دەبێت تورکەکان
باش نامەکەم تێبگەن.

هیوا ئەحمەد محەمەد
ئەمە بەشێک بوو لە لێدوانەکەى (گیتس) وەزیرى بەرگرى ئەمریکا رۆژى پێنج
شەممە لەمیانەى سەردانەکەى بۆ ئەنقەرە لەبەردەم رۆژنامەنووسانى ئەو
وڵاتە.. کاتێک لەگەلڕ وەزیرى بەرگرى تورکیا لە کۆنگرەیەکى رۆژنانووسیى
وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنانووسانیان دەدایەوە کە تایبەت بە
لەشکرکێشیەکەى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان.
وادیارە دبلۆماسیەتى کورد رۆڵى خۆى بینیوەو ئەو نامەیەى گیتس گەیاندیە
بەرپرسان و سوپاى تورکیا ئەوەیە.. ئەمریکا دەیەوێت بە زوترین کات
هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان بوەستێت و کۆتایى بێت..
پەیامەکەى گیتس بەباشى لاى دەسەڵاتدارانى تورکیا خوێندرایەوەو لێى
تێگەیشتن.. کە ئەمریکا چۆن پێشتر گڵۆپى سەوزى بۆ سوپاى تورکیا هەڵکرد
ئەو هێرشەى بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد ئێستاش هەر ئەمریکا گڵۆپى سورى
بۆ هەڵکردن و دەڵێت: بوەستن.
بۆیە هەر دواى ئەو لێدوانەى گیتس سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا (یەشار)
بە سەرۆکى ئەو وڵاتەى راگەیاند کە پرۆسەکە کۆتایى هات و ئامانجەکەى خۆى
پێکاوە... ئەو 300 گەریلاى دەوروبەرى زابیان تەفروتونا کردووە.
هەرچەند کاتژمێرێک پاش ئەو لێدوانە، شەوى پێنج شەممە لەسەر هەینى سوپاى
تورکیا پاشەکشەیان کردەوە بۆ ناو تورکیا!! دواى ئەوەى 8 رۆژ هێرشەکەیان
بەردەوام بوو. هەر رۆژی پێش سەردانەکەى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ
تورکیا.. دەسەڵاتدارانى تورکیا (سەربازى و حکومى) ئەوەیان راگەیاند کە
خشتەیەکى دیاریکراویان بۆ ئەو هێرشە دانەناوەو بەردەوام دەبێت هەتا
ئامانجەکانى خۆى دەپێکێ و PKK بە تەواوەتى لەناو دەبات..
هەر پارتى داد و گەشەپێدان بوو لەکاتى پرۆسەى ئازادى عێراق رێگەیان بە
ئەمریکا نەدا لەخاکى تورکیا هێرش بکاتە سەر رژێمى سەدام..
بەڵام کورد لەو کاتەدا بە هەموو شێوەیەک هاوکارى سوپاى ئەمریکاى کرد
لەپێناو ئازادى و سەرفرازى لەلایەک.. لەلایەکى دیکەوە بە مەبەستى
رووخانى بەعسیەکان کە بووبونە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى دنیا..
ماوەى چەند مانگێکە تورکیا هەڕەشەى هێرشکردن دەکات و پێشتر بە تۆپ و
فڕۆکە بۆردمانى ناوچە سنوریەکان دەکات کە زیانێکى گەورەى لێکەوتەوەو
دانیشتوانى ئەو گوندانە ئاوارە بوون.
لەولاشەوە ئێرانى (ئیسلامى)!! هاوشانى تورکیا بەردەوام بوو لە مووشەک
باران کردنى ناوچە سنووریەکان..
هێرشەکانى تورکیا دەرهاویشتەو رەهەندى زۆرى هەیە لەوانە ئەمریکا چۆن
رێگا دەدا بە تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردستان کە بەشێکە لە عێراق و
ئەمریکا لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە وەک داگیرکار ناسێنراوە.. لەو
کاتەدا بەپێى یاسا نێودەوڵەتیەکان پاراستنى سەروەرى عێراق دەکەوێتە
ئەستۆى ئەمریکا.
لەلایەکى دیکە هەڵوێستى حکومەتى عێراق لاواز بوو ئیدانەى ئەو هێرشەى
بەتوندى نەکرد لەکاتێکدا 5 وەزیرى کورد لەو کابینەى مالکى دان!!
پەرلەمانى عێراق 58 ئەندامى هاوپەیمانى کوردستانى تێدایە.. بۆچى
ئیدانەى ئەو هێرشانەیان نەکرد کە دەبووە فشارێکى زیاتر بۆ سەر تورکیا.
بەدەر لە هەڵوێستى میسال ئالوسى و سەفیە سوهەیل... کە لیژنەیەکیان
دروست کردووە بۆ سەردانى ئەو شوێنانەى کەوتنە بەر شاڵاوەکەى تورکیا.
لەلایەکى دیکەوە پێویستە هەڵوێستى رەوتى سەدر بە بەرزى بنەرخێنین کە
بەتوندى ئیدانەى هێرشەکەیان کرد و پێویستە کورد ئەم دەرفەت و هەڵوێستە
لەدەست نەدەن و پەیوەندیەکانیان لەگەل رەوتى سەدر توندوتۆل بکەنەوە کە
خاوەن جەماوەرێکى بەرفراوانن و کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەیە.
تورکیا لەساڵى 1984 بۆ 2008... بیست و پێنج جار هێرشى کردۆتە سەر
کوردستان و نەیتوانیوە نە پەکەکە نە کورد لەناوبەرێت و لە ئاییندەش ئەو
خەونەى نایەتەدى دەنگى بیست ملیۆن کورد خامۆش بکات.. بۆیە ئیتر کردەى
سەربازى سوودى نیە تەنها دیالۆک نەبێت کورد نەتەوەیە نەک تورکى چیا.. و
ئەوا کۆسۆڤۆ سەربەخۆیى راگەیاند.. ئەمڕۆ یان سیەى ئێمەى کوردیش سەرفراز
دەبین.
m.hewa@yahoo.com
|