په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٣

زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان چییان لێهات!؟


موحسین کەریم     


مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رێکخراوی خاچی سوور رایگەیاند: ''لە کوردستان زیندانیی سیاسیی نییە.'' ئەم راگەیاندنەشی دوای بەشداریکردنی لە مونتەدای ئابوری جیهانی کە لە داڤۆسی سویسرا بەسترا، راگەیاند.

ئەم قسەیەی مەسعود بارزانی لە چەند لایەنەوە هەڵدەگرێ قسەی لەسەر بکرێ. لەلایەکەوە دەکرێ ئەو پرسیارە بکرێ کە ئەگەر لە کوردستان زیندانیی سیاسیی نییە، ئەی ئەو زیندانە سیاسییانە چییان بەسەر هات کە لەلایەن دەسەڵاتەکەی حیزبەکەت ‌و حیزبە هاوپەیمانەکەتەوە بێسەروشوێن کراون؟ یان ئەوەتا ئەوانە بە زیندانی سیاسی هەژمار ناکەیت، یاخود لە زیندانە تاریکەکانی پاراستن‌و زانیاریدا کوژراون‌ و نەماون. لەو بارەوە دەبێ مەسعود بارزانی وەڵامی کەسوکارەکانیان بداتەوە.

لەلایەکی دیکەوە مانای ئەو قسەیە ئەوەیە کە لەکوردستان هەڵسوڕانی سیاسی‌ئازادەو هیچ کەسێک لەسەر چالاکی‌و هەڵسوڕانی سیاسی زیندانی ناکرێ. ئەمەش ئامانجی سەرەکی بارزانیە لە پەیامەکەی. وەکو دەزانین بارزانی لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی مونتەدای ئابوری جیهانی ئەو قسەیەی کردوە کە بێجگە لە بارزانی چەندین خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەدارو نوێنەرانی سیاسی بۆرژوازی جیهانی لە کاربەدەستانی دەوڵەتەکان لەوێدا ئامادەبوون. بۆیە پێویست بەوە ناکات ئینسان توێژەرو لێکۆڵەرەوەی سیاسی بێت تا لەوە بگات کە بارزانی رووی دەمی لە خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانەو دەیەوێ پێ‌یان بڵێت کە کوردستان ناوچەیەکی ئارامی سیاسیەو دەتوانن بێن‌و سەرمایەکانیانی تێدا بخەنەگەڕ‌. بێگومان هاتنی سەرمایەو کۆمپانیاکانیش بۆ کوردستان بەپلەی سەرەکی لەبەرژەوەندی بارزانی‌و بنەمالەکەی‌و گەورە بەرپرسە سەرمایەدارەکانی حیزبەکەیەتی‌و ملیاردها دۆلار لە گرێبەستەکان‌و دانی ئیمتیازاتی کارکردن پێ‌یان بەدەست دەهێنن.

بەڵام ژیانی راستەقینەی هاوڵاتیانی کوردستان‌و سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی‌میلیشیایی‌و بنەماڵەیی کوردستان و بەتایبەتی پارتی‌و دەزگای جۆراوجۆری سیخوری‌و تۆقێنەری وەکو پاراستن‌و زانیاری، بەرۆشنی ناراستبوونی ئەو پڕوپاگەندەیەی سەرۆکی پارتی دەسەلمێنن.هیچ هاوڵاتیەکی کوردستان نیە، مەگەر ئەوانە نەبێ کەبەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەو بەتایبەتی پارتیدا گرێێ خواردبێت، نکوڵی لەوە بکات کە لە کوردستاندا پەراوێزێکی زۆر بچووک بۆ ئازادی سیاسی ماوەتەوە کە بەردەوام پارتە دەسەلاتدارەکان‌و بەپلەی سەرەکیش پارتی لەهەوڵی بەرتەسککردنەوەیدان..چ هاولاتیەکی ناوچەکانی ژێردەسەلاتی پارتی هەیە کەرەخنەیەک یان نارەزایەتیەک ئاراستەی دەسەلاتی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی بکات‌و بەخەیاڵی ئارامەوە تا بەیانی بخەوێت!؟ یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندانەکان‌و پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزیەکان، دوو نمونەی ئاشکرای ئەو هەوڵانەی پارتین بۆ پێچانەوەی ئەو پەراوێزی کرانەوە سیاسیەی لە کوردستاندا ماوەتەوە.

مێژووی سیاسی کوردستان لە ساتەوەختی قسەکانی مەسعود بارزانیەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لەساتی تیرۆرەکانی نەزیر عومەرو رەئوف ئاکرەیی‌و.... سۆرانی مامە حەمەو سەردەش عوسمانەوە دەست پێدەکات. کوردستانی ژێردەسەلاتی پارتی‌و یەکێتی پرە لەو جۆرە رووداوی تیرۆرە سیاسیانە کە تۆمەتباری سەرەکیان هەردوو پارتی دەسەلاتدارن. دەزگای پاراستن‌و زانیاری دوو نمونەی دەزگای سەرکوتی نەیارانی سیاسی ئەو دوو پارتەن ‌و پاراستن لە پێشبرکێی لەگەڵ زانیاریدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە!
 

ماڵپهڕی موحسین کهریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک