په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠١٩

یوسف عیزەدین لە دایالۆگێکدا.

 

سازدانی: ئەفشین غوڵامی

 

ـ بە ڕای ئێوە سەرەتاکانی نووسین لە ڕوانگەی میژووییەوە، لەکەیەوە دەست پێدەکات؟

ـ گەڕانەوە بۆ سەرەتاکان و ڕۆچوونە نێو موعەماکانی میێژووەوە، کاریێکی سەختەو ھەندێک جارانیش چەواشەکار و ھەڵخەڵەتێنەرە، بەتایبەت لەساغکردنەوە ئەرکیۆلۆژییەکاندا، جا چە نیازپاکانەو خۆڕسکانە بێت، یان بەئەنقەست و دەستێک لەپشتەوە گەمە بەحەقیقەتەکان بکات.
بەجیاکردنەوەی میێژووی نووسین و مێژووی نووسینی ئەدەبی کەدوو بواری جیان، وەک زانراوە میێژووی نووسینی ئەدەبی بەجیاوازی بگرەو بەردەی ساڵانی نووسینی، بەڵام تا ئێستا ھەمووان کۆکن بەئەژمارکردنی داستانی گلگامش بەکۆنترین تێکستی ئەدەبی نووسراو و دواتریش پاش چەندین سەدەش ئەلیادەو ئۆدیسەی ھۆمیرۆس و جودایی و جیاوازی گلگامش-ش لەگەڵ ئەو دوو داستانەی دیکەی ھۆمیرۆس-دا کەمەزەندە دەکرێت نۆسەد یان ھەشت سەد ساڵی پێش زایین گوترابێت و لەحەوت سەد ساڵی پێش زاینیشدا لەلایەن کەس و کەسانێکەوە نووسرابێتەوە، ھەر بۆ خۆی جیاکەرەوەی دوو دنیای جیاوازە لەشێوازی بیرکردنەەوەی مەعریفی و فەلسەفیدا.

ـ بێ گومان زمانی سانسکریتیش بەشێکی ئەو ئەدەبیاتە کۆنەی پێ نووسراوەتەوە؟

ـ راستە و وەک گوتم، ساغکردنەوەی ئاسان نییەو ڕەنگیشە لەئایندەدا نووسراوی دیکە بدۆزرێتەوە، ھەر وەک چۆن دۆزینەوەی داستانی گلگامش رێکەوت بوو. دەگوترێت داستانی ڕامایاناو ماھابھاراتا وەک نمونەیەکی بەرچاوی زمانی سانسکریتی پێش زایین بەچەند سەدەیەک نووسراوە.

ـ دەبێت رۆژئاوا لەسەردەمانی خۆیدا ئاگاداری ئەم تێکستە سانسکریتیانە بوو بێت، یان ھەر ئاگاداری ئەلیادەو ئۆدیسەی ھۆمیرۆس بووە؟

ـ دەبێت لەخۆمان بپرسین کەئاخۆ ھەر لەسەردەمانی بەکارھێنانی سانسکریتی لەنووسیندا، لەماوەی مۆریاو گۆپتا-دا کە لەھەشت سەد ساڵی پێش زایینەوە بۆ دوو سەد ساڵی پێش زایینی خایاندووە، ھیچ کام لەتێکستەکان نەگەیشتبێتە رۆژئاوای ئەو دەم، بێگومان دەبێت گەیشتبێت. یان تۆ بڵێی نەگەیشتبێت؟!.. دەگوترێت کتێبی "مردووانی میسری" گوایە ھەزار و ھەشت سەد ساڵە، یان ھەندێک دەڵێن دوو سەدو پەنجا ساڵ لە پێش زاییندا نووسراوە.بەڵا لەسەدەی نۆزدەداو پاش کەشفکردنی جفرەکانی "بەردی ڕەشید" توانرا بخوێنرێتەوە، بەڵام ئاخۆ لەسەردەمی نووسین و دانانی بەردی رەشید-دا کتێبی "مردووانی میسری"و چەندین تێکستی دیکە نەخوێنراونەتەوە؟ بێگومان خوێنراونەتەوەو لەگەڵ چەندین مەعریفەی دیکەی تریشدا گوازراونەتەوە بۆ رۆژئاوا.

ـ بابگەڕێنەوە سەر یەکەمین تێکستی ئەدەبی نووسراو؟

ـ داستانی گلگامش چ وەک کۆنترین تێکستی نووسراو کە تائێستا لەبەردەستدایەو چ وەک ئەو قووڵاییەی کەھەیەتی سەرسووڕھێنەرە، بەشێوەیەکی باڵاو کاملەن پرسیارە کەونیی و ئەنتۆلۆژییەکان لەخۆ دەگرێت، دەگوترێت دوو ھەزار ساڵ پێش زایین نووسراوەتەوەو لەھەمووشی سەیرتر ئیمزاو ناوی کەسێکی لەسەرە بەناوی " شین ئوقی ئونینی" کەنەزانراوە ئاخۆ نووسەری داستانەکەیە یان ئەو کەسەیە کەنووسیویەتییەوە. داستانەکە باس لە گلگامش دەکات کە پاشای "ئۆرک-وەرکا"یەو دایکی خوداوەندەو باوکی لەتوخمی مرۆڤی فانییەو بەمەش ئەویش دەبێتە بوونەوەرێکی فانی. تاکڕەوانە حوکمی کردووەو لەتاو زوڵم و زۆری، خەڵکی "ئۆرک" پەنا بۆ خوداوەندەکان دەبەن تا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە، یەکێک لەخوداوەندەکان کەناوی ئۆرۆرۆ-یە پیاوێکی بەرایی و بەھێزی سەرەتایی توکنی بۆ دروست دەکات کەلەنێو ئاژڵاندا وەک ئەوان دەژی بەناوی "ئەنکیدۆ"و پاش ئەوەی چەند جارێک ئاژەڵان لەتەڵەی ڕِاوچییان ڕزگار دەکات و دەبێتە مایەی کۆسپ بۆ خەڵکی، خەڵکەکە پەنا بۆ گلگامش دەبەن و شەکوای حاڵی خۆیانی بۆ دەکەن. گلگامش-یش فێڵبازانەو تەنانەت بەشێوازێکیش کەبەدرێژایی مێژوو بەکارھاتووە، مێینەیەک بۆ تەفرەدانی دەنێرێت. لەداستانەکەدا یەکێک لەکارەکەرەکانی پەرستگەی عەشتار بەناوی"شمخات" دەنێرێت بۆ دەستەمۆکردنی دڕندایەتی "ئەنکیدۆ" و ڕابواردن لەگەڵی تا ئاژەڵان لێی بتەرنەوەو ببێتە کەسێکی ڕامکراو و مەدەنی. ئیتر فێری جل لەبەرکردن و خواردنەوەی شەراب و کەیف و سەفاو شت گەلێکی لەو چەشنەی دەکات. ئینجا پاش ئەو گۆڕانە، ئافرەتە نێردراوەکە غیرەی "ئەنکیدۆ" دەبزووێنێت و باسی ئەوەی بۆ دەکات چۆن غەرێمیکی ھەیە کەناوی گلگامش-ەو یەکەمین شەوی پەردەی ھەموو کچانی مەملەکەت بۆ ئەوەو بەمەش "ئەنکیدۆ" ھار دەبێت و مەیدان لە گلگامش دەگرێت، بۆ زورانگرتن و ململانە.
ھەردووکیان زۆر بەتوندی بەگژ یەکتردا دەچن و ھەرچەند لە ھێزدا یەکسانن و بەرانبەر دەوەستنەوە، بەڵام بەددان پێداھێنانی "ئەنکیدۆ" بەھێز و توانای گلگامش-دا. گلگامش بەسەرکەوتوو ئەژمار دەکرێت و ئیتر بەمە دەبنە دوو ھاوڕێی زۆر خۆشەویست و لەدرێژەی داستانەکەدا "ئەنکیدۆ" لەپێناو بەرگریکردن لە گلگامش، کاتێک خوداوەندەکان پای پیرۆز بۆ کوشتنی گلگامش دەنێرن، پەلاماری قۆچی پای پیرۆز دەدات تا گلگامش زەفەری لێبێھێنێت و بیکوژێت، بەکوشتنی پای پیرۆزیش ئەنجومەنی خوداوەندەکان کۆدەبنەوەو بڕیار دەدەن "ئەنکیدۆ" بکوژن، ئیتر تووشی نەخۆشییەکی دەکەن و پێی دەمرێت.ئەمەش وا لە گلگامش-دا دەکات دەیان پرسیار لەبارەی بوون و نەبوون بەمێشکیدا گوزەر بکات و نغرۆی خەم و پەژارەیەکی ھێجگار قووڵ ببێت و عەوداڵی دۆزینەوەی نھێنییەکانی بوون و فەنا بوون ببێن، لەم پێناوەشدا دەست دەکات بەسەفەرکردن و لەدریژەی سەفەرەکەشیدا دەگاتە لای ئەو کەسە نەمرەی کەناوی "ئوتنابشتم"ەو پاش ڕزگاربوونی لەتۆفانە مەزنەکە. خوداوەندەکان نەمری ھەتا ھەتاییان بەخۆیی و ژنەکەی بەخشیوە. پاش ھەولڵێکی زۆری گلگامش بۆ رازیکردنی "ئوتنابشتم" تا نھێنی نەمری پێ بڵێ. ئەو زاتە نەمرە مەرجی شەش رۆژ و حەوت شەو نەخەوتنی بۆ دادەنێت، تا پێی بڵێت.ئەمەش بەگلگامش ناکرێت و پاش بێدارییەکی زۆر دەخەوێت و ھەلی بەدەستھێنانی نەمری یان زانینی نھێنی نەمر بوون لەدەست دەدات.ژنی "ئوتنابشتم" بەزەیی بە گلگامش-دا دێتەوەو نھێنی گەنج بوونەوەی پێدەڵێت و پاش بەدەست ھێنانی ئەو گیایەو دەرھێنانی لەنێو دەریادا، ئەویش لەغەفڵەتێکدا مار دەیخوات، ئیتر مایە پووچانە دەگەڕێتەوە دەگاتە ئەو یەقینەی چارەنووسی ھەموو مرۆڤێک مەرگ و فەنا بوونە.

ـ ھەر ئەمەشە کە بە ڕوونی لەفەلسەفەی رۆژھەڵاتی و دنیای سۆفییەکاندا ڕەنگدەداتەوە؟

ـ بەڵێ تەنانەت کاتێک گلگامش سەفەرەکەی دەست پێدەکات، بۆ دۆزینەوەی نھێنییەکانی نەمر بوون و مانەەوەی ھەتا ھەتایی، جلی پاشایەتی دادەکەنێت و جلی وەک ھی سۆفییان و دەروێشان دەکاتە بەرو لەڕێگەش بەقسەو ھەوڵ و تەقەللاکانی خوداوەندی خواردنەوەو شەراب"سیدوری" ھەڵناخەڵەتێت، کە پێی دەڵێت دنیا بۆ خواردنەوەو ڕابواردن کراوەو لەجێی عەوداڵبوونت بەشوێن وەڵامی پرسیارەکاندا خۆت لەچێژبینین و ڕابواردندا غەرق بکە. بەڵام ئەو گوا لەو قسانە ناگرێت و درێژە بەسەفەرەکەی دەدات.

ـ ئەدەبیاتیش بۆ خۆی سەفەر و گەڕانە، پێتان وانییە ھەر ئەم پرسیارگەلانەیە، ئەدەبیات سەرقاڵییەتی؟

ـ بەڵی ئەمە لای سەرجەم ئەو ژمارە کەمە لەنووسەرە جدییەکانی دنیا وایە، ئەوانەی حەوسەڵەو توانا و تاقەتی قووڵبوونەوەو تێپەڕ کردنی ئاستە سەتحییەکانیان ھەیە، وەک کافکا و ئیتالیۆ کالڤینۆ و بۆرخیس و ژمارەیەک لەنووسەرە جدییەکانی دنیا.

ـ بەڕای ئێوە، ئەو شتانەی واقیعی ئەدەبی لەدنیای نووسینداو واقیعی حەقیقی لەیەکتر جیادەکاتەوە کامانەن؟

ـ پرسیارەکەتان فرەڕەھەندەو گەڵێک وەڵام ھەڵدەگرێت، وەک دەڵێن یەکێک لەجیاکەرەوەکانی ئەدەبیات لەواقیعی حەقیقی میتافۆرە، بەڵام بەڕای جۆرج لاکۆف و جۆنسۆن میتافۆر تەنھا پەیوەست نییە بەگوزارشتە زمانەوانییەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بەبیرکردنەوەو کردار و ھەستکردنەکانمانەوە، پەیوەستە بەفۆڕمۆڵەبوونی ڕایەڵەی چەمکەکان لەبەڕێوبردنی کردەوە مۆڕاڵییەکانمانەوە. مەبەست لەوەیە لەخودی بیرکردنەوەو تێڕوانین و دنیابینی و تەنانەت فڕفێڵا و کاروکردەوە ھەڵخەڵەتێنەرەکانی مرۆڤیشدا، میتافۆر حزووری ھەی. ئیتر بەشێک لەبەرەو پێشچوونە شارستانییەکان پەیوەستە بەمیتافۆرەوە کەپاش دروستبوونی زمانێکی تایبەت، بەچەشنێک لەچەشنەکان لەنێو ھەناویدا و ھاوتا لەگەڵ بەکارھێنانی بەردەوامیدا دێتەبوون. ئەگەر کەمێک زیاتر قووڵبینەوە دەبینین بیستن رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لەقسەکردن و ئاخافتن و پەڕەپێدانیدا. ھەروەک "مەولانا جەلالەدینی رومی" دەڵێت: ( ھەر وەڵامێک لەڕێی گوێوە بچێتە دڵەوە، چاوت پێت دەڵێت، وازی لێ بھێنەو گوێڕاگری من بە. بزانە گوا بازاڕییە. بەڵام چاو ئەھلی ویساڵە.. چاو ساحێبی حاڵە. بەڵام گوا ئەھلی مەقامەو لە گوێگرتندا سیفاتەکان دەگۆڕێن. بەڵام لەبینیندا زات دەگۆڕێت).

ـ کەواتە دنیای عیرفان و سۆفیگەری و نووسینەکانیان لەدنیای ئەدەبیاتی جیدییەوە نزیکەو وەک چۆن توانیووتانە لەسەرجەم رۆمانەکانتانداو بەتایبەتیش لەڕۆمانی" وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان"دا رایەڵەیەکی نھێنی و ئەفسوونئامێزانە لەنێو ئەو دوو دنیایەدا دروست بکەن، واتە ئەدەب و عیرفانتان کردۆتە دوو دیوی یەک تێکستی ئەدەبی؟

ـ تۆ بڕوانە دنیای ئەو عاریفانە ھێندە قووڵ و فرەڕەھەندە، ھەیانە،جگە لەدەیان کتێبی فیکری و فەلسەفی و عیرفانی، لەئەدەبیاتیشداو بەتایبەتیش لە بواری گوتنی شیعردا بەیت و پارچە شیعری زۆر کاریگەرو سەرسام ئامێزیان ھەیە، یان تەنانەت دیوانە شیعریان ھەیەو ھەشیانە تەنھا بەشیعر ھەموو ئەزموونە ناوەکییە قووڵەکەی خۆی خستۆتەڕوو. ئەوانەی زۆر بێدەنگ و تەریکیش بوون، زمانی حاڵ و دەربڕینیان ھەر شیعر بووە..لەگەڵ بوونی ئەو جەزب و ڕاکێشانەی کەتەنھا لەدنیای عریفاندا ھەیەو رۆحی بنیادەم تووشی ھەژان و سەرسامبوون دەکات، لەپشت ھەر بەیتێکیاندا دنیایەک مانای زۆر قووڵ لەباتن و زاھیردا حزووریان ھەیە.سەیرکە من و تۆ چیمان لێدێت بەرانبەر تەنانەت بەیتە شیعرێکی فەریدەدینی عەتتار و حافزی شیرازی و حەللاج و ئیبن عەرەبی و مەولانا جەلالەدینی رومی کەخۆدی ئەو زاتە دەرحەق بە"عەتتار" دەڵێت:( عەتتار سەفەری بەھەر حەوت مەملەکەتەکەی عیشقدا کردو کەچی ئێمە لەسەرەڕێگەی شەقامێکی عیشقدا چەقیووین). ھەروەھا ھەموو توانستە شیعرییەکانی خۆی دەباتەوە بۆ "عەتتار"و تەنانەت دەڵێت:( ھەڵەکانیشم ھەر لە عەتتار-ەوە فێر بووم).ئەمەیە ئەدەب و ڕەوشتی ئەھلی عیرفان کەبەدەر لەمل شکاندنی یەکتر و حەسادەت،پێکەوە کار لەخوڵقاندنی دنیای مەجازیدا دەکەن، ئەوەتا مەولانا ئاماژە بەوە دەکات،ھێندە کاریگەری عەتتار-ی لەسەرە، تەنانەت ھەڵەکانیشی ھی ئەون، بەڵام لەواقیعی ئەدەبیات و نووسینی ئەم دەڤەرەی ئێمەدا، ئەوەی تۆ بۆ خۆت کەشفت کردووەو زادەی شەونخوونی و ئەزموونی مەعریفی و رۆحیتە، کاتێک دەیخەیتەڕوو، لێرەو لەوێ ئەوەی پێی گەیشتوویت، بەلاسایی کردنەوە یان بردنی دەبێتە بابەتێک یان چەند بابەتگەلێکی بڵاوکراوە، لەڕو ھاوشێوەو لەناوەخندا کاڵوکرچ و دزێو. ئیتر چی لەوە ترسناکتر ھەیە لەواقیعێکی ئاوادا ھەبیت و بنووسیت و دڵنیابیت ئەوەی تۆ گوتووتەو لەڕووکەشدا بێدەنگی لێکراوە، ھەر وەک ئەوەی نەبینرابێت و نەخوێنرابێتەوە، کەچی لە ڕاستیداو بە بێدەنگی و لەتاریکیدا کار بۆ فامکردن و راڤەکردنی کراوەو پاش ماوەیەک لێرەو لەوێ ئاوەژوو یان بەکەمێک دەستکارییەوە بەناوی کەس و کەسانێکی ترەوە بڵاودەکرێتەوە؟!

ـ کەواتە تێکستە ئەدەبییەکانی عاریفان، ئەدەبی راستەقینەو جدین؟

ـ لەڕاستیدا ڕۆژھەڵتناسەکان توانیان سەرتاپای ئەدەبیات و فیکر و بیروبۆچوونی ڕۆژئاوا لەبنەڕەتەوە بگۆڕن، بەوەرگێڕان و گەیاندنی دەیان تێکستی ئەدەبی و فیکری و مەعریفی و زانستی و عیرفانی رۆژھەڵات.زۆریان تەمەنی خۆیان بۆ کەشفکردنی نھێنی و پەنھانی عیرفان و دنیای سۆفییان تەرخانکرد، لەوانە "لویس ماسینیون"ی فەڕەنساییە، بابەتی دەرحەق بە"سەلمانی فارسی"و "ئیبن سەبعین"و "حەللاج"نووسیوە، بەتایبەتیش نزیکەی سی ساڵ لەتەمەنی خۆی بۆ ناساندنی بەرھەم و ژیانی "حەللاج" تەرخانکردووە، "ئازارەکانی حەللاج " ناونیشانی کتێبێکی تۆکمەو جوانی ئەو زاتەیە.

ـ دووبارە راڤەکردنی مێژوو و خوڵقاندنەوەی سەرلەنوێشی، لەھەموو ڕۆمانەکانتاندا بەرچاو دەکەوێت، سەرباری بینینەوەی لەھەندێک لە وتار و لێکۆڵینەوەو بابەتی ڕەخنەیی و وەرگێڕانەکانیشتاندا، ھۆکاری گرنگی دانتان بەمێژوو بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ـ وەک وەبیرم دێت و تەنانەت پێش فامکردنی تەواویشم بۆ دنیا، باس و خواس و بەسەرھاتە مێژووییەکان زیاد لەگەمەو یاریکردن سەرنجیان ڕادەکێشام، بەبێدەنگی بەدیار بەساڵاچووەکانەوە دادەنیشتم بۆ گوێ بیستی ئەو حیکایەتە مێژووییانەی کەنازانم بۆ ھەر لەو دەمەوە لەواقیعی ژیان جوانتر و بەتامتر دەھاتە پێش چاوم و بێزار نەدەبووم لەھەموو ئەو گێڕانەوانەی کە ساڵێ لەدوای ساڵێ منیان ئالوودەو شەیدای خوێندنەوەی مێژوو کرد، بۆ ئەوەی لەنێو خەیاڵ و خەونەکانمدا ببێتە بەسەرھات و ماجەراو و داستان و حیکایەتگەلێکی جیاواز لەوەی کەلەواقیعدا ھەبووەو روویداوە.گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەمی منداڵیم، ئەوەندەی گوێبیستیان دەبووم، ھەستم بەسامی وشەکان و قووڵایەکانی زەمەن دەکرد، زەمەنێک کەبۆنێکی تایبەتی ھەبوو. بۆنێک بوو، وەک بۆنی خودی بەساڵاچووەکان. دەمزانی ئەو کەسانەی حیکایەتە مێژووییەکان دەگێڕنەوە، ھەر یەکێکیان چەند جیاوازن لە کەسێکی تریان، لە گێڕاندنی ھەمان بەسەرھات و ماجەرای مێژوویدا. کاتێک باسی ئەسکەندەری مەقدۆنییان بۆ دەکردم و دواتر لەشویێنێکی ترەوە باسی زولقەڕنەین-یان بۆ دەکردم و ئیدی کاتێک لای یەکێکیان جیابوون و لای یەکێکی تریشیان ھەردووکیان ھەر یەک بوون، زۆر سەرسام و حەیران دەبووم، بەو توانستە سەیر و سەمەرە عەجایبەی، کەدنیایەکی جیاوازی وای دەھێنایە پێش چاوم، کە دەبوو لە گەڵ یەکێکیان بم و لایەنگری تەسەوراتی بم، دژ بەوی تریان. یان پێچەوانەی ھەردووکیان بم و ھەموو ئەمەش دەبووە مایەی چەندین پرسیاری بێکۆتا، کەھەم ڕووبەڕووی ئەوانەم دەکردەوە کە حیکایەت و بەسەرھاتە مێژووییەکانیان بۆ دەگێڕامەوەو ھەم لەکەسانی تریشم دەپرسی، ئیدی ھەر لەسەرەتاوە بەپرسیار و نایەقین بوونمەوە دەرحەق بەوەی دەیبیستم، ھاتمە نێو دنیای بەسەرھات و ماجەرا مێژووییەکانەوە، بەگومانەوە کەوتمە ڕوانین و سەرنجدانی سەرجەم دیاردەو شتەکان.

ـ ھەر بۆیە دەتەوێت بگەڕیت بەشوێن مێژووی نەنووسراو و نەگوتراوی شتەکاندا؟

ـ ئێمە ھەموومان چ لەئێستادا لەنێو مێژووداین و چ پاش مەرگیشمان لەنێو مێژوودا دەمێنینەوە. بەکەسە ناسراو و نەناسراوەکانیشەوە.ئیتر ئەگەر مێژووی نووسراویش نەبێت، ئەوە مێژووی شەفەھی دەتوانێت کەسە نەناسراوەکان بھێڵێتەوەو دەماو دەم بەسەرھاتی ژیانیان بگێڕێتەوە. بۆیە بوونی من و تۆ لە مێژوودا، چەندە بابەتێکی حەقیقی و واقعییەو وەک خۆی و لەخۆیدا بوونی ھەیە، ئەوەندەش بابەتێکی ئەبستراکت و جیاوازە.ئەمە جگە لە چۆنیەتی بینینی ئەویتر بۆ من و تۆ. بۆ نمونە "ھیتلەر" لای من و تۆ، تەنھا دیکتاتۆرێکی خویێنڕێژ و ماڵوێرانکەر و تاوانبارە، بەڵا لای ھەموو ئەوانەی تا دوا دڵۆپی خوێنیان بەرگرییان لێکردو لەپێناویدا جەنگان شتێکی ترە. "ھیتلەر" لەتێڕوانینی بیرمەندەکانیشدا جیاوازە، بیرمەندێکی داھێنەری وەک"ھایدگەر" یەکێک بووە لەحەیران و موعجیبەکانی، کاتێک پێی دەڵێن چی لەو پیاوە سەتحییەدا دەبینیتەوە، وا ھێندە پێی موعجیبیت؟ لەوەڵامدا دەڵێت، تەنھا جووڵانەوەی دەستی بەسە! واتە بۆ گۆڕینی کەساتییەکان و ھێنانە ژێر باریان.ئیدی "ھایدگەر" بەکۆڵێک ئەقڵەوە کەسایەتییەکی وەک ھیتلەر لەناخەوە دەیھەژێنێت؟!
" ئۆشۆ" لەکتێبی "لەکۆیلایەتییەوە بەرەو ئازادی"دا ئاماژە بەوە دەکات، ( کەئەڵمانیا وڵاتی کانت و ھیگل و فیورباخ و کارڵ مارکس و فرۆیدو مارتن ھایدگەر-ە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی سایکۆباتی پلە سێی وەک "ئەدۆلف ھیتلەر" توانی میللەتێکی ئاقڵی وەک ئەڵمان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت) دەڵێت( بەڕای من ئەگەر بەشەرییەت ھیچ لەمەوە فێر نەبێت، ئەوە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.ناچێتە ئەقڵەوە کەیەکێک لەناودارترین فەیلەسوفەکانی چەرخی بیستەم، کەسێکی وەک "مارتن ھایدگەر" ببیێتە ھەوادار و لایەنگری ھیتلەر. ھیتلەر بووە سەرۆکی ئاقڵترین وڵاتی دنیا، ھەموو خاوەن بڕوانامەکان چوونە پپاڵ پیاوێکی نەخوێندەوار و گەورەترین ئیمپراتوریەتی فاشیستی لەدنیادا دروستکردو دە ملیۆن ئینسانی کوشت، بەبێ ئەوەی پشتگیری لایەنگرانی لەدەست بدات ).

ـ پێتان وایە کاری ئەدەبە بەدووی ڕاستییەکاندا بچێت و ھۆکاری نەھامەتییەکانی مێژوو بدۆزێتەوە؟

ـ "سیباڵد"ی بەڕەگەز ئەڵمانی یەکێکە لەو نووسەر و ڕۆماننووسە جدییانەی کە بەبێدەنگی ساڵانێک خەریکی کشفکردن و خوێندنەوەیەکی نوێگەرانەی جیاواز بوو بۆ مێژوو.. تا مەرگی لەناکاوی لەساڵی ٢٠٠٣-دا بەڕووداوی ھاتوچۆ لەبەریتانیا، پرۆژەی زۆر تایبەت و ناوازەی نووسینی ئەو پیاوەی وەستاندو پاش مەرگی ئینجا ئەم نووسەرە بەتوانایەیان بیرکەوتەوەو خەڵاتی "ئیندیپێندێنت"ی چیرۆکیان بەخشی بەیەکێک لەڕۆمانەکانی بەناوی"ئۆسترلیز"و بەگشتی ڕۆمانەکانی تێکەڵییەکن لە ڕێپورتاژ و وتار و لێکۆڵێنەوە چیرۆک و تەنانەت ھەندێک جار کتێبەکانی وێنەش لەخۆ دەگرن. شێوازێکی زۆر تایبەتی ھەیە لەخستنەڕووی ڕووداوەکانداو کاتێک ڕۆمانەکانی دەخوێنیتەوە، ھەست دەکەیت بەدەر لەسۆز و عاتیفەی موزەیەفانە، دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی جەنگدا بکات. لە ڕۆمانی "ئۆسترلیز" واقیع و خەیاڵ تێکەڵ دەبێت و باس لەدروستکردنی ھۆڵۆکۆست و کلتووری شیوەنکردن و یادەوەری دەکات و سەرباری خوڵقاندنی شێوازێکی نوێی نووسین. ئەتمۆسفێری دەقەکانی کافکاو ئیتالیۆ کالڤینۆ و بۆرخیس-مان بیردەخاتەوە. لەساڵی ٢٠٠٨-دا لەدایالۆگێکمدا کە لە گۆڤاری ڕامان بڵاوبۆتەوە ئاماژەم بە ڕۆمانی"مەدارەکانی ساتوورن"ی "سیباڵد"کردووەو گوتوومە:

( زەمەن بۆ خۆی نەفی دۆگماو وەستان دەکاتەوەو بێَکۆتا بوونی زەمەنیش، وامان لێدەکات لێکچوون و ھاوشێوەبوونێکی زەمەنی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێدا ببینینەوە، ھەروەک لە ڕۆمانی مەدارەکانی ساتوورن-ی سیباڵدا دەبینرێتەوە. لەمیانی گەشتێک بەنێو زەمەندا، بەئامانجی گەیشتنە حەجی مەسیحیان، تاقیبی ڕێگەی قەرەجان و گەڕیدەکان دەکات و لە ڕێگەی سەردو مەنەلۆگەوە، ڕووداوو و کارەسات و ساتە سەیر و سەمەرەکانی مێژوو زیندوو دەکاتەوە، بەچەشنێک کە ھەر دەڵێی لە ئێستادا روو دەدات و خوێنەر ناچار دەکات بپرسێت. سیباڵد وامان لێدەکات بکەوینە پرسیارکردن، سەبارەت بەچەقۆ ئاساییەکانی نێو مووبەقەکانمان، چونکە ھەر ئەو چەقۆ ئاساییانە بوون کەلەدووھەمین جەنگی جیھانیدا، سەرلەبەری خەڵکانی شارۆچکەیەکی پێ سەربڕدرا ). سیباڵد لە جۆرە نووسەرانەیە کاتێک گەشت بەنێو مێژوودا دەکات و بەسەرھاتە مێژووییەکانمان بۆ وێنا دەکات، خۆی لەقەرەی خستنەڕووی گوتارە سیاسی و تێڕوانینەکانی خۆی نادات و تەنھا بەوەی دەیخاتەڕوو پرسیارمان لا دروست دەکات.

ـ ھەرچەند پرسیاری ترمان زۆرە، بەڵام ھەڵیدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر و بەنیازی بەردەوامیتان.

ـ سوپاستان دەکەم.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک