٣\٣\٢٠١٧
زەنگیانەی ئاویی.
- رستی
سێیەم -

فەتاح حەسەن
شەکرەژن.
ویستم..
هۆنراوەیەکت، بۆ بنووسم
پیتم لکاند بە پیتەوە
وشەم، لە وشە گرێدا
هۆنراوەکە
بە رستەیەکی پرسیاریی
کۆتایی هات
هەیە وەك تۆ، شەکرەژن بێ؟
وشە بە وشەی هۆنراوەکەم
کوژاندەوە..
تەنها، دوا رستە مایەوە.
کانی ئیشق.
بە بیرت دێ.. بۆ دیدارت
چەند کۆڵانم، دەگرتە بەر؟؟
بڕوات هەبێ
هەر لە رێگا، دەم بە دوعا
دەم بە نزا کە نەتبینم
وامدەزانی زۆر بتبینم
کانی ئیشقمان وشک دەکا.
ترپەی دڵ.
میلەکانی کاتژمێری
مەچەکی دەستی چەپم
لە راستەوە، بە شێوەیەکی بازنەیی
زەمەن دەبڕن.
هیچیان، پێش ئەوی دیکەیان ناکەون.
هەروەکو چۆن، ترپەی دڵم
پێش ترپەی دڵت ناکەوێ.
تەنیایی.
کە، دان دەدەم بە نەورەس
حەزدەکەم
نەورەسە تەنهاکان بیچنن
تا هەست بە تەنیایی نەکەن.
وا هەست دەکەم
تەنیایی.. کوشندەتر بێ لە جەنگ.
پشوو.
ساڵانێکە لێناگەڕێی
شارای شادیی کۆمەك بکەم
خەرمانی خەم بە با بکەم.
شارای خەمم، پێ شەن دەکەی!
خەرمانی شادیم، زەوت دەکەی.
دەلێمگەڕێ..
پشوویەك بەم.
تێنوو.
کە تینوو بم
(ئاوە خوێڕی*)ی
دەربەندیخان
هەرگیز، بە سیروان..
ناگۆڕمەوە.
______________________________
*
ئاوەخوێڕی
دەربەندیخان، لەبەر ئەوەی کەس سوودی لێ نابینی
بۆ کشتوکاڵ یەکسەر تێکەڵ بە سیروان دەبێ بۆیە خەڵكی ناوچەکە لە
رقا ناویان لێناوە ئاوەخوێڕی، ئەو
ئاوە هەرچەندە سەر بە (باوەنور)ە بەڵام وەك
هەڵەی باو ناودەبرێ بە ئاوەخوێڕی دەربەندیخان.
______________________________
رستی
دووەم:
www.emrro.com/zengiyaneyawiy2.htm
رستی یەکەم:
www.emrro.com/zengiyaneyawiy1.htm
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|