په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠١٢

ینک سەنتەری منداڵانی کوردستانی داگیر و تاڵان کرد!


شێرزاد فاتیح*    

دوانزەھەمین ساڵیادی تاڵان و داگیرکردنی بنکەی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.


دوانزە سالڕ لەمەوبەرو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (١٥ -٧-٢٠٠٠) یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە ئیدعای دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، وەک ھێزێکی سەرکوتگەر ھێرشی کردە سەر سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان و بەزۆری چەک دایانخست و ھەرچی ئەرشیف و کەلوپەلیشی ھەبوو تاڵانیان کرد، چەکدارو بەرپرسەکانی ئاسایشی(ینک) لە سلێمانی منداڵە بێخانەو لانە وبێسەرپەرشتەکانی سەنتەریان، ئەو منداڵانەی کە کەسوکاری پلە یەک و دوویان لە دەست دابوو وە جگە لە سەنتەری منداڵان ھیچ پەناگەیەکی تریان شک نەدەبرد، ئاوارەی نێو کۆڵانەکان وسەر جادەکان کرد. دوای ئەوەی کە بە ئیعترافی منداڵەکان خۆیان لەلایەن بەرپرسی ئاسایش لە ساڵی ٢٠٠٠ دا و چەکدارانی تری ئاسایشەوەڕووبەڕووی تون وتیژی و ئازاردان و لێدان ببوونەوە، کە ئاسەواری سزادان بە پشتییانەوە دیاربوو. چەکدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامرازی بەرگری کردن لە مافەکانی منداڵانی کوردستان و پاراستنی حومەتەت و کەرامەتی منداڵانیان قەدەغە کرد، دوای ئەوەی کە خۆیان وحکومەتە ساواکەیان نەیانتوانی بەو ھەموو دەسەڵاتەیانەوە، وە بەو ھەموو سەروەت و سامانەی وا لە بەردەستیان دایە، کە ھەمووی پاروی دەمی ھەژاران و نەدارانی کوردستانەو ڕۆژانە ھەڵیدەلوشن، نەیان توانی ژیانێکی ئاسودە بۆ منداڵان دابین بکەن و جێگەیەک بۆ حەوانەوەو سەرحاڵی منداڵان بکەنەوە. کە خۆیان ئەمەیان پَینەکرا نەشیان ھێڵا ئێمە بیکەین و قەدەغەو تاڵان و داگیریان کرد.


سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان، ڕ ێکخراو یکی منداڵدۆستی ئازدی خورازە لە پێناوی بەرگری کردن لە مافە ئینسانیە فەردی و مەدەنییەکانی منداڵاندا لە لایەن کۆمەلێک خەڵکی چەپی ئازادی خوازو بەرگری کەر لە مافەکانی منداڵان، لەبەرواری١٩٩٩/٣/٥ دا، وە بە ئامادە بوونی زیاتر لە ١٥٠ کەس و بە بە شداری بە شێک لە نوێنەری لایەنەکان و کە ناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە ھۆڵی ڕۆشنبیری دوا ڕۆژ لە شار ی سلێمانی، پێک ھات.


لەبەر درێژ نەکردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، سەرنجی خوێنەری ئازیز بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە لە سایتی سەنتەری منداڵاندا چاوێک لە کاروچالاکییەکانی سەنتەری منداڵان بکەن سەبارەت ھاوکاری و کارکردن و گەیاندنی خزمەت بە منداڵانی کوردستان، وە بەتایبەتیش لیستێک لەکارکردنی سەنتەر بڵاودەکەینەوە لە ماوەی ئەو یەکساڵەی تەمەنی سەنتەرداو پێش ھێرشە ھۆلاکۆ ئاساکەی ینک بەئەنجاممان گەیاندبوون، ھەموو ئەو دەستپێشخەری و ھەنگاوە جدی و مرۆڤدۆستانە و بەرگری کردنە لە مافەکانی منداڵان، و ھەوڵی ڕزگارکردن و پاراستنی منداڵان، گۆشەیەکی ئەو کارانەن کە بە سەرپەرشتی سەنتەرو ھەوڵی بێدرێغی بەرپرس و ھەڵسوڕاوانی خۆبەخش و کۆمەکی منداڵدۆستان و ئازادیخوازان بەڕ ێوە دەچوو. بەڵام ھەموو ئەمانە بوونە قوربانی سیاسەتی نامرۆڤانەو شەڕخوازانەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە کاتی ھێرشی چەکدارانەیان دا بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا، بۆ ڕازی کردن و نۆکەرایەتی بۆ جمھوری ئیسلامی ئێران و حکومەتی دڕندەی بەعس، دوژمنایەتی خۆیان بەمافەکانی منداڵان بە ھێرش بۆ سەر سەنتەرەکەمان ڕاگەیاندو بەئاگرو ئاسن وەڵامی پێداویستی و داخوازییەکانی منداڵانیان دایەوە، ھەروەک چۆن ئاواش وەڵامی ژنانی سەنتەری پارێزگاری لە ژنانی کوردستانیان دایەوە.


(ینک) ھاوشێوەی حیزب و دەسەڵاتە دکتاتۆرەکان، ملھوڕانە ئەم تاوانەی ئەنجامداو مێشیش میوانی نەبوو، ھەروەک چۆن لەتاریکی شەودا تەرمی پێنج کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقیان، دوای کوشتنیانیان زۆر دڕندانە، بەعس ئاسا وەک گۆڕی بەکۆمەڵەکانی ئەنفال خستە ژێر گڵەوەو بێئەوەی ھیچ ئاسەوارێک بەجێنەھێڵن و بەخەیاڵی خاویان تاوانەکەیان بۆ ھەمیشە بشارنەوە. بەڵام ھەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا و لە یادی ئەم ملھوڕییەی ینک دا بەچەندین زمانی جیاجیا، ئەو تاوانەمان ڕیسوا کردووە، لە ئێستاو داھاتوشدا بەردەوام دەبین تا ینک بەڕەسمی دوای لێبوردن دەکات و قەرەبووی قەرەبووی مادی و مەعنەوی ھەموو زەرەرو زیانەکانمان دەکاتەوە.


ینک دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر ئەم تاوانەداو لە میانەی کێشەو ناکۆکیەکانیان لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا، بۆ یەکەمجار باسیان لەوتاوانە کردوو ئەویان بە سەرپەرشتیکەری تاوانەکە ناوبرد، ھەروەھا ئەمساڵیش دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ و لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا نوێنەری مەکتەبی سیاسی ینک باسی لە سیاسەتی نادروستی ڕابردووی ینک کرد بەڵام بەبێ ئەوەی کە بە ڕەسمی داوای لێبوردن بکات، ئەوەی جێگەی سەرنج و مایەی ڕیسوایە بۆ ینک و ھەموو ئیدعاو پڕوپاگەندەکانیان لەمەڕ دیموکراسی و مافی مرۆڤ مایەپوچ دەھڵێتەوە لەم نێوەدا، ئەوەیە کە، یان شەرم دەیانگرێ و لەڕوویان نایەت ئەم کارە بکەن، یانیش جورئەت ناکەن بە ڕاگەیاندنێک ئەم تاوانەی خۆیان بەیان و ڕیسوا بکەن و داوای لێبوردن بکەن.


ئەوەندەی من گوێبیستی بوبێتم و پێی ئاشنابم لە مێژوودا تاوانی جیاجیا لەچاو ئەم تاوانە چ چکۆلە ترو چ لەمەش گەوەرەترو شەرم ھێنەرتر لە لایەن حیزب و ڕژێمە دڕندەو دیکتاتۆرەکانەوە لە چەندین شوێنی دنیا ئەنجام دراون، ئاشکرایە کە بۆ ھەر حیزب و دەسەڵاتێکی دڕندەو دیکتاتۆر ئەنجامدانی تاوان و کوشتن مسەلەیەکی ئاساییەو شایانی سەرئێشەو بیرلێکردنەوە نییە، بەڵام بۆ ئەو حیزب و ڕژێمانەی کە وەک ینک باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن و ئەم پڕوپاگەندانەمان ڕۆژانە پێدەفرۆشنەوە، پێلێنەنان و گوێپێنەدان و داوای لێبوردن نەکردن کارێکی قورسەو وەک مێژوویەکی ڕەش بۆیان دەمێنێتەوە. من لێرەدا تەنھا دوونموونە دەھێنمەوە: لە ساڵی ١٨٠٠ تەکاندا لە ئوسترالیا لە کاتێکدا کە کەمینەیەکی سپی پێست حکومی ووڵاتی بەدەستەوە بوو سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی لەبەرامبەر ڕەشپێستەکاندا بەکار ھێنا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩ دا حکومەتەکەی کەڤین(Kevin) سەرەک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا دوای زیاتر لە سەدو بیست ساڵ دوای لێبوردنی لە خەڵکە ڕەشپێستەکان کردو سیاسەتی ووڵاتی بەھەڵە لەقەڵمدا. لە وڵاتی سویدیش لە ساڵەکانی ١٩١٥ - ١٩٣٠ یەکاندا، سوکایەتی و توندوتیژی لەدژی منداڵانی بێسەرپەرشت کە لە خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت بوون ئەنجام دراوە، دوای تێپەڕ بوونی نزیک بە نەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، دەسەسەڵاتی ڕاستی ووڵاتی سوید بەسەرۆکایەتی فرێدریک ڕاینفێلدت دوای لێبوردنی لەو خەڵکانە کرد کە ئێستا زۆربەیان پیرو پەککەوتەن و لەباری دەورنییەوە ئازار دەچێژن، وە لە ھەوڵی گفتگۆو قەرەبوو کردنەوەی ماددیدان بۆیان.

_____________________________________
* بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان.


ماڵپەڕی شێرزاد فاتح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک