١٢\٦\٢٠١٠
زەنگێکی مەترسیدار؟!

ستار محەمەد قادر
بە داخێکی زۆرەوە لەم رۆژانەدا بۆ جارێکی دیکە سەر رووپەڕی رۆژنامەو
گۆوارەکان کەوتنەوە ژێر هەژموونی ململانێیەکی نا شەرعی سیاسیی و
سەرمەست و بارگاوی بە ئەقڵییەتی سڕینەوەی ئەوی تر، چونکە لە حەقیقەتدا
ئەم نۆرمە لە نووسین وەزیفەی راستەقینەی نووسەران نییە، بۆیە هەمووان
بە خۆشنوودییەوە لە چاوەنواڕی ئەوەدا بووین ئێمەیش لە بواری
راگەیاندندا قەڵەمباز بدەین و جارێکی دیکە رێگە نەدەین ئەو جۆرە
ململانێ نا تەندرووستانە زۆرترین پانتایی بیرکردنەوەو تێڕوانینمان بۆ
خۆیان قۆرخ بکەن، تا بتوانین تەکانێک بە پرۆسەی سیاسیی و ئیداریی و
کۆمەڵایەتیی و ژیاریی بدەین و کار بۆ بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی چوارەم لە
سەر ئەرزی واقیعی کوردستان بکەین؛ بەڵام جارێکی دیکە مێردەزمەی
سڕینەوەو ناشیرینکردنی بەرامبەر لە توانایدا بوو دونیای نووسین و
نووسەران بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوەو بە شێوەیەک بارگاویی و
ئاراستەیان بکات، بە بێ ئەوەی ئاوڕ لە پەیامی راستەقینەی خۆیان بدەنەوە،
بکرێن بە بەشێک لە کێشەیەک، جگە لە مەرگی نووسین، لە توانایاندا نەبێت
شتێکی دیکە لەو بوارەدا رابگەیەنن؟!
دە ساڵ بەر لە ئێستا ئێمە خوازیاری ئەوە بووین، دونیای نووسین و خودی
نووسەران، کۆت و بەندی دیاریکراوی حیزب و سیاسەت ببەزێنین. خوازیاری
ئەوە بووین، بە هەر شێوەیەک بێ و بە یارمەتی هەر رەگەزێک بێت، خۆمان لە
دەستی ئەقڵییەتی مەبەست پەرستی قووتار بکەین. دە ساڵە ئێمە لە هەوڵی
ئەوەداین، نیشتیمان و نەتەوە لەو هەموو کارەساتانە رزگا بکەین، کە
تاکتیک و بەرژەوەندیی حیزب لە سەردەمە تاریک و سەرەتاییەکانی ژیانی
شاردا لە زیهنی کۆمەڵانی خەڵکدا بەرجەستەی کردوون!
دە ساڵە لە بەرنامەماندایە بە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بڵێین،
نەتەوە ئەو چەمکە نییە کە لە دەلاقەی حیزبەوە لێی دەنواڕن، نیشتیمان
ئەو پانتاییە جوگرافیاییە نییە کە حیزبەکان بە بێ سانسۆر لە سەر بنەمای
بەرژەوەندییەکانییان بە ئارەزووی خۆیان لە نێو زیهنی لایەنگرانیاندا
وێنەی دەکێشن!
شازدە ساڵ زیاترە ئێمە نەفرەت لە ململانێیەکی نا تەندرووست و نا
شارستانییانەی حیزبی دەکەین. ساڵانێکە ئێمە وا خۆمان دەردەخەین، گوایە
لە هەموو وردەکاریەکانی سەردەم گەیشتووین. چەندین ساڵە دەمانەوێت
میللەت لە ژێر هەژموونی تاکە حیزب و تاکە سەرکردەو تاکە بیرو باوەڕو
ئایدۆلۆژیاو ئایدیای سەردەمە تاریکەکانی مێژووی نەفرەت لێکراوی ستالین
رزگار بکەین!
دە ساڵە بە ئاواتی ئەوەوەین لە دەرەوەی حیزب شتێکی دیکەمان خۆش بوێت.
لە دەرەوەی بەرژەوەندیی تایبەتی، رەچاوی بەرژەوەندیی گشتیی بکەین. دە
ساڵە خەون بە ئایدیایەکەوە دەبینین، تا بە یارمەتیی ئەو ئایدیایەوە
پارێزگاری لە هەمووان بە یەکسانی بکەین. دە ساڵە بە شێوەیەک وێنەی
خۆمان دەکێشین، نەک کلتووری لێبووردەیی، بەڵکو بە بازدانێکی ئەفسووناوی؛
زۆر جار لە رێی زەللەی زوبانەوە باس لە کلتووری یەکتری قبووڵکردن
دەکەین!
دە ساڵی خشتە ئەگەر بە وردی لە هەوڵ و نێوەڕۆکی نووسینەکانمان بنواڕین،
ئەوەی لێ دەخوێنینەوە و بە راشکاوی ئەوە دەڵێین: " بەڵی بۆ بە
رۆشنبیریکردنی سیاسییەکان، نا بۆ بە سیاسییکردنی رۆشنبیران" بەڵی
زەمەنێکە ئێمە دەمانەوێت لەم پانتاییەدا سنوورێک بۆ دەستی درێژو رەهای
حیزب دابنێین!
لێ مەخابن رووداوەکانی ئەم دوواییەی سەر رووپەڕی رۆژنامەو گۆوارەکان
ئەوەمان پێدەڵێن: زەنگێک لێدرا، زەنگێکی زۆر مەترسیدار، ئەگەر
مەبەستمان بێت دەتوانین زۆر تەوەری لێ بهێنینە زوبان، چونکە پەردەی لە
سەر زۆر تابلۆی شارراوە هەڵماڵی، ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیان بۆ بکەین،
ئەوە دەبێت لە لایەک دەسەڵات ئیعادەی نەزەرو جەدوەلەی ئەعمالی خۆی بکات،
لە لایەکی دیکەوە ئێمەیش وەکو ئەهلی خاوەن قەڵەم موراجەعەیەکی جیددی
خۆمان بکەین، چونکە لەم ماوەیەدا نەمانتوانی تا ئەندازەیەک بێ لایەنی
خۆمان بپارێزین، ترسناکی رەوشەکەش لەوێوە دەست پێدەکات، بۆ جارێکی دیکە
ئێمەی خاوەن خامە، نەک لاپەڕەی کۆن هەڵبدەینەوە، بەڵکو سەنگەر لە
یەکتری بگرین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|