په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠٢٣

زیگمونت باومەن* و شلە ترس.


کاردۆ محەمەد     


ئەگەر یەکێک لە ئامانجەکانی مۆدێرنە ئەوە بووبێت مرۆڤ لە بازنەی ترس و دڵڕاوکێ ڕزگاربکات ،ئەوا بە بۆچوونی زیگمونت باومەن مۆدێرنە نەک هەر لەو هەوڵەی شکستی خواردووە ،بەڵکو بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس لەئاستی کۆمەڵەوە بۆ تاک ، ترس هاوشێوەی ماددەیەکی شل بڵاودەبێتەوە ، چیتر تەنها خەمێکی بەکۆمەڵ نییە بەڵکو تاکەکانیش بەتەنها و لەگەڵ خۆیاندا لەنێو ئەو ترسەدا دەتلێنەوە،بۆنموونە ترس لەهەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانی ترسێکی بەکۆمەڵە ئەشێ تەواوی مرۆڤەکانی گۆی زەوی یان چەند وڵاتێک ئەم ترسە لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن و هاوخەمی دەرببڕن ،بەڵام هێرشێکی چەکداری بۆسەر قوتابخانەیەک یان هەوڵی تیرۆرکردنی کەسێک ئەمە دەچێتە خانەی ترس لەسەرئاستی تاک ،واتە تاک لەکۆمەڵگەفراوانەکەی خۆی کە پێشتر یەکێک بووە لە ئەندامەکانی، دادەبڕێت و پێویستە بەتەنها ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.

باومەن پێیوایە ئەو مەترسییانەی مرۆڤ سڵیان لێ دەکاتەوە سێ جۆرن:
یەکەم ، هەڕەشەی سەر وماڵ و موڵک.
دووەم ،هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاشتی و سیستمی کۆمەڵایەتی و سەرچاوەکانی بژێوی ژیان.
سێیەم،هەڕەشەو مەترسی لەسەر پێگەو شووناس.

سەبارەت بە شکستی مۆدێرنە و بڵاوبوونەوەی ترس و داگیرکردنی روحی تاک ،باومەن پرسیارێکی هەستیار دەخاتەڕوو ( ئایە مۆدێرنە چۆن توانی ترسی گەورە بەسەر وردەکارییەکانی ژیاندا داچۆڕێنێت ،چۆن توانی ئەو هەستە لای تاک درووست بکات کە ڕووبەڕووبوونەوەی ترس وەک ئەرکێکی سەرشانی خۆی تەماشابکات ، پێیوابێت کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەئەستۆی دەوڵەتدا نییە بەڵکو تاکەکان لێی بەرپرسیارن؟!).

باومەن نووسەری کتێبی شلە ترس پێیوایە مۆدێرنە توانیویەتی سوود لە شکستەکەی وەربگرێت و لە بەرژەوەندی خۆیدابیهێڵێتەوە. ئەویش لەڕێی گرنگیدان بە درووستکردن و فەراهەمکردنی ئامڕازەکانی بەرگریکردن و خۆپارێزی وەک کامێرای چاودێری و کەرەستەکانی پاسەوانی و جۆرەکانی چەک و... هتد. نووسەر باس لەوەدکات کەچۆن مۆدێرنە دنیای بیرکردنەوەی تاکەکانی داگیرکردووە و توانیویەتی کاریگەرییان لەسەر جێ بهێڵێت، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی هاوسەنگی ئابووری نێودەوڵەتی و هاوکێشەکانی ئاڕاستەی ژیانی کۆمەڵگەکان بگۆڕێت و کۆنترۆڵی بکات.
_________________________________________
* زيگمونت باومەن (١٩٢٥-٢٠١٧): بیرمەند و زانایەکی گەورەی بواری سۆسیۆلۆژیایە ،لەدایک و باوکێکی جوو لەپۆڵەندا هاتووەتە دنیاوە ، نزیکەی ٧٥ کتێبی بەچاپ گەیاندووە و زیاتر لە ١٠٠ وتاری نوسیوە . زۆربەی نووسینەکانیشی لەبارەی (جیهانگیریی , مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە ،سیستمی ئەخڵاقی ، ماتریالیزمی بەرخۆری)یە . لەسەر ڕێچکەی فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەگرێکی دیار و بەسەلیقەبووە بەهۆی ڕەخنەگرتنی لەسیاسەتەکانی دەسەڵاتی کۆمۆنیزمی پۆڵەندی، فشاری خراوەتەسەر و لەساڵی ١٩٦٨وە وڵاتەکەی جێهێشتووە و روویکردووەتە ئینگلاند. هەر لەوێش ژیانئاوایی کردووە.
سەرچاوەکان:
- (الخوف السائل. زيجمونت باومان).
- (مراجعة كتاب الخوف السائل حالاته و أسبابه. هبة رؤوف عزت).


ماڵپەڕی کاردۆ محەمەد
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک