٢٤\٥\٢٠٢٥
زیندانەکانی قەڵای
سەربازیی نزارکێ و ئاکرێ و سەربازگەی سەلامییە.

عەلی مەحمود محەمەد
قەڵای نزارکێ لە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری دهۆکە, لە نزیک گوندی
بەڕۆشکێڤە, لەناو سنوری گوندی نزارکێیە, لە گەلی بێسێرێ و بەرزاییەکانی
ئەردێ کەلهێ یە.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ دەست بە دروستکردنی ئەم تەلارە زەبلاحە کۆنکریتییە
کراوە, لەسەر رەنگڕێژی تەلارسازی سۆڤیەتی, لە ماوەی ٥ ساڵ تەواو کراوە,
هەموو قەڵاکان عێراق یەک رووبەر و ئەندازیارییە ١٥٠٠٠ مەتری چوار
گۆشەیە و لە چوار لاوە چەکی دژە فڕۆکە پاراستونی.
قەڵای نزارکێ یەکێکە لە ٢ قەلاکەی بادینان, لە پاڵ قەڵای سەربازی
ئاکرێ, هەروەها چەند قەلایەکی دیکە بە دیزاینێکی زۆر بچووکتر هەن کەلها
دەڤەرا بێرسڤێ و شێخان و زاخۆ.
لە رێکەوتی ٢٨-٨-١٩٨٨ ەوە, سێ رۆژ دوای دەستپێکردنی ئەنفالی بادینان،
ئەنفالکراوانی بادینانیان هێناوەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێ,
ئەم قەڵایە تا نزیک مانگی دەی هەمان ساڵ بەردەوام ئەنفالکراوانی تێدا
بووە, چونکە لە لێبوردنە گشتییەکەی ٦-٩-١٩٨٨ یش بە دواوە لە جوگرافیای
ئەنفالی بادینان ئەنفالکردن بەردەوام بووە, تەنانەت ئەوانەشی خۆیان
داوە بە دەستەوە کار بە بڕیاری لێبوردن و ریکارە راگەیەنراوەکان
نەکراوە بەرامبەریان.
ئەنفالکراوانی بادینان ژمارەیان چەند بووە.
بەهۆی دەستکەوتنی بەڵگەنامەیەکەوە, هەموو ئاماری ئەنفالکراوانی بادینان
لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا ئاشکرا دەبن, بەپێی راپۆرتی ژمارە ٢٨/٨ لە
رێکەوتی ٣-٩-١٩٨٨ـی فەیلەقی پێنج کە لیوا روکن یونس محەممەد زەرب
فەرماندەی فەیلەق واژۆیکردووە، لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا کۆی گشتی
١٤٤٧٣ کەس دەستگیرکران، لەو ژمارەیە ٢٢٥٢ یان پیاو بوونە، ٣٣٠٣ کەسیان
ژن بوونە, ٧٨٤٧ کەسیشیان منداڵ بوونە, هەروەها ٢١١ کەس خۆیان داوە بە
دەستەوە، ٤٨٢ کەسی دیکەش لەوانەی بە موستەلەحی ئەوان "تێکدەر"
ناویانیانی بردووە دەستگیرکراون, بەشی زۆری ئەمانە بە قەلای نزارکێدا
تێپەڕیوون جگە لەوانەی زیندانی سەربازگەی قەڵای ئاکرێ بوونە. زیندانیان
لەم زیندانە لە رۆژێکەوە تا دوو هەفتە بۆ بەشێک لە پیرەکان زیاتریش
ماونەتەوە.
ئەنفالکراوان لە کوێوە هێنران؟
خەڵکە دەستگیرکراوەکەی قۆناغی ئەنفالی هەشت, کە پانتایی جوگرافیایەکەی
زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە, لە کۆمەڵێک جێگاوە
گواستراونەتەوە بۆ هەردوو قەڵای سەربازی نزارکێ لە شاری دهۆک و قەڵای
سەربازی لە قەزای ئاکرێ.
یەکەم قۆناغی زیندانیکردنی هەندێکیان کۆمەڵگای دێرەلوک بووە, هەندێکی
دی سۆری ژێرێ و کوانێ و قوتابخانەیەک لە هاوینە هەواری سەرسەنگ, لە
قەزای ئامێدیش ناوەندی پۆلیس و سەربازگەی شارەکە و بارەگای یەکێتی
مامۆستایان جێگای کۆکردنەەی ئەنفالکراوان بوونە, لە قەزای زاخۆ
کۆمەڵگای بێرسفێ و هێزاواو وە قەڵا سەربازییەکەی مانگێش.
لە ناحیەی مانگێش هەندێک لە ئەنفالکراوان بردراون بۆ شوێنی ئاژەڵان,
بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشی ئەوکات کە پیاوێکی کریستان بووە, پاڕاوەتەوە
لە ئەفسەری بەرپرسی سەربازی نەیان کوژن, رۆژی دواتر بردراون بۆ تەلاری
ناحیەی مانگێش, ژن و منداڵی کەمتر لە ١٥ ساڵ بە پاس, پیاوەکانیش بە
ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێ. بەشێک
لە ئەنفالکراوانی زیندانیکراو لە ناحیەی مانگێش, سێ رۆژ لە ناحیەی
مانگێش ماونەتەوە, ئەو ماوەیە خواردنیان نەداوە پێیان, هاووڵاتیانی
ناحیەی مانگێش خواردنیان بۆ بردوون. هەندێکی دی لە زیندانیان وەک
دەگێڕنەوە, سەرەتا بردراونەتە ناو قوتابخانە لە ناحیەی مانگێش, رۆژی
دواتر بردراون بۆ زیندانی قەڵای نزارکێ, لە قوتابخانەی مانگێش پیاو لە
ژورەوە دەرگایان لێ دخراوە, منداڵ و ژنانیش لە گۆڕەپانەکەی
کۆکراونەتەوە. بەشێکیش سەرەتا لە نافشکە کۆکراونەتەوە, لەوێوە
گواستراونەتەوە بۆ مانگێش, دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مانگێش,
ئەوجا بۆ سەربازگەی قەڵای نزارکێ.
مریەم کەڕەم مەرعان سیتەیی رێکانی هاووڵاتی گوندی سیتە دەڵێت دوو گیان
بووم بە زیل بردراین بۆ ئۆردوگای دێرەلوک, کە گەیشتین هەزاران کەس لە
دێرەلوک بە زیندانی کۆکرابوونەوە, ژن و پیاویان لەوێ لە یەکتر جیا
کردەوە, دوو رۆژ لە ئۆردوگای دێرەلوک ماینەوە. ئوسمانی باوک منداڵەکانم
بۆ ماوەیەک لەوێ بینی, ئەفسەرەکە رێگەیانی داوە بۆ بینینی, ئەو وتبووی
بە شەق و پۆستاڵ ئێمەیان کردە ناو زیلەکە کە هێنامانیان بۆ ئێرە. دواتر
لە ئۆردوگای دێرەلوکەوە هێنامانیان بۆ سەربازگەی قەڵای نزارکێ بە
ئۆتۆمۆبیلی زیلی سەربازی.
هەروەها بەشێک لە خەڵکە ئەنفالکراوەکان بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون
بۆ قەڵای سەربازی قدش, لە کۆمانەوە بە سەیارەی سەربازی بردراون بۆ
قەڵای قدش, لەوێ لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ کراوەو ئەشکەنجەی پیاوەکان
دراوە. بەشێکی دی براونەتە گوندی فرشا؟؟ لەوێ ژن و منداڵ
جیاکراونەتەوە, بە جادەی سەرەکی کانا وە بەڕێ کراون, بەدوای یەکا بەسەر
شەقامەکەیا, پیاوەکان کراونەتە ناو زیلەوە, ژن و منداڵیش بە جیا بۆ
قەڵای قدش ؟, دوای کاتژمێرێک مانەوە ئەوجا بردراون بۆ زیندانی
سەربازگەی قەڵای نزارکێ.
دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەکەش لە ئەنفالی هەشت خەڵک دەستگیر کراون,
ئەوانەی کە خۆیان تەسلیم کردووە, بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی برداون بۆ
قەڵای قدیش, دواتر گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەلای سەربازی نزارکێ.
هەرچەندە میدل ئیست ۆچ وا رادەگەیەنێت "بە گوێرەی قسەی ئەفسەرە
مەیدانییەکانی ئەوسا لە بادینان، کەوا فەرمانیان پێگەیشتبوو چیتر
بەندییەکانیان نەکوژن" وەلێ دوای لێبوردنە گشتییەکە لە کوشتنی پیاوانی
گەنجی ئەنفالی بادینان بەردەوام بوونە.
کەتان تاهیر زێوەیی هاووڵاتی گوندێ زێوا شێخ پیرامیسی نزیک بامەڕنی
دەڵێت"دوای لێبوردنە گشتییەکە کە گرتمانیان جاش و جەیش بردمانیان بۆ
کۆمەڵگای قەدش, جنێویان پێمان دا, چیمان پێ بوو لێمانیان سەند, ئەو
ماوەیە خواردنیان پێمان نەدا, دوایی بە ئیڤای عەسکەری بردمانیان بۆ
زیندانی قەلای نزارکێ.
گروپێکیش دوای لێبوردنە گشتییەکە خۆیان تەسلیم کردۆتەوە, بردراون بۆ
ئەنشکا دواتر راستەوخۆ بۆ سەربازگەی قەڵای نزارکێ.
بەشێکیش لە ئەنفالکراوان بردراون بۆ قەڵای سەربازی ئاکرێ, کە لەسەر
تەرزی قەڵای نزارکێ دروست کراوە, لە قەبارەرەو شێوەدا وەک ئەوە,
راستەوخۆ لەوێشەوە بردراون بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی جێژنیکان, نایف رەشو
لەم بارەوە دەڵێت " روزا ٥/٩ ئەم نەچاربووین زاروک و خێزانیت خۆ مە
تەسلیم کرن ،و ئەم هاتین دابین چیایێ گارەیی نێزیک ١٠هەزار کەس لناف
چیایێ گارەیی ئاسێ مابۆن ئەم ژی وەک هەزاران کەسین دی هاتن گرتن.
ئەم ڤەگوهاستین بۆ قەلعا ئاکرێ و پاشی بۆ بارگەیی جیش شعبی، سوپاس بۆ
جەماوەرێ ئاکری بومە خوارن ئینا ئەو جەند روژ بوو مە خوارنەک دورست
نەخوار بوو ئەم سیاری سەیاڕێت ئیڤایێن سەربازی کرین، من ج ژ خێزان و
زاروکێت خۆ نەد زانی ئەم برین بۆ ناحیا کەلەکێ تومارکرین ئەم برین
بەحرکێ و مە ل و ێدەرێ خێزان و زاروکین خۆ ل جەژنیکان دیتن ، " " ل دوو
میحوەرا شەر بوو هەر ژ ئەتروش هەتا زاخو ئەو کەسێن د گرتن د برنە قەلعا
نزارکێ ئانکو قەلعا هنگافتنێ و ژ ئەتروش هەتا خواکورک وسوران ئەوێن د
هاتنە گرتن و ڤەدگوهاستن بۆ قەلعا ئاکری". قەلای سەربازی ئاکرێ " ٩٥
کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و ١٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری
رۆژهەڵاتی شاری دهۆکەوە، لە نێوان سێ چیادایە".
ئەم دوو قەڵایە کە ئەنفالکراوانی بادینانیان بۆیان گواستۆتەوە, هەر
یەکەیان لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەکی ئەمنی شارێکدا بوونە,
قەڵای سەربازی ئاکرێ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی
زیندانییەکان ناوی کردووە, قەڵای سەربازی نزارکێش لە دهۆک لە ژێر
سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی دهۆک بووە.
جیاکردنەوە.
لە سەربازگەی قەڵای نزارکێ وەک سەربازگەی تۆپزاوا ئەوانەی تازە
دەگەیشتنە جێ, یەکسەر جیادەکرانەوە, پیاو و کوڕە گەنجەکان دەکرانە
لایەکەوە, ژن و منداڵ و خەڵکی بەتەمەنیش لە لاکەی دیکەی گۆڕەپانی
سەربازگەکە رادەگیران.
پۆڕێ سندی دەگێڕێتەوە دەڵێت لە دهۆک مەبەستی زیندانی قەلای سەربازگەی
نزارکێیە, بە قامچی بەرەو روومان هاتن لەو کاتەی دەگەن, گەنج و پیریان
جیا کردەوە.
کاتێک کە جیاکردنەوە تەواو دەبوو، بەندییەکانیان بە سەر هۆڵە گەورە پیس
و بۆگەنەکاندا دابەش دەکرد, هۆڵی رەق و تەقی تەڕ بە میز و پیسایی
زیندانییەکان پێشتر سواق درابوو, بە تایبەت ئەوانەی درەنگ دەگەیشتن.
لە سەربازگەی قەڵای نزارکێ پیاوەکان لە نهۆمی خوارەوە دەمانەوە, ژن و
منداڵیش لە بەشی سەرەوە.
زۆربەی زیندانییەکان لە نهۆمی دووەمی قەڵاکەدا بەندکرابوون، چونکە
پیاوە گەنجەکان وێڕای ئەوەی ژمارەیان کەمتر بوو, زووتریش رەوان دەکران
بۆ مەرگ, نهۆمی سەرێ ئەوەندە پڕ و قەرەباڵغ بووە, زیندانیان یان بە
چینچکەوە دانیشتوونە, یان لەبەر قەرەباڵغی و پیسی لە تاوا دەچوونە بەر
هەیوانەکان.
لێکۆڵینەوە.
لە زیندانی سەربازگەی قەلای نزارکێ لێکۆڵینەوەی ورد و جیاکردنەوەی بە
دیقەت لە گەڵ ئەنفالکراوان وەک زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا نەکراوە,
کەمە زانیارییەکیان لە پیاوەکان وەرگرتووە و ئەشیای بەرباخەڵ و
ناسنامەکانیان لێسەندوون، بەڵام پرسیار لە ژن و منداڵەکان نەکراوە,.
دام و دەزگای ئەمن کە سەرپەرشتی زیندانی قەلای نزارکێیان کردووە بەو
پێیەی کە پەرۆشی هەڵگرتن و پاراستنی تۆماری بەڵگەنامەیی بوون، ئەو
کورتە لێپرسینەوەیان بە ڤیدیۆ تۆمار کردووە کە لە گەڵ پیاوەکانیان
کردووە.
ئەشکەنجە.
ئەو پیاوانەی لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکان کە گەیشتوونەتە زیندانی سەربازگەی
قەڵای نزارکێ, بە لێدان دایانیان گرتووەتە خوارەوە, هەندێکیان لە هۆش
خۆیان چوونە, دوای سووکە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی, ئەوجا بە راکێشان
بردراون بۆ نهۆمی خوارەوە, ئەوەندەیان لێیان داوە, تەنانەت هەندێکیان
لە جێگا کەوتوونە.
پیاوەکان بە بەرچاوی ژن و خوشکەکانیانەوە لەو لایانەوە مات و مەلول و
بێدەسەڵات بە کزی راوەستابوون, منداڵەکانیش دەگریان و هاواریان دەکرد
بۆ بینینیان, قیژە و هاواریان بوو و بۆ لای باوکەکانیان ڕایاندەکرد،
بەڵام بە سۆندەو شەق و جنێو دەیانگێڕانەوە بۆ لای دایکیان. پیاوەکان بە
دار و سۆندە و کێبڵ فەلاقە دەکران و بەر شەق و مستەکۆڵە و زلەیان دەدان
و سوکایەتیان پێ دەکردن, رێزیان لە کەرامەتیان ناگرت.
سکالاکەرانی دادگای بالای تاوانەکانی عێراقی وێنای چەند جۆرە
ئەشکەنجەیەک بۆ دادگای بالای تاوانەکانی عێراقی دەگێڕنەوە, لەوانە ریشی
زیندانییەکیان سوتاندووە تەنها لە بەر ئەوەی درێژ بووە, پێنج لە
زیندانییە پیاوەکان بە دەست و چاو بەستراوەییەوە ئۆتۆمۆبێل بەسەر
سکیانا رۆیشتووە و کوشتویانیانە, بە بلۆک کێشاویانە بە سەری زیندانییا
شەهیدیان کردووە, هەروەها بەستنەوەی زیندانیان بە ستوونی نا حەوشەی
زیندانییەکەوە لەبەر گەرمای مانگی ئاب و سەرەتای سەپتەمبەر.
زیندانییەکان پەڵە خوێنیان بە دیواری هۆڵەکانی خوارەوەی زیندانەکەوە
بینیووە, کە شوێنی ئەشکەنجەدانی پیاوە گەنجەکان بووە. هاوکات لەسەر
شێوەی دیزاینی جل و بەرگی گەنجەکان, جۆری دوورینی, درێژی ریش و زۆری
پشدێن و درێژی تەزبێح و شوێنەواری کەتافەی سەر شان و لێپرسینەوە تا
ئاستی فەلاقەو لێدانی زۆر بەرامبەر بە پیاوە گەنجەکان کراوە.
چەندین حالەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێ
لەسەر زاری زیندانیان و هەندێک شایەدحاڵ دەگێڕدرێتەوە, وەک کۆمەڵکوژی
١٨ گەنجی گوندەکانی سپێندارەو سوارێی, وە سەلام زێوەیی رزگاربوویەکی
ئەنفالە ئەو شاهیدی کۆمەڵکوژی ١٣ پیاوی ئەنفالکراوە, کە لەژێر
ئەشکەنجەدا شەهیدبوون و لە تەنیشت قەڵاکە نێژراون. "هەموو ئەوانە بە
دار و بەرد و بلۆک شەهیدکران، تاوەکو گیانیان دەرچوو ئەشکەنجەدران،
خوێنی ئەوان بە دار و دیوارەوە بوو. من بینیم دوای ئەوە هەموویان بردن
و نەیان هێنانەوە.", شایەدحاڵی دیکە دەڵێن تەنها لە دوو رۆژی مانگی
ئەیلول ٢٠ کەس لە نزارکێ مردوونە, بەڵام تا ئێستا گۆڕی هیچ کام لەو
کۆمەڵکوژیانە نەدۆزراوەتەوە, تاکو لە رێی دۆزینەوەی روفاتەکانیانەوە
پشت راست بکرێنەوە, سێ ئەگەر هەیە" یان روفاتیان تا ئێستا
نەدۆزراونەتەوە, یان ئەمن لە جێگایەکی دیکە ناشتویانن, یان تەنها
ئەشکەنجە دراون دواتر بردراون بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەوێ کۆتایی بە
ژیانیان لەگەڵ پیاوە گەنجەکانی دی هێنراوە.
بەڵام زیندانی قەڵای سەربازگەی ئاکرێ, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ
سەرپەرشتی کردووە, ئەشکەنجەدان تیایدا وەک سەربازگەی قەلای نزارکێ
نەبووە کە ئەمنی پارێزگای دهۆک بەڕێوەی بردووە, پێی دەچێت ئەوەی
گەیشتبێتە ئەو قەڵایە بەخت یاری بووبێت.
ئەو ئەنفالکراوەی بە بلۆک شەهید کرا.
کەم لە ئەنفالکراوانی بادینان هەن کە دەم دەکاتەوە, چیرۆکی ئەو
ئەنفالکراوە ناگێڕێتەوە لە سەربازگەی قەڵای نزارکێ, بە بەرچاوی هەموو
زیندانەکانەوە بە بلۆک شەهید کراوە.
ئەو کەسەش حەیدەر عەبدوڵا حەمۆ گەرماڤی یە, یەکەم گیان بەختکردووی
زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێیە کە بە بلۆک درا لە سەری, گیانی
بەختکرد.
ئەو پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە گەڵ پێنج برای, خەڵکی
گوندی گەرماڤی دەڤەری دۆسکییە, کوڕێکی لە تۆپباران لە ساڵی ١٩٨٥ شەهید
بووە, ئەو لە رێکەوتی ٢٥-٨-١٩٨٨ , لە یەکەم رۆژی ئەنفالی بادینان لە
گوندی بیسکێ ئەنفال کرا, پاش ئەوەی گوندەکەیان لە رۆژهەلاتی برجینی,
کەوتە بەر کیمیاباران.
هەروەها فەریدا عەلی گوندی ئیسیان دەڵێت دوو برام بە ناوەکانی شەهید
ئەرجان و شەهید فەرید لە قەڵای نزارکێ و قەڵای ئاکرێ بە دارو و بلۆک
کوژران.
نان و ئاو.
لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێ خەڵکەکە برسی, نەخۆش, پێ پەتی بوون,
لێرە خواردنیان بە گیراوەکان نەدەدا، هەرچەندە هەندێک دەگێڕنەوە کە
سەموونی رەقیان بە شەق بۆیان تێگرتووە. هەروەها رێگایان نەداوە خەڵکەکە
بۆڕی ئاوی حەوشەی سەربازگەکە بەکار بهێنن, ئاوی ناو تەنکی گەرم کە پیس
بووە داویانە بەو خەڵکەکە.
بەشێک لە پیاوە پیرەکان ماوەیەک زیاتر لەم سەربازگەیە ماونەتەوە, دواتر
ئەوانیش کەوتوونەتە شت کڕین لە حەرەسەکان, یاخود خەڵکی دهۆک خواردنیان
لە نزیک تەلبەندەکە بۆ داناون, ئەوانیش چوونە هەڵیان گرتۆتەوە.
پیاوەکان چارەنووسی نادیار.
لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا کۆی گشتی ٢٩٤٥ پیاو دەستگیر کراون یان خۆیان
داوە بە دەستەوە, بە پیاوە پیرەکان و ئەوانەشی دواتر ئازاد کران, یان
وەک ئەوانەی لە قەڵای ئاکرێ ئازاد کران.
پیاوە گەنجەکانیان کە جیا کردەوە , دوا جار بوو ئەوان بینران وەک
گەنجەکانی تۆبزاوە, لەماوەی کورتدا لە چاو بزرکران, لە پارەو سەعات و
تەزبێحەوە بۆ ئەوەی پێیان بووە لە لێیان سەنراوە, گەنجەکانی نزارکێ
جیاکرانەوە بە روتی تەنها بە دەرپێیەکی ژێرەوە بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی
بردران بۆ شوێنی نادیار ئیتر ببڕای ببڕ نەبینرانەوە. شایەدحاڵێک
دەگێڕێتەوە کە رۆژی دوای هێنانیان, پیاوەکان بە چاو و دەست بەستراوی لە
پشتەوە, لە سەربازگەی قەڵای نزارکێوە بردراون بۆ جێگای تا ئێستا
نەزانراو, کە منداڵی کەمتر لە ١٥ ساڵیشییان لە گەڵدا بووە. بەڵام پیاوە
پیرەکان هەندێکیان ١٠ رۆژ بۆ ٢ هەفتە لە نزارکێ ماونەتەوە.
ناردن بۆ سەربازگەی سالمیە.
سەربازگەی سەلامییە لە باشوری رۆژئاوای سەنتەری شاری موسڵە بە دوری ٣٠
کیلۆمەتر, دەکەوێتە ناو سنووری ناحیەی نەمرودەوە, لە ژێر کارگێری
شارۆچکەی نەمرودە, سەربازگەی سەلامییە دەورە درابوو بە سوپا, بۆ خۆشی
پێشتر سەربازگەی سەربازی بووە.
ئەنفالکراوانی ژن و منداڵ و پیرەکان, پاش چەند ڕۆژێک لە مانەوەیان لە
قەڵای نزارکێ و بینینی ئەو رۆژە حەشرە, یەکەم گروپیان رەوانەی جێگایەک
کرد, کە ژن و منداڵەکان زۆریان قەت بەو رێگایەیا نەرۆیشتبوون, دوای
پێنج کاتژمێر دەگەنە جێگاکە, لە کاتی گواستنەوەی یەکێک لە کاروانەکان,
بە دەم رۆیشتنەوە ژنێک منداڵی دەبێت ناوی دەنرێت هاوار.
زیندانییەکان بە پاسی داخراوی بچووک و هەندێک جاریش پاسی بچووک یان
کۆستەر و جاری واش بووە ئیڤای سەربازی ئاسایی بردراون, کە چەکداری ئەمن
و ئیستیخبارات لە پاش و پێشی کاروانەکەوە دەڕۆیشتن و بە وردی
چاودێریانیان کردووە.
لە زیندانی سەربازگەی سالمییە بۆ یەکەم جار نانووسین و لێکۆڵینەوەی
زیندانیان دەستی پێکردووە, لەم سەربازگە یەک نهۆمییە گەورەیە کە
کرابووە دوو بەشەوە, زیندانییەکان لە ئۆتۆمۆبیلەکان دابەزێنران و
تەسلیمی پۆلیس و جەیشی شەعبی کران, خرانە ناو هۆڵەکانەوە, رۆژانە تەنها
سەمونی سەربازی و ئاوی گەرمی تانکییان پێ دراوە.
زیندانیان لەناو ئەو هۆڵە گەورە گەرمانە بێ بان و بن دەخەوتن,
ئاودەستەکانی پیس و بۆگەن بووە, هەروەها زیندانییەکان لە ماوەی ئەو دوو
بۆ سێ هەفتەییەی کە لێرە بوونە, پەیوەندی لە نێوان قاوشەکاندا نەبووەو
زیندانییەکان ئاگایان لە یەکتر نەبووە.
زیندانییەک دەڵێت دوو شەو لە نزارکێ ماینەوە, دوواتر بردمانیان بۆ
زیندانی سەربازگەی سەلامییە, کۆستەر و گەڵابەو سەیارەکان پێشتریان
هێنایەوە بۆ گواستنەوەمان, بە روت و قوتی هیچمان پێ نەبوو, کردمانیانە
ناو ئەو هۆڵە گەورانەوە بێ هەواو پانکە بەو گەرمایە, برسی و تێنی
بووین, لە سەربازگەی سەلامیە مامەڵەیان خراپتر بوو لە سەربازگەی
نزارکێ.
پۆڕێ سندی رزگاربووی ئەنفالی بادینانە دەگێڕێتەوە رۆژی پێنجەم
کۆکراینەوە بۆ بردن, نەچوینایەتە ناو ئەو ئۆتۆمۆبیلەی بۆ ئێمە
راگیرابوون بە قامچی دەمانیان کردە ناویەوە, بردمانیان بۆ سەربازگەی
سەلامییە, چەند کاتژمێر بەڕێوە بووین, مونشەئەکان لە رێگا هیچ
رانەوەستان, لە سەرەتا لەو زیندانە برسی بووین, بارودۆخمان زۆر خراپ
بوو, بەڵام لە کۆتایی حانوتیان دانا, ئەوجا شتمان کڕی باشتر بووین.
ئەنفالکراوێکی دیکە بۆ دادگای باڵای تاوانەکان قسە دەکات و دەڵَێت دوای
٨ رۆژ بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە, ژمارەی هۆڵەکانی ١٢
هۆڵ بوو, ژیان لەو سەربازگەیە زۆر ناخۆش بوو, لە کۆتاییدا دوای
دەرچوونی لێبوردنە گشتییەکە بە زۆر هەڵپەڕکێیان بە خەڵکەکە کرد بە
دەهۆڵَ و زوڕناوە لە خۆشی لێبوردن گشتی.
زیندانییەکی دیکە بۆ دادگای بالای تاوانەکانی عێراقی دەگێڕێتەوە کە
پیاوەکانیان بۆ ماوەی ٣ رۆژ بردۆتە زیندانی سەربازگەی سەلامییە, دوایی
لەوێ بردویانیانە بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی داخراو براون بە دەست و چاو
بەستراوەیی ئیتر نەبینراونەتەوە, ئەو دەڵێت خواردن خراپ بووە,
خزمەتگوزاری تەندروستی نەبووە, سەربازگەکە و هۆڵەکان پیس بوونە, بۆیە
منداڵ و پیر زۆر لەوێ مردوونە.
زیندانیانی کریستان و ئێزیدی.
هەر لە سەربازگەی قەڵای نزارێکێ ئەنفالکراوانەوە, ئەنفالکراوە
موسڵمانەکانیان لە ئەنفالکراوە کریستان و ئێزیدییەکان بە دیوارێکی
دابڕکەر جیا کردۆتەوە.
هەرچەندە بەشێک لە کریستانەکان لە فەوجە جاشەکەی ملکۆ بوون, بەڵام
لێبوردنە گشتییەکە ئەوانی ناگرتەوە, چونکە لە ئاماری ساڵی ١٩٧٧ ەوە
کریستان و ئێزیدییەکان بە عەرەب درابوونە قەڵەم.
کریستان و ئێزیدییەکان بەشێکیان ئاوارەی تورکیا بوون و بە لێبوردنی
گشتی گەڕانەوە, بەشێکیشیان دوای روخانی لادێکانیان چوونە شاخەکان, لە
ناویشیاندا زۆرێک هەبوون پێشمەرگە بوون.
دوای لێبوردنە گشتییەکەی ژمارە ٧٣٦ ی رێکەوتی ٦-٩-١٩٨٨, ژمارەیەک
پەنابەری کریستان و ئێزیدی لە تورکیاوە گەڕانەوە بە خاڵی سنوری
ئیبراهیم خەلیلا خۆیان رادەست کردەوە, هەر لەوێ ئەوانیان لە کوردە
موسڵمانەکان جیا کردەوە, وەک ئەنفالکراوە گرتراوەکان نێردران بۆ
زیندانی سەربازگەی قەڵای نزارکێ, بەلام کوردە وسڵمانەکانیان نارد بۆ
ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحرکە, لە سەربازگەی نزارکێ شەش هۆڵیان لە نهۆمی
سەرەوە لە جێگای ژن و منداڵەکان پێشتر, کە ئەوکاتە بردرابوون بۆ
سەربازگەی سەلامییە بۆیان جیا کردبوەوە.
ژن و منداڵ و پیرەکانیش پاش ئەوەی تاقە شەوێک لە دهۆک هێشتبوونیانەوە
بە پاس ڕەوانەی ئۆردوگای بەحرکە و جێژنیکانیان کردوون. هەر وەها تەواوی
پیاوانی گەنجی کریستان و ئێزیدییان بە ئۆتۆمبیلی داخراو وەک گەنجە
کوردە موسڵمانەکان بۆجێگایەکی نەزانراو رەوانە کردووە.
هێشتا بنەو بارگەیان تەواویان نەخستبوو لە ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحرکەو
جێژنیکان, لەو دەشت و دەرە لە ناو مارو دووپشک بوون, لە سەرەتای هەفتەی
کۆتایی مانگی سەپتەمبەردا کریستان و ئێزیدییەکان لە لایەن ئیستخباراتی
عێراقییەوە دەستگیر دەکرێن, لەوێ پێیانیان وتبوو دەتانبەین بۆ لای
پیاوەکانتان.
دواتر لە بنکەی پۆلیس هەموو ناوەکانیان بەراورد دەکرێن, کریستان
ئێزیدییەکان لە یەک جیا دەکەنەوە, وە ئێزیدییەکانیش ئەوانەی لە
سەربازگەی قەڵای ئاکری و قەڵای نزارکێ بوونە, لە یەکتری جیا دەکرێنەوە,
ئەوانەی لە زیندانی قەڵای ئاکرێ وە هێنرابوون دەستگیر ناکرێنەوە لە گەڵ
چەند کریستانێک لە ئۆردوگاکە دەمێننەوە, تا نزیک ئەوکاتەی سەدام کوەیت
داگیر دەکات و قەدەغەی هات و چۆ هەڵدەگرترێت, ئیتر دەگەڕێنەوە بۆ
ناوچەکان خۆیان. لەم پرۆسە زاڵمانەیە کۆی گشتی ١٥٢ هاووڵاتی ئاشورو
کلدانی کریستان و ١٨٣ هاووڵاتی ئێزیدی ئەنفالکران.
گۆڕێکی بە کۆمەڵ.
لە ساڵی ٢٠١٨ لە رێورەسمی یادی ٣٠ ساڵەی ئەنفالی بادیناندا ١٣ رووفات
لە قەڵای نزارکێ بە خاکسپێردران, کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە گۆرستانی شاخکێ
لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەرهێنرابوون، ئەو رووفاتانە تا ئێستا
نەناسراونەتەوە، ئێستا شوێنی لە گۆڕنانیان وەکو گۆڕستانی ئەنفالکراوان
دەناسرێت لە قەڵای نزارکێ، کەسوکاری قوربانیان داوا دەکەن پشکنینی DNA
بۆ قوربانییان بکرێت, تا رووفاتەکان بناسرێنەوە, ئیتر تاکو ئێستا هیچ
گۆڕێکی بە کۆمەڵی پیاوە گەنجەکانی ئەنفالکراوانی بادینان
نەدۆزراونەتەوە.
ئۆردوگاکانی بەحرکەو جێژنیکان جهەنەمێک بۆ ئەنفالکراوان.
ئەنفالکراوانی بادینان لە هەموو لایەکەوە رێگاکەی روو لە بەحرکەو
جێژنیکان بوو, لە زیندانی سەربازگەی سالمییەوەو لە زیندانی قەڵای
ئاکرێوە, لە زیندانی قەلای سەربازی نزارکێوە, لە ئیبراهیم خەلیلەوە, لە
سنووری ئێرانەوە, تەنانەت هەندێک لە ناحیەی بێکوڤای زاخۆوە, لەو ماڵەی
هەڵاتووی ناوچەی ئەنفالکراوی بادینانی تێدا گیراوەو بە دوایدا زیندانی
کراون, پاش ماوەیەک ئەشکەنجەدان بە لێبوردنی گشتی ئازادکراون و رەوانەی
ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحرکە کراون.
ئەم ئۆردوگایانە توند ئابلووقە درابوون, بواری هات و چۆ زۆر کەم بوو,
هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین نەکرابوو, لەناو خۆڵ و تۆزو مارو
دووپشک لە ژێر خێمە, بێ نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاو و کارەبا لە
سەرەتا, لەسەر هاوکاری و میهرەبانی خەڵکە میهرەبانەکەی هەولێر دەژیان.
ئەنفالی هەشت تا راپەڕین بەردەوام بووە, مردن لە بەحرکەو جێژنیکان
بێسنوور بووە وەک درێژەی ئەنفالکردن, تەنانەت هەندێک باس لە مردنی حەوت
سەت منداڵ دەکەن, کە لەو دوو ئۆردوگایە مردبێتن.
__________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- گەلها نزارکێ خالد ئەحمەد بادی کوردستان -
دهۆک بەرگی دووەم ٢٠٢٤ چاپخانەها پارێزگوها دهۆکێ
٢- ئەنفالا بادینان قوناغا هەشتێ ودوماهێک قوناغا قرکرنێ(خاتمە
الانفال)/ نایف رەشو
٣- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد - هیومان ڕایتس
وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم ٢٠١٣ چاپخانەی کەماڵ - وەرگێڕان لە
ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
٤- سی دی دۆسیەی ئامادەکراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای
تاوانەکانەوە.
٥- محكمة الانفال اعداد ريكار مزوري بمساعدة محامي اياد کاکەیی
٦-
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/250820239
٧-
https://www.facebook.com/watch/?v=948272956677311
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |