په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٥

زەمەن و شوێن لە شیعرێکی (ئیسماعیل بەرزنجی)دا.


سەدیق سەعید     

 

ھەموو دەقێکی ئەدەبی،زادەی زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە، لەڕووی مێژوویەوە.ئەگەر دەق، بەرھەمی بیرکردنەوەو تێڕامانی دەقنووس بێت،لە ھەڵومەرجێکی دیاریکراودا،ئەوا بێگومان نووسەر، وەک مرۆڤێک، لە زەمەنو شوێنێک دەژیت. لەبەریەککەوتنو کارلێکردندایە، لە گەڵ توخمەکانی دەوروبەری.ئەگەرچی ڕەنگە ھیچ پەیوەندییەک لە نێوان زەمەنی فیزیکیوزەمەنی دەروونی ناخی شاعیر وەک دەقنووس نەبێت،لەوھەڵومەرجەی دەقەکەی تیادا دەنووسێت.لەزۆرکاتدا، شاعیر زەمەنی مێژوویی و فیزیکی جێدێلێت و لەزەمەنی دەروونی خۆی دەژیت. کەڕەنگە دابڕاو بێت لەو زەمەنەی ڕۆژ و مانگو ساڵەکان لە خۆ دەگرێت. لەھەمان کاتیشدا، دەشێ ئەو دەقە،ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە مێژوویە بێت،کە تیایدا شاعیر لە ژیانیدا،بەریەکێ لە رووداودیاردەکان دەکەوێت.کە دواجار ئەو بەریەککەوتنە لە دنیابینی شاعیر ڕەنگدەداتەوەو سەرەنجامیش لە دەقێکی ئەدەبیدا، بەرجەستە دەبێت.زەمەنشوێنی لە شیعردا،مەرج نییە ھەر تەنھا پەیوەست بێت بە زەمەنو شوێنێکی دیاریکراو.بەڵکو دەشێ ئاماژە بێت بۆ زەمەنی ڕابردوو، ئێستا یاخود ئاییندە. بەومانایەی شاعیر گوزارشت لە ڕووداوێک دەکات، کە ڕەنگە ھێشتا ڕووینەدابێت، یاخود ڕوویدابێتو ببێتە بە شێک لە ڕابردوو.بێگومان ئەو زەمەنە مێژوویەی پێوەرێکە بۆ پێوانە کردنی کاتەکان، لە چوارچێوەی زەمەنی ڕوودانی ڕووداوەکان، جیایە لە گەڵ ئەو زەمەن دەروونیەی پەیوەستە بەبارودۆخی سایکۆلۆژی شاعیر، لە ساتی نووسینی دەقەوە. بە دەر برینێکی تر، دەشێ چرکەساتی نووسینی دەقێکی شیعری، دابڕاو بێت لە زەمەنی مێژووییو تەنھا پەیوەست بێت، بە زەمەنی دەروونی ناخی شاعیر و دنیابینیو تێڕوانینی ئەو.بەو مانایەی چۆن ڕووداوەکان دەبینێتو چۆنیش گوزارشتیان لێدەکات. بەھەمان شێوەش ڕەنگە ساتەکانی نووسینی دەقێکی شیعری،ڕەنگدانەوەی ڕووداوو زەمەنێکی مێژوویی بێت و دەرەنجامی کاریگەریەتی کارەساتو ڕووداوێک بێت لە ژیانی شاعیر.بەڵام دواجار بونیادی ھونەری ھەر دەقێک، بە شێکە لە ھەردوو زەمەنی فیزیکی ودەروونی.واتە دەق، بە شێکە لەو بەریەککەوتنانەی شاعیر وەک مرۆڤێک لە ژینگەو سروشتی دەوروبەری بەرھەمی دەھێنێت، بە شێکیشە لە مەدلولە تایبەتیەکانی دۆخی سایکۆلۆژی شاعیر وەک مرۆڤێک، کە ڕەنگە دالەکانی تەنھا پەیوەست بن، بە دنیابینیو تێڕوانینو گوزارشتکردنی ئەو.ئەزموونی شیعر لای سوریالیەکان، ئەوەندەی لە چوارچێوەی زەمەنی دەروونی شاعیرەکان دابوو، ئەوەندە ڕەنگدانەوەی زەمەنی مێژووی وفیزیکی ژیانی شاعیرەکان نییە. ئەمە بەو مانایە نا، کە سوریالیەکان، نەکەوتبنە ژێر کاریگەریەتی ڕووداوە مێژوویەکان، بە تایبەتیش شەڕو ئاشووب. چونکە ھەر خودی ڕێبازی سوریالیزم، بەرەنجامی کارەساتە تراژیدی و لێکەوتەکانی دوای جەنگی جیھانی یەکەم بوو.بەڵام دواجار سوریالیەکان، ئەزموونێکی تایبەتی شیعریان داھێنا، تا ئەو ڕادەیەی کە دەقی شیعری بە تەنھا ڕەنگدانەوەی، تێڕوانینو باری دەروونی شاعیر بێت. واتە ئەزموونێک دابڕاو لە واقیعو بگرە لە سەرووی واقیعیش. بۆیە دەبینین،جۆرە شیعرێکیان دەنووسی، کە ھیچ پەیوەندی بە ژیانی ئەوانو ڕووداوەکانی دەوروبەرو ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە،لەوکاتەوە نەبوو. ئەگەرچی زەمەنشوێنی وەک چەمکێک، بە شێکە لە بونیادی ھونەری ڕۆمانو چیرۆک، کە لە گەڵ ڕووداودا، بونیادی ھونەری دەق پێکدێنن. بەو پێیەی ئەگەر گێڕانەوەو ڕووداو، بنەمایەکی سەرەکی دەقی ڕۆمانو چیرۆک بێت، ئەوا دەبێ زەمەنو شوێنێکی دیاریکراویش بوونیان ھەبێت، بۆ ئەوەی ببنە زەمینەی ڕووداوەکان. واتە کاتو شوێن، بە شێکن لە وتوخمە بنەڕەتیو سەرەکییانەی، کە ڕووداو ئاراستە دەکەن. چونکە ھیچ کردارێک نییە ڕووبدات، ئەگەر زەمینەیەکی نەبێ. بۆیەشە کاتو شوێن ھەمیشە، بە شێکن لە پێکھێنەرەکانی دەقی چیرۆکو ڕۆمان. ئەگەر ئەوان بوونیان نەبێت، چیڕۆکو ڕۆمانیش بوونیان نابێت.بەو پێیەی گێڕانەوە، کردارێکی سەرەکی دەقەو، بۆ گێڕانەوەش، زەمەنو شوێنێک پێویستن.بەڵام لە شیعردا، لە بڕی گێرانەوە، گوزارشتو وێنا کردن بوونی ھەیە. بۆیە زەمەنشوێنی ڕەنگە لە شیعردا، بە شێک نەبێت، لە پێکھێنەرە سەرەکیەکانی دەق. جیاواز لە چیڕۆکو ڕۆمان. لە شیعردا، وێنەی ھونەریو شیعریەت و سۆبژێکت، بوونی ھەیە. ئەگەرچی لە شیعری ھاوچەرخدا، ھاوشێوەی دەقی ڕۆمانو چیڕۆک، زەمەن، شوێن، ڕووداو، گێڕانەوەش بوونی ھەیە، کە بە جیاوازی ئەزموونی شاعیران، دەردەکەوێت. بەو مانایەی ڕەنگە لە ئەزموونی شیعری شاعیرێک،زەمەنشوێنی بە شێکی سەرەکی شیعرەکان پێک بھێنێت، بەبەراورد لە گەڵ ئەزموونی شیعری شاعیرێکی دیکە.لەو ڕوانگەیەشەوە یەکێ لەو شاعیرانەی بەڕادەیەکی زۆر لە شیعرەکانیدا، ئەو چەمکە ڕەنگیداوەتەوە، ئەزموونی شیعری (ئیسماعیل بەرزنجیە). کەم شیعری ئەو شاعیرە ھەیە، تیایدا ھەست بە ڕەگەزو تەکنیکەکانی چیڕۆک نەکەین. لە کۆی شیعرەکانی ئەو شاعیرەدا، بە تایبەتیش لە کۆمەڵە شیعری(پەست وەک ئێوارە نارنجییەکانی نیشتمان) ھەست بە زەمەنشوێنیو بگرە کۆی ئەو ڕەگەزانەش دەکەین، کە لە دەقی چیڕۆکو ڕۆماندا ھەن. وەک(کات و شوێنو ڕووداو پلوت). بۆیەشە لە شیعرەکانی ئەو شاعیرە، ئەوەندەی ھەست بەو ڕەگەزانە دەکەین، ئەوەندە ھەست بە وێنەی شیعری و گوزارشت کردنو شیعریەت ناکەین. بە پێچەوانەوە، بەڵکو گێڕانەوە ڕەگەزێکی سەرەکییە لە شیعرەکانی ئەودا، لە پاڵ کاتو شوێن. ئەگەر بەوردی سەرنج لە شیعرەکانی نێو ئەو کۆمەڵە شیعرە بدەین، دەبینین شیعرەکانی بونیادێکی چیڕۆک ئامێزیان ھەیە. بەو مانایەی ھەموو ئەو تەکنیکانەی بونیادی ھونەری چیڕۆک پێکدەھێنن، لە شیعرەکاندا بوونیان ھەیە. وەک ڕووداو، کات، شوێن، بگرە کەسایەتیش. لێرەوەش دەقی(من لەوێوە دێم) دەقێکی دڕامی چیڕۆک ئامێزە، کە تیایدا شاعیر وەسفی ژینگەی کۆمەڵایەتیو خێزانی خۆی وەک مرۆڤێک دەکاتو لە پەراوێزیەوە، ئاماژە بۆ چیڕۆکی دروست بوونی مرۆڤو ژیانکردنو گەشبینیو ڕەشبینیو تادەگاتە نیھلیستیەتی ژیان، کە تیایدا شاعیر وەک دیاردەیەکی پووچگەرایی دەڕوانێتە ژیانی مرۆڤەکان وەک کردەیەکی وجودیو ئیندیڤینداڵی، دەکات. شایەنی ئاماژە کردنە، زۆربەی شیعرەکانی ئەو شاعیرە، بە پەشیمانیو ڕەشبینیو ڕوانینی پووچگەرایانە بۆ ژیان، کۆتاییان دێت. کەمن پێم وایە ئەو شێوە ڕوانینە بۆ ژیان لە شیعردا، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و بوونگەرایی شاعیرە وەک مرۆڤێک، ئەوەندە پەیوەست نییە بە فۆڕمی شیعری ئەو شاعیرەوە.ئەوە شیعر نییە وەک کردەوەو ئەزموونێکی کەسی، ئەو تێگەیشتنە لای شاعیر دروست دەکات، بە پێچەوانەوە، بەڵکو خودی شاعیرە وەک مرۆڤێک، ئەو تێگەیشتنەی خۆی دەگوازێتەوە نێو شیعرو دواتریش دەبێتە بە شێک لە خەسڵەتە شیعریەکانی ئەزموونی شیعری ئەو. بۆیە وەک خوێنەرێک ئەوەندەی تێبینیم کردبێت، کەم شیعری ئەو شاعیرەم خوێندۆتەوە، کە بنەما ھونەریەکانی بونیادی چیرۆک ڕۆمانیان تیا نەبێت. شیعری لەوێوە دێم، ھەڵگری چەندان زەمەنو ڕووداوو شوێنی جۆراوجۆرە، کە شاعیر پۆلێنبەندی مێژوویی کردوون، ھەرلە چرکەساتەکانی دروستبوونی مرۆڤەوە، تابە ژیانی ئاڵۆزو جەنجاڵو پڕلە ژاوە ژاوەی مۆدێرنە دەگات.ھەر لە قۆناغەکانی سادەیی ژیانەوە، تا بەئێستامان دەگات. ھەر وەک شاعیر دەڵێت:
ژن و پیاوێکی چاخی بەردین بووین..
بە گژوگیا عەورەتی خۆمان دادەپۆشی.
لە شەرێک سەردەکەوتین..لە چوار دەماندۆڕاند..
حەسرەتمان دەکرۆشت و بێزاریمان ھەڵدەمژی..


لەو کۆپلە شیعریەدا، کە شاعیر پێشکەشی ھاوسەرەکەی کردووە، کە کۆچی دوایی کردوە،سێ زەمەنی جیاواز دەبین، کە ئەویش زەمەنی چاخی بەردین و زەمەنی شەڕ و زەمەنی کرۆشتنی حەسرەت و بێزاری. ھەریەک لەو زەمەنانە، گوزارشتن بۆ شوێنو پێشکەوتنەکانی ژیانی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک، لە چوارچێوەی قۆناغە مێژوویەکاندا. واتە شاعیر ژیانی تایبەتی خۆی وەک مرۆڤێک، لە چوارچێوەی ئەو زەمەنشوێنیە جیاوازانە بەرجەستە کردوە، کە لە شیعرەکەدا ئاماژەی پێکردون.چونکە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ژیانی مرۆڤ، لە قۆناغی چاخی بەردینو سەرەتاکانی ئەشکەوتنشینو دواتریش، لە گەڵ پەرەسەندنی پێشکەوتنە ژیارییەکان، بەردەوامی دەبێت، تا بە ئێستمان دەگات. لە ڕوانگەی شاعیردا، ئەوان مرۆڤێکی چاخی بەردین بووینەوە بەردەوامیان بە ژیانداوە، تا بە قۆناغی بێزاری دەگات. کەواتە زەمەنشوێنی چاخی بەردین،گوزارشتە بۆ ساکاری ژیانو بێزاریش وەک چەمکێکی دەروونی کە پەیوەستە بە قۆناغی پێشکەوتنو مۆدێرنەبوونی ژیان، ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزبوونوپووچگەرایی ژیان.کەڕەنگە ھەموو خەونو ئومێدەکانی مرۆڤ، لە نێو بەرێت. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ژیان چەنێ پێشکەوتوو ئاڵۆزو جەنجاڵ بێت، ئەوەندەش مرۆڤەکان لە ڕووی ڕوحیو دەروونییەوە وێران دەبن. وەک ئەوەی ئێستا ھەستی پێدەکەین. بۆیە شاعیر ئەگەر خۆیو ھاوسەرەکەی سەرەتا مرۆڤی چاخی بەردین بووبن، ئەوا لە گەڵ پێشکەوتنەکانی ژیانو ھەڵکشانی تەمەندا،ئەمجارەیان لە مرۆڤێکی سەرەتاییەوە دەبنە مرۆڤی قۆناغە ژیاریو تەکنەلۆژیەکانو بە عەبەسی بوونی مرۆڤەکان. کە بێگومان ئەو قۆناغەش بۆ ئەوان، پڕ بوە لە تەقسێکی گریاناوی، ھەروەک شاعیر خۆشی دەڵێت:
دەبوایە ھەر چوار فەسڵ..
لە تەقسێکی گریاناویدا خۆمان بنێژین..
ھاوینمان بە پاییز و زستانانمان بە بەھار دەسپارد..


لەکۆی ئەو دوو کۆپلە شیعریەدا، ھەریەک لە زەمەنەکانی(چاخی بەردین،زەمەنی شەڕ،چوار فەسل،پاییز، زستان،ھاوین، بەھار،)دەبینرێت. کە ھەموویان ئاماژەن، بۆ بەشێک لە ژیانکردنی شاعیر وەک مرۆڤێًک، لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی خێزانیو کۆمەڵایەتیدا.ئەم فۆڕمە لە ژیان بەردەوام دەبێت، تاشاعیر لە ژێر کاریگەریەتی خوێنەوەی کتێبەکانی کامۆوسارتەردا، ڕەنگێک لە ژیانی ئەوان دەگرێت و دەبێتە وێنەیەکی بچووکراوەی پاڵەوانی ڕۆمانێکی کامۆ.ھەروەک ئەمجارەیان لە شیعرەکەیدا دەڵێت:
نازانم نە ئێوارەیەکی ساردی کانونی یەکەم بوو..
نە عەسرێکی درەنگی حوزەیران بوو..
نە جومعەیەکی پڕ لە پەستی و نە سێشەممەیەکی نەگریس بوو
پێیوتم: چەند بە مێرسۆیە غەریبەکەی کامۆ دەچی..


شاعیر،گفتوگۆو ڕووداوەتایبەتیەکانی ژیانی خۆی بەستۆتەوەبەزەمەنو لە چوارچێوەی زەمەنی مێژوویی ڕووداوەکان ئاماژەی پێداون.بێگومان ھەوڵدان بۆ ناساندنی شاعیر، وەک پاڵەوانی ڕۆمانێکی ئەلبیر کامۆ، کە سمبولە بۆ بێھوودەیی و نھلیستیەتی ژیان،دەلالەتێکە بۆ ئەوەی کەشاعیر دواجار، کەوتۆتە ژێر کاریگەریەتی ئەو نووسەرە.لێرەوەش زەمەنشوێنی لە ژیانی شاعیردا، لە چاخی بەردینەوەو داپۆشینی عەورەت بە گژوگیاوە،درێژ دەبێتەوە تا زەمەنی خوێنەوەی کتێبەکەی ئەلبیر کامۆو کەوتنە ژێر کاریگەریەتی ئەو نووسەرە جیھانیە. بێگومان ھەردوو زەمەنیش ھەڵگری چەندین خەسڵەتو گۆرانکاری و ئاماژەی دەروونیو کۆمەڵایەتین، کە دواجار لە چوارچێوەی زەمەنە فیزیکیەکەوە، ژیانی شاعیر پێکدەھێنن. واتە زەمەنشوێنی لەو دەقەی شاعیردا، لە قۆناغێکی سادەوە دەست پێدەکات،تا دەگاتە قۆناغی جەنجاڵبوونو ژاوەژاوەی ژیان. لە داپۆشینی عەورەت بە گەڵاوە، تا خوێنەوەی کتێبەکانی کامۆ. بگرە ئەمجارەیان درێژتریش دەبێتەوە، تا ئەزموونە فاشیلەکانی ژیان. ھەروەک شاعیر دەڵێت:
لەو گوندانەی..
کە ئەزموونە فەشەلەکانی خۆمان..
تیا دەشاردەوە..


بێگومان ئەگەر ڕووداو پەیوەست بێت بە چرکە ساتەکانی زەمەنێکی دیاریکراوەوە، کە ژیانیش بەشێکە لە پراکتیزەکردنی چەندین ڕووداوی جۆراو جۆر، ئەوا دەبێ خودی ئەو ڕووداوانە، ھاوشێوەی زەمەنەکە، شوێنێک ھەبێت بۆ ڕوودانیان. بە دەربڕینێکی تر ھیچ ڕووداوێک نییە، بە دەر بێت لە زەمەنو شوێنێک. چونکە ڕووداو ڕوونادات ئەگەر شوێنێک نەبێت وەک سەر زەمینی ڕوودانیو ھاوکات کاتیش وەک کردەی ئەنجامدانەکە. بۆیە لە شیعری(من لەوێوە دێم)لەپاڵ زەمەن، شوێنیش دەبینینین. چونکە شاعیر لە شیعرەکەیدا، ئاماژەی بە چەندین شوێن داوە،کە پەیوەستن بە ژیانو بوونو مەودای تەمەنی ئەو، وەک مرۆڤێک.لێرەوەشە، ئێمە کاتێ دەڵێین شیعرەکانی ئیسماعیل بەرزنجی،بونیادێکی چیرۆک ئامێزیان ھەیە.چونکە ھەموو ئەو ڕەگەزانە لە خۆ دەگرن،کە ژانری چیرۆکو ڕۆمان پێکدەھێنن. لەوشیعرەشدا، شاعیر لە پاڵ زەمەن، ئاماژەی بە چەندین شوێنیش داوە. وەک:(ئەشکەوتەکانی چاخی بەردین،لەحەوشەکەدا،قەبر،شوقەی ژمارە١٢،لەو گوندانەی،مەنفا،پاکژگە کەی دانتی، لەوێوە کە ئاماژەیە بۆ شوێنێکی نادیار).ھەموو ئەو شوێنانەش پەیوەندییان،بە و زەمەنەوە ھەیە، کە شاعیر لە شیعرەکەیدا بەرجەستەی کردوون. ئەو شیعرەی بەرزنجی، دەکرێ وەک بیۆگرافیای ژیانی مرۆڤ بیبینین،ھەرلەسەرەتای سادەو ساکاری ژیانو داپۆشینی عەورەت بە گەڵا،تا قۆ ناغە ژیارییو پێشکەوتوەکانو دواجاریش بە عەبەسی بوونی ژیان، لە ژێر زەبری گۆڕانکاریەکان.واتە نووسینەوەی ئەزموونی ژیانی مرۆڤێکو شاعیرێکە، لە چوارچێوەی ئەو زەمەنو شوێنەی تیایدا ژیاوە.زەمەنو شوێنێک کە دەشێ پڕبێ لە خۆشیو جوانییەکان، وە دەشێ پڕیش بێ لە ناشرینیو تراژیدیاکان. وەلێ دواجار ئەوە ژیانە، نە بە دڵی ئێمە دەڕوات، نە بە دڵی ئێمەش دەوەستێت.
_________________________
تێبینیی: دەقی (من لەوێوە دێم) شیعرێکی (ئیسماعیل بەرزنجی)یە کە لە کۆمەڵە شیعر (پەست وەک ئێوارە نارنجیەکانی نیشتمان) بڵاوکراوەتەوە. کە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن دەزگای ئاراسەوە چاپ کراوە.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک