په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٠

زۆریی لە بەرهەمهێنان و ناڕێکیی لە دابەشکردن؟!
- لە کوردستاندا هەلی کار وەکو نموونە -


ستار محەمەد قادر


هەلی کار، یەکێکە لەو تەوەرانەی بۆ ماوەیەک دەڕوات لە میدیا بینراو و بیسراوەکانی کوردستانەوە، بە تایبەتیش کەناڵە ئاسمانییەکان، بە شێوەو شێوازی جۆراو جۆر تیشک دەخرێتە سەری و قسەی لەسەر دەکەن و لە بەرنامەیاندایە ئەوە بە بینەران بڵێن: " ئەوە هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرەن ئەو هەلی کارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیانی رەخساندووە لە کیسی خۆیانی دەدەن و نایقۆزنەوە، نەک بێ کاری باڵی بەسەر ئاسمانی ئەم نیشتیمانەدا کێشابێت"؟! بێ ئەوەی قسە لەسەر ئەو لایەنە گرنگەی ئەو تەوەرە بکەن، لە واقیعدا هۆکاری راستەو خۆیە بۆ ئەو پاشا گەردانییەی وا ئەمڕۆ لە کوردستاندا بۆ زۆرێک لە کۆمەڵانی خەڵکی بێکاری یەکسان کردووە بەرانبەر بە هەلی کار کردن. باشە دەکرێت ئەو بۆ چوون و تێڕوانینەی ئەوان راست بێت، بەڵێ لە واقیعدا هەلی کارکردن بۆ هەموو تاکێک لەم وڵاتەدا رەخساوە، بەڵام بۆ ئەو خەڵکە ئەو هەلە لە کیسی خۆیان دەدەن و نایقۆزنەوە؟! ئەمە ئەو پرسیارەیە دەبێت لە کاتی ورووژاندنی تەوەرێکی وا هەستییاردا بە بێ راکردن لە واقیع وەڵامێکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە!


شتێکی ئاساییە جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان هەلی کارو قووتی رۆژانەی مرۆڤدا. مرۆڤ هەیە بە درێژایی ژیانی بە هێزی ماسوولکەکانی کارێکی زۆر قورس ئەنجام دەدات، بەبێ ئەوەی لە پاداشتی ئەو ماندوو بوونە زۆرەدا ببێت بەخاوەنی سەرمایەیەکی دیاروو بەرچاو. بە پێچەوانەوە هیی وەهاش هەیە بێ ئەوەی لە ماهییەتی ماندوو بوون بگات، دەبێت بە خاوەنی هەموو شتێک!


مرۆڤ هەیە هەموو ژیانی لە ماندوو بووندا خەرج دەکات، بێ ئەوەی بۆ ساتێک بزانێت حەسانەوە چییە؟ هیی وەهاش هەیە لە ژیانیدا بەبێ ئەوەی بە ماندوو بوون ئاشنا بووبێت، لە حەسانەوەو خۆشییەکاندا نغرۆیە! ئەمە ئەو مەتەڵەیە زۆرێک لەوانەی وا لە ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە شتێک نازانن، لە شوێن کردنەوەی گرێ کوێرەکان و هەڵهێنانی مەتەڵەکە، لە شوێن گەڕان بە شوێن میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاریشەیە، دێن بە شێوەیەک وێنەی کوردستان دەگۆڕن و پێشانی دەرەوەی ئەم جیهانەی ئێمەی دەدەن، وەکو ئەوەی خەڵکی ئەم وڵاتە هێندە بێ نمەک بن، بە رۆژی رووناک شەق لە نانی خۆیان هەڵبدەن و بە بێ هیچ جۆرە پاکانەیەکی مەنتیقی سەری خۆیان هەڵ بگرن و زێدی باو باپیرانیان بەجێ دەهێڵن؟!


من لێرەدا بە پێویستی دەزانم، تیشک بخەمە سەر لایەنێک، رەنگبێت راستەو خۆ پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە دەبێت قووتی رۆژانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیردرێ و لە دوای لێکۆڵینەوەیکی ئەکادیمیانە بە سیستم رێک بخرێت، چونکە کاتێک کەسێک یان میدیایەک یان هەر بەرپرسێکی حزبی و حکومی دێت قسە لە سەر تەوەرێکی وا هەستییار دەکات، دەبێت بە راشکاوی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە؛ ئایا ژیانی کرێکارێکی شەقام پاککەرەوەی کوردستان، یەکسانە بە ژیانی کرێکارێکی ووڵاتی نەروێژ؟! یان بە هەمان دیدگای مرۆڤێکی خاوەن ئەرک و ماف لە هەموو روانگەیەکەوە لێی دەنواڕدرێت؟! ئایا قاپشۆری چێشتخانەیەکی کوردستان، لە توانایدایە وەکو هەمان کرێکاری وڵاتی هۆڵەندا لە ساڵی جارێک لەو بڕە پارەیەی وا لە کارەکەی پاشەکەوتی دەکات، گه‌شتی وڵاتێکی بیانی پێ بکات؟! یان دەبێت بە ئینسافەوە دان بەو راستیەدا بنێین، لەو وڵاتانە چۆن ئەرکەکان دابەشکراون، بەو شێوەیەش مافەکان بە یەکسانی پارێزراون، لێ لەم وڵاتەی ئێمەدا، هێندەی قسە لەسەر ئەرکەکان دەکرێت، هەمیشە مافەکان پەراوێز دەخرێن. هێندەی بەرگری لە هاوکێشەیەکی بکووژ دەکرێت، هەرگیز لە گەڵ ئەوەدا نین ئەو بەربەستە کۆنکریتییە بشکێندرێت، کە لەمپەرە لە بەردەم گەشەکردن، تا کوردستان ببێت بە ووڵاتێک، زۆری لە بەرهەمهێنان و یەکسانی لە دابەشکردن، ببێت بە وەڵامی ئەو پرسیارانەی وا لە ئێستادا بێ وەڵامێکی گونجاو و لۆژیکی، شەرمەزارو سەر گەردانن؟!


گریمان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییانەی وا لە بواری کاردا هەن، چەند کرێکارێکی بیانی روویان کە لە کوردستاندا کار دەکەن، بکەین بە پێوەرێک و لە دەرەنجامدا بۆ مەبەستێکی دیاریکراو خۆمانی پێوە با بدەین؟! یان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شێلگیرانە قسە لەسەر تەوەرێکی وا هەستیار بکەین، دەبێت دان بەو راستێیەشدا بنێین:" ئەگەر پێکهاتەی کار، لە ئەرک و ماف بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە، دەبێت لە بەرامبەریدا مافی ژیان بە بێ جیاوازی لە نێوان پیشەی مرۆڤەکاندا، یەکێک لە خەسڵەتە نەگۆڕو پێدراوەکانی مافە پارێزراو و نموونەییەکانی سیستمی حوکمڕانی کوردستان بێت، ئەگەر ئەوسا، جگە لە گەشت، مەردوومێک، گەنجێک بۆ مەبەستێکی دیکە پێکانی خستە ئەو دیو سنوورەوە، لە ئاستی ئێوەیێَلدا، گەردنی من لە تەڵێک موو باریکتر بێت؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر