په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٤

زووکەن توو سەری خۆتان!

خوناو سمایل       

 

وا لێرە جەستە بچووکەکەی خۆم لە نێو ئامێزی هەردوو باسکانم وێکهێناوەتەوە و لە دیقەتدانی ئەو ئەستووندە باڵابەرزەی نێو چوارچێوەی ئەو پەنجەرەی بەرامبەردا ونم، چاوانم ناخوازن بیانترووکێنم، ملە درێژەکەی خۆی وا شۆڕ کردۆتەوە سەر رۆشنایی تیشکی چرایەکە.. هەر دەڵێی دەموچاوی شۆخە ژنێکی زۆر گەنجە لە ژێر ئەو تەنکە بەفرەی وا نەرم نەرم لە تۆقەرەی سەری تا دامێن پێی دێتە خوارێ و بریسکە بریسکیەتی.


دەڵێی بووکێنییەکەی خۆمە کە شەکراوبارانیان دەکردم!


دارەکانی باخەکەی ئەودیوی جامی پەنجەرەکەی پشتەوەش پرچە گڤەکانیان وەك دەروێشان لە پەرستنی ئەو زستانە ساردەدا سپی سپی راخستووە و سڕ و ئەبڵەق رەق وەستاون، لەوە دەچێ خەلوەتی ئەو سەرمایە دوور و درێژەی ئەو زستانە پڕ سامە تامی گەرمی بیر بردبنەوە و ئومێدی دووبارە سەوزبوونەوەی تێدا بەستبن!


رەنگی بەفر.. جگە لەو قەنەفە رەشەی ژێرم نەبێ دەنا بە هەموو کونجێك گەیشتوە... منێکی سەرما و بێ چارەش وەك پاسارییەکی پەڕکراو لێرە نیشتووم و سەرنج بە هەر هەموو شتێك دەخشێنم.. هەر شتێك یادەوەریێکە... یادەوەریێك و دەیان وێنە... وێنەی خەندە و وێنەی خەم... یادەوەریی دوور و هی نزیك.


لێدەگەڕێم با ئەو پەپوولە سیسە شەکەتەی دڵم بەو دەوروبەرە و بەو جام و پەنجەرانە هەڵبفرێ و دوا شیلەی یادەوەرییان هەڵبمژێ...


سەیر نییە کە تاڵیی هێندە شیرین بووبێ؟؟


تاوێکی تر ئەو گیانەم و پەپوولەی ئەو دڵە دەڕۆن و ئێرە چۆڵ دەکەن... بۆیە وا بێ ئۆقرە پەلەفڕێیان پێ کەوتوە و پێم بەرزەفت ناکرێنەوە.


ئەوان بەو دەوروبەرەدا هەڵدەفڕن و جەستەش شەل و گۆج لێی کەوتووە... هەردوو چاویشم لە باڵای ئەو ئەستووندە تەنیایە پتر بترازێ هیچ نابینن. دەیپرسم... شادیی چ خۆشیێکە وا روخساری گەش هەلگەڕاندووە؟ ئەتۆ بڵێی ئەویش خۆم ئاسا تا سەر ئێسقان ئاشق بووبێ!


''تارایە تەنکە رەنگ زیوینەکەی رۆژی بووکێنییەکەم لە سەر روخسار بە شەماڵە فێنکەکەی ئەو رۆژە سەمای دەخواست و دەلەریەوە، وەك سەمای شادیی دڵی ئەو ئەستووندە.... پەنجەکانم شەیدای تێكئالان ببوون کە زۆر بە نەرمیی ئەنگوستەکانیم دەگوشی...'' ئەو کات شەقاو شەقاو رێمان دەکرد و ئێستاش وا تەنیا لێرە سڕ دانیشتووم و سبەینێش دەرۆم باردەکەم ... نازانم بۆ کوێ!


ئێستا ماوم و مسۆگەر نیم داخوا سبەینێ مردنی دابڕان و جودابوونەوە خۆیم بە چ رەنگێك نیشان بدا!


پاش کەمێکیتر دۆست و دەستەخوشکانم دێن و ئەو هۆڵە نیمچە چۆلە چۆڵتر دەکەین... ئەو هۆڵە شڕ و شێواوە تێكدەنێین.. کەلوپەلە بە ئەمەکەکان منیان ویستوە و من دەیانبەم... ئەوانیتریش با بۆ ''خۆی'' بن!!


سۆز و سەرسامیی دەستەخوشکان و بێ متقیی ''من'' هەموو جیهانم لێ دەکاتە بەفرە چیا و لەوە دەترسم هەستە شەکەتەکانم بە کەمە لاواندنەوەیەك هەرەس بێنن! بۆیە ئەی ئەوانەی ناو لە خۆتان دەنێن ''دەستەخوشك'' هیچیدی مەپرسن... پترمان نەماوە بیڵێن !؟ تەنها ماوە تێكنێین و من بڕۆم!!


نا... خەفەت مەخۆن لەو بارکردنە و مەڵێن ''ئەها.. ئەوە ژنێك وا بارگەی ١٧ ساڵی هاوسەریێتییەکەی تێكدەنێ و سەر هەڵدەگرێ''... نیشانەی پرسیارانیش نەخوێنمەوە! من هیچ وەڵامێکی ترم نەماوە تەنیا وەڵامی سەرهەڵگرتن! لەوانەیە هەم بە شێواو هەمیش بە هۆشمەند نێوم بێنن.. لەوانەشە بە راستیی من بووبمە تێکەڵەیەك لە هەدووکیان! بەڵام کاتی بژاردن و جوداکردنەوەی وشانم نییە.. دەبێ بڕۆم.. با شێتەکەیان ''من'' بم و ئەمڕۆ هەست دەکەم لەویاندا من تەواو خۆم بم!


ئەتۆ ''ئا توو سەری خۆت ئەتۆ''... ئاگاداربە!! با نەشکێ و نەقنجێ... ئەو ئاوێنەم زۆر لا شیرینە... ئەوە وێنەی تەمەنی ١٧ ساڵ بەر لە ئێستامی لە هەناوە... دڵسۆز و پڕ ئەمەکە! ئێستاش کە سەیری لۆچەکانی دەوروبەری هەردوو چاوانی خۆم دەکەم بەشێك لە جوانیی جاری جارانم نیشان دەدا!


ئاخ دۆستانم... بریا ئەو هەناوەش بە ئاخێك.. ئۆهێك.. ئۆفێك... وەك ئەو هۆڵە رووت و نیمچە رەجاڵە ڤاڵا کرابا.


چی؟؟ نەمگوت مەپرسن! ئا.. مسۆگەر پەستم!... بێ شنگ و بێ گوڕاح و نائاسوودەم!...هەم نامەوێ دەستبەردار بم و هەمیش پەلەپەلی ماڵاوایی و رۆیشتنم!!!


ئا.. ئاگرێك؛ وەك گەرمیی تەلە گەرمەکانی کارەبای هەناوی ئەو ئەستووندەی دەرێ تێمبەربووە و داغم دەکا... لە دەست ئێستای ئەو بارکردنە و  لە دەست ئەو ساڵانەی کە زستانی ''وی'' هێندەی بەفری هەر هەموو زستانێك سڕ و ساردیی خستۆتە هەناوم.. وا تنۆك تنۆك خوێن دەتوێنمەوە.. ئا.... زۆرم چاوان نوقاند و گوێچکانی خۆم کەڕ و کوند کرد!! هەر دەمگوت نا... نا... قەت نابمە باعیزی ئەو ''دڵەم''... نا، بەرگەی دووریی و دابڕان و جودایی ناگرم... تینی تۆراندنی دۆستانم نییە! هەر دەمگوت ئەدی ''خەڵک''؟ نامەوێ پترتان بۆ بدوێم... نا نامەوێ! بای ئەوەندە دواین کە بگوترێ... با بارکەم و بڕۆم! تێكنێن دەی... سەردەمێکە و زۆر لەمێژە گرتوومیەتی! من بووم دەرگا و پەنجەرانم لەسەر دادەخست... بارکەن... زووکەن توو سەری خۆتان... با بەفری پتر دانەکا، چیتر بەرگەی سەرما ناگرم... با چرای رووە گەشەکەی ئەو ئەستووندەش نەکوژێتەوە، چەند تاریکە بەر چاوانم! با پتر تاریك نەبی.....


نیسانی ٢٠١٤ - درامێن / نەروێژ

ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک