په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١١

زیاتر لە ١٠٠ پێشێلکاریی و هەراسانکردن دژ بە رۆژنامەنووسان.

 


سلێمانی، 3ی نیسان، 2011: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان نیگەرانە لە بەردەوامبونی پێشێلکاریی بە رۆژنامەنووسان، کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەیان پێشێلکاری ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدا بێدەنگی حکومەت و بەرپرسان لە ئاست ئەو پێشێلکارییانە مایەی نیگەرانین و قابیلی قبوڵکردن نیین.

لە رۆژی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە 17ی شوباتەوە سەنتەری میترۆ زیاتر لە 100 حاڵەتی پێشێلکاریی دژ بە رۆژنامەنووسان تۆمارکردووە لەوانە بریندارکردن و دەستگیرکردن و لێدان و رێگریکردن و شکاندنی کامێراو دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی. لەنێو ئەو حاڵەتانەدا، دەستگیرکردنی دانا بەکر، بەرپرسی بەشی کامێرای کەناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستگیکراوەو تا ئێستا ئازادنەکراوە.

هەروەها رۆژی 15ی ئازار لە شارۆچکەی سەید سادق، لە کاتی خۆپیشانداندا هێرشکرایە سەر زانا عەلی پەیامنێری KNN کە بە پێی راپۆرتی پزیشکی پەراسویەکی شکاوە و یەکێکی تەریان درزی تێبووە. شەوی 25ی ئازار لە شاری رانیە چەند کەسێک هێرشیانکردوەتەسەر هەڵگورد ئەحمەد، سەرنوسەری گۆڤاری زنار، و بە فیشەک برینداریانکردووە. رۆژی 1ی نیسان لە شاری سلێمانی، بە هۆی پیاکێشانی پارچە بلۆکێکەوە قاچی چەپی ئالان جەلال، کامێرامانی کەناڵی گەلی کوردستان، بریندارکراوەو بەوهۆیەوە تا ئێستاش لەماڵەوە کەوتووە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان نیگەرانە لەوەی کە زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون. سەنتەری میترۆ داوا دەکات کە بەپرسان دەستبەجێ سەرکۆنەی ئەو پێشێلکاریانە بکەن و رێنمایی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەربکەن کە چیتر پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامنەدەن، هەروەها رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو کەسێک بگیرێتەبەر کە هێرش دەکاتەسەر رۆژنامەنووسان.

پاش ئەوەی لە رۆژی 20 شوباتدا، سەنتەری میترۆ نزیکەی 30 حاڵەتی پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەدا کۆمەڵێکی تر لەو پێشێلکارییانە بڵاودەکەینەوە کە سەنتەری میترۆ، بە هاوکاری کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن، لێیان ئاگادارە.

داوا لە هەموو رۆژنامەنووسان دەکەین کە بۆ تۆمارکردنی پێشێلکاری بەرامبەریان پەیوەندی بە سەنتەری میترۆوە بکەن.

سەنتەری میترۆ لە رێگەی شەریکەکانی لە رێکخراوە جیهانییەکان بەردەوامبوە لە پەیوەندیکردن و ئەنجامدانی دیدار سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان.

ئەو پێشێلکارییانەی کە سەنتەری میترۆ لێیان ئاگادارە:


• سەباح نورى، هەواڵساز لە رادیۆ نەوا، رۆژى 19ی شوبات لە فلکەى ئاسکەکە و لەکاتى رووماڵکردنى خۆپیشاندانەکانى شارى سلێمانى وەک نێردراوى رادیۆ، لەلایەن چەندین کەس لێیدراوە، "ئەو کەسانەى لێیاندام چەندین جل و بەرگى جیاوازیان پۆشیبوو، بەشێکیان پێشمەرگە بوون و جلى کوردییان پۆشیبوو، ئەوانەى دیکەش بە جل و بەرگى بەرگرى شارستانییەوە بوون. جگە لە لێدانێکى زۆر کامێرا و میمۆرییەکەیان لێم برد، بەڵام دواتر هەردووکیان گەڕاندەوە." هەروەها رۆژی دواتریش لە لە فلکەى خانەقا و نزیک بانکى کشتوکاڵ و لەکاتى رووماڵکردنى خۆپیشاندانەکانى شارى سلێمانى لێیدرا، "لە ناو پەخشى راستەوخۆ بووم و قسەم دەکرد کاتێک هێزە ئەمنییەکان هاتن و منیان پاڵنا و لێیاندام."

• حەیدر عومەر، وێنەگر لە ئاژانسی میترۆگرافی، وتی کە رۆژی 19 ی شوبات، چەند چەکدارێک میمۆری کامێراکەیان لێسەندووە.

• هۆگر کەمال، لە رۆژنامەی ژیانەوە و رادیۆی مەدەنیەت، وتی کە رۆژی 19ی شوبات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ماوەیەکی کاتی دەستگیریانکردوەو کامێراکەیان لێسەندوەو پاشان بۆیان گەڕاندوەتەوە.

• شەوقى کانەبى، بەڕێوەبەرى پێشووی نووسینگەى کەناڵى ئاسمانى KNN لە شارى هەولێر، بە سەنتەرى میترۆى راگەیاند کە رۆژى 20ی شوبات، لە رێگاى ناردنى نامەیەک بۆ ئیمەیڵەکەی هەڕەشەی لێکراوەو هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. هەروەها وتی کە رۆژی 23ی ئازار نامەیەکی تری بۆ هاتووەو بە ناوی "گرووپی گەنجانی هەولێر"ەوە جارێکی تر هەڕەشەی لێکراوە.

• شەوی 20ی شوبات، نزیکەی 50 چەکدار هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی ئاسمانی نالیا و تەقەیان کرد لە ئامێرەکانی پەخش و پاشان ئاگریان لە تەواوی بینا سێ قاتییەکە بەردا. لەو هێرشەدا یەکێک لە پاسەوانەکانی تەلەفزیۆنەکان برینداربوو.

• محەمەد هاشم، بەڕێوەبەرى کەناڵى ناوخۆیى گۆڕان لە هەولێر، بە سەنتەرى میترۆى وت کە رۆژی 20ی شوبات، بە چەند ژمارەیەکی جیاواز لە رێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەو سوکایەتی پێکراوە، "داوایان لێکردم هەولێر بەجێبهێڵم و بچمە سلێمانی، چونکە بەپێى قسەکانى ئەوان گێرەشێوێنم. بۆیە دواى ئەم هەڕەشانە ماوەى 12 رۆژ لە سلێمانى مامەوە و پاشان هاتمەوە بۆ هەولێر. بەڵام لەو ماوەیى لە سلێمانى بووم ژمارەى کۆڕەکەکم داخستبوو، کە هاتمەوە بۆ هەولێر لە 8/3بە ژمارەیەکى نەناسراوى دیکە هەڕەشەى کوشتنم لێکرا."

• ماڵپەری هەواڵی کوردیو، رایگەیاند کە رۆژی 20ی شوبات، چەند چەکدارێکی دەموچاو چاوداپۆشراو لە شەقامی پیرەمێرد هێرشیانکردوەتەسەر پەیامنێر بەڵێن عوسمان و ئازاریانداوەو پاشان کامێراکەیان شکاندووە.

• زانا حەمە غەریب، پەیامنێری رۆژنامەی میدیا، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە رۆژی 20ی شوبات، لە نزیک فولکەی مامەڕیشە لە شاری سلێمانی، لەلایەن هێزێکی چالاکی مەدەنییەوەو کامێراکەی شکێنراوە.

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند کە رۆژی 21ی شوبات، لەناو زانکۆدا لەلایەن بەرپرسێکەوە هەڕەشە لە عەگید سەلیم، پەیامنێری کەناڵی نالیا، کراوەو تۆمەتبارکراوەی کە کەناڵەکەی "نزیکە لە گۆڕان".

• ماڵپەری رۆژنامەی ئاوێنە لە زاری سیروان غەریب، کارمەندی تەلەفزیۆنی نالیا، رایگەیاند کە شەوی 21ی شوبات، چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقان بەسەر بینای کەناڵی نالیا کردووە.

• رۆژی 21ی شوبات لە شەقامی مامۆستایان لە شاری سلێمانی چەند چەکدارێک هێرشیانکردەسەر زمناکۆ ئیسماعیل، پەیامنێری رۆژنامەی رۆژنامە، و کامێراکەیان شکاند. هەروەها زمناکۆ وتی کە رۆژانی 13 بۆ 18 ئازار چەندین جار لەرێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لێکراوە، "ژمارەکان نەناسراون پێم دەڵێن وێنەکانتکێشەیان بۆ پارتی دروستکردوە و ئەتکوژین"

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند کە رۆژی 22ی شوبات لە بازگەی دێگەڵە رێگەنەدراوە تیمی کەناڵی KNN بچەنەوە ناو شاری هەولێر پاش ئەوەی بەکارێکی رۆژنامەنووسی چووبوونە شاری کۆیە.

• رۆژی 22ی شوبات، کۆمەڵێک کەس هێرش دەکەنەسەر هەردی ئەبوبەکر، پەیامنێری کەناڵی کوردسات لە چەمچەماڵ و برینداری دەکەن. هەردی بەهۆی برینەوە پێنج تەقەڵ بە هەردوو دەستیەوەیەو هەروەها گوێیشی برینداربووە.

• داهێن هاشم، بەڕێوەبەرى پێشووى نووسینگەى رۆژنامەى رۆژنامە لە هەولێر، بە سەنتەرى میترۆى راگەیاند کە رۆژی 23ی شوبات، لە رێی پەیوەندیەکی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی "سوتاندنی خۆت و ماڵ و منداڵ" ی لێکراوە.

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رۆژی 24 شوبات لە زاری رۆژنامەنووس لەتیف فاتح فەرەج رایگەیاند کە لەرێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، "پاش ئەوەی لەچەند میدیایەکەوە لەسەر رووداوەکانی ئەمدواییە قسەمکرد."

• رۆژی 25ی شوبات لە هەولێر بە نامەو تەلەفون و ئیمەیڵ هەڕەشە لە بەرزان عەلی، پەیامنێری رۆژنامەی رۆژنامە لە هەولێر، کراوە.

• فەرمان محەمەد، پەیامنێرى کەناڵى ئاسمانى نالیا لە شارى هەولێر، بە سەنتەرى میترۆى وت کە سەلەبەیانی رۆژی 25 شوبات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نەناسراودا ئاگادارکراوەتەوە کە رووماڵی ئەو خۆپیشاندانە نەکات کە بڕیاربوو ئەو رۆژە لە بەردەم بازاڕى نیشتیمان ئەنجام بدرێت. فەرمان وتی کە رۆشتووە بۆ ئەو جێگەیە، لە لایەن "ئەندامێکی پارتی دیموکرات" و لە چەند شوێنێکەوە چاودێری کراوە. هەروەها رۆژی 10ی ئازار لە لەرێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لێکراوە بەناوی گروپی "گەنجانى سەربەخۆى هەولێر" فەرمان وتى "پێیان راگەیاندم ژیانم لە مەترسیدایە و دەبێت واز لە نالیا بهێنم، ئەگەرنا دەمکوژن."

• نیاز عەبدوڵڵا، بەرنامەساز و هەواڵنێر لە رادیۆ نەوا، هەروەها ئەندامى دەستەى کارگێڕى سەنتەرى میترۆ رۆژى 25ی شوبات، لە کاتى رووماڵکردنى ئەو خۆپیشاندانەى، کە بڕیار بوولە بەردەم بازاڕى نیشتیمان ئەنجامبدرێت و پاشان بوو بە گردبوونەوەى لایەنگرانى پارتى دیموکراتى کوردستان ، لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا دوو کەس کە جلى مەدەنیان پۆشیبوو لێی نویک بوونەوەو یەکێیان راستەوخۆ مۆبایلەکەى لێسەندو دایخست و کەوتە سەرکۆنەکرن و سوکایەتى و جنێودان پێی، "لەو کاتەى کە قسەشى لەگەڵ من دەکرد تەلەفۆنێکى پێبوو و دەیوت "سەیدى ئەوە پێمگۆت". پاش داوالێکردنی بۆ بەجێهێشتنی ئەو شوێنە، هەروەها هەڕەشەیان لێدردووە کە دەستدرێژیدەکەنەسەر، "وتى ئەگەر لێرە نەڕۆى هەرچى گەنجى ئەو شارەى هەیە لێت خڕ دەکەمەوە ئەوجا هەرچى خراپە با پێت بکەن."

• شوان سدیق، لە دەستەى نووسەرانى گۆڤارى سڤیل، وتی کە رۆژی 25ی شوبات، لە کاتى گردبوونەوەى لایەنگرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەولێر لەلایەن چەند کەسێک، کە جلى مەدەنییان پۆشیوە بە زۆر ریکۆردەرەکەى لێسەندراوە، "چوار کەس، کە یەکێکیان جلى کوردى و ئەوانەى دیکە جلى مەدەنیان پۆشیبوو و دەمانچەشیان پێبوو بە زۆر ریکۆردەرەکەیان بە بەرچاوى پۆلیسە ئامادەبووەکانى ئەوێ لێبردم."

• رۆژنامەنووس ئارى عوسمان وتی کە رۆژی 25ی شوبات، لە کاتى گردبوونەوەى لایەنگرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەولێر، لەلایەن چەند کەسێک بە جل و بەرگى مەدەنى بەزۆر کامێراکەى لێدەسەندراوە، "دواى ئەوەى وێنەى یەکێک لەو گەنجانەم گرت، کە لەلایەن لایەنگرانى پارتى لێى درا. زیاتر لە 10 کەس بە جلى کوردى و مەدەنییەوە لێم کۆبوونەوە و بە زۆر کامێراکەیان لێسەندم و دواى سێ سەعات کامێراکەیان پێدامەوە. بەڵام ئەو وێنانەیان سڕیبوەوە، کە وێنەى لێدان بوو لەو گەنجە. هەندێک لەو کەسانە بە منیان دەوت ئاژاوەگیڕ و مەنونبە بەوەى کە تەنها کامێراکەمان لێسەندى."

• کاوە ئەحمەد، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان، کە لە گەرمیان دامەزرێنراوە، را گەیاند کە رۆژی 25ی شوبات لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشانداندا لە کەلار هێزێکی پێشمەرگە کەوتونەتە لێدانی و بەو هۆیەوە ماوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

• پەیامنێر پشتیوان جەلال و وێنەگر سەنگەر حەمید لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە و عەبدولرەحمان نەریمان، وێنەگری کەناڵی KNN، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند کە رۆژی 25ی شوبات لە کاتی رووماڵی خۆپیشانداندا لە کەلار هێزێکی پێشمەرگە تەقایان لیکردوون و لە شوێنی خۆپیشاندانەکە دووریان خستوونەتەوە. سەنگەر حەمید وتی کە بۆ رۆژی دواتریش لەلایەن هەمان هێزەوەو قسسەی ناشیرینی پێوتراوەو سوکایەتییان پێکردووە، "لە کاتێکدا باجی کاری رۆژنامەنووسیم لە ملدابوو... سەبازەکان لە سنگ و پشت و ناوشانمیاندا و کانێراکەمیان برد."

• زانیار ئەسعەد، پەیامنێرى کەناڵى ئاسمانى سپێدە لە هەولێر، وتی کە رۆژى 26ی شوبات، بۆ ئەنجامدانى راپۆرتێک لەسەر ناردنەوەی خوێندکاران لەگەڵ سەیاف ئەحمەد، وێنەگری کەناڵەکە، دەچن بۆ پەیمانگاى تەکنیکى هەولێر و لەوێش لەلایەن پاسەوانەکانەوە سوکایەتى پێدەکرێت و رێگاى کاردنى پێنادرێت، "نەیانهێشت ئێمە هیچ کارێک بکەین و وتیان ئەگەر لێرە دەڕۆن باشە ئەگەرنا کامێراکەتان دەشکێنین."

• رۆژی 26ی شوبات لەکاتی خۆپیشاندانی قەزای سەید سادق لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سەید سادق هێرشکرایە سەر رۆژنامەنوس توانا شارەزوری و زانا عەلی پەیامنێری کەناڵی کە ئین ئین لێدران.

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رۆژی 26 شوبات لە زاری سۆران ئەحمەد، پەیامنێری هاوڵاتی، رایگەیاند کە هێزێکی جلڕەش لە نزیک باخی گشتی لە شاری سلێمانی سوکایەتی پێکراوەو "کامێراو مۆبایل و باجی رۆژنامەی هاوڵاتی و سەندیکای رۆژنامەنووسانی" لێسەندراوە و رۆژی دواتر ستافی هاوڵاتی لە هۆبەی ئۆپەراسیۆن لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش کەلوپەلەکانیان وەرگرتوەتەوە.

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رۆژی 26 شوبات رایگەیاند کە رۆژنامەنووسان عیرفان ئەحمەد و ئەنوەر عەرەب و سەلام حاجی عەلی و ناسیح عەبدولرەحیم، لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەڵەبجەی شەهید بۆ ماوەیەی نیو سەعات دەستگیرکراون.

• بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 26ی شوبات لە رێی کورتەنامەیەکەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و تێیدا هاتووە، "زۆر نابات بە سزای دەم درێژییەکانت دەگەی."

• سەرکەوت سەلام، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 26ی شوبات لە کاتی رووماڵی خۆپیشانداندا لە کەلار هێزێکی پێشمەرگەوە لەبەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم "بەقۆناغە تفەنگ پەلاماردرام و بە توندی بە زەویدا درام و ژێرپێخرام، شوێنەواری ئەشکەنجە بەپشت و سنگمەوە هەیە."

• ماڵپەری رۆژنامەی هاوڵاتی رۆژی 27ی شوبات لە زاری رۆژنامەنووس ئالان ساحێبقران، پەیامنێری رۆژنامەکە لە هەولێر، رایگەیاند کە 12 ئەندامی ئاژانسی پارستن لێیانداوە و ئازاری زۆری پێگەیشتووە.

• ماڵپەری هەواڵی کوردیو، رایگەیاند کە رۆژی 28 شوباتەوەو بۆ چەند رۆژێک لەلایەن ژمارەیەکی ئاسیا سێڵەوە هەڕەشەی کوشتن لە سوارە بیلال، وێنەگری کەناڵی سپێدە لە چەمچەماڵ، لێکراوە.

• رۆژی 28 شوبات چەند کەسێک لە سەرای سلێمانی هێرشیانکردەسەر مەریوان قەرەداغی، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کوردسات، کەوتنە ئازاردان و سوکایەتی پێکردن.

• مستەفا عەبدوڵا، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام لە گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 1ی ئازار، لە کاتی رووماڵی خۆپیشانداندا لە کەلار ئەفسەرێکی ئاسایشی گەرمیان و ژمارەیەک پاسەوانی کامێرای ڤیدیۆییان لێسەندووەو پاش دوو سەعات کامێراکەیان پێداوەتەوە بەڵام شریتەکەیان سڕیوەتەوە. هەروەها رۆژی 9ی ئازار لەلایەن هێزێکی دەمامک بەسەر رێگری لێکراوە رووماڵی خۆپیشاندانێکی تر بکات.

• پەیامنێر ئەسعەد موحەمەد و وێنەگر سەنگەر حەمید لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە کەلار، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند کە رۆژی 3ی ئازار کاتژمێر 2:35 خولەکی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم نووسینگەی کەناڵەکە لەلایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشی گەرمیانەوە "رفێنراون" و پاش سوکایەتیپێکردن براون بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەیمیان و هەڕەشەیان لێکراوەو ئازاردراون.

• ئەسعد عەلی ئیسماعیل، سەرنوسەری گۆڤاری بۆچون، وتی کە رۆژی 4ی ئازار چەند چەکدارێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڕەشەیان لێکردووە. هەروەها وتی کە هەڕەشەکان پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە سوتاندنی کەناڵی نالیا بووە.

• شاسوار مامە، پەیامنێری کەناڵی KNN، وتی کە رۆژی 5ی ئازار لە رێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لێکراوە.

• ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ، بەسەنتەری میترۆی وت کە کاتژمێر دووی بەرەبەیانی 6ی ئازار،کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتاوەتەسەر رادیۆی دەنگ لە کەلار و زۆربەی کەلوپەلەکانیان تێکشکاندوەو بەشێکی تریشان لەگەڵ خۆیان بردووە. هێرشەکە بووتەهۆی لەکارکەوتنی رادیۆکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک.

• فەریق حەمەساڵح، بەڕێوەبەری دەنگی یەکگرتوو رادیۆی گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 7ی ئازار لەرێی کورتەنامەیەکەوە هەڕەشە لە کارمەندانی رادیۆکە کراوە. هەروەها رۆژی 10 ئازار لەرێی کورتەنامەوە هەڕەشە لە خۆی کراوە.

• هەژار ئەنوەر، پەیامنێرى کەناڵى ئاسمانى KNN، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار لە رێی کورتەنامەوە، کە بۆ براکەی نێردراوە، بە ناوی گروپی "کەنجانی توڕەی هەولێر" هەڕەشەی لێکراوە. هەژار وتی کە لە "رۆژى 17ى شوبات لەو کاتەى کە بارەگاى گۆڕان و رادیۆى گۆڕان سوتێندران، من لە ماڵى خۆمان نەماومەتەوە و شەوان لە شوێنى جیاواز دەخەوم."

• سەرکەوت سەلام، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار لە ناو بازاری کەلار لە لایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشەوە دەستگیرکراوەو پاش سوکایەتی پێکردن لە لە ناوچەیەکی دەرەوەی کەلار ئازادکراوە.

• هێمن عومەر، بێژەری دەنگی یەکگرتوو رادیۆی گەرمیان، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار لە کاتی گەڕانەوەی لەسەر کار لە لایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشی بنکەی رزگاری سوکایەتی پێکراوەو بە قۆناغەتفەنگ لێیدراوەو بۆ ماوەی چەند سەعاتێک دەستبەسەرکراوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشانداندا.

• کاوە ئەحمەد، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە لە کەلار، بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار لە ناو بازاری کەلار لە لایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشەوە هێرشی کراوەتەسەر بە تۆمەتی ئەوەی کە بەیاننامەی دابەشکردووە، هاوکات کاوە ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.

• ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ لە کەلار، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار، چەند کارمەندێکی چەکداری ئاسایش بە بیانووی ئەوەی کە چەند خۆپیشاندەرێک بەرەو بینای رادیۆکەیان هەڵهاتوون، چوونەتە سەر رادیۆکەیان.

• گەرمیان حەمە پور، پەیامنێری کەناڵی KNN لە کەلار، بە بە کەمپینی نا بۆ هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رۆژی 9ی ئازار لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندا لە ناحیەی رزگاری لەگەڵ وێنەگری کەناڵەکە عەبدولرەحمان نەریمان لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک دەستگیرکراون و هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر بەردامبێت،"ڕەمی" دەکرێت.

• رۆژی 15ی ئازار لە شارۆچکەی سەید سادق، لە کاتی خۆپیشانداندا هێرشکرایە سەر زانا عەلی پەیامنێری KNN و سالار مەحمود پەیامنێری گۆڤاری لڤین. ئەو ئێوارەیە رێکخەری سەنتەری میترۆ سەردانی زانا عەلی کرد کە کە بە پێی راپۆرتی پزیشکی پەراسویەکی شکاوە و یەکێکی تەریان درزی تێبووە. زانا وتی" ئازاری سەر سنگم زۆرە کۆمەڵێک پەلاماریان دام و دوو پەراسویان شکاندم" جەختیکردەوە" داوای یاسایم تۆمار نەکردووە چونکە ئەو کەسانە لەسەرو یاساوەن و پاش ئەو لێدان و ئازارە بە نامەش هەڕەشەم لێدەکەن". سالار مەحمود بە سەنتەری میترۆی ووت، "پاش لێداون و سوکایەتی دەسگیرکرام و پاشان بە کەفالەت ئازاد کرام."

• رۆژی 16ی ئازار، کاروان سالار، سەرنوسەری رۆژنامەی چەتر و رۆژنامەنووس یاسر گوڵی لەکاتی کارێکی رۆژنامەوانیدا لە بەڕێوەبەریەتی نشینگەی سلێمانی بەبیانووی وێنەگرتنی بێمۆڵەت دەستبەسەدەکرێن و پاشان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەندینخانە دەیانگوازنەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی و لەوێش پاش وەرگرتنی وتەی هەردووکیان و سڕینەوەی وێنەکان لەکاتژمێر 9:30 خولەکی شەو ئازاد دەکرێن.

• دانا رەزگەیی، پەیامنێری رۆژنامەی هاوڵاتی لە قەزای سۆران، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە رۆژی 16ی ئازار لەرێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هەرەشەی کوشتن لێکراوە دوای لێکراوە کە شارەکە بەجێبهێڵێت.

• زمناکۆ عەلی مستەفا، وێنەگری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، وتی کە رۆژی 18ی ئازار کۆمەڵێک کەس کە نوێژی هەینیان کردووە لە مزگەوتی حاجی حەسەنی گڵەزەردە لە سلێمانی، کۆمەڵێک کەس هاواریان کردووە بە رووی وتارخوێنی مزگەوتەکە "ئێمە گۆڕانین، نامانەوێت وا قسە بکەیت،" پاشان پاشان "پەلاماری ئێمەیانداو کاسێتی کامێراکەیان لێبردین ونەیانگێڕایەوە."

• پاش بڵاوکردنەوەی نوسینێک لە رۆژنامەی رۆژنامە، رابەر فاریق تۆمەتبارکراوە کە بە ناوزڕاندنى خەڵکى گەڕەکى مەلایانى شارى هەولێر. رۆژی 20ی ئازار لە لاپەڕەکەى خۆى لە فەیسبووک داواى لێبوردن دەکات. هەروەها نووسیویەتی کە تەواوى میدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆنیش ئەویان گۆشەگیر کردووە و داواى لێبوردنەکەیشی بۆ بڵاوناکەنەوە.

• نیوەرۆی 21ی ئازار لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان و لەکاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانێکی کەسوکاری گیراوەکانی گرتووخانەی محتەی هەولێر هێرشکرایە سەر تیمێکی کەناڵی ئاسمانی KNN. هەژار ئەنوەر، پەیامنێری KNN، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند " چەند چەکدارێکی مەدەنی بە کلاشنکۆف و دەمانچەوە بەبەرچاوی پۆلیسیەوە رێگریان لێکردین و ئەفسەرێکیان جوێنی پێداین و پەلاماری وێنەگرەکەی داین و لێید و دەستیانگرت بەسەر کامێراو مۆبایل و ئۆتۆمبێلی کەناڵەکەمان" جەختیکردەوە" ئەو تیمە هەمومان شوفێرو وێنگرو پەیامنێر خەلێکی هەولێرین کەچی ئەفسەرەکە بریاری دەرکرد ببرێنە دەرەوەی بازگەی هەولێرو لە سنوری شارەکە نەمێنین رێگەشمان پێنەدرێ بگەڕێنەوە ناو هەولێر" رونیشیکردەوە" پاشان گواستراینەوە بۆ پۆلیسی فریاکەتنی هەولێر ئەوان مامەڵەیان باش بوو لەگەڵمان کەلوپەلەکانمان درایەوە بەڵام هەموو وێنەکانمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکەوە سڕێنرابونەوە."

• بەرقى ئیسلام، پەیامنێرى کەناڵى ئاسمانى سپێدە لە ناوچەى ئامێدى، رۆژى 22ی ئازار لە کاتى گەڕانەوەى لە سەیران لەگەڵ خێزانەکەى دەدرێتەبەر دەستڕێژى گوللە بەرقى بە سەنتەری میترۆی وت، "لەگەڵ خێزانەکەم و براکەم، کە منداڵیشمان پێبوو لە نێوان شێلادزێ و سێرێ ئوتومبێلێکى نەناسراو لە جۆرى هیونداى سپى بە رووى ئێمە هات و لایتەکانى کوژاندەوە و بە گوللە دەستڕێژى لە ئوتومبێلەکەى ئێمە کرد. ئوتومبێلەکەمان 8 گوللەى بەرکەوتووە."

• هەنگاو هاشم، بەڕێوەبەرى نووسینگەى رۆژنامەى رۆژنامە لە هەولێر، شەوى 23ی ئازار لەلایەن ئوتومبێلێکى نەناسراو لە هەولێر دەستڕێژى گوللەى بەسەردا دەکرێت. هەنگاو وتی، "لە کاتى گەڕانەوەى خۆم و خێزانەکەم لە بازاڕى ماجدى مۆڵ، کاتژمێر 10ى شەو لە شەقامى بنەسڵاوەى پشت بازاڕکە ئوتومبیلێکى نەناسراوى سپى جام رەشى قەمەرە کە ئاڵایەکى پێوە بوو. لە دواوە هۆڕنێکى زۆرى لێداو فول لایتى پێکرد منیش هاتمە دەستە راستى شەقامەکە و هیواشم کردەوە لەگەڵ هیواش کردنەوەى من نزیک بۆوە و دەستڕێژى گوللەى بەسەردا کردین و بە خێراییەکى زۆر رۆیشت."

• رەنگین سەلام، پەیامنێری کوردسات لە هەڵەبجەی شەهید، کە رۆژی 15ی ئازار لەبەردەم نەخۆشخانەی هەڵەبجە هەڕەشەی لێکراوە. رەنگین وتی، بە سەنتەری میترۆی وت، "لەلایەن چەند هاوڵاتییەکەوە کە خزمەکانیان لە خۆپیشاندانی ئەو رۆژەدا بریندار بوبوون لە بەردەم نەخۆشخانەی هەڵەبجە هەڕەشەم لێکرا پاشان پۆلیسەکان پاراستمیان و بۆماوەی دوو سەعات نەمتوانی لە نەخۆشخانە بێمە دەرەوە."

• ماَلپەری هەواڵی سبەی، رایگەیاند کە رۆژی 25ی ئازار ئەمیر ئەبوبەکر، وێنەگری کەناڵی KNN لە هەولێر، بۆ ماوەی دوو سەعات و لەلایەن پۆلیسی فریاکەتنەوە بەبێ هیچ تۆمەتێک دەستگیرکراوە، "بە ئۆتۆمبیل دەڕۆشتن، ئاگاداربووم ئۆتۆمبیلێکی تەکسی بەدوامەوەبوو.... هاتەبەردەمم و رایگرتم، کەسێک بە جلی سەربازییەوە وتی تۆ دەبێت بگیرێیت."

• هەڵگورد ئەحمەد، سەرنوسەری گۆڤاری زنار، وتی کە شەوی 25ی ئازار لەگەرەکی کێوە ڕەش لە شاری رانیە هێرشکرای کراوەتەسەر، "نازانم چەند کەس بن بەڵام گوێم لە تەقە بوو 3 فیشەک تەقێنرا 2 فیشەکم بەرکەوت" جەختیکردەو" دوژمنایەتیم نییە لەگەڵ کەشس تا گومانم لە کەسَێکی دیاریکراو هەبێت."

• نەشمیل موحەمەد، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کوردستان، وتی کە رۆژی 19ی ئازار لەناو یاریگای یانەی پێشمەرگە لە سلێمانی لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرشیکرایە سەر بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە پارێزگاری لێکرا، "من پەیامنێری وەرزشیم هاتبوم روماڵی هەواڵی وەرزشی بکەم چ پەیوەندییەکم هەیە بە سیاسەتەوە جوێیان پێدام و هێرشم کرایەسەر."

• عەبدولرەحمان ئەبو بەکر، پەیامنێری کەناڵی KNN، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە سەرلەبەیانی رۆژی 31ی ئازار، لە بازگەی دەبەندیخان بەرپرسان رێگەیان لێگرتون لە رۆیشتن بۆ شاری کەلار بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانێک کە لەو شارەدا بەڕێوەچوو، "پێانوتین ئەمری سەرو خۆمانە، ئێمەش ناچار بوین لە رێگەیەکی نارەسمیەوە بچینە ناو شاری دەربەندیخان و پاشانیش بۆ کەلار."

• ماڵپەری هەواڵی سۆمەرییە رایگەیاند کە رۆژی 31ی ئازار، هێزەکانی ئاسایش لە بازگەى شارۆچکەی دەربەندیخان رێگریانکردووە لە تیمێکی کەناڵی ئاسمانی سۆمەرییە لە رۆشتنیان بۆ شاری کەلار بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانێکی ئەو شارە.

• ماڵپەری سبەی، رۆژی 31ی ئازار، رایگەیاند کە لەکاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانی کۆمەڵێک خوێندکار لە دهۆک، کە ناویان بۆ تاقیکردنەوەی بەرایی دەرنەچووبوو، لوتفی دۆسکی، پەیامنێری ماڵپەڕەکە لەلایەن فەرمانبەرێکی پەروەردەوە هێرشیکرایەسەر، "لەو کاتەدا کە هێرشیکردەسەرم.... پێیوتم هەموو میدیاکانی جیهان لێرەبن ئاساییە، بەڵام نابێت میدیاکانی کۆمپانیای وشە لێرەبن."

• ماڵپەری رۆژنامەی ئاوێنە رۆژی 31ی ئازار لە زاری هەژار ئەنوەر، بەرپرسی نوسینگەی کەناڵی KNN لە هەولێر، رایگەیاند کە چەند چەکدارێک بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەکاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانێکی ژمارەیەک خوێندکار لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر هێرشیانکردوەتەسەر تیمێکی کەناڵەکە، مەریوان مەلاحەسەن، وێنەگرەکەی و کامێراکەیان شکاندوون، "ئەم کارە بە بەرچاوی هێزێکی زۆری پۆلیسەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون لەو هێرشە.

• ئالان جەلال، کامێرامانی کەناڵی گەلی کوردستان، وتی کە رۆژی 1ی نیسان لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، بە هۆی پیاکێشانی پارچە بلۆکێکەوە قاچی چەپی بریندارکراوەو بەوهۆیەوە تا ئێستاش لەماڵەوە کەوتووە.

• بەرپرسانی کەناڵی ئاسمانی نالیا، بە سەنتەری میترۆیان راگەساند کە رۆژی 1ی نیسان، ئاڤار حامید، وێنەگری کەناڵەکە، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی سەعاتێک لەلایەن هێزەکانی ئایشەوە دەستگیرکراوە.

• دانا بەکر، بەرپرسی بەشی کامێرای کەناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستگیکراوە. هاوکارانی دانا بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند کە بەپێی زانیارییەکانیان دانا بەکر بە گرتووخانەی کانی گۆمە زیندانیکراوە.

• ماڵپەری رۆژنامەی ئاوێنە رایگەیاند کە رۆژی 1ی نیسان، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کارمەندی ئاسایشەوە هێرشکراوەتەسەر ژیار موحەمەد، هاوکاری ماڵپەرو رۆژنامەی ئاوێنە، "دوو کەس لە هێزەکانی ئاسایش (لە مەیدانی ئازادی) کە زانییان وێنەدەگرم هێرشیانکردەسەرم و ئاش ئەوەی میللی تفەنگیان لێهێنامەوە بە قۆناغە تفەنگ لێیاندام." هەروەها وتی کە ژمارەیەک خۆپیشاندەر رزگاریان کردووە، "پشت و سکم بەهۆی ئەو لێدانەوە توشی ئازارێکی زۆر بووە."

• رۆژی 1ی نیسان، هێزە ئەمنییەکان لە نزیک بەردەرکی سەرا (مەیدانی ئازادی) هێرشیانکردە سەر چەند ستافێکی رۆژنامەی چەتر. هەر یەک لە زانکۆ سەردار، ئاسۆ خەلیل، و ئاراس عوسمان، پەیامنێرانی رۆژنامەی چەتر، هێرشیانکراوەتەسەر. ئاسۆ وتی کە جگە لە لێدان کامێراکەشیان شکاندووە. ئاراس وتی کە هێزەکان کامێراو باجەی رۆژنامەنووسیان بردووەو تا ئێستا بۆیان نەگەڕاندوەتەوە.

• ئاکۆ موحەمەد، پەیامنێری ماڵپەری دەستوور و ئاژانسی میترۆگرافی، وتی کە رۆژی 1ی نیسان هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردوەتەسەری، "فۆتۆم ئەگرت هاتن کامێراکەیان لێسەندم دوو زللەیان لێدام  و وتیان نابێ رەسمان بگری.".

• ئاکۆ مەجید عەلی، پەیامنێری گۆڤاری هاودەم، وتی کە رۆژی 1ی نیسان، پۆلیس لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لە بنکەکەیان هێشتوویانەتەوەو پاش ئەوەی میمۆری کامێراکەیان لێسەندوە ئازادیان کردوە. ئاکۆ وتی کە پێیوتراوە، رۆژی دواتر میمۆری کامێراکەی دەدرێتەوە، بەڵام کە رۆشتووە بۆ وەرگرتنەوەی دووبارە هێشتوویانەتەوە تا ئەو کاتەی کە مەفرزەیەکی ئاسایش هاتوەو بردوویەتی بۆ ئاسایش، " تەحقیقم لەگەڵ کراو وێنەیان گرتم و ئیمزایان پێکردم کە من بەشداری خۆپیشاندنم نە کردووە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر هێشتیانمەوە.".
______________________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەیڵ: rahmangarib@yahoo.com

سەنتەری میترۆ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک