په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠٢١

''زاڵاوا'' لە ''ڤێنیز'' و ''ئەزموون'' لە ''تیرانا''.

 

مەنسوور جیھانی

 

فیلمی کوردی "زاڵاوا" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" دوو خەڵاتی بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" خەڵاتی گەورەی "ھەفتەی ڕخنەگران" و خەڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واتە "فیپێڕشی" لە سی و شەشەمین خولی "ھەفتەی ڕخنەگران"ی "ڤێنیز" بەدەستھێنا.

ڕێوڕەسمی کۆتایی بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی "ھەفتەی ڕخنەگران" لە حەفتا و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ئامادەبوونی ھەندێک لە ستافی سەرەکی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لەوانە: "ئەرسەلان ئەمیری" دەرھێنەر، خاتوو "سەمیرا بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە، "ئایدا پەناھەندە" یەکێک لە سیناریۆنووسان، "نەوید پوورفەرەج"، "پووریا ڕەحیمی سام" و خاتوو "ھودا زەینوالعابدین" ئەکتەرانی ئەم بەرھەمە کوردییە، کاتژمێر ٦ی ئێوارێی شەوی ھەینی ڕابردوو ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ بە کاتی ئەورووپا لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوەچوو و ئەم فیلمە کوردییە توانی بە سەرکەوتووییەوە خەڵاتی گەورەی "ھەفتەی ڕخنەگران" و ‌ھەروەھا خەڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" (فیپێڕشی) واتە فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم بەدەستبێنێت.

لە وتاری ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی "ھەفتەی ڕخنەگرانی" ئەم فێستیڤاڵە گرینگە پلە یەکەی سینەمای جیھاندا ھاتووە: "ئەندامانی لێژنەی دادوەران، کەوتنەژێر کاریگەریی مامۆستایانەی دەرھێنەر لە خوڵقاندنی یەکەمین بەرھەمی سینەمایی خۆی. دەرھێنەر، شارەزایانە بە کەڵکوەرگرتن لە ھەستە جیاوازەکان لەم فیلمەدا پەیامێکی بەھێز لە بەرانبەر نەزانین و کۆنەپەرەستی نیشانی بینەر دەدات کە لەم ڕۆژە تایبەتانەدا گرینگییەکی بێوێنە و کاریگەری ھەیە."

ھەروەھا لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا، خەڵاتی "ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واتە "فیپێڕشی"  کە لە لایەن یەکێتی ڕخنەگرانی سینەمای ئیتالیا  بەڕێوەدەچێت لە نێوان تەواویی بەرھەکانی ھەر ٤ بەشی ٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە فیلمی "زاڵاوا" لە بەشی "ھەفتەی ڕخنەگران" و ھەروەھا بە ‌فیلمی سینەمایی لە دەرھێنانی "ئادرێی دیوان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" ئەم ڕووداوە سینەماییە بەخشرا.

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لە یەکەمین نمایشی جیھانی لە سێ سانسی جیاوازدا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن بینەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگە و ھەروەھا ‌ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا

فیلمی کوردی "زاڵاوا" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی گەورەی "ھەفتەی ڕخنەگران"ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لەگەڵ ٦ فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕکابەرییدابوو.

یەکەمین ئەزموونی سینەمایی "ئەرسەلان ئەمیری" بە پشتیوانی "فڕۆم فیلمی ھۆنگ کۆنگ"، "مالی فیلمی کۆریای باشوور"، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی "فاڕابی" ئێران و ھەروەھا دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی "تووبا فیلم" بەرھەمھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەلجیکیی "لێوێلک" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەبێتەوە.

٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیھان، بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرھێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١ تا ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:
https://www.sicvenezia.it/en/winners-36-venice-film-critics-week


ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا"

 

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------------------------



"ئەزموون" لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیرانا"ی ئاڵبانیا وەرگیرا.


فیلمی سینەمایی "ئەزموون"  لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ١٩مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی ئاڵبانیا وەرگیرا.


فیلمی سینەمایی "ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرھەمی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە دووھەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی ئاڵبانیا نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی "کوندی زێڕێن"ی  ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەی باوەڕ پێکراویی ئاکادیمیای ئۆسکار ، لەگەڵ بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان ڕکابەریی دەکات.


فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" وەکوو گرینگترین و گەورەترین ڕووداویی سینەمایی ناوچەی باڵکان؛ بە مەبەستی پێکھێنانی ناوەندێکی گرینگی فەرھەنگی و سینەمای سەربەخۆ، ڕەخساندنی کەشووھەوایەکی ھەڤاڵانە بۆ سینەماکارانی ئەورووپا و سەرتاسەری جیھان و ھەروەھا کۆکردنەوەی تامەجرۆیان، خوێندکارانی سینەما و شەیدایانی ئەم ھونەرە بەنرخە دامەزراوە.


فیلمی سینەمایی "ئەزموون" بەرھەمی کومپانیای "میتوس فیلم"ی بەڕلین و کومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھاتووە، لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی "ئاڕت ھوود" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەبێتەوە.


نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" بە دروشمی "جیاواز بیربکەنەوە و یەکسان سەیربکەن" لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی "فیلمە بڵیندەکان"، بەشی "فیلمە یەکەمە بلێندەکان"، بەشی "کورتە فیلمە چیرۆکی و ئەنیمەیشنییەکان" (فیلمە ھەڵبژاردراوەکان ڕەوانەی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەکرێن)، بەشی "بەڵگەفیلم"، بەشی "پێشبڕکێی خوێندکاری"، بەشی "ھونەر و ئەزموون"، بەشی "فیلمەکانی باڵکان" و بەشی "ئەو فیلمانەی کە بە زمانی ئاڵبانیایی سازکراون" و ھەروەھا بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی "تەرکیز"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "پانۆڕاما" واتە: نمایشی "فیلمی منداڵان"، "جیلەکان"، "دنیای نوێی"، "زەوقە جیاوازەکان" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٤ تا ٣٠ی سێپتەمبەری٢٠٢١ لە شاری تیرانا پێتەختی وڵاتی ئاڵبانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی پتر:
http://tiranafilmfest.com/official-selection-2021
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فەیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346


بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "ئەزموون"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک