٢٤\١٢\٢٠١١
زۆربەی
خەلیفەکانی خهلافهتی عەباسیەکان دایکیان (ئوم
وهلهد) بووه، بە
واتا دایکی کوڕان بوون.
عهباس
رۆستهم
لێرەدا بە پێوەستی ئەزانم کە کورتە پێناسەیەک بکەم بۆ وشەی
(دایکی کوڕان) ، بە پێی شەرعی ئیسلام کە
پیاوسالاریی باڵادەستە لە ئایەتێکی قورئاندا
هاتوە
(و
إن خفتم أن لا تقسطوا فى اليتامى فأنكحوا ما طاب لكم من النساء مثنى و
ثلاث و رباع فإن خفتم أن لا تعدلوا فواحدة
أو ما ملكت إيمانكم).
واتا پیاوی موسڵمان بۆی هەیە تا چوار ژن بهێنێت و لەسەروو ئەو چوار
ژنەشەوە بۆی هەیە بێسنور کەنیزەکی هەبێت لە دەستکەوتی جەنگ یاخود بە
کرینیان لەبازاری کرینو فرۆشتنی کۆیلەدا کە کاتیخۆی باو بووهو ئێستاش
لەژێر پەردەی جیاجیادا رەواجی هەیە . خاوەنی ئەو کەنیزەکانە بە پێی ئەو
ئایەتەی سەرەوە بۆیان هەبووه کاری سێکسی لەگەڵ ئەو کەنیزەکانەدا بکەن
و ئەگەر دڵیشیان گرتنی ئەوە دەبنە دایکی کوڕان و بە
(ئوم وهلهد) ناو براون.
خهلافهتی عەباسی، سێهەم قۆناغی خهلافهتە لە ئیسلامدا دوای خهلافهتی
راشدی و ئەمەوی و لە ئەنجامی ڕاپەرینێکی خوێناوی هاتۆتە سەر دەستەڵات
بە سەرکردایەتی پاشماوەی بنەماڵەی (بەنی هاشم) لە خزمانی پێغەمبەرو بە
سەرۆکایەتی عەبدولله کوری عەلی کوری عەبدولله کوری عەباسی (مامی
پێغەمبەر) کوری عەبدوموتەلب کوری هاشم ناسراو بە (ئهلسهفاح) بە واتا
خوێنڕێژ ، دوای ئەوەی لە مانگی رەبیع ئەلئەوەلی ساڵی ١٣٢ی کۆچی لە
لایەن دانیشتوانی شاری کوفەوە (بەیعەی) بۆکراو لەشەرێکی خوێناویشدا دوا
خەلیفەی ئەمەویەکان ناسراو بە (مەروان
ئەلحمار - مەروانە کەر) و ژمارەمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیە ناسراوەکانی
ئەمەویەکان کوژران . بۆیە ئەلسەفاح بەیەکەم خەلیفەی عەباسیەکان
ناسراوەو سەلافەی دایکیشی ئوم وهلهد بووه.
ئەو خەلیفانەش کە لە ماوەی دەستەڵاتی
عەباسیەکان حوکمڕانیانکردوە و ئەوانەشیان کە
دایکیان دایکی کوڕانن ئەمانەن:
١ - ئەلمەنسورکوری ئەبو جەعفەر :- سەلافەی دایکی (ئوم وهلهد) بووه ،
لەلایەن ئەلسەفاحی برایەوە کراوە بە خەلیفە ، پیاوێکی خوێنرێژو
تەماعکارو ئازاو دڵڕەق بووه لە رێگەی کوشتنی ژمارەێیەکی زۆر لە
نەیارانی دەستەڵاتی خۆی سەپاندوە .
٢ - موسا ئەلهادی :- خەیزەرانەی دایکی (ئوم وهلهد) بووه ، خەیزەرانە
ئافرەتێکی هەڵکەوتو بووهو دەستی خستۆتە کاروباری دەستەڵاتەوە .
٣ - هارون ئەلرەشید:- برای موسا ئەلهادیە و
خەیزەرانە دایکیەتی ، پیاوێکی شەڕانگێزو کەسێکی بەدڕەوشتو داوێن
پیسبووه ، زۆریش حەزی لە حەجکردن بووه . (کە مردیش دووهەزار جاریەی
لەدوا بەجێماوەو تەنها یەک ژنی هەبووه - ع)
.
٤ - ئەلمەئمون کوری هارون ئەلرەشیدە : - مەراجلەی دایکی ئوم وهلهد بووە
، پیاوێکی ئیماندارو لە خوداترس بووه ، هەواداری مەزهەبی شیعەکان بووه
.
٥ - ئەلموعتەسەم بیلا کوری هارون ئەلرەشید :- ماردەی دایکی ئوم وهلهد
بووهو لە هەرە هاوسەرە خۆشەویستەکانی هارون ئەلرەشید بووه ، پیاوێکی
بەتوانا بووهو حەزی بە زانستو زانایان بووهو
خۆشی نیمچە خوێندەوار بووه .
٦ - ئەلواسق بیلا کوری هارون ئەلرەشید :- قەراتسەی دایکی ئوم وهلهد
بووه ، یەکەم خەلیفەی عەباسی بووه کە کەسێکی تورکی کردوە بە جێگری
خۆی .
٧ - ئەلموتەوەکل کورەزای هارون ئەلرەشید :- شوجاعەی دایکی ئوم وهلهد
بووه ، لە دژایەتیکردنی بۆ مەزهەبی جەعفەری ( شیعە ) فەرمانیداوە گۆڕی
ئیمام حوسەینی کوری ئێمامی عەلی لە کەربەلاو هەمو خانوەکانی دەوروبەری
تێکبدرێنو زەویەکەشی بکرێتە کێڵگەو زیارەتی گٶڕەکەی حوسەینیشی لە
شیعەکان قەدەغەکردوە ، لەهەمانکاتیشدا فەرمانی دەرکردوە کە دەبێت
مەسیحیەکان تەوقێکی تایبەتی لە ملیان کەن بۆ ئەوەی لە موسڵمانان
جیابکرێنەوەو چوارهەزار کەنیزەکیشی هەبووهو (شانازیشی بەوەوە کردوە کە
لەگەڵ هەموویاندا جووت بووه
- ع) .
٨ - ئەلمونتەسر بیلا کوری ئەلموتەوەکل :-
حەبەشیەی دایکی ئوم وهلهد بووه ، بە پێچەوانەی باوکیەوە پیاوێکی
ژیرو خێرخوازو دادپەروەربووه ، دەستی یارمەتی بۆ عەلەویە شیعەکان
درێژکردوەو لەو زۆرداریەی لێیان ئەکرا رززگاریکردون و زیارەتی مەرقەدی
ئیمام حوسەینی بۆ ئاسانکردون و باخی فەدەکەشی گێڕاوەتەوە بۆ نەوەی
ئیمامی عەلی( ئەو باخەی کە لەدوای قەلاچۆکردنی جولەکەکان و دەرکردنیان
لە مەدینە بووه بەبەشە دەستکەوتی پێغەمبەرلەو جەنگەو دوای مردنی
پێغەمبەر خەلیفە ئەبوبەکر کردیە بەشی خۆی بە بیانوی ئــــــــەوەی کە
پێغەمبـــەر فەرمویەتی الڕنبیاء لا یورپون - بە واتا پێغەمبەران
میراتگریان نیە ئەوکارەشی بووه هۆی رکابەرایەتی فاتمەی کچی پێغەمبەرو
نەوەکانی ئیمامی عەلی و دووبەرەکی لە ناو موسڵمانەکاندا
- ع) .
٩ - ئەلموستەعین بیلا کوری ئەلموعتەسەم کورەزای هارون ئەلرەشید :-
مەحارقەی دایکی ئوم وهلهد بووه ، پیاوێکی زاناو خێرخوازو رەوشت پاک
بووه .
١٠ - ئەلموعتەز بیلا کوری ئەلموتەوەکل :- قەبیحەی دایکی ئوم وهلهد
بووه .
١١ - ئەلموهتەدی بیلا کوری ئەلواسق :-
وەردەی دایکی ئوم وهلهد بووه ، پیاوێکی ئیماندارو دادپەروەر و
ئازابووه
١٢ - ئەلموعتەمد عەلە الله کوری ئەلموتەوەکل :- فەتیانەی دایکی ئوم وهلهدێکی
رۆمی بووه .
١٣ - ئەلموعتەز بیلا :- سەوابەی دایکی ئوم
وهلهد بووه ، پیاوێکی زۆردارو ترسناک و بێبەزەیی بووه لە هەریەکێک
زویر بوبێت زیندەبەچاڵی کردوە، بۆیە ناوی
لێنــــــراوە (ئەلسەفاحی دووهەم) .
١٤ - ئەلموکتەفی باله کوری ئەلموعتەز :- جیجکی دایکی تورک بووهو
پیاوێکی پیاوچاکو دادپەروەر بووه .
١٥ - ئەلموقتەدر بیلا کوری ئەلموعتەز :- لە دایکێکی رۆمی بووه .
١٦ - ئەلقاهر بیلا کوری ئەلموعتەز : - فتنەی دایکی ئوم وهلهد بووه .
١٧ - ئەلرازی بیلا کوری ئەلموقتەدر :- زەلومەی دایکی ئوم وهلهدێکی
رۆمی بووه .
١٨ - ئەلموقتەفی بیلا کوری ئەلموقتەدر :- خەلوبەی دایکی کۆیلە بووه .
١٩- ئەلموتیع لله کوری ئەلموقتەدر :- شەغلەی دایکی ئوم وهلهد بووه .
٢٠ - ئەلقانع لله کوری ئەلموتیع لله :- هەزارەی دایکی ئوم وهلهد بووه
.
٢١ - ئەلقادر بیلا کوری ئەلموقتەدر :- تەمەننی دایکی ئوم وهلهد بووه
.
٢٢ - ئەلقائم بیئهمرلیلا کوری ئەلقادر بیلا
:- بەدر ئەلدوجای دایکی ئوم وهلهدێکی ئەرمەنی بووه .
٢٣ - ئەلموقتەدی بیئهمرلیلا :- ئەرجوانی دایکی ئوم وهلهد بووه .
٢٤ - ئەلموستەرشد بیلا :- دایکی ئوم وهلهد بووه .
٢٥ - ئەلموستەنجد بیلا :- تاوسی دایکی ئوم وهلهد بووه .
٢٦ - ئەلموستەزهر بیلا کوری ئەلموستەنجد :- غەزەی دایکی ئوم وهلهدێکی
ئەرمەنی بووه .
٢٧ - ئەلناسر لدین الله :- دایکی ئوم وهلهدێکی تورکی بووه .
٢٨ - ئەلموستەنسر بیلا :- دایکی جاریەێیەکی
تورکی بووه .
٢٩ ئەلموستەعسم بیلا کوری ئەلموستەنسر :- هاجەرەی دایکی ئوم وهلهد
بووه ، ئەلموستەعسم بیلا دوا خەلیفەی
عەباسیەکان بووه و بێبەرگری خۆیداوەتە دەست
داگیرکەرە مەغۆلەکانی بەغداو لە تۆڵەی ئەوەی بەبێبەرگریکردن شاری
بەغدای داوە بە دەستەوەو وەک سوکایەتی پێکردنێک ، مەغۆلەکان بە پێلەقە
کوشتویانە بە بیانوی ئەوەی شایەنی ئەوە نیە بەشیر بکوژرێتو بە کوشتنی
کۆتایی بە خهلافهتی عەباسیەکان هاتوە.
لە گەشتێکدا بە ناو
پهرتووکی مێژووی خەلیفەکانی ئیمام جەلالهدین
ئەلسەیوتی وەرگیراوە.
ماڵپەڕی عەباس رۆستەم
|