په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٧\٢٠١٨

    زاڵم.

فەتاح حەسەن

بە غەیری مەزهەبی زاڵمان
سەر بەچ مەزهەبێکی!!
لە شەونوێژدا نزادەکەی
لەبیرتکەم.
   *  *  *
فێری زۆر شتت کردم
تەنها ئەوە نەبێ,
چۆن بێ تۆ بژیم .. زاڵم.
   *  *  *
لەفرمێسک سوێرتر
ئەشکی ڕۆحمە، کە دەیگرێنی
لە خواحافیزی تاڵتر..
دواسەرنجتە، زاڵم.
   *  *  *
دەزانیت تینووم
ناتەوێت، تینوێتیم،
بەماچێك بشکێنی،
هەی زاڵم.
   *  *  *
لە مەرهەم نەرمتر، دڵی منە
دڵی ئەتۆش، ئەڵماس .. زاڵم.
   *  *  *
گەر خۆشەویستی هونەرە
ئەی بۆ، لەمن تێناگەی؟
هەڵبەت ..
بە هونەرمەندم نازانی،
زاڵم!!
   *  *  *
کە ناتوانم ئاوێزانی باڵات بم
دەبا شیعرم ئاوێزان بێ ..
خۆ رێگەی ئەوەشم لێناگری، زاڵم.
   *  *  *
وەك چۆن، فرمێسك
لەچاو، دوردەکەوێتەوە
ئەتۆش بەشێنەیی ئاوا لەمن،
زاڵم.
   *  *  *
بەر لەئەتۆ ئەوەی قینم لێیبوو
ڕق بوو،
ئەمێستا ..
رقم لەگشت دڵڕەقانە
لە پێشیانەوە، ئە تۆ.. زاڵم .
   *  *  *
ئەو شەوەی کە دێیتە خەوم
تێرخەو نابم، لە خەونیشدا،
نائومێدییم پێدەفرۆشیت زاڵم.
   *  *  *
من حەزناکەم بەتۆ بڵێم:
خۆشم ناوێی
دەببە فریادڕەس ..
دەرگای دڵت
بەرامبەرم، کڵۆم بدەو
لە دڵەڕاوکێ، رزگارم کە .. زاڵم.
   *  *  *
تۆیەك
لە شەونوێژدا، نزابکەی
لەبیرتکەم،
ئەمن ..
دوای دوو ڕکاعەت
لەبیرتەکەم.


٢٠١٨ - دانیمارك / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک