وڵاتانی خاوەن کیان و سەربەخۆوە و، زنجیری ژەنگهەڵگرتووی سەد ساڵەی بندەستی و کۆیلەتی بپسێنێ!
 

٧\٧\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک