زستـــانى ٢٠٠٩ و
دەسەڵات،
بێزارى و نائومێدى
بۆ تاکى کورد دێنن.
حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
لەڕاستیدا وەرزى زستان، وەرزى سەرما و سۆڵە و چوونە ژوورەوە و ڕۆژ
کورتى و خەڵوەت دروستکردنە لەماڵەوە ... بەپێچەوانەى هاوینەوە کەپڕو
سیخناخە لە ڕوناکى و گەرمى و سەیران و گەڕان بە دەشت و دەر و دەرەوەى
ماڵەوەدا ، گرنگترین ئامراز ، وەرگرتنى هەوایەکى فێنکە و دروستکردنى
سێبەرە ..خەرجى و مەسرەفیش لەزستاندا زۆرترە وەک لەهاوین ، ئامرازەکانى
خۆگەرم کردنەوە و ماڵ گەرمکردنەوە و خۆپۆشین و خۆراکى وزەوگەرمى بەخش
هەموویان تێکڕا خەرجى و پارەى زۆریان ئەوێت، کەدیارە ئەمەش خەسڵەتێکە
سەراپاى جیهان ئەگرێتەوە لە وەرزى زستان و سەرمادا ، بەڵام باسکردنى
دڵتەنگى و بێزارى لەوەرزى زستاند و لە نیشتمانێکى وەکو کوردستاندا
دیارە هۆکارى سەرەکى و فاکتەرى گرنگى خۆى هەیە و بابزانین بۆچى ئەم
بارودۆخە دەروونى کۆمەڵایەتییە ڕوومان تێدەکات ؟
لە گرنگترین کار وئیشەکانى هەر دەوڵەت و دامودەزگایەک، پێشکەش کردنى
خزمەتگوزارى و ڕاپەڕاندنى ئەرک و پێداویستیەکانى هاوڵاتى و دانیشتوانە
، بەتایبەت لە وەرزى دژوار و ساردى زستاندا .. هەموو وڵاتانى دونیا
پێداویستیە یەکەمەکانى(کە وەکو دەڵێن ئەلفوباى خزمەتگوزارین! ) وەکو
کارەب و ئاو و سووتەمەنى و نیشتەجێى و هەرزانى بازاڕ و یاساى نرخدانانى
شمەک بە ئەرکى سەرتاشانى خۆى دەزانێت و بەویژدان و ئاکارى مروڤایەتى
بەرزەوە ئەیبەستێتەوە ، بەرپرسانى هەموو وڵاتانى دونیا ، چ جاى وڵاتە
پێشکەوتووەکان ، ئەو وڵاتانەى مافى مرۆڤ تیابەرز ڕاگیراوە و هەموو
تاکێک لە کۆمەڵگاکەیاندا وەکو هاوڵاتى پلەیەک حسێبى بۆ دەکرێت لەڕووى
ئەرک و مافەوە .
بەڵام بەداخەوە لەوەتەى تاکى کورد چاوى بۆ ژیان کردۆتەوە ، لە نەهامەتى
و دژوارى و زەلیلیى و جەنگ و جەدەلدا ژینى بێئومێدى دەباتە سەر هیچ کام
لەدەسەڵاتە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکانى ئەم وڵاتە دەوڵەمەند و هەتیوە
مافەکانى تاکى کوردى دەستەبەر نەکردوە و خزمەت و خزمەتگوزارییەکانى
لەهەزار ناڵى عەلى بۆ جێبەجێکردووە و پاشان ناوى (مەکرەمە)ى لێناوە و
بەمەکرەمە و دیارى یەکێک لەسەرکردە و کاریزما زۆرەکانمان ناوزەدى
کردوون ، ئەم وڵاتەى ئێمە کەیەکێکە لە دەوڵەمەندترین و بەپیتترین
وڵاتێک لەناوچەکەدا ، دەوڵەمەندییەکەى هۆکارێک بووە لەڕاکێشانى
وەیشوومە و نائومێدى و جەنگى بەردەوام بۆ وڵاتەکە و دروستکردنى
کەشوهەوایەکى دڵَتەنگ و پڕلە ناسۆرى بۆ تاکى کورد .. کەبەڕاستەوخۆى
کاریگەرى هەبووە بۆ پێکهاتەى کەسایەتى و پەروەردەیى تاکى کورد ..
دژوارکردن و سەختترکردنى ژیانى مرۆڤ و ڕاکردنى بەردەوامى بەدواى
پێویستى و ناچارییەکانى بژێوى ژیانیدا ئەو ڕەوشەى بەرجەستەکردووە کە
تاکى کورد هەمیشە تووڕە و بێزار و دڵتەنگ بێت ، هەمیشە ناچار و پێویست
و نەدار و چاوەڕوان و دوودڵً و ترساو بێت لە ئایندەى خۆى و ئایندەى
ڕۆڵەکانى .
مەتەڵێکى کوردى هەیە و دەبێژێت : هەر ڕادەکەیت بەدواید و نایگەتێ ! ئەم
مەتەڵە دەقاودەقى بەسەرژیان و گوزەرانى ئێمەى کوردا جێبەجێ دەبێت و
لەمێژە تاکى کورد فریاى کڕین و تێرکردن و مەیسەرکردنى هەموو
پێداویستیەکانى ژیانى ناکەوێت ، بەتایبەتى دواى ڕاپەڕین و دروست بوونى
حکومەتى خۆماڵى و دەسەڵاتى کوردى ...چونکە دواى ڕاپەڕین ئەتمۆسفیر و
کەشوهەوایەک ئافەریدەبوو ، بارگاوى بوو بەئازادى و نەترسانێکى سەدا
سەدى لەئایندە و لەفەوتان ..کرانەوە و سنووربەزاندنى تاکى کورد ، ئەو
دۆخەى دروستکرد لە پێداویستى و ئامرازى تەکنۆلۆژیاى نوێ بەکاربێنێ و
ماڵەکەى خۆى لێ پڕبکات کە لەسەردەمى دیکتاتۆریدا لێى بێبەش بوو ،
سەتەلایت و مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و ئۆتۆمبیلى مۆدێل بەرز و
ڤێل و کۆشکى گەورەتر و قەشەنگتر لەجاران و چەندان پێداویستى دیکەى
ژیانى نوێن و تاکى کوردى هاوچەرخ قەناعەت و چاوتێرى جارانى نەماوە ،
بەڵام ڕەنگە ئەم خەسڵەتەش تەنها دووچارى تاکى کورد و ئەم دەڤەرە
نەبووبێتەوە بەڵکو باهۆزى جیهانگیرى بەسەرهەموو دونیادا پەرش و بڵاوى
کردۆتەوە و جیهان وەکو گوندێکى بچکۆلەى لێهاتووە و لەناوەرۆک و
لەڕوخسار و لەڕەفتار و لەگوزەراندا لەیەک دەچن، تەنیا
و تەنها گەندەڵى و بێ خزمەتگوزەرانى نەبێت کەتەنه و تەنها کوردستانە
بێبەختەکەى ئێمەى گرتۆتەوە .
تاکى کورد چۆن دڵتەنگ و بێزار و تووڕە و بێئومێد نابێت لە هەرێمێکدا
کەچۆڕێک کارەبا و جامولکەیەک ئاو و مەنجەڵێک نەوتى تێدا نەبێت و
پەیداکردنێک بڕست و هێز لەمرۆڤ ببڕێت ... مرۆڤى کوردى ئەمڕۆ هەر لەخەو
هەڵدەستێت کارەباى نییە بەرچاوى خۆى ببینێ ، دەست بۆ بەلوعە و
دەستشۆرەکەى دەبات ئاوى پێدا نایەت یان لەشەختە و سەهۆڵبەندا
بەستوویەتى یان تەقیوە و شکاوە ، دێتە کۆڵان ، قوڕ و چڵکاوە و شارەوانى
بۆى قیرتاو نەکردووە ، هەتادەگاتە سەرجادە و چاوەڕێى پاسى نەفەر هەڵگر
ئەکات ، کەپاش نیو کاتژمێر ئەگاتە لاى و جمەى دێت لەنەفەرى قوڕاوى و
چڵکن ، چونکە لە کۆڵانەکانى سەردەمى هۆلاکۆوە هاتووە و نزیکەى مانگێکە
خۆى نەشۆریوە ، لەبێ کارەبایى و بێ ئاوى و سووتەمەنیدا ، لەجیاتى بۆنى
عەتر و گوڵاو ، بۆگەنى چڵک و دوکەڵى سۆپاى نەوتى پیسى لێ بەرز دەبێتەوە
.
ئەم مرۆڤە کە لە مرۆڤى سەردەمى نێندەرتاڵ دەچێت خۆى و خێًزانەکەى و
مناڵەکانى هەر سکاڵا و گازەندەیانە لەدەست
نەبوونى و قاتوقڕى و گرانى و سەرما و سۆڵە و
سەختى و ناخۆشى ژیان ...! ڕەنگە لەهاویندا قاڵبێ سەهۆڵ و دانیشتن
لەباخچە و ژێر سێبەر و باوەشێنێک و خواردنى قاشێک شووتى سارد فێنکى و
سازگارییەک بەدڵ و دەروونى ببەخشێ ، ڕەنگە لەهاویندا چوون بۆ سەیران و
گەڕان بەهاوینە هەوارەهەتیووە و گران و بێ خاوەن و بێ پاسەوانەکانماندا
تۆزێک ئاسوودەیى و بەختەوەرى و قەترەیەک حەسانەوە و پشوومان پێ ببەخشێ
، بەڵام هەرگیز لەزستاندا ، زستانى کوردستانى بێ کارەبا
و بێ ئاو و بێ سووتەمەنى و گرانیدا دانیشتنى بەردەم سۆپاى کزوڕیوەڵە
ئاسوودەیى و بەختەوەریمان پێنابەخشێت بەتایبەت کەشەوانى زستان
درێژوتاریکن ، بەتایبەت کوردستانێک کەشەوانى زستانى ماڵەوەت لێدەکات
بەگۆڕێکى زیندووى ساردوسڕ ..ئەگەر حکومەتێک گەندەڵ نەبێت ویاسا و
ویژدانى کۆمەڵایەتى و دادوەرى و یەکسانى پێشێلکار نەبێت، بیر لە
هاوڵاتى و هاونیشتمانى و هاونەتەوەیى خۆى دەکاتەوە .. بیر لەژیانى
ملیۆنان دەکاتەوە نەک زیندە بەچاڵکردنى تاکەکانى لە گۆڕێکدا کە دڵتەنگى
و بێزارى و بێ ئومێدى زیاتر هیچیکەى لێ نادروویتەوە .
تێبینی:خوێنەرى
بەڕێز:نووسینى ئەم بابەتە هاندان و
سکاڵاى زۆرێک لەرۆشنبیر و
برادەران و خزمانى شارى سلێمانى بوو لەدەست ئەم
زستانە زستانى(٢٠٠٩)
|