٦\٣\٢٠١٢
یهمهن؛
ههڵبژاردن، وهلانانی دیکتاتۆر، یان کودهتا له دژی شۆڕش!

نوری بهشیر
بە دوای شۆڕشی میسرو تونس دا، یەمەن یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە لە مارسی
ساڵی پارەوە شۆڕش تێیدا سەری ھەڵدا و لەگەڵ ھەموو سەرکوت و ترساندن و
کوشتار و کاری بەڵتەجی و تیرۆریستانەی دەسەڵاتی عهلی عهبدوڵا ساڵح،
کەچی ھێشتا جەماوەری ناڕازی بە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە، درێژەیان بە
نارەزایەتیەکانی خۆیان دا و سووربونی خۆیان لەسەر خواستی کۆتایی ھێنان
بە دەسەڵاتی بۆژوازی و بنەماڵەیی عەلی عەبدوڵا ساڵح، کە زیاتر لە
٣٠ ساڵە لەسەر کارە، تەئکید کردەوە. بەڵام لە ڕۆژی دووشەممەی
ڕابردوودا، ڕێکەوتی٢٧ مانگ، عەلی عەبدوڵا سالح
بەپێی ڕیکەوتننامەی کۆمکاری کەنداو، لە مەراسیمێکدا، کە نوێنەرانی چەند
وڵات و نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادەی بوو، وازھێنانی خۆی ڕاگەیاند
ودەسەڵاتی تەسلیم بە جێگرەکەی بە ناوی عەبد ڕەبە مەنسور کرد. ئەم
ھەنگاوە کە لەژێر چاودێری وڵاتانی کۆمکاری کەنداودا بەڕێوەچوو بڕیارە
حەسانە بدات بە عەلی عەبدوڵا و ترسی ڕاکێشانی بۆ بەردەم دادگایی
لەسەر ھەڵگرێ و زەمیەنەش بۆ سازدانی ھەڵبژاردنێک ئامادە بکرێ، تا
سەرۆکی تازە بۆ بەرێوەبردنی کاروباری وڵات ھەڵببژێردرێت. بەم جۆرە عەبد
ڕەبە کە تەنیا کاندیدی بێ مونافیس بوو لەم ھەڵبژاردنەدا بە تەوافقی
نێوان دەسەڵات و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دیاریکراو بە سەرۆکی وڵات
ھەڵبژێردرا.
ئەم سیناریۆیە کە لە ساڵی پارەوە بە یارمەتی ئەمریکاو رۆژاوا وەک
کودەتایەک ھەموو لایەنەکانی بەرەی دژی شۆڕش تیایدا ھاوڕان، ئامانج لێی
ڕزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی وچینی سەرمایەدارە لە شەپۆلی شۆڕش و
نارەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان. شۆڕش و
ناڕەزایەتیەکی جەماوەری کە دونیای عەرەبی گرتۆتەوە و بە دوای خۆیدا
ژمارەیەک لە دیکتاتۆر ودەسەڵاتی بۆرژوازی ھەڵوەشاندەوە و ترسێکی
گەورەشی لەبەردەم بۆرژوازی جیھانیدا داناوە. بە تایبەتیش بە دوای
کوژرانی موعەمەر قەزافی ودادگایی کردنی حوسنی موبارەک و خواستی
ڕاکێشانی زەین ئهلعابدین و بەشار ئەسەد بۆ بەردەم دادگا، تەواوی
سەرانی وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ کردۆتەوە.
ئەگەر چی لاخستنی عەلی عەبدوڵا ساڵح و ھەڵبژاردنی عەبد ڕەبە راستەوخۆ
لەژێر گوشاری ئەم شۆڕش و ناڕەزایەتیانەی جەماوەردایە، بەڵام پەنابردنی
دەوڵەتانی عەرەبی و ڕۆژاوا و ڕاکێشانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی یەمەن بۆ
ڕازیبوون بە سیناریۆی ھەڵبژاردن خۆی ڕوویەکی ترە لە سیاسەتی دەخاڵەتی
سەربازی ناتۆ لە یەمەندا، کە بە ئیحتمالێکی زۆرەوە لە کەشوھەوای سیاسی
ئەم وڵاتەدا ئامادەیە. تا لە ڕێگای سیناریۆی ھەڵبژاردن و دەخاڵەتی
سەربازیەوە رێگا لە شۆڕش وەک ڕێگا چارەی خەڵک، بگرێ. بێگومان
دەستگرتنی ھێزە ئیسلامیەکان و ھەڵکشانیان بۆ سەر ئاستی دەسەڵات،
ئەڵقەیەکی تەواوکراوی ئەم سیاسەتەیە و وا چاوەڕوان دەکرێت کە
ئیسلامیەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی یەمەندا بیبەنەوە و دەسەڵاتیان
تەسلیم بکرێ.
بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە کەسیناریۆی ھێنانی عهبد رەبە
منسور وەک تەنیا کاندیدێک، کەلە ٨.٩٩٪ی
دەنگەکانی بەدەست ھێناوە، خۆی نموونەی ھەڵبژرادنەکانی سەردەمانی
ڕژێمەکەی سەدام حوسێن دەخاتە پێش چاو کە بەرگی دیموکراسی و ھەقی
دەنگدانی ھاوڵاتیانی بەبەرداکراوە. ئەمە سەرەرای ئەوەی کە عهبد رەبە
بەشێکە لە دەسەڵاتە سەرکوتەکەی عهلی عهبدوڵا ساڵح و یەکێکە لە
ئەفسەرانی عەسکەری ودەسەڵات ڕۆیشتوو، کە نەک ھەر لەشەڕی ناوخۆدا بە دژی
جیاخوازەکان، جەنگاوەوخوێنی ڕشتووە، بەڵکو ئەو کاتەشی کە لە پۆستی
وەزیری بەرگریدا بوو، بەوپەڕی دڕندانەوە ڕووبەڕروی جەماوەر
وخۆپیشاندەران وەستاوەتەوە.
پشتگیری ئەمریکا ھەم لە رێگای ئۆباماوە و ھەم لە رێگای نوێنەری نەتەوە
یەکگرتوەکانەوە لە عەبد ڕەبە، خۆی نیشانەی ئەو ھەوڵەیە کە دەوڵەتانی
ڕۆژئاوا و عەرەبی وڵایەنە ئۆۆپۆزسیۆن و پاشماوەکانی دەسەڵاتی پێکەوە
کۆکردۆتەوە، تا کۆدەتایەکی ڕەش لەدژی شۆڕش و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیە
جەماوەریەکانی خەڵکی یەمەن بە کردەوە دەربھێنن.
ئەو ھەڵبژاردنەی کە عەبد ڕەبەی کردە جێنشین، ئەگەرچی تا ماوەی دوو
ساڵ، یانی تاساڵی ٢٠١٤، پێشینەیەکە بۆ ھەڵبژاردنێکی تر، تادەسەلاتی لە
نێوان سەرانی چەند حزب ولایەنێکی ئیسلامی و قەومیدا، پێ دەستاودەست
بکرێ، خۆی بۆ دڵنیا کردنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانە، بە مەرجی ئەوەی
کە خەڵکی بۆ شۆڕش ھاننەدەن و لە ڕیزی جەماوەر بێنە دەرەوەو بگرە کۆمەک
بکەن بە دامرکانەوەی تینی ئاگری خرۆشانە جەماوەریەکان. ئەمەش لە کا
تێکدایە کە ھێشتا مەعلوم نییە عەبد ڕەبە و دەسەڵاتەکەی دەتوانێ وەک
عەلی عەبدوڵا، خۆی لەبەردەم لێشاوی شۆڕشی یەمەندا ڕابگرێ.
لە یەک وتەدا ئەوەی لەم سیناریۆی ھەڵبژرادنەدا کراوەتە ئامانج
کودەتایەکە بۆ ڕزگار کردنی دەسەڵات لەدەست شۆڕش وخۆپیشاندانە
جەماوەریەکان کە بە ھێزێکی زۆرەوە خواستی ڕوخانی ڕژێم وکۆتایی ھێنان
بەدەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی کردۆتە ئاڵای خۆی. لەلایەکی تریشەوە
ھەڵبژاردن زەمیەنەی ئەوەش خۆشدەکات تا ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامی ماڵیکراو
لەلایەن رۆژاواەوە، بخاتە شوێنی دەسەڵاتی ئێستا. بەبێ ئەوەی
وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵک و شۆڕشێک بێت. ئەمەیە ئەو دیموکراسی و
ھەڵبژاردنەی کەچینی بۆرژوازی، چ لەنێو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی یەمەندا و
چ لەوڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا وڕۆژئاوا، بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات
لەبەرامبەر شۆڕشی خەڵکدا گرتویانەتە پێش.
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|