په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

    زەوى بەردەبێتەوە.

بێستوون مینە

تازە بە تازە دڵم خۆشە
دەڵێن ''گایە زەوى لەسەر پشته‌که'' پیربووە و
تواناى هەڵگرتنى زەوى نەماوە،
من لەوە دەترسم رۆژێ پشتى بشکێ و
هەموومان سەرگەردان ببین.


گاپیرە.. دە هێندە مەمان سووڕێنه‌
بوەستە، بەس وریابە لە راستى دۆزه‌خ
لەوێ
خۆتان بگرن زەوى بەردەبێتەوە
فڕۆکەکان هەڵکەن
ئۆتۆمبێلەکان تووڕدەن
شەقامەکان بپێچنەوە
باڵەخانەکان ببەخشن و
عاموودەکان چەپکێ نەوڕەسى وشک.


لێرەوە من دەزانم زەوی و ئاسمان
تێکەڵ دەبن
من دەزانم ئەستێرە دەکەونە ژێر پێیان
شەق لە مانگ هەڵدەدرێ
رۆژیش گیانەڵایەتى.


لێرەوە نوێژ لەسەر پەڵە هەورێک دەکەم
کە لە بێ بارانى دا گیان دەسپێرێ..
لێرە دەبێ من بە منداڵێکى سەر بێشکە بڵێم
باوکە دەمەوێ هەناسەیەک بدەم
بە کێژۆڵەیەک کە دوو کەزى دروست کردون و
دەچێتە قوتابخانە
دەڵێم دایکە تینوومە.


من لێرەوە لە مرۆڤبوون دادەچۆڕێم
هەر لێرەش نیچە شێت دەبێ و
کافکاش بەرچاوى تاریک..
گوڵەکان وشک دەبن و
عاشقان دەست بەتاڵ
گۆرانى بۆ رۆبۆتێک دەڵێن.


خەمى بوونەوەرەکانمە
ئیتر مرۆڤ نامێنێ
ئەوانیش چیتر پێناکەنن..
منیش بەدەم نووسینەوە
شەقێک لەو زەوییەى بەردەمم دەدەم و
وردوخاشى دەکەم
دواتریش پارچەکانى دەخەمە ناو زبڵدان.

٢١\١\٢٠١٢
bestunmina@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک