١٢\٨\٢٠١٥
زمانی کوردی لە
نێوان دوو دۆزەخدا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
نە وەک شەرەفخانی بدلیسی (١٥٤٣-١٦٠٣) قسە لە
زمانی نەتەوەیی دەکەم، نە وەک رۆشنبیرانی ئەمڕۆی کوردی قسە لە زمانی
ستاندەر(standard)ی کوردی دەکەم، بەڵکو
بە گشتی دەمەوێ بوونی دەق لە چوونە نێو زمان بناسێنم! دەزانم ئەوەش لە
سەر جیاوازی وەستاوە. واتە دەمەوێ بڵێم نووسین پێگەیشتنی ئەو خاڵەیە کە
زمان وەک جیاوازی و وەرگر وەک جیاوازی تێیدا دەجولێتەوە، کە شیانە
سینتاکسییەکان سێبەریانە و راڤەکردنە جیاوازەکان دووبارە بەرھەمیان
دەھێننەوە.
(بریستە - جان بیار بریسە ١٨٣٧-١٩٢٣ زانای زمانەوانی فەرەنسیی پێیوایە
مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوەڕۆکی زماندایە. ئیتیمۆلۆژیا (etymology)
ھەر تەنھا لە وشە -word-ەوە نییە، بەڵکو
لە جیھان -world- ەوەیە. وشە مێژووە، ئەو
مێژووەش رەنگدانەوەی مێژووی بەدواداگەڕانە! وشە وەک زانستی گرامەر لە
ناو ھەڵێنجراوە، ھیچ شتێکی نوێ و سەیری تێدا نییە. رەنگدانەوەی مێژووی
مرۆڤایەتی رەنگدانەوەی زمانە لە جیھاندا) بڕوانە: عنف اللغە، جان جاک
لوسیرکل، ترجمە وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنڤمە العربیە للترجمە، بیروت،
گ٢ێ١٣٣. ١٣٧.
لێرە لە نێوان مێژووی مرۆڤایەتی و مێژووی بەدواداگەڕاندا، لە نێوان
نانی گەنم و نانی جۆدا... قسان لە دوو دەقی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی
کوردی دەکەم:

کۆمیدیا (دۆزەخ)
- دانتی ئەلگێیری دۆزەخ (ئینفێرنۆ)
- دان بڕاون
یەکەمیان: بەرگی یەکەمی کۆمیدیا (دۆزەخ)ی
دانتی ئەلگێیرییە و ئەویدیکە (ئینفێرنۆ)ی دان بڕاون نووسەری ئەمریکییە،
نەک لەبەر ئەوەی ھەردوو دەقەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە کراونەتە کوردی،
بەڵکو بەشێک لە قسەکانم دەچێتە ئەو خانەیەی کە مێژووی مرۆڤایەتی
رەنگدانەوەی زمانە لە جیھاندا و ئەوەش خۆی لە زمان وەک (فۆرمی گشتی) و
(جولەی جیاواز) نیشان دەدات، لە دوو سەردەمی جیاواز و دوو ھونەری
جیاواز و تێڕوانین و جیھانبینی جیاواز.... بەو مانایەش لە
بەدواداچووندا ھەمیشە بە دوای ئەو شیانە سینتاکسییانە و شیانە
راڤەییانەداین کە نووسەر و وەرگر سێبەریان لێدەکات. پرسیار ئەوەیە ئەو
جیاوازییانەی باسمان کرد، لە لایەن وەرگێڕەکانەوە چۆن مامەڵەیان
لەگەڵدا کراوە، ئایا رەچاوی ئەو خاڵە کراوە کە (زمانی دەق) چەمکی
جیاوازی تێیدا قسان دەکات؟
دانتی ئەلگییری لە (فلۆرەنسا)ی ئیتاڵیا لە ساڵی ١٢٦٥ زایینی لەدایکبووە
و لە ساڵی ١٣٢١ زایینی لە غەریبی و لە شاری (راڤینا)دا کۆچی دوایی
کردووە، دانتی لەگەڵ کۆمەڵی بەرھەڵستکارانی (فلۆرەنسا) بووە و بە
رابەری یەکەمی سەردەمی رێنیسانس دەژمێردرێت. دانتی شۆڕشێکی گەورەی بە
سەر زمانی لاتینی و کلێسادا کردووە، کە ئەوسا زمانی نووسین و ئەدەب
بووە، ئەو نکۆڵیکردنەی بە کردار نواندووە و زمانی نەتەوەیی ئیتاڵیی،
زمانی میللی (نانی جۆ) کە رەمزی ھەژارەکانە، کردووە بە زمانی نووسین و
داھێنانی ئەدەبی... کۆمیدیای دانتی (کە دۆزەخ وەک بەرگی یەکەمی
نووسراوە) بە مرواری زمانی ئیتاڵیی بە تایبەتی و شێوەزاری (تۆسکانی)
دادەنرێت. ئەگەرچی ناتوانرێت وەک تێڕوانین و جیھانبینی لە سروشتی
ئایینی جیای بکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین رەخنە و
نکۆڵیکردن بووە لە پیاوانی ئایینی کەنیسە و دەسەڵات. زمانی کۆمیدیا
زمانێکی گوزارەکەرە و لە سەر (بیستن/خەیالڕ) ھەڵنراوە و بونیادی
وێنەکانی بە پێشبینیکردنەوە بەندە! وەرگێڕی شارەزا و بە سەلیقە (عەزیز
گەردی) بە زمانێکی رێک و رەوان و(نیمچە میللی) کردوویە بە کوردی. لە
نێوان شێوەزاری تۆسکانی و شێوەزاری نیمچە ھەولێریی، عەزیز گەردی وەک
چۆن (ڤیرجیلیۆ) رێنوێنی دانتی دەکات، ئەویش کۆمیدیای لە بن ھەنگڵناوە و
گوند بە گوند پێشڕەوی نانی جۆ و رۆناککردنەوەی شێوەزاری ناوچەیی دەکات.
رۆمانی (دۆزەخ- ئینفێرنۆ)ی دان براون کە لە سەر کۆدەکانی کۆمیدیای
دانتی بەرھەم ھێنراوەتەوە و لە رووی گێڕانەوەی ھونەریی و سینەماییەوە
بە زمانێکی مۆدێرن نووسراوە... وەرگێڕی بە توانا (شەفیقی حاجی خدر)
کردوویە بە کوردی. (دان بڕاون) لە ساڵی (١٩٦٤) لەدایکبووەء دەرچووی
کۆلیژی (amherst) ماوەیەک وەک مامۆستای
زمانی ئینگلیزی کاری کردووە، پاشان دوای نووسینی یەکەم رۆمانی بە ناوی
(قەڵای دیجیتاڵی) خۆی بۆ کاری نووسین تەرخان دەکات، ھەر لە منداڵیشەوە
خۆی لە نێو فەلسەفەدا دۆزیوەتەوە بە تایبەتی دوالیزمییەتی ئایین ء
زانست، پێش ئەوەی (کۆدی دافنشی) بنووسێت، رۆمانی (فریشتە ء شەیتان) وەک
یەکێک لە رۆمانە بەناوبانگەکانی تەعبیر لەء دوالیزمە دەکات. بە گشتی
زمانی دان بڕاون زێتر زمانێکی سینەماییە و ئەو رەگەزەش لە تەواوی
کارەکانی ئەو رۆماننووسەدا رەنگیداوەتەوە. وەک دەزانین زمانی سینەمایی
زێتر لە سەر (ھەست/جولە) کار دەکات و ھەر لە میانی یەکتر بڕینی ھەست و
جولەش نووسەر فەزایەکی سینەمایی، ریتمێکی خێرا لە گێڕانەوە دەسازێنێ،
ئەو ریتم و فەزایەش وەک لە رۆمانی دۆزەخدا دەیبینین، دەکەوێتە سەر
گرژبوونی مانا ء خاوبوونەوەی زمان، لەوێشەوە ھەوڵدەدا وێنەی سینەمایی
بە (وەرگر/ خوێنەر) ببەخشێت.
بێگومان ئەو دوو شێوە قسە کردن و داڕشتنەی زمان، دەبێتە یەکێک لە خاڵە
جیاوازییەکانی ئەو دوو کارە بەرزە؟! بەڵام دەشێ مەبەست لەو دوو کارەدا
راستەوخۆ پەیوەندی بە چەمکی نکۆڵیکردن و ھەژموونی دەسەڵاتەوە ھەبێت، لە
پشت ئەو نکۆڵیکردنەش دەشێ گوتارێکی کلتوری ریفۆرمخواز و گوتارێکی
کلتوری گۆڕانخواز ھەست پێبکەین، واتە دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ مرۆڤ و
دنیا، تێڕوانینی یەکەمیان نکۆڵی لەو بەھایانە دەکات، کە لە پەیوەندی
نێوان ئەخلاق و مامەڵەکردنی دەسەڵاتی کەنیسا و لاھوتەوە ھەڵھێنجراوە!
دووەمیان پەیوەندی بە ھەژموونی دەسەڵاتی یەکەم و ھەڵبژاردن و
بیرکردنەوەی تاکەوە ھەیە! دانتی دۆزەخێک پێشبینی دەکات، کە لە سەر
بنەمای رزگار کردنی (بەھای مرۆڤایەتی) مرۆڤدۆستی وەستاوە، ئەو
بیرکردنەوە پێیوایە تاوان کارێکی نەگریسانەیە. دۆزەخی دان بڕاون لە سەر
کردنەوەی کۆدەکانی دۆزەخی دانتی دروست کراوە و ئامانجی رزگارکردنی (رەگەزی
مرۆڤە) لە فەوتان، ئەویش لە رێگای جڵەوکردنی زێدەڕۆیی گەشەی دانیشتووان.
دانتی بەھا مرۆییەکان لە پیسبوون دەپارێزێت، بۆ ئەوەش دۆزەخێک بۆ
پاکبوونەوە دەسازێنێ، رووییەکی ئەو بیرکردنەوەیە بە دژی بێگاری کلیسا و
ھەژموونی دەسەڵاتی پاپا دەبینرێت! بەڵام دان براون لە رێگای (کۆدی
بگەڕێ و بیدۆزەرەوە) یەکێک لە کاراکتەرەکانی (زۆربیست) دۆزەخێک بۆ
رزگارکردنی رەگەزی مرۆڤ پێشنیار دەکات، ئەو دۆزەخەش بە جڵەوکردنی گەشەی
زۆربوونی دانیشتووان دادەنێ و بۆ رزگاربوون لە زۆربوونی دانیشتووان
خۆکوشتنێکی خێرخوازانەی بە باش دەزانێ... ئەو بیرکردنەوەیەش بە دژی
رزگارکردنی مرۆڤ و بە تایبەتی کاری رێکخراوی تەندروستی جیھانیی (W.H.O)
و رەمزی دەرمانسازی- کادیۆس (قەلغانی ھیرمس) دەکەوێتەوە! دۆزەخی یەکەم
(پێشکەوتن) بە رزگارکردنی مرۆڤ لە تاوان و پیسبوونی بەھا مرۆییەکان
دادەنێت، دۆزەخی دووەم پێیوایە (پێشکەوتن) ئەوە نییە مرۆڤایەتی لە
دەردو بەڵاکان چاک بکەیتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بۆ ھێشتنەوە و رزگارکردنی
رەگەزی جۆریی مرۆیی دەردو بەڵا خەلق بکەیت! یەکەمیان لەگەڵ جۆریی بەھا
مرۆییەکان تەبا دێتەوە، دووەمیان لەگەڵ کوالیتی (qulity)
رەگەزی مرۆیی دایە!! ئەوە شەڕی نێوان دوو دۆزەخ و دوو دنیابینی و دوو
بیرکردنەوەیە، شەڕی نێوان ئەخلاق و زانستە، شەڕی نێوان دڵ و لۆژیکە،
شەڕی نێوان چاکسازی و گۆڕانی ریشەییە، شەڕی ساردی نێوان رۆژھەڵات و
رۆژئاوایە... بەو مانایەش ئەگەر رێکخراوی تەندروستی جیھانیی ئامانجی
دڵیی و رۆحی دۆزەخی دانتی بێت، ئەوە بۆمبی ئەتۆمی و ڤایرۆسی و
لەناوبردن و کوشتنی بە کۆمەڵ.. ئامانجی ژیربێژییانەی تەکنۆلۆژیای
دۆزەخی دان براونە و (زۆربیست)ی کاراکتەری خۆکوژ ئەو ئامانجە بە
گۆڕانێکی ریشەیی دادەنێت! بەو مانایەش کێشەی نێوان ئەخلاق و کەنیسا و
کێشەی نێوان ژیانی تاک و ھەڵاوسانی ژمارەی دانیشتوان، کێشەی نێوان
خەیاڵ و کردنەوەی خەیاڵ، یان کێشەی نێوان ئایین و زانست... وەک دوو
مەبەستی سەرەکی ئەو دوو دۆزەخە (خوێنەر/ وەرگر) بۆ خۆیان کێش دەکەن و
وەک پێویستیش لە ھەردوو دەقدا زمانی کوردی بە کەمەکێک ئازادییەوە قسان
دەکات و چێژی تایبەتی خۆی بەو ئازادییە دەبەخشێت.
ئەگەرچی مەبەستم نییە بەو شێوەیە ئاراستەکانی (خوێنەر/ وەرگر) دیاری
بکەم، بەڵام ئەو دەقانەی کە پەیوەندییان بە ھەژموونی کلتوری دەسەڵاتەوە
ھەیە، لە پانتایی کلتوری رۆژھەڵاتیدا و (بە تایبەتی کوردی- وەک
دەردەکەوێت) ھەمیشە ھەنووکەیی خۆیان دەسەلمێنن، بەو مانایەش دەمەوێ
بڵێم تاکو روانینمان بۆ کلتوری دەسەڵات نەگۆڕین، ناتوانین قسان لە ماف
و ئازادییەکانی مرۆڤ بکەین، ئەگەر ماف و ئازادییەکانی تاک بوونیان
نەبێت، چۆن دەتوانین مەعریفە بەرھەم بھێنین؟!
دواجار دوو دۆزەخمان ھەیە بە زمانی کوردی قسان دەکات، یەکەمیان وەرگێڕ
تێیدا لە رێگای شارەزایی و سەلیقە و بە تێگەیشتن و راڤەکردنەوە
توانیویەتی دەقێکی دیکە بە زمانی دووەم بەرھەم بھێنێتەوە و بە نانی جۆ
پێشڕەوی بەھای مرۆیی بکات! دووەمیان ھەوڵیداوە لێھاتووی خۆی لە رێگای
شێوەزاری ناوچەییەوە بە سەر جولەی تایبەتی و زمانی سینەمایی دان
براوندا بسەپێنێ؟! شێوەزاری ناوچەیی لە یەکەمیان رێخۆشکەر و چێژبەخشی
پێشڕەوییەکانە، بەڵام لە دووەمدا کەمەکێک تەگەرە بۆ ھونەری یەکتر بڕینی
ھەست و جولە دروست دەکات، دواجاریش ریتمە خێراییە سینەماییەکەی دان
براون کەمێک خاو دەکاتەوە و چێژی ئەو رەگەزەش لە گێڕانەوەدا دەشارێتەوە.
بە کورتی لە پشت ئەو ئاماژە کردنە جگە لە توانا و سەلیقەی وەرگێڕان،
جگە لە بایەخنەدانی وەرگێڕ و (ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە) بە
دەستەواژە و ھەڵەی ئیملایی و رێنووسی کوردیی و بایەخدانی وەرگێڕ و (دەزگای
چاپ و پەخشی سەردەم) بەو مەسەلانە... دەبێ خوێنەران بیر لە دوو داڕشتنی
جیاواز و جیھانبینی جیاواز و جولەی جیاوازی مێژووی مرۆڤایەتی بکەنەوە.
لە دۆزەخی دانتیدا (جوانی) بەھا مرۆییەکان لە بەرزی زمان و
مرۆڤدۆستیدایە. لە دۆزەخی دان بڕاون (راستی) وەک چەمکێکی یەکلاییکەرەوە
تەنھا لە چاوەکانی مەرگدا دەردەکەوێت. یەکەمیان وێنەی قەلغانی ھیرمس
بەرز دەکاتەوە، دووەمیان ئاگاییەکی نھلیستی دەچێنێ!
لێرە دەمەوێ ھەندێ لە قسەکانی پێشووم لە بارەی تەرجەمەکردن دووبارە
بکەمەوە و بڵێم تەرجەمەکردن گواستنەوەی پرس و سەرسامی رۆشبیرییەکی
دیاریکراوە بۆ رۆشنبیرییەکی دیاریکراوی دیکە... تەرجەمەکردن پرۆسەیەکە
لە رێگای پەیبردن بە ئاست و جیھانبینی زمانی ئۆرگیناڵەوە،
تەئویلکردنێکی دیکە لە زمانی دووەم دادەمەزرێنێ، ھەر لێرەشەوە دەشێ
ئاماژە بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی (وەرگر/وەرگێڕ) بدەم، ئەوەی کە
پەیوەندی بە شارەزایی زمانەوانییەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بە
گرفتی تێگەیشتن و جیھانبینی فیکرییەوەیە... کاتێک زمانی (خوێنەر/وەرگێڕ)
گرژ دەبێتەوە، یان خاو دەبێتەوە و ناتوانێ بگاتە ئەو خاڵەی کە زمانی
یەکەم پێیگەیشتووە، یان بە مانایەکی دیکە ناتوانێ ئەو دنیابینیەی کە
دەقی ئۆرگیناڵی ھەوڵی گەیاندنی دەدات، بیگەیەنێ، ئیتر لەوێوە گرفتی
فیکری کە دەشێ گرفتی ھەڵنەکردن و قبوڵنەکردنیش بێت دەستپێدەکات، واتە
نەبوونی پەیوەندی تێگەیشتن و جیھانبینی فیکری دەبێتە ھۆی ئەوەی کە (وەرگێڕ/وەرگر)
نەتوانێ پارێزگاری لەو ماوەیە و لەو پێشکەوتنە بکات کە لە نێوان ئەو
دوو زمانە دیاریکراوەدا بوونی ھەیە. بەو مانایەش پرۆسەی وەرگێڕان ھەر
تەنھا لە گواستنەوەی زمانێک بۆ زمانێکی دیکە کورت ناکرێتەوە، بەڵکو
ھەڵوەشانەوەی دەق و رۆشنبیرییەکی دیاریکراوە بە ئاراستەی تێگەیشتن و
رۆشنبیرییەکی دیکەی جیاواز، وێڕای ئەوەش پارێزگاریکردن و
چاودێریکردنیشە...
ئەگەر زمان ئەرکی گەیاندنی دەلالەت و مانا بێت، ئەوە ئەرکی بیرکردنەوە
لە تێگەیشتنی دنیابینی دەقی ئۆرگیناڵیدا خۆی دەبینێتەوە، بەو مانایەش
ئەرکی چاودێری و پارێزگاریکردن ئامانجێکە لە بەرزنواندنی ئاستی زمانی
دووەمدا دەردەکەوێت، ھەر لەوێشەوە دەشێ بە زمانی یەکەم بگات، بە
دیوەکەی دیکەش لە زمانی دووەمیشدا دەقی ئۆرگیناڵی دەتوانێت بە زیندوویی
لە ناوکۆیی و کراسێکی دیکەدا بژیت و لەگەڵ خوێنەرە نوێیەکانیشیدا
گونجاو بێتەوە.
١٧\٨\٢٠١٥
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|