په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٦

''زمناکۆ'' و ''١٥٧A'' خەڵاتی ''فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر''یان بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی

 

"زمناکۆ" سەبارەت بە ھەڵەبجە خەڵاتی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجری بەدەستهێنا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی ھەڵەبجە خەڵاتی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەدەستھێنا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام، لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی سەرەکی و لەوحەی فەخریی بەشی "نێوان مەزھەبەکان" بە دەرھێنەریی ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


ھەر لەم بەشەدا دیپڵۆمای فەخریی بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "زەماوەند لەگەڵ ئەوین لە کابۆل" لە دەرھێنانی "ئەمین پەلەنگی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و ئەفغانیستان و دیپڵۆمای فەخریی بە کورتە فیلمی "ھەستی" لە دەرھێنانی "کەماڵ پڕناک" لە وڵاتی ئێران بەخشرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "نێوان مەزھەبەکان" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بریتی بوون لە: "ئیشتێفان فۆئێرنێر" لە وڵاتی ئەڵمانیا، خاتوو "ماگالی وێن ریس" ڕۆژنامەنووس و رەخنەگریی سینەمایی لە وڵاتی فەڕەنسا و ھەروەھا سەید "مستەفا موحەقیق داماد" مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئێران.


فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی سەرەکیی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا بوو.


چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.


"زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی کەسایەتیی سەرەکیی فیلمەکە "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.


ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.


"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا.

 

 

 

فێلمێک سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال خەڵاتی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجری بەدەستهێنا.
 


فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال خەڵاتی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەدەستھێنا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە سنەییە، سینەماکاری کرماشانی "کامڕان جاھیدی" مۆنتێری فیلمەکە و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا، لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایش کرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی لەوحەی فەخریی بە دەرھێنەریی سنەیی ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


ھەر لەم بەشەدا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین و لەوحەی فەخریی و بڕی پارەی ١٠٠ میلیۆن ریالی بە فیلمی سینەمایی "مادام کۆراژ" لە دەرھێنانی "مرزاق عەلواش" بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی ئەلجەزائیر و فەڕەنسا و ھەروەھا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلمی ئاسیایی و لەوحەی فەخریی و بڕی پارەی ١٠٠ میلیۆن ریالی بە فیلمی سینەمایی "داری گوێز" لە دەرھێنانی "یەرڵان نوورمۆخامبتۆف" لە وڵاتی قەزاقستان بەخشرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بریتی بوون لە: خاتوو "گولاب ئادینە" ئەکتەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران، خاتوو "سەحرا کەریمی" دەرھێنەری سینەما لە وڵاتی ئەفغانیستان، "جاوید جەعفەری" دەرھێنەر، ئەکتەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ھیندستان، "ئیسماعیل فرووخی" دەرھێنەر لە وڵاتی مەغریب و ھەروەھا خاتوو "ماریا ترسا کاوینا" بەڕێوەبەریی ھونەریی و بەرنامەداڕێژیی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا.


فیلمی کوردیی "١٥٧A" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٥ فیلمی چیرۆکی لە وڵاتانی جۆراجۆری جیھان، لەوانە: وڵاتانی جۆرجیا، ئێران، فەلەستین، فەڕەنسا، ئۆردۆن، لوبنان، قەتەر و ئیماڕات، ژاپۆن، قەزاقستان، ھیندستان، عێراق، کۆریای باشوور، کوەیت، ئەلجەزائیر و فەڕەنسا ڕکابەریدا بوو.


ھەڵبژاردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە تەنیشت بەرھەمەکانی دیکەدا، ڕووداوێکی بێ وێنەیە لە لایەنی ڕکابەریکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی لەگەڵ فیلمە چیرۆکییەکان لە وڵاتی ئێراندا، ھەر چەندە ئەم ڕووداوە لە فیستیڤاڵە بیانییەکاندا بەردەوام دووپاتبۆتەوە.


سینەماکاری ناوداری ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر سەبارەت بە ھەڵبژاردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" ئەم فیستڤاڵەدا گوتی: ئێمە دەمانویست ئەم ڕووداوە بکەوێت، چونکە کاتێک کە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ئاستەکەی لە ھەندێک لە فیلمە سینەماییەکان لەسەرترە ئەوە ھەڵبژاردنێکی مەنتیقییە.


گوتیشی: لە فیستیڤاڵە بیانییەکان ئەم شێوە ھەڵبژاردنە تا ئەو ڕادەیەش بێوێنە نییە، بەڵام لە فیستیڤاڵە ناوخۆییەکاندا بە گشتیی بەشی چیرۆکی و دیکۆمێنتاریی لە دوو بەشی جوێدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەڕاستیدا سینەمای دیکۆمێنتاریی ئێمە ئەوەندە بەھێز و کاریگەر بووە و پێگەی لە بەشی پێشبڕکێیدا خاڵی بوو کە ھاوسەنگ لەگەڵ فیلمە چیرۆکییەکان رکابەریی بکات و من پێم خۆش بوو کە ئەو روانینە کۆنە بشکێنم و لە ڕاستیدا ئەو بوێرییە بە بەرپرسی فیستیڤاڵە ئێرانییەکان بدەم کە گرینگییەکی تایبەت بە سینەمای دیکۆمێنتاریی بدەن، بەتایبەت سینەمایەک کە ناوەرۆکی تایبەت بە بابەتەکانی ڕۆژی کۆمەڵگا و ناوچەکە دایە.


ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی ناوخۆی وڵاتی ئێرانی بەدەستھێناوە، چیرۆکی ڕووخانی ئەخلاقە لە ساڵی ٢٠١٥ بە بۆنەی جەنگەوە، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ژیانی سێ کچی شاری کۆبانێ بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە باوکیان ٢٠ ڕۆژ پێش ئەوەی کە گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ کۆچی دوایی دەکات و لە ئێستاشدا ھیچ زانیارییەکیان لە دایکیان نییە و لە یەکێک لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای ئێرانەوە خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین و لەوحەی فەخریی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەستھێنا.

 

 

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی سی و چوارەمین ''فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر''
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک