هه‌ڵه‌بجه له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان و کایه سیاسیه‌کانی ناوخۆدا.
هیدایه‌ت مه‌لاعه‌لی
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له هه‌لومه‌ر‌جێکدا ڕوویدا که هاوئاهه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ بێده‌نگی و خامۆش کردنی ئه‌و تاوانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته زلهێزه جیهانییه‌کانه‌وه ، به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌مسه‌ره‌کان له‌پاڵ پاشه‌کشه‌کردن به کۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچه‌که‌دا ، به‌رژه‌وه‌ندی ساغکردنه‌وه‌ی فه‌رده برنجه‌کانی ئه‌مه‌ریکایی دابه‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ته‌رازووی کێشانه‌ی جیهانبینی دۆسته‌کانی ئێستا لاره‌سه‌نگ وه‌ستا کاتێک خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یان خسته تایه‌کی و بازاڕی برنج فرۆشی ئه‌مه‌ریکاشیان خسته تاکه‌ی تری.
ئه‌مساڵ له‌یادی بیست و یه‌که‌مین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه بۆ یه‌که‌مینجار له باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یادی ئه‌و کاره‌ساته کرایه‌وه ، یه‌کێک له قسه‌که‌رانی ئه‌و یاده باڵیۆز ( پیته‌ر گالبرێس ) بوو ، ( پیته‌ر ) له‌به‌شێک له قسه‌کانیدا ووتی بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا به‌رانبه‌ر کیمیابارانکردنی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه له 16 / 3 / 1988 دا سه‌رچاوه‌که‌ی کڕینی برنجی ئه‌مه‌ریکی بوو له لایه‌ن عێراقه‌وه ، ( پیته‌ر ) ووتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا پێیانوابووه ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر جینۆسایدی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بکرێت ئه‌وا حکومه‌تی عێراقیش جینۆسایدی برنجی ئه‌مه‌ریکی ده‌کات و ئیتر نایکڕێت ، کورته‌ی قسه‌کانی ( پیته‌ر ) ئه‌وه‌ی ڕوونکرده‌وه که ئه‌مه‌ریکا بۆ له‌ده‌ستنه‌دانی بازاڕی برنج ئاماده‌یه چاوپۆشی له هه‌موو تاوانێک بکات ، ئه‌م قسانه ڕاستیه‌کی زۆر ساده ئاشکرا ده‌که‌ن که له‌قاموسی سه‌رمایه‌و بازار و قازانجدا شتێک بوونی نییه به‌ناوی ئینسانه‌وه ، ئینسان وه‌سیله‌یه‌که بۆ گه‌رمکردنی مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ و به‌رهه‌مهێنان و قازانج په‌رستی.
له‌ئاستی ناوخۆ و هاوکێشه سیاسیه ناوچه‌یه‌کانیش کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه به‌رده‌وام چه‌کێکی به‌هێزی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان بووه بۆ فریوودانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به‌تایبه‌تی و کوردوستان به گشتی ، هه‌موو ئه‌و فریووکاریانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌ناوی قوربانیه‌کانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و پاشماوه‌کانی دوای کیمیاباران به‌خه‌رجیانداوه هه‌تا ئێستا هیچی نه‌یکردۆته نانێک بۆ سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ، له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی ( 2003 ) دا کاتێک ئه‌مه‌ریکا بێ‌ئومێد بوو له دۆزینه‌وه‌ی چه‌کی کۆکوژی له عێراق ، ته‌نها جێگایه‌ک که بوویه گۆڕه‌پانی سیناریۆیه‌کی داتاشراو بۆ سپی کردنه‌وه‌ی ڕووی داگیرکاری ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵه‌بجه بوو ، هه‌ر بۆیه زوو ( کۆلن پاوه‌ڵ ) و ئه‌کته‌ره‌کانی چوارده‌ووری خۆیان گه‌یانده ئه‌و شاره‌ی که کاتێک جینۆسایدکرا ئه‌وان بێده‌نگ بوون به‌رانبه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی به جیهان بڵێن ئێمه ئێستا له شارێکه‌وه قسه ئه‌که‌ین که چه‌کی کۆکوژی تێدا به‌کارهاتووه.
هه‌ر کاتێک که هه‌ڵبژاردن هاتووه‌ته پێشه‌وه ده‌ست و برد ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان نوێنه‌ریان ناردۆته هه‌ڵه‌بجه‌و سوێندیان خواردوه به جامانه‌که‌ی ( عومه‌ری خاوه‌ر ) که ژیانیان باش بکه‌ن و نوێنه‌ری ئه‌وانبن ، ئامانجی ده‌سه‌ڵاتداران له‌م کاره ئه‌وه بووه که ئه‌گه‌ر بتوانن خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه فریووبده‌ن ئه‌وا شار و ناوچه‌کانیتر ئاسان و مسۆگه‌رتره ، کاتێک به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران جووت ده‌بوو له ڤیستیڤاڵ و یاده‌کاندا نوێنه‌ری ئه‌م کۆماره کۆنه‌په‌رسته ده‌خرایه پێشی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌شریفاتی بۆ ڕێکده‌خراو له‌سه‌ر حیسابی ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ئیداره‌ی شاریان ته‌سلیم به ئیسلامیه‌کان ده‌کرد ، له کاتیکدا هاوکێشه‌ی هێز له عێراقی فیدراڵی و دیموکراسی و فره‌یدا هه‌ندێک جار لاره‌سه‌نگ ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی کلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌م پارسه‌نگه ڕوویان له حیزبی ئیسلامی عێراق ئه‌کردو بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه ( تاریق هاشم ) یان ئه‌گه‌یانده هه‌ڵه‌بجه ، کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان پێوویستیان به‌وه هه‌بوو که بیسه‌لمێنن چه‌نده دڵسۆزی عه‌شره‌ت و چه‌نده به‌وه‌فان بۆ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌یان ئازاد ده‌کرد که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیابارانکرد.
ئه‌مانه‌و سه‌ره‌ڕای کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت
و سامانێکی له‌بن نه‌هاتوو به‌ناوی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه ، ئه‌م واقیعه‌ته
ئه‌وه پیشان ده‌دات که له‌ساییه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا کێشه‌کانی خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه ، کێشه‌ی خانوو ، ئاو ، کاره‌با ، قیرتاو کردنی شه‌قامه‌کان
نییه ، به‌ڵکو کێشه‌ی وونکردن و شێواندنی ناسنامه‌ی ئینسانی بوونی خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه‌یه ، به‌بێ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناسنامه‌یه مه‌حاڵه خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه بتوانن وه‌ک ئینسان بژین و بتوانرێت برینه قوڵه‌کانیان
ساڕ‌ێژ بکرێت .
|