٧\٥\٢٠٢٠
زینی وەرتێ و گەمە
چەپەڵەکانی تورکیای داگیرکەر.

ئهحمهد رهجهب
چەندین ساڵە تورکیا لە ھەوڵدانە بۆ زیندوکردنەوەی خەلافەتی
عوسمانیلییەکان و بووەتە وڵاتێکی داگیرکەرو نموونەش زۆرن و لە سەرەتادا
بە داگیرکردنی قوبرس دەستپێکردو لە پاشانخەڵکی باکوری کوردستانی قەلاچو
کردو ئینجا عەفرین و سەری کانی وشاروشارۆچکەکانی رۆژئاواو روبەرێکی
فراوان لە خاکی باشوری داگیرکردو رژێمە سەرکوتکەرو رەگەزپەرستەکەی
رەجەب تەیب ئەردۆگانبەوانەش نەوەستاوەو لە ھەموولایەک ھەوڵی داگیرکردنی
زۆرترەو ھەوڵئەدات باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی داگیر بکات
و بەناوی پاراستنیخاکەکەی ھەنگاو بە ھەنگاوسنوورەکانی خۆیبباتەوە کاتی
جەنگی یەکەمی جیھانی و لەوەش زیاتر چاوی لە سەر داگیرکردنی موسڵ و
کەرکوکە.
بۆردوومانکردنی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لە لایەن فرۆکە
جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیای دوژمن لە ناو خاکی کوردستان بێ رێزی
و سوکایەتییە بە گەل و نیشتمان و، ھەرلایەنێک ڕێگە بەو بۆردومانکردنە
بدات ئەوە بێشک خیانەتێکی نەتەوەییە و جێی ریسواو شەرمەزارییە و، لە
راستیدا بەردەوامی ئەو بۆردوومانانە بە ھەموو شێوەیەکانی کارێکی نارەوا
و نامرۆڤانەیە و ئاسایشی وڵات و خەڵکی گوندەکانی خستوەتە مەترسییەوە بە
جۆرێک ناتوانن لە شوێن و زێدی باوباپیرانی خۆیان بە ئارامی بژێن و،
ئازادانە بەردەوام بن لە کاری رۆۆژانەیان وەک: کشتوکاڵی و بەخێوکردنی
ئاژەڵ و ھەنگ و بایخدان بە باخ و رەزەکانیان.
لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لەپر ناوی زینی وەرتێ بوو بە جێی
باسکردنوەک رووداوێکی گرنگ و، بووە ھۆێ گرژی و ئاڵۆزی لە نیوان پارتی
دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھەردولا ھێزیان بۆ
ناوچەکە جولاندو، حکومەتی کوردستان ئەڵێت بۆ ریگری لە پەتای کۆرۆنا
ھێزمان ناردووەو ئەمەش راست نییە چونکە زینی وەرتێ نزیکەی ٥٠ ــ ٧٠
کێلۆمەتر لە سنوری ئێران دوورەو کەس بەو لێدوانەی حکومەت باوەر ناکات
و، خەڵکی ناوچەکە باسی ئەوە ئەکەن کە کەسانێکی بێگانە بینراون ئامێرو
کەرەسەتەی سیخوری ھەواڵگیریان پێ بووە وەک : دەزگای پەیوەندی و بێتەل و
کامێراو دووربین و شتی ترو ھەندی کەس ئەڵێن بێگانەکان بە زمانی تورکی
قسەیانکردووە.
لە نووسینێکی پێشتر ئاماژەم بەوەداوە : تورکیا بەھۆی داگیرکردنی چەندین
ناوچەی باشووری کوردستانی بووەتە خاوەن دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ
ئەکات و، سیخورەکانی لەناو خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، پەیوەندی
تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی تیرۆریست و
ئاگپارتییەو، بە پێی بەرپرسانی تورکیاو کوردستان پەیوەندیی تورکیا
لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی غازو نەوتەو، ھیچ پەیوەندییەکی بە
سەربەخۆیی کوردستان نییە وەک بانگەشەی بۆ ئەکەن و، راستییەکەی ئەوەیە
ڕوسیا غاز لە تورکیا ئەبرێت و، ئەوانیش لە ھەرێمی کوردستان بە مفت و
ھەرزان وەریئەگرن، ھەروەک چۆن نەوتی ھەرێمیشیان بە تاڵان وەرگرتوە،
شایانی وەبیرھێنانەوەیە پێشتر (بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە
سەر زاری کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی باسیان لەوە کردووە کە
تورکیا یارمەتیی ھەرێم ئەدات بۆسەربەخۆیی!).
سوپای تورکیا لەھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک بە قووڵی ٣٠ ــ ٣٥
کیلۆمەتر ھاتووەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوەو ، ژمارەی ئەو یەکە
تورکیانەی لەو ناوچانە وەک زانراوە ئەگاتە ١٩ یەکە لەگەڵ کەلوپەل و
تفاقی سەربازی مۆدێرن لە تانک وتۆپی جۆراوجۆرو دۆشکاو لە ھەندی ناوچەش
سەکۆی نیشتنەوەی ھێلیکۆپتەر ھەیە.
ئەمە یەکەم جار نییە ئاڵۆزی و گرژی ئەکەوێتە نێوان یەکێتی و پارتی و،
ھەردولا دەستی باڵایان ھەبووە لە کوشتنی یەکترو، تاوانبارن بە کوشتنی
پێشمەرگەو رۆڵەکانی گەل لە پێناو بەھێزگردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی
و تاڵەبانی و ھیچی ترو ، شێوازی مامەڵەکردنی دەزگاکانی راگەیاندنی
ھەردوو حیزب لەگەڵ رووداوەکاندا زبرو ئاگرینەو چاندنی رق و کینەیەو،
دەستی باڵایان لە تۆمەت بەخشینەوە و ناوزراندنی یەکتر ھەیەو ، لە دزینی
نەوت و غازودابشکردنی سامانی ھەرێمی کوردستان بەشدارنوەک خۆیان ئەڵێن :
ئێمە شەریکین و دوو ھاوپەیمانی ستراتیجین بەبێ یەکتر ناتوانین وڵات
بەرێوەبەرین بەڵام چۆن بەرێوەبردنێک ، کەڵەکەکردنی قەیرانەکان و لە
ماوەی ٢٨ ساڵ نەیانتوانی کارەباو ئاوی خواردنەوەی پاک و شایستە بۆ خەڵک
دابین بکەن و مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکاران بدەن و،
ھەردوولا بوونەتە دەستکەلاو کرێگرتەی وڵاتانی دەوروبەر بەتایبت تورکیاو
ئێران.
بۆ وەبیرھێنانەوە جارێکیان لە پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پێشووی ھەرێمی
کوردستان مەسعود بارزانی وتی: من و مام جەڵال تاڵەبانی لەشەڕی
براکوژیدا بێ گوناھین و ، ئەگەر ھەردووکمان دادگایی بکرێین، رەنگە منو
ئەو بێ گوناە بین، ھەرچەندە شەرمەزارییە کە لەبەرپرسیاریەتی ھەڵبێین،
بەڵام ئیدی توشی ئەو روداوە بوینو پێویستە لێکۆڵینەوەی تیا بکرێت،
بەھەر حاڵ وانەیەکی باش بوو بۆ ئێمە، بەڵی ئەوان بێ گوناھن، پێشمەرگەی
ھەردوولا بوونە قوربانی و ھەزارانی تریش سەقەت و بێ سەرو شوێنن و،
لەمرۆشدا کورو ئامۆزاکانیان نیازیان گەرمکردنی یارییە قیزەوەنەکەیە بۆ
ئەوەی خوێنیزیاتر برژێت و، جێی خۆشحاڵییە پێشمەرگەی ھەردوولا رازی نین
بە شەری ناوخۆ ھەرچەندە حوڵاندنی ھێز بۆ زینی وەرتێ گرژی و دڵەراوکێی
دروستکردووەو، ئەوەش کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوەو، خەڵکی
وەرتێ و دۆڵی شاورێ داوا ئەکەن بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان لە
بەرچاو بگرن و، ھەروا رێگە لە پلان و خەونی دوژمنان و داگیرکەرانی
کوردستان بگرن و بە زووترین کات ھەردولا ھێزەکانیان لە زینی وەرتێ
بکشێنەوە.
ماوەیەکە بۆدوومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا چرتر بووەتەوەو پشت بە
فرۆکەی بێفرۆکەوان وچاوساخ و سیخورەکانی لەناو کوردستان ئەبەستێت و، لە
رێی ھێزی تۆپخانەکانییەوە جاروبار خاکی کوردستان ئەکوتێت و، بەوەش
نەوەستاوەو، پەیتا پەیتا ھێز ئەھێنێت بۆ ناو قوڵایی خاکی کوردستان و،
دیارە ھاتن و ھێنانی ھەر ھێزێکی بێگانە بۆ ناو خاکی کوردستان کارێکی
باش و راست نیەو، لێرەدا دەرئەکەوێت کە تورکیا دوژمنایەتی کورد لە
باکورو لە باشورو شوێنەکانی تر ئەکات و ، لەئێستادا تورکیا بەشێوەیەکی
جیاوازتر لە ڕابردوو بە ئاشکرا ھاتووەتە نێو قوڵایی خاکی ھەرێمی
کوردستان و ڕۆژانەھاوڵاتیان بەئاسانی ئەتوانن سەربازانی تورکیا و
جموجوڵەکانیان ببینن، لەبەرامبەریشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان و
حکومەتی عێراق بێدەنگییان لەئاست لەشکرکێشیی و بۆردوومانەکانی تورکیا
ھەڵبژاردووە.
ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ھاتنە کایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراوەی
زینی وەرتێ نیگەرانن بۆیە پێویستە بە زووترین کات کێشەکان بە دانوستان
و دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و، رێگا نەدرێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی
ئەو دەڤەرە تەشەنە بکات و، ئەبێت پارتی و یەکێتی دوور لە بەرژەوەندی
تەسکی حزبایەتی کاربکەن لە پێناو ئایندەی گەڵی کوردستان و، ھەوڵ بدەن
لە گەڵ حزبەکانی تری کوردستان و گەلی کوردستان بۆ دۆزینەوەی
رێگاچارەیەک بۆ قەیرانەکانی کوردستان و نەھێشتنی بارگرژی زینی وەرتێ.
٣\٥\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|