لێرە دابنیشە
تا چەپکێ باران و
ئێوارەیەک ماچ و پەرداخێک پێکەنینت
بۆ دێنم.
دیار محەمەد(باران)
ئیتر
بەکۆشێ گۆرانییەوە
لەخۆما وون دەبم..
بەشوێن پێکانى (با) دا دەڕۆم
دەستى ملپێچە ئاوییەکەت دەگرم و
تا گەیشتن بە دوا دێڕى مەنفات بۆت دەگەڕێم ..
دەگەڕێم و ونم لەخۆم
تا ئەودەمەى پڕ ئینجانەیەک
سرەوتم دەڕژێتە کونجى بێ دەنگیمەوە ...
تا ئەودەمەى پێکێک گوناه هەڵدەدەم ،
لەسارایەکى بێ هەناردا...
تا دۆزینەوەت .. وێڵم بەدواى بێئاگاییمدا
تا گەڕان، لەکەلێنى تاریکیەکانى خۆمەوە
تا گەیشتن بەکاڵیى بەیانییەک،
تەفسیرى ئێوارەى حوزنێک
لێرەوە تا گەیشتن بەکوچەکانى مەنفا.. .
بۆ پیداچوونەوەى دەقێکى تۆزاوى..
لێرەوە تا گەیشتن بە نائومێدی .. گلەیى .
لێرەوە بەرەو دواهەمین وانەى نەووتراوى مامۆستایەکى سەرەتاییم ...عاشق
بوون
عاشق بوون لەم سەهۆڵبەندانى مەحشەرەدا ؟
لێرەوە تا دواهەمین مەنزڵگە ..
تا بەر لەگەیشتنم بەتۆ .. ترس
لێرەوە بەرەو بیرەوەرییەکانى پیرى و
بەیانییەکى کاڵ
بەرەو خەونێک لەدوا ترۆپکى تەنهایدا
لێرەوە بەرەو سپیترین جەمسەرى ماڵئاوایى
بەرەو سێبەرى قژ دانەهاتووم
لەبەردەم جۆگەیەکى مەنگدا،
گەڕان .. بە دواى یەکەمین وێستگەدا
کەتۆى تیاى ..
عاشقبوونە وەک بەیانییەکانى باوکم
لەبەردەم پەنجەرەیەکى تەنیادا
بۆ بەرکەوتنى قومێک تەڕی ..
لێرەوە شەفاعەت لەبەرزاییەکانى چیا دەخوازم..
بۆ ..؟ بۆ دەبێ تا لەخەونتا دەمرم
لەئاوێنەى منداڵی بڕوانم ؟
ئاخر نازانم ئەم گۆرانییە خەماوییانە چین
تۆش هەڵم لە شیعر و
لەخودا و
هەڵم لە شوێن پێکانت هەڵدەستێت!
تۆ هەڵم لە پایزو لەڕوتیت و
لە بەیانییەکانت هەڵدەستێت!
نازانم .. ئەم بەیانییە بێسەلیقانە چین؟
کەباریکترن لەلێزمەى خۆم و
لەدەنکە بارانى کچێنى هەور دەچن ، بەڕوتى
ئاى خودا
بۆ دەبێ بەیانییەکانم لەڕەنگى پیریى باوکم بچن ..؟ بۆ ؟
بۆ دەبێ هەر نەفەس لەخەفەتى تەنهایی بدەم و
دەم بەکوپى بێزارییەوە بنێم... ؟ بۆ ؟
ئاى خودا... دایکم واڕاهاتووە
بەرلەخەو هەستانم ،
هەناسەیەک پڕ لەگلەیی و
پەرداخێک بێتاقەتیتم بۆ گەرمدەکاتەوە ..
هەرلە منداڵیمەوە ... خووم بەڕووتیى پایزەوە گرتووە ..
تا خۆر ڕوخسەتى تاریکیى لەبەیانییەک وەردەگرێت
خوو بەگریانەوە دەگرم ..
وەک دەستنوێژێک کە عاقیبەتى بووبێ بەدوو لەتەوە
کەچى وەک شێت بەبۆنى گوڵى حەوشەکەمان تووڕەم ..
بەوەرینى گەڵا شەرمنەکان
بە لێزمەى کچێنى بەهار
کەچى باران لە درزى هەورەوە چاودەگێڕێ و
خەون بەو ڕۆژانەوە دەبینێ ،
کەتۆ لە مەمکى ئاسمان و خوڕڕەى پێکەنینت دەڕوانى
من بووم لەبیرکردنەوەدا کەوتمە باوەشێک مەکرەوە ؟ یا .... ؟
ئێستا وەرەو
بەر لەوەى سپێدە گزنگێ ئینشا بکا .. تۆ دەرکەوە!
پێش ئەوەى خۆر نەفەس لەڕووناکى بدات
پێش ئەوەى لەسێبەرى خۆى بڕوانێ
دەمەوێت بەدزیى خواوە ..
بەدزیی شیعرەوە ..
بەدەنگێکى پڕ لەتوڕەیی بقیژێنى .. خۆشم دەوێیت
نا ! ناوێرم ئەم عاشقبوونەى دایکم دووبارە کەمەوە
نا ! ناوێرم ئەو سەرەتاتکێیانەى باوکم زیندووکەمەوە
دەزانم تۆ لەخەونیشدا ئاگات لە (سێوە حەڵاڵەکانى قوباد) ەو
ئاگات لەبێزارکردنى خۆمە لەتۆ
تا ئەودەمەى گوڵە گەنمێ دەوەرێ ..
بەمشت ئەشک بۆ دووریت دەبەخشمەوە
تا پیاسەیەکى درەنگ وەخت
بەنێو باخچەیەکى لێو پەمەییدا .. گەڕان
وێڵبوون بەدواى شەونمى بەیانییەک ..
لەم (مەزادخانەى عیشقەدا)
قسەیەک نامێنێ بۆ ووتن ..
پیاسەیەک کە ئاخیرەتى بچێتە کۆشى بارانەوە
عاقیبەتى هەر لێزمەیە ...لێزمە!
ئیدى بیرەوەرییەکانم هەڵدەچنم
بۆ دووبارە چڕینەوەى ئاوازێک
بۆ پێداچوونەوەى داڵغەیەکى باراناوییم
وەک ئەوەى بەلەمێک بم
لەوێستگە دوورەکانى باکوورەوە هاتبم ..
ئەى تۆ .. کە من بارگەیەکم لەخەم
دەبێت ژیان پێبزانێت ؟
مەحاڵە .. مەحاڵە تۆ لەبیر بکەم
دەم بنێم بەشەرابى عەترەوەو مەلەى تیا بکەم
خۆم لەهەناسەیدا بشۆم ..
تەنها هێندەى ناسینى تۆ و نارنجێکى تەڕ..ئاشنابوون
ئاشنابوون بە گەڵایەکى ئەرخەوانى و پیرێکى موغان
تا ناسینى وێنەگرێک کاتێک کامێراکەى توڕە دەکات
تائاشنابوون بەسۆفییەک دەرزى کوفرمان پێبدات ..
تا ناسینى کچێکى عازەب کەفێرى دزیمان بکات
بۆ کڕینى قومێک پیاوەتى
تا ئەودەم هەر .. (خۆشم دەوێیت)
هێندەى درەختە ئاشوبییەکان ..
تا لەگەڕانەوەدا دەبمە فنجانێک هەڵم
تا دەبمە هەناسەى بغوردى ماڵێکى ئیماندار
تا .. گیرفانێک پێکەنینى ئێوارانت بۆ دەڕفێنم
هەر (خۆشم دەوێیت) ..
ئەى ژن
چۆن دەگەمەوە بەدووریى ئەو پاسارییە ؟
چۆن بڕوا بە پیربوونم دەکەیت؟
بە کۆشێک ڕیوایەتەوە
کە تۆ لەم زاکیرە خاڵییەمدا نەبیت
چۆن (با) ئاوازى عیشقمان بۆ دەژەنێت
کە من هێندەى خۆم پڕم لەچیرۆکى شەرمەزاریى
لەگەڵ ئەو شەوانەى پیاوەتیم تیا قاتبوو ..
ئیدى بۆ دەمخەیتە خەیاڵى پڕ لەوەسوەسەى عیشقت
هێندەى منداڵیى قەرەجێک پڕم لەگریان
هێندەى ملوانکەیەکى پچڕاو بێبەشم لەگەردەنى خۆم
هێندەى نەورەسێک بێبەشم لەتەنهاییت
هێندەى ئێوارەیەک پڕم لەسپێتیت
پڕم لەشەقامە تاریکەکانى منداڵیم
تکا دەکەم ... دەستم بگرە
دەستم بگرە بۆ مەملەکەتى هیواکان
تا لەتۆ دەڕژێم و دەبمە تنۆکێک بارانى تێکشکاو
دەڵێم: خودا.. شیعر چەندە بێمانایە
عیشق چەندە بێمانایە
خۆمان چەندە بێماناین
ئێمە چەندە نامۆین بەگەورەیى
کە تۆ بە (پەیمانە)کەت خوێناویت کردم و
جادەکانى قیامەتت هێنایە گۆ
کە تۆ بە (پەیمانە)کەت گەڵاکانمت فڕێدایە
دەم ڕێگەى جەهەنم و
منداڵە چەتوونەکانت لەنێو ئەو ئافاتەدا خنکاند
ئیدى لەحزەیەک مۆڵەتم بدە
با دڵم وەک (میناکانى سەبرى غەمبار نەشکێت)
گەرچى بەعیشوەوە خەیاڵەکانت دامدەچڵەکێنن
دەڵێم: عیشق تەنها نەفەسى قومێک جگەرەى بێ سووتوە ..
کەچى وەنەوزیشم وەک بەیانییە تەڕەکانى تۆیە
لەباخى ئێوارەکانم دەڕژێى
تا لەپیاسەیەکى دەمەو ئێوارانم ووندەبم
خەو بە ئاوێنە شکاوەکەى مناڵیمەوە دەبینم..لێرە دابنیشە
لێرە دابنیشە تا چەپکێ باران و
ئێوارەیەک ماچ و
پەرداخێک پێکەنینت بۆ دەڕازێنمەوە
بۆ ئەم خووگرتنەم بە تۆوە ..
تاخەوبینینم بەبابخچەکانى دەریا وەو
قەدکردنى هەناسەیەکى چاوەڕوانى
گریان بەخۆمدا دەدەم و
دەچمە ناو بخچەى ئاوەوە تاخنکان
کەچى لێزمەى تۆ فێرى پیاسەیەکى دەنگ وەختم دەکات
هەر بەدەم پیاسەکانى تۆوە گۆرانى کچەترێ
لە جۆگەى (ئۆستاکی) مدا دروست دەبێت.
2008-02-17
baran
|