په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٤

زنجیرە تیرۆر و کوشتنەکانی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین.
 


لە کاتێکدا میللەتانی جیهان بە شێوازی جیاواز سەرقاڵی پێشوازییکردنی ساڵی تازە بوون، لە هەرێمی کوردستان میللەت سەرقاڵی کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی بێتاوان کاوە گەرمیانی و ئامەدی بێ باوک بوو. میللەتان بە خۆشییەوە پێشوازییان لەساڵی نوێ کرد، لە هەرێمی کوردستان بە هەواڵی کوشتنی (بڕیار حەسەن) پێشوازیی لە ساڵی نوێ کرا.

٢٨ ڕۆژ تێپەڕبوو بەسەر تاوانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی (باوکی ئامەد) هێشتا بڕیاردەری تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەستگیرنەکراوە و لە دادگاش ئاماددە نەبووە، دووبارە لەشارۆچکەیەکی تری هەرێمی کوردستان گەنجێکی تر لەلایەن دەسەڵاتەوە خوێنی دەڕژێ، پێنچشەممە ٢٠١٤/١/٢ لەشارۆچکەی سەیدسادق خۆپیشاندانی جەماوەری لەدژی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاریەکان دەستیپێکرد، دوای نیوەڕۆ (بڕیار حەسەن محەمەد) یەکێک لەبەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لە لایەن هێزە ئەمنیەکان تەقەی لێدەکرێ و دەکوژرێ.

ئەو زنجیرە تیرۆر و کوشتنەی ماوەیەکە لەهەرێمی کوردستان ڕوودەدات بۆتە جێگای پرسیار لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.


بەپێی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٠ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەتایبەتە بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان لەهەرێمی کوردستان ١٧ مادە لەخۆدەگرێ، لەماددەی دووەم - بڕگەی یەکەمدا هاتووە: خۆپیشاندان مافێکی دەستوریە بە پێی یاسا پیادەدەکرێ. لەبڕگەی دوومی هەمان ماددەدا هاتووە: نابێ بەپێچەوانەی یاساوە پیادەکردنی مافی خۆپیشاندان قەدەغەبکرێ. ئەوەی لە سەید سادق ڕوویدا کوشتنی خۆپیشاندەرێک و بریندارکردنی ژمارەیەکی تر، جگەلەوەی پێچەوانەی یاسای ئاماژەپێکراوە، دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆری دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان دژبە هاوڵاتیانی سڤیل بە شێوەیەکی ڕێکخراو.


ئێمە ئەو زنجیرە تیرۆر و کوشتنەی (نوخبە)ی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندیی شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دراما تراژیدیە داوا دەکەین:

- داواکاری گشتی و دادگا ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێبکەن و سەروەریی یاسا بپارێزن دادپەروەرانە دوور لەدەستوەردانی حزب مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا بکەن.
- بڕیاردەر و بکەرانی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار، دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن.
- سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و ئەرکی سەرشانیانیان و کاری پێوویست ئەنجامبدەن.
- دادگایکردنی ئەو هێزە ئەمنیانەی کە بەرپرسن لە کوشتنی (بڕیار حەسەن) و هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردووش لە ١٧ی شوبات لە سلیمانی و شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان کە بەگولـلەی ئەو هێزانە کوژراون.

 


رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان
٣\١\٢٠١٤

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک