٢٧\٣\٢٠١١
(.....).

زمکان عهزیز
1. نەمری
لەودیو دەرگاوەیە و بەفر شان و ملی سپی کردووە.. لەمدیویش مەرگ
نێرگەلەیەکی بە دەمەوەیە قیت و قوت دانیشتووە.
زمکان عەزیز
پیاوێک ..
لە حاڵی مردندا بوو
ڕەسوڵی نەمری لە دەرگایدا
نامەی خودای پێ بوو
نامەیەک ..
لە خوداوە
بە قەڵەمی لێوی ژنێک
نوسراوە ..
( نەمری ..
ئەوەندەی نەماوە بۆ مردن
لە نێوان من و ئەودا
ھەناسەیەک ماوە
ھەناسەیەک
تەنھا بۆ تۆ ..)
پیاوێک ..
کە ئێستا
لە خودا تووڕەیە
پێی لەسەر شانی مەرگ
داناوە و
سواری ئەسپەکەی ئەبێت.
2. ژنێک بە
لایلایەی خۆشەویستی لە ناو جەنازەیەکدا پیاوێکی خەواند.
لەژێر پێی ژنێکەوە
پیاوێک ..
لەسەر شانی ڕۆژانی ڕابوردووە
ماچێکی شەرمن و گازێکی ھار و
چڕنوقێکی گرینۆک
لە دوایەوە ئەڕۆن
پیاوێک ..
لەناو جەنازەیەکدا
گوڵێکی سپی بە دەستەوەیە
نینۆکێکی سور و
سوراوی..
لێوێکی خرپن
لەسەر سنگی بە جێماوە
لە ژێر پێی ژنێکەوە
پیاوێکی موعتاد
جەنازەکەی خۆی بە شانەوەیە
لە سوچی مەیخانەیەکدا
قومێکی تر ..
ئەخواتەوە
ئەو جەنازەیە ..
نمەی ھەنسکی
ژنێک ..
لە دوایەوە ئەڕژێت و
بۆنی خۆڵی گرتووە
لە ژێر پێی ژنێکەوە
پیاوێکە ..
شمشاڵێکی بێوەژن ....
لە پێشیەوە ئەڕوات و
بە شیوەن ئەقیژێنێت
پیاوێک ..
لە جەنازەیەکی شکاودا
شەقامێک ھەڵیگرتووە و
پایز بە دوایەوە
قژ ئەڕنێت..
3. کلیلی ئەو دەرگایە لە ناو جەنازەکەدایە.
ژنێک لە پەنجەرەکەیەوە
پیاوێک ئەکاتەوە
سەیرە ..
لە ناو گۆمی گریاندا
دوو چاوی ژنانە
نوستوون ..
ژنێک لە پەنجەرەکەیەوە
پیاوێک ئەکاتەوە
سەیرە ..
لەم قەراغەدا
شەپۆلی خەم ..
دڵێکی خنکاوی ھێناوە
خورپەکانی زیندوون
ژنێک ..
دەرگاکە ئەکاتەوە
نەمری ..
نامەیەک ئەداتە دەستی
سەیرە ..
نامەی پیاوێکی دڵشکاوە.
4. من شکم
لە خودا ھەیە.
لە ژێر پێی ژنێکەوە
پیاوێک ..
ئایەتێک ئەخوێنێتەوە
ئایەتێک ..
لە پەنجەرەی ژنێکەوە
کەوتۆتە خوارەوە
پڕە لە کوشتنی پیاو و
درۆی ژن ..
ئایەتێک ..
پیاوێکی تێدایە و
لە ئاسمانەوە
ئەکەوێتە خوارەوە
لەسەر ئەرز
پیاوێک ..
لە ژێر پێی ژنێکەوە
ئەشکێت ..
ژنێک ..
گسکێکی بە دەستەوەیە
پارچەکانی کۆئەکاتەوە.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|