په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٥\٢٠٢٦

زمان، نیشتیمانی ناوەکی و سەنگەری دواییە.

- سەرنجێک لە پەراوێزی ١٥ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردیدا -


ئەرسەلان مەحمود      


پێش هەموو شتێک، پێویستە لەو هەڵە بنەڕەتییە دەرچین سەدان ساڵە لە تێگەی ئێمە لە زماندا چەسپیوە. زمان ئامراز نییە. ئامراز شتێکە لە دەرەوەماندا دەوەستێت و ئێمە بەکاری دەهێنین، وەک چەکوش یان قەڵەم؛ بەڵام زمان ئەو پانتایییەیە لە ناویدا بوونمان هەیە و بیر دەکەینەوە.

کاتێک قسە دەکەین، لە ڕاستیدا ئەوە زمانە لە ڕێگەی ئێمەوە قسە دەکات. ئەم تێڕوانینە، لە هایدگەرەوە تا دێریدا درێژبۆتەوە و یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کاتێک باسی زمانی کوردی دەکەین، باسی ڕوانگەی بیرکردنەوەی نەتەوەیەک دەکەین لە ژیان و جیهان، نەک تەنها باسی کۆمەڵە وشە و ڕێزمانێک.

ئەگەر بەو قسەی دێریدا بێت: لە دەرەوەی دەق هیچی تر بوونی نییە، ئەوا دەرکدەکەین بەوەی زمان ئەو پێکهاتە بنەڕەتییەیە دەقی هەبوون و شوناسمانی پێ دادەڕێژرێت. شوناس پێش زمان نییە دواتر بە زمان دەرببڕێت؛ بەڵکوو شوناس لە ناو خودی زمان و لە ڕێگەی زمانەوە شێوە دەگرێت. کاتێک منداڵێکی کورد یەکەم وشە بە کوردی دەڵێت، تەنها فێری دەربڕینێک نابێت، بەڵکوو دەچێتە ناو شێوەیەکی تایبەتی هەبوون و جیهانبینییەکی دیاریکراوەوە. ئەو وشانەی بیستوویەتی و بەکاریان دەهێنێت، تەواوی مێژوویەکی فکری و هەستیاری گەلێکی لە خۆ گرتووە.

بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە زیاتر ڕوونبێتەوە، با وێنایەکی جوگرافی بکەین. ئەگەر نیشتیمان ئەو زەوییە بێت تێیدا دەژین، ئەوا زمان ئەو جوگرافیا ناوەکی و فەلسەفییەیە بیرکردنەوەمان لە ناویدا نیشتەجێیە. کاتێک کوردێک دەڵێت خەم، ئەم وشەیە تەنها مانای نیگەرانی ناگەیەنێت، بەڵکوو هەزاران ساڵ مێژووی ئەو گەلە لە خۆ دەگرێت لە هەرد و لەند و چیاکانی کوردستاندا ژیاون. وشەی هەناسە لە کوردیدا تەنها کێشکردن و دانەوەی هەوا نییە، بەڵکوو هەستێکی قووڵتری ژیان و مانەوەیە. هەر وشەیەک سندوقێکی مێژووییە؛ هەڵگری شوێنەواری ئەو ڕابردووەیە بەناو ئازارەکاندا تێپەڕیوە، هەڵگری ئەو بیستن و دیتنانەیە تەنها لەو جوگرافیا و لەو هەلومەرجە مێژوویییەدا ڕوویانداوە.

لەبەر ئەوە، چێژی دەق لە زمانی کوردیدا، چێژێکی فرە ڕەهەند و ئاڵۆزە؛ تێکەڵەیەکە لە برین و ئەفراندن و بەرخۆدان. کاتێک شیعرێکی کوردی دەخوێنینەوە، تەنها لەسەر ئاستی دەنگ و کێشدا بەهرە وەرناگرین؛ بەڵکوو لەگەڵ هەموو ئەو ژەنینە ناوەکییەی ئەو وشانەی لە مێژووی ئێمەدا کۆیان کردووەتەوە، دەکەوینە پەیوەندیی. کاتێک زمانێک دەمرێت، تەنها کۆمەڵە وشەیەک ون نابن؛ بەڵکوو جیهانێک، جیهانبینییەک، فۆڕمێکی بیرکردنەوە و ڕێگەیەکی ئاوەڵا بۆ بینینی جیهان لەناو دەچێت و دواتر هیچ شتێکی تر ناتوانێت جێگەی پڕ بکاتەوە.

ئەم ڕاستییە بۆ کورد لە هەر نەتەوەیەکی تر بەرجەستەترە، چونکە ئێمە لە مێژوودا کێشمەکێشێکی جیاوازمان لەگەڵ جوگرافیادا هەبووە و هێشتا هەیە. ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان هەیە، نیشتیمانی فیزیکی و نیشتیمانی زمانییان لە یەکترەوە نزیکن و یەکیان دەستەبەری ئەوی تر دەکات. بەڵام بۆ ئێمە، ئەم دوو نیشتیمانە لە یەکترەوە دوور خراونەتەوە. هەر کاتێک جوگرافیای ئێمە زەوتکرابێ، لەناو زمانەکەماندا نیشتیمانێکی ترمان ئاوەدان کردووەتەوە. مەلای جزیری و نالی و حاجی قادر و گۆران، هەر یەکەیان لە سەردەمی خۆیدا نشینگەیەکی نوێی ئەم نیشتیمانە ناوەکییەی دامەزراندووە. زمانی کوردی ئەو ماڵە مێژووییەیە کاتێک دەرگەکانی ماڵی فیزیکیمان داخراون، ئێمە چووینەتەوە ناوییەوە و خۆمانمان تێیدا پاراستووە.

بەڵام بەهۆی هەمان ئەم تایبەتمەندییەوە، بەرپرسیاریەتیمان لە بەرامبەر ئەم زمانە لە هەر نەتەوەیەکی تر گرانترە. ئەم زمانە بۆ ئێمە تەنها هۆکاری پەیوەندیکردن نییە، بەڵکوو سەنگەری دواییە. هەر وشەیەکی کوردی بەکارناهێندرێ، هەر ڕستەیەکی نەشاز، هەر شێوازێکی دەربڕین لە بیر دەکرێت، بەشێکە لەو نیشتیمانە ناوەکییەی بەرە بەرە کز دەبێ و دەخرێتە سکوتەوە.

ئەمە دەمانگەیەنێتە خاڵێکی هەستیار. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، پێویستە تێڕوانینمان بۆ زمانی کوردی لە سۆزداریی کاتی و دروشمی ڕووکەش تێپەڕێت. ساڵانێکە لە ١٥ی ئایاردا، گوتارێکی بەربڵاومان هەیە سەبارەت بە زمانەکەمان؛ بەڵام دوای چەند ڕۆژێک، هەمان نووسەران و ڕۆناکبیران دەگەڕێنەوە سەر ئەو شێوازە لێکدراوەی لە کوردی دادەماڵرێت. ئەم دووانەییە، ئەو سۆزدارییە کاتییەیە لە ڕاستیدا نەک هاوکاری زمان، بەڵکوو دڵنەوایی وژدانی خۆمانە.

ئەرکی سەرشانی نووسەر و ڕۆناکبیر، بەرپرسیاریەتییەکی قووڵترە. پێویستە بە قووڵی لە زمان بڕوانێت؛ نەک تەنها وەک کەرەستەیەکی خاو بۆ شیعر و پەخشان و چیرۆک، بەڵکوو وەک ئەو سەکۆیەی لێیەوە فەلسەفە و زانست و مەعریفە بەرهەم دەهێنرێت. کێشەی ئەدەبی کوردی بۆ ماوەیەکی درێژ ئەوە بووە زمانی کوردی تەنها وەک زمانێکی شیعری و ئەدەبی بەکارهێناوە، بەڵام لە بواری بیرکردنەوەی فەلسەفی و زانستیدا، گەڕاوینەتەوە بۆ زمانەکانی وەک (عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی)، یاخود ئاستی زمانمان نزم کردووەتەوە بە بیانووی سادەنووسی و پەتینووسی یان ناوچەنووسی، بەڵام هیچ کام لەم ڕێیانە، خزمەت بە پرۆژەی نیشتیمانی ناوەکی ناکات.

ئەو وشە نوێیانەی بۆ چەمکە فەلسەفی و زانستییەکان دروست دەکرێن، لێبڕاوی نوێن لە تەکنیکی نووسین و دەستکاری ڕستەسازی، هەر یەکەیان هەنگاوێکن بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی ئەو پانتایییەی پێیدەڵێین زمانی کوردی. کاتێک وشەی نوێ بۆ چەمکێکی فەلسەفی دادەهێنین، تەنها وشە بەرهەم ناهێنین؛ بەڵکوو فۆڕمی نوێی بیرکردنەوە دەکەینەوە و دەرگەی پانتاییەکی فکری دەکەینەوە؛ دەرگەیەک پێشتر بەڕووماندا داخرابوو.

ئەمە دەمانگەیەنێتە بەشێکی گرنگ. کەی دەتوانین بڵێین زمانێک بەڕاستی زیندووە؟ زیندوویی زمان تەنها بەوە ناپێورێ چەند کەس قسەی پێدەکەن یان چەند کتێبی پێدەنووسرێت. زیندووێتیی ڕاستەقینەی زمان لەوەدایە ئەو زمانە بتوانێت بەرامبەر ئاڵۆزترین چەمکەکانی سەردەمی خۆی بوەستێت و دەربیانبڕێت. ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانین بە کوردی باسی هزری دێریدا و دەلێووز و فیزیکی کوانتم و کۆدی بایۆلۆجی و ئەلگۆریتمی فێربوونی ئامێری بکەین، ئەوا زمانەکەمان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، هەرچەندە ملیۆنان کەسیش قسەی پێبکات. زیندوویی زمان لە تواناییدایە، نەک لە ژمارەی قسەکەراندا.

با زمانی کوردی بکەینە ئەو پانتاییە کراوەیەی تێیدا ئازادانە پرسیار بکەین و جیهان بدۆزینەوە. با ئەو ماڵە بێت لێیەوە دیالۆگ لەگەڵ هایدگەر و کانت و ئەرستۆدا دەکەین، بەبێ ئەوەی پێویستمان بێت بچینە ناو زمانێکی ترەوە بۆ ئەم دیالۆگە. چونکە نەتەوەیەک نەتوانێت بە زمانی خۆی مەعریفە بەرهەم بهێنێت و لەگەڵ دەقی جیهانیدا بکەوێتە دیالۆگەوە، هەمیشە لە پەراوێزی پەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە؛ وەک ئەم ستوونەی ئێستا لە پەراوێزدا نووسراوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک