په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠٢٠

زمانی زگماک هێڵی سوورە، بۆ گاڵتەپێکردن نابێ!


د. کامەران ئەمین ئاوە 


لە وڵاتگەلی نادێموکراتیک وەک ئێران نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتدار، بە پێی تێزی "یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە" یاخود بە ناوی "ئومەتی ئیسلامی" و بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکەدەدات. ئەم چەشنه دەسەڵاتدارە بێجگە لە بەکارهێنانی زەبر و زۆری فیزیکی و کوشتن و بڕین و لەبەندیخانە خستنی ئازادیخوازانی نەتەوەی ژێردەست، بەگەمراندن، چەواشەو بێ بەهاکردنی بایەخە مەعنەوییەکانی ئەوان، تێدەکۆشێت بە شێوەیەکی ئارام بەڵام بەردەوام، مێژوو، کولتور و زمانی ئەو خەڵکانە بکاته ئامانج و خەڵکەکە لەباری مەعنەوییەوە بێ ناوەڕۆک و کلۆر و، لە کۆتاییدا ئاسیمیلە بکات.


حکوومەتەکان بە هۆی دەسەڵاتی ماددی و مەعنەوییەک کە هەیانە، لە هەموو ئامرازێکی خۆیان وەکو فێرگە، ڕادیۆ و تەلەویزیۆن، فیلم و شانۆ و بە گشتی لە تەواوی بوارەکانی میدیایی و ڕاهێنان بۆ بەرێوەبردنی سیاسەتی فەرهەنگی خۆیان کەڵک وەردەگرن. بە هاسانی میژوو و ڕاستییەکانی چەواشە دەکەن، قارەمانە نەتەوەییەکان دەکرێن بە چەتە، خائین و سیخۆڕی بێگانە‌و؛ سەرکوتکەر، خۆفرۆش و شا و پاشا و مەڵاکان دەکەنە سێمبولی ئازادی، مرۆف دۆستی و نیشتمانپەروەری. لە ئێرانی سەردەمی ڕەزاشا و محەمەد ڕەزاشای کوڕیدا، کە قاتڵی هەزاران ئازاردیخوازی کورد و لۆر و ئازەری و بە گشتی پێشکەوتنخوازنی ئێرانی بوون، دەکران بە باوک و دڵسۆزی گەل،بەڵام قازی محەمەد، پیشەوەری، سلێمان موعینی، سمایل شەریفزادە، ڕوزبە، جەزەنی و ڕەزاییەکان وەک نوکەری بێگانە و نیشتمانفرۆش پێناسە دەکران. ئەم سیاسەتەپاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بە چەشنی دیکە بەڵام هەر لەهەمانسۆنگەوە درێژەی پێدرا.


ساڵانێکی زۆرە کە بەرگری و قەدەغە و دانانی ئاستەنگ لەبەر نووسین بە زمانی زگماکی گەلە نافارسەکان و ڕێگری کردن لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە فێرگەکان یەکێکی دیکە لە شێوەکانی ئاسیمیلە کردن و زەبرلێدان لە کولتور و زمانی نەتەوەکانی نافارسە. ڕۆڵەی کورد و ئازەری و عەڕەب و بەلووچ و هتد هەر لەمنداڵییەوە ناچار کراون بە زمانی فارسی بیربکەنەوە، بخوێنن و بنووسن و جوانترین هەستەکانیان بە زمانی فارسی دەرببڕن.


لەم سۆنگەیەوە نووسەر، وەرگێر و شاعیرە نافارسەکان وەکو ئەحمەد محموود، محەمەد عەلی ئەفغانی، محەمەد قازی، محەمەد عەلی دەرویشیان، برایم یوونسی، سەید محەمدحوسێن بێهجەت تەورێزی(شهریار)، سەمەد بێهرەنگی، غولام‌حوسین ساعیدی، مەنسوور یاقووتیو هتد لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا زیاترین خزمەتیان بە گەشەسەندنی زمان و کولتوری فارسی کردوە. مخابن ئەوان بە هۆی نەبوونی دەرەتان و ئیزنی نووسین بە زمانی دایکییەوە نەیانتوانی ئەو خزمەتەی پێویست بوو بە زمان و فەرهەنگی خۆیانبکەن. ئەمە شتێکی ئاشکرایە کە بەشێک لە ئاهنگساز و گۆڕانی بێژە بە ناوبانگەکانی کورد وەک کەیهان کەڵهۆر، شەهرام نازەری، عەندەلیبی و کامکارەکانیش خزمەتێکی زۆریان بە ڕەوتی گەشەسەندنی مۆسیقای فارسی کردوە، هەرچەند هەتا ڕادەی ڕێ پێدراو بەڵام نەک لە ئاستی گۆڕانی فارسیدا، خزمەتیان بە موسیقیای کوردیش کردبێ.


بەڵام سیاسەتی بێ بایەخکردنی زمان و وێژەی نافارسەکان تەنیا لە بواری قەدەغەکردن یان ڕێگری و ئاستەنگ دانان لەسەر ڕێگای بەکار هێنانی زمانی زگماکی و ڕوو کردنە زمانی فارسی و خوێندن و نووسین بە زمانی حکوومی نییە، بەڵکوو بواری ئیزندان بە چەشنێکی ئامانجدار بە زمانی نافارسەکان بە تایبەتی کوردی و تورکی و لوڕی لەسەر شاشەی تەلەویزیۆن و شانۆ و سینەماش لەخۆدەگرێ.کاتێک سەیری بەشێک لە بەرنامەکان وەک کێبەرکێی بەناو "هوش برتر" و کێبەرکێی "٢١ سئوالی" و بەرنامەی هاوشێوە دەکرێت کە لەژێر ناوی "طنز" یان کورتەفیلمی کوردی لە سنە و کرماشان و ئازەربایجان و لوڕستان و هتد بە زمانی گاڵتەجاڕی کوردی یان لوڕی و تورکی تێکەڵاو لەگەڵ فارسی ئامادە دەکرێ، دەبینین کە ئاکتەرەکان وەکو ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە نەبن و هیچ ناسیاوییەکیان لەگەڵ زمانی فارسیدا نەبێت، به تێکەڵ و پێکەڵکردنی فارسی و کوردی یان بە لەهجەیەکی کوردیی سەیر و سەمەرەقسەدەکەن و وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە. ئەو بەرنامانە بە ئامانجی پێکەنینی بینەری فارس و ناکورد ئامادە دەکرێن و بەدەسی خۆیان و بە پێی سیاسەتی نادیاری نەیاران، گاڵتە و سووکایەتی بە زمان و ئاستی تێگەیشتوویی خەڵکەکەی خۆیان دەکەن. لە زنجیرە بەرنامەکانی"هوش برتر"دا،سیمایەکی نەزان و گەوج بە بەشدارە کوردەکان و لە ڕاستی‌دا بە گشت کۆمەڵگای کوردی دەدرێ.


لە لایەکی دیکەشەوە، بەردەوام لە سەر یووتیووب، ئینستاگرام و تلیگرام و واتساپ گەلێک بەرنامەی کورت دەس بە دەس بڵاودەبێتەوە کە ئاشکرا سووکایەتی کردنە بە فولکلۆر و وێژەی نەتەوە نافارسەکان. بۆ وێنە،کاتێک لەسەر سکۆی شانۆی شارێکی ئازەربایجانی ئێران "سکینە دای قیزی نای نای" ئازەرییەکان بە فارسی تەرجومە دەکرێ و قاقای پێکەنین ساڵۆنەکە پڕدەکات، کەس نییە بپرسێت گۆرانی فولکلۆر چۆن بەوشێوەیە تەرجومە دەکرێت و بە گشتیی چ پێویستیەک لەوەدایە کە هونەرمەندانی نەتەویەک بۆ خۆشی فارس زمانەکان، گاڵتە بە خۆیان و فەرهەنگەکەیان بکەن؟ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک بیەوێ گۆرانی "شەمامە خاڵ خاڵ" و زۆر گۆرانی حەسەن زیرک و هتد وەربگێڕێتە سەر هەر زمانێکی دیکە، بێ گومان شتێکی سەیرو سەمەری لێ دەردێ، بەڵام ئەم گۆرانییانه بەشێکن لە مێژووی ئەدەب و فەرهەنگی فولکلۆریی کوردی و خەڵکیش چێژ لە بیستنیان دەبەن و تەرجومە کردنیان بە زمانێکی دیکه نەک پێویست ناکات بەڵکوو بە تەواویەتی خزمەت بەوانە دەکا کە دەیانەوێ پیشان بدەن ئەم چەشنە زمانانە تەنیا بۆ دەڕبڕینی گۆرانی و شێعرە و، لە ئاستێکی وەها نزمدان کە تەنیابۆ گاڵتە پێکردن و پێکەنین دەبن و لەئەنجامدا توانای بەرانبەری کردنیان لەگەڵ زمانی "حافظ" و "سعدی" نییە!


دوژمن بۆ بچووک و بێ بەها کردنی هەر شتێکی پیرۆزی نەتەوەکانی دیکە کەڵک لەهەموو چەشنە ئامرازێک و یەک لەوان ئاسیمیلەکردنی فەرهەنگی وەردەگرێ، هەتا ئەو ڕادەیەی بۆ بەشێک لە کورد و ئازەری و ... کارەکە دەگاتە ئەو شوێنەی کە قسەکردنی بێ لەهجە بە فارسی دەبێتە شانازییەک و تێدەکۆشری تەنانەت لە بەشێک لە بنەماڵەکان و بە تایبەتی ئەوانەدا کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین، لەگەڵ مندالەکان تەنیا بە زمانی فارسی قسە بکرێ، بۆ ئەوەی نەکا لە دەرەوەی ماڵێ و لە فێرگە و شەقامەکان گاڵتەیان پێ بکرێ و لەم سۆنگەیەوە زەبرێکی زۆر دەدرێت لە متمانە بەخۆیی ئەم منداڵانە و ڕووخانی پردی پێوەندییان لەگەڵ گشت بنەماڵە و نەتەوە و نیشتمان.


کارەسات لە هەوڵی دوژمن بۆ پێشبردنێ ئەرک و بەرنامەکانی خۆیدا نییە، کارەسات لە هاوڕێ‌یی کردنی بەشێک لە ڕۆڵەکانی کورد بە چەشنێکی خوازیار و ناخوازیار لەگەڵ ئەم هێڵ و سیاسەتەیە، کە بێ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە دەبنە ئامرازی دوژمن بۆ لەناو بردنی ڕێز و کەرامەت و کەسایەتی خۆ ونەتەوەکەیان و، بە قەولی کرماشانییەکان وامان لێ دەکەن "ودس خومان ئاگر نینە غژ خومان" یان " وەکو مریشک بۆخۆمان خۆڵ بەسەر خۆماندا بکەین".


بێ‌گومان دوژمن و نەیارانی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناپیرۆزەکانیان و سڕکردن و تواندنەوەی ئەوان، لەهەر چەشنە ئامرازێک و یک لەوان سرینەوەی زمان و ئەدەبی نافارس یاخود بەگەمراندنیان کەڵک وەردگرن، بەڵام ئەوە ئەرکی ڕووناکبیرانی ئەم نەتەوانە و بە تایبەتی کوردە کە بەلانی کەم ڕێخۆشکەر و بڵاوکەرەوەی ئەم فیلم و کلیپ دزێوانە نەبن و ڕێ بە پەرەسەندنی ئەم کارە قیزەنانە لە نێوخەڵکدا نەدەن.


ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەبێ بەرانبەر بەو سووکایەتییانە بوەستن و بە دەنگی بەرز ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەو سووکایەتییە ئاشکرایە دەرببڕن. هەروەها کۆمەڵانی خەڵک پێویستە بەرگر بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو کلیپە قیزەوەنانەی وا تێیدا سووکایەتی بە هۆش و لێهاتوویی خەڵک و زمانی نەتەوایەتییان دەکرێت. ئەوانە بۆ پێکەنین نین بەڵکوو کورد دەبێ بە دیتنیان بگری و تووڕەیی خۆی بەسەر ئامادەکاران و ئەکتەرەکانیاندا ببارێنێت کە بوونەتە کەرەسەی بەڕێوەچوونی سیاسەتێکی دژە نەتەوەیی نامرۆڤانە.


تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک