په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئانا کارێنینا، شاکارێک دەربارەی ژنان.


ئا:کەژاڵ عەلا


ڕۆمانى ئاناکارێنینا یەکێکە لەڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانى )لێڤ نیکۆڵایێڤیچ تۆلستۆى) نووسەرى ناودارى ڕووسى، کە لە ساڵى (1828_ 1910) ژیاوە. هەروەها ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە ڕۆمانە بیوێنەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوا. ئەم بەرهەمە بەپێز و شاکارەى تۆلستۆى لە ساڵى (1875 _1877)دا بڵاوکراوەتەوە. تۆلستۆى بەخوڵقاندنى ئەم بەرهەمە بەپێزو بێوێنەیەى توانى ئەدەبیاتى ژنان لەجیهاندا دەوڵەمەند و قەرزاربار بکات.

بەسەرهاتى ئەم ڕۆمانە لێرەوە دەستپێدەکات، ژن ومێردێک بەناوەکانى ئیستیپان ئارکادیچ و داریا ئەلیکسان درۆڤنا پێکەوە کێشەى خێزانیان هەیە، ئاناکارێنینا خوشکى ئیستیپانە و لە شارى (سان پیترەسبۆرگ)ەوە دێت بۆ مۆسکۆ بۆماڵى براکەى تا کێشەى نێوان بر و براژنەکەى چارەسەربکات. ئەم ڕووداوە لە کەش و هەوایەکدا ڕوودەدات کەباس لە سەردەمى جەنگ و ئاشتی دەکات، جگەلەوەش هەندێکجار باس لە جیهانى دەرەبەگ و سەرمایەداران  و باری سایکۆلۆژییى مرۆڤایەتی دەکات. لەکاتێکدا ئاناکارێنینا باسکردنە لە ڕەوتى ڕووداوەکانى سەردەمێک کە پەیوەستە بەسەردەمى خودى تۆلستۆیەوە.

لەنێوان کەسایەتیە جیاوازەکانى ئەم ڕۆمانەدا ڕۆڵى ئاناکارێنینا بەشیوەیەکى نایاب و بەرجەستە دەبینرێت. ئەو ژنێکى جاحێلە و لەچینى نەجیبزادەکانە کەبەبێ هیچ عیشق و پەیوەندیەک شوودەکات بەکەسێک کە پلەوپایەیەکى بەرزى هەیە لە دەوڵەتدا. بەڵام دواتر گرفتارى عیشقى (ڤیرونسکى) دەبێت، کە بەڕواڵەت ئەو پیاوێکى قۆز و شیک پۆشە، بەڵام لەناوەڕۆکدا خاوەنى دڵ ودەروونێکى بێ باک و دوور لە هەست وسۆزە.. بەسەرهاتى ئەم رۆمانە هەرلەسەرەتاوە تا کۆتایى بەدەورى ئەم گرێیەدا دەخولێتەوە.. ئاناکارێنینا لەڕۆڵى ئەم خۆشەویستیە بێئەنجامەدا بەشێوەیەکى جۆراو جۆر گرفتاربوە و ئەو لەسەرەتادا هەوڵدەدات کەسێکى بوێربێت و خۆى تەسلیمى عاتیفە و هەستی گوناە نەکات دەرهەق بە خیانەتکردنى بە هاوسەرەکەى و منداڵەکەى، هەربۆیە بە ناچار ى لەگەڵ مەعشوقەکەیدا ماڵ بە جێدەهێڵێت. بەڵام زۆر نابات دووچارى نائارامى دەروونى دێت، لەبەر ئەوەى ئەو خۆى لەخۆیدا کەسێکى شەریف و ڕەوشت بەرز بووە، هەربۆیە ویژدانى بەسەختى عەزابى دەدات. چونکە لە ڕاستیدا ئەم ژنە بەباشى هەست بەو هەڵەیەدەکات کە گرفتارى بووە.. سەرەڕاى ئەوەش دواتر دەبینێت کەدواى عەشقێکى بێ ئاکام کەوتووە، چونکە لەڕاستیدا دەبینێ ڤێرۆنسکى پیاوێکە لەماناى خۆشەویستى ڕاستەقینە ناگات.. سەرئەنجام وردە وردە هاوسۆزیان بۆیەکترى کەمدەبێتەوە. ئەنجامى ئەم ڕۆمانە بەخۆکوشتنى ژنێکى گەنج کۆتایى پێدێت، تا ژنەکە لە کۆت و زنجیرى ژیانێکى دوولایەنە ئازاد ببێت، هەربۆیە ئەو بە ناچارى خۆى دەکات بەژێر شەمەندەفەرەوە.

هەروەها لەم ڕۆمانەدا شانبەشانى عیشقە سەرنەکەوتوەکەى ئاناکارێنین و خۆشەویستەکەى، جیالەوەش باس لە خۆشەویستیى سەرکەوتوانەى (کیتى و لڤین) دەکات. بەسەرهات و چیرۆکى ئەم دوانە لەسەرەتادا وەک شتێکى لاوەکى دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا بۆزیاتر سەرنج ڕاکێشانى خوێنەر، باسکردن لە کەسایەتی هەمەجۆر لەڕۆمانێکدا بۆ هاوسەنگى پێویستە، چونکە ئەبێتە هۆى ئەوەى هەندێک لەیەکچوون و بەرامبەرى دروست ببێت. ڕۆڵى ڤێرونسکى لەم ڕۆمانەدا، کەسێکە حەز بەشیک پۆشى دەکات و عەوداڵى ژیانێکى سۆزدارى و ئاسان و بەدواى ئارەزووى ئاگریندا دەگەڕێت، سەرئەنجام بەئاسانى هەموو خۆشیەکانى ژیانى لەدەست دەدات.
تۆلستۆى لەم ڕۆمانەدا بەجۆرێک باس لە(لیڤین) دەکات کەبەشێکى گەورەى لە وجودى خۆى لەگەڵ کەسایەتی ڕۆمانەکەیدا ئاوێتەکردوە. لیڤین کەسیکە کە لەناخیدا هەست بەململانێى بەردەوام دەکات و ناتوانێت پشت بەکەس ببەستێت و کەسێکى ڕەق و ڕووترشە، کە وشەى موحەبەت ئازارى دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەى ئەوەیە وردە وردە کەسانى وەک خۆى بەدەست بێنێ. هەروەها کیتى بە پێچەوانەى ئاناکارێنیناوە جوانیەکە لەکۆمەڵگایەکى بەهرەمەند کە پڕە لە لوتف و سەلیقە، نموونەى ژنێکى تێگەیشتوو لەخواست و نیازەکانى پیاوان و ڕازیە لەژیانى خۆى بەشێوەیەکى سرووشتى. نووسەر لەم دیمەنەدا لەنیوان خانەوادەى ئان و لڤیندا ،ئیشارەت بە لەئۆبلۆنسکی دەکات و باسەکە بەو تەواو دەکات. ئۆبلونسکى ژنێکە بەوەف و میهرەبان، مێردەکەى بێوەف و بێ باکە بەڵام خاوەنى دڵێکى پاکە و بەدوایى شادمانیدا دەگەڕێت.

نووسەر جگە لەم سێ خێزانە، باس لە دوو خێزانى تریش دەکات: خێزانێکیان لە کەسوکارى نزیکى کیتى و داریایە و لەبنەماڵەیەکى دەوڵەمەندى کۆنى شارەکەیە، باوکەکە بەهۆى پیریەوە، بوە بەپیاوێکى سەلار و ژیانێکى ئاسایى بەسەردەبات لەگەڵ هاوسەرەکەیدا. ئەویتریشیان خێزانێکى ناشەرعیە و ناسراوى لڤینە، کەناوى (نیکۆڵای)ە، کەپیاوێکى بەدبەختە و هەمیشە سەرخۆشە. لەگەڵ ژنێکدا کەناوى ماریایە لەقاتى خوارەوەى ئاپارتمانەکەدا دەژین . سەرئەنجام ئەم پیاوە بەهۆى نەخۆشى سیلەوە دەمرێت.

کەواتە قارەمانى سەرەکى ئەم ڕۆمانە تاکە کەس نیە، بەڵکو خێزانێکى رووسیە، چونکە بەلاى تۆلستۆیەوە دڵى کۆمەڵگا تاکە کەسى نیە، بەڵکو تەواوى ئەندامەکانى خێزان دەگرێتەوە. نووسەر لە میانەی ئەم گروپە جیاوازەدا بە شێوەیەکی داستانى سیمای ژیانى کۆمەڵایەتى ئەو سەردەمە بەشێوەیەکى ڕەنگاو ڕەنگ دەنەخشێنێ کە تەنها مەبەستى گێرانەوەی ڕووداوەکانى ئەم ڕۆمانە نیە، بەڵکو خستنەرووی مەنتیقییانەی بارودۆخیی کۆمەڵگایە لەناو دەوڵمەندەکانی سان پیترەسببۆرگ و مۆسکۆدا.


ئاناکارێنینا بەهۆى سکە ناشەرعیەکەیەوە، لەناخ و دەرونیدا بەردەوام عەزاب دەچەێژێت و دڵى هەواڵى بەڵایەکى نادیارى پێڕادەگەیەنێت کەبەرەو ڕووى دەبێتەوە. ئەو هەوڵ دەدات خۆڕاگربێت بەرامبەر بە هەموو ئەوناهەمواریانەى کە ڕوویەڕووى بۆتەوە، بەڵام هەرچەند دەکات ویژدانى و دوورى لەمنداڵە خۆشەویستەکەى ڕێگەى پێنادات ئەو ئازایەتیە بنوێنێت، هەرچەندە بەناچارى پەنادەباتە بەر دەرمانى ئارامبەخش، بەڵام بۆ تەنها ساتێکیش ناحەوێتەوە...تاسەرئەنجام بەناچارى بۆ خۆڕزگارکردن لەدەست ژیانى بێئاکام و دوورکەوتنەوە لە تێروانینى چاوى کۆمەڵگا، لە ئیستگەى شەمەندەفەرێکدا کۆتایى بەژیانى دێنێت…

 

________________________
سەرچاوەکان: سایتى
http://www.ketabnews.com/detail-70-fa-1.html و
http://lifegoeson07.blogspot.com/2007/07/blog-post.html