وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌ی گۆران یان سه‌روگوێ‌کردنی .
هیوا موحه‌مه‌د
به‌ڕێزێک به‌ناوی ناهید ڕه‌شیدیان له سایتی ( ناوه‌ندی هاوکاری کورد و هۆله‌ندی ) بابه‌تێکی بلاو کرده‌وه‌ته‌وه گوایا چه‌ند هۆنراوه‌یه‌ک له خۆ ده‌گرێت .. یه‌کێ له‌و هۆنراوانه هۆنراوه‌ی گۆرانی نه‌مره به‌ناوی ( گوڵی خوێناوی ) که گوایه وه‌ری گێڕاوه بۆ هۆڵه‌ندی ... کارێکی دڵسۆزانه یه و باشه که ئه‌و به‌رهه‌مانه بکرێنه زمانی بێگانه و به‌وان بناسێندرێت چونکه تائێستا ئێمه هه‌ر له زمانی بێگانه‌وه ده‌که‌ینه کوردی ، چاکه که بێگانه‌کان ( ئه‌وروپییه‌کان ) بزانن هێمن کێیه و هۆنراوه‌کانی له چ ئاستێک‌دا بن یان گۆران و پیره‌مێرد و ئه‌وانی تر .. به‌لام ئه‌گه‌ر هات و ئه‌و وه‌رگێڕانه مانا‌و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌قه‌که‌ی شێواند و تێکی دا نه‌کردنی باشتر نیه ؟ بێگومان به‌ڵێ نه‌کردنی باشتره چونکه کردنی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌ستکاری کردنی ووته‌ی که‌سێکه که خۆی له ژیاندا نه‌ماوه تا پڕ به‌گه‌رووی هاوار بکات و بڵێ من وام نه‌وتوه.
هۆنراوه‌که به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌کات :. kijk in , dat huis , er is feest , word gedanst luister naar muziek , fluit , drum mensen met verschilende kleur kleding rood , geel , zijn samen alleen wij zijn allen sta op , we gaan met elkaar hand geven en met elkaar dansen
پێم خۆشه بپرسم له‌و خوشکه ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌هۆله‌ندی نووسیویه‌تی چی له‌م ده‌قه ڕاسته ده‌چێت ؟ بڕوانه ، شاییه چۆپیه له‌و ماڵه گوێبگره ده‌هۆڵه زوڕنایه شمشاڵه زه‌ردو سوور تێکه‌ڵاو بوون ژن و پیاو هه‌رایه له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هایاسه‌ی تۆ نایه ساتوخوا خێراکه بابڕۆین ده‌ست گرین به‌کامی دڵداری پێکه وه هه‌ڵپه‌ڕین
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه بکه‌ینه‌وه به‌کوردی ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌چێت : بڕوانه ئه‌و ماڵه چه‌ژنه ،له‌وێ سه‌ماده‌که‌ن گوێ بگره موزیک ، شمشاڵ ، ته‌پڵ خه‌ڵکی جیاواز به‌ڕه‌نگی جل سوور زه‌رد پێکه‌وه‌ن به‌ته‌نها ئێمه ته‌نهاین
گۆران مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و دیمه‌نه پیشان بدات که کچان و کوڕان پێکه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن یان ژنان و پیاوان ، ئه‌مه‌ش باس له ڕوویه‌کی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵی کورده‌واری ده‌کات، ئه‌و ناڵێت خه‌ڵک ده‌ڵێت ژن و پیاو . ئه‌و جار ده‌ڵێ هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه واتا هه‌ر یاره‌که‌ی له‌وێ نیه نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ئێمه ته‌نهاین ، چونکه ئه‌گه‌ر دووکه‌س پێکه‌وه بوون ناتوانن بڵێن ئێمه ته‌نهاین ، به‌ڵکو یه‌ک که‌س ده‌توانێ بڵێ من به‌ته‌نهام ..
لێره‌دا ئه‌و ووشه‌یه‌ی که مه‌به‌ستی هۆنراوه‌که‌یه‌و باس له خۆشه‌ویستی و دڵداری ده‌کات سڕدڕاوه‌ته‌وه .
دوای ئه‌وه ووشه‌ی ( هاند خه‌یڤن ) واتا ته‌وقه کردن ده‌ست له‌گه‌ڵ یه‌ک لێدانه‌وه ، ئه‌و ده‌ڵێ بچین له‌ناو شاییه‌که پێکه‌وه ده‌ست بگرین و هه‌ڵپه‌ڕین ، نه‌ک ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ بکات ..
ik heb bloemen nodig voor mijn haar een rode , een gele anders kom ik niet naar het feest گۆران ده‌ڵێت : گوڵ نه‌بێ بۆسه‌رم ئاڵ چه‌پکێ زه‌رد چه‌پکێ نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ند نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕکێ
ئه‌و مه‌رج داده‌نێت که گوڵی بؤ بێنێت داوا ناکات وه‌ک ئه‌وه‌ی له هۆله‌ندیه‌که‌دا هاتوه ده‌ڵێ گوڵم ده‌وێت ده‌نکێ سوور و ده‌نکێ زه‌رد بۆ قژم . ئه‌وجار ده‌لێ نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌نده‌که‌ش و هه‌ڵیش ناپه‌ڕم له‌گه‌ڵت . له‌هۆله‌ندیه‌که‌دا به‌وه کۆتایی هاتوه که نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ند ، هۆنراوه‌که باس له چه‌پکه گوڵ ده‌کات نه قلێک واتا ئه‌و چه‌ند گوڵه‌ی که کیژان له لای ڕاست یان چه‌پی پرچیان ده‌ده‌ن..
lieve meisje , mooi meisje het is nu herfst , alle bloemen zijn weg de tuin is leeg , گۆران ده‌ڵێت :کچ له ڕێی جوانی تا کچ له‌ڕێی جوانیتا ، کچ له ڕێی نێو نیگای هات و چۆی کانیتا پاییزه گه‌ڵای دار ڕژاوه باخ رووته گوڵ کوانێ ؟ گوڵ لێوی به‌بزه پشکووته
ئه‌و وه‌رگێڕدراوه ده‌ڵێت : کچه شیرینه‌که ، کچه جوانه‌که ، ئێستا پاییزه و گۆڵه‌کان هه‌موو نه‌ماون باخچه‌که‌ش چۆڵه ( به‌تاڵه )..
ئه‌و له هۆنراوه‌که‌دا تکای لێده‌کات و ده‌ڵێ بیکه به‌خاتری جوانیت و ئه‌و هاتن و چوونه‌ی ڕێگای کانیت ، ئه‌و ناڵێ گوڵ نه‌ماوه ده‌ڵێ گه‌ڵای دار ڕژاوه چونکه له پاییزیشدا گوڵ هه‌رهه‌یه به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و دیمه‌نه بداته به‌ر چاو که گه‌ڵاکان که‌وتون و باخیش رووته نه‌ک به‌تاڵه . وه‌رگێڕانه‌که باسی کانیه‌که‌و هات و چۆی کانیه‌که‌ی لابردوه و شێوه‌ی تکاکردنی که‌سه‌که‌ش له یاره‌که‌ی لابراوه . ئه‌و دێڕی یه‌که‌می وا باس کردوه چۆن باوکێک له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی خۆی قسه ده‌کات و ده‌یه‌وێت رازی بکات بچێت بخه‌وێت ..
koning s tuin heeft bloemen
گۆران ده‌لێ : بتدایه دڵ به من به‌هه‌موو ماناوه دووچه‌پکت ئه‌هانی له باخچه‌ی پاشاوه
واتا کچه‌که ناڵێت له باخچه‌ی پاشا گوڵ هه‌یه و ( ئادره‌سه‌که‌ی بداتێ ) به‌س ئه‌و ده‌یه‌وێت پێی بڵێت که ئه‌گه‌ر منت خۆش ده‌وێت فه‌رموو مه‌ترسی بده‌ره خۆت و بڕۆ له باخچه‌ی پاشا گوڵم بۆ بێنه ، که ئه‌مه خۆی ناوه‌رۆک و مه‌به‌ستی هۆنراوه‌که‌یه و گرێ دراوی دوایینه‌که‌یه‌تی .
کوڕ ده‌ڕوات و له‌به‌رخۆیه‌وه گۆرانی ده‌ڵێت : باخچه‌ی پاشا له‌وبه‌ر ئاوه خێڵی دوژمن ده‌وره‌ی داوه ئه‌رۆم رێگام لێ گیراوه ناڕۆم چاوکاڵ لێم تۆراوه
خوشکه ناهید ده‌ڵێت : koning s huis is ver De bewakers zijn rond de tuin het is gevaarlijk als ik ga als ik niet ga ,wordt mijn geliefde verdrietig به کوردی ده‌بێته : ماڵی پاشا دووره پاسه‌وانه‌کان له ده‌وری باخچه‌ن مه‌ترسیداره ئه‌گه‌ر بچم نه‌ش چم یاره‌که‌م ده‌تۆرێت
گۆران ده‌ڵێت باخچه‌که له‌وبه‌ری ئاوه‌که‌یه ئه‌مه‌ش په‌ڕینه‌وه‌ی ده‌وێت ، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستیه‌تی به‌وانه‌ی ده‌وری بڵێت خێڵی دوژمن ، ئه‌و له خۆرا ئه‌و دوو ووشه‌یه به‌کار ناهێنێت ، هه‌روه‌ها ناڵێت ئه‌گه‌ر بچم مه‌ترسی داره به‌لکو ئاماده‌یه بچێت به‌ڵام ڕێگه‌ی لێ گیراوه ..
باخچه‌ی پاشا وورد گه‌ڕام خوار و ژوور زه‌رد هه‌بوو بۆم چنیت ده‌ست نه‌که‌وت گوڵی سوور نازانم ئه‌مجا دێیت بۆ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ ؟ كچ : نایه‌م گوڵ ماویه‌تی بۆ سه‌رم سوور چه‌پکێ
وه‌رگێڕ ده‌ڵێت : Zie je ik heb gele bloemen gevonden maar rode niet
به پێی ئه‌و وه‌رگێڕراوه ده‌بێته : ده‌بینیت گوڵی زه‌ردم دیته‌وه به‌ڵام سوور نا .
باس له‌وه‌ناکات که ئه‌و ده‌ڵێ چوومه ناو باخه‌که‌و هه‌مووشی گه‌ڕاوم به‌ڵام گوڵی سوورم نه‌دیته‌وه ، واتا ئه‌و مه‌ترسیه‌ی دایه به‌رخۆی له ئاوه‌که‌ش په‌ڕییه‌وه و چوه ناو باخه‌که‌ش له به‌ر خاتری دڵداره‌که‌ی ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی لابردوه که وه‌لامی کچه‌که چیه.
هۆنراوه‌که ده‌ڵێت : کوڕ یه‌خه‌ی مراخانی ترازان ناته‌وێ ئه‌م زامی سه‌ر دڵه‌م له‌باتی ؟ کچ : هه‌ی هاوار تفه‌نگی دوژمنیش پێکاتی ؟ ڕاکشێ تاوێ سه‌ر بنێره سه‌ر ڕانم بابگریم بۆ دڵێ بۆ گوڵێ دۆڕانم
له‌کاتێکدا وه‌رگێڕدراوه هۆله‌ندیه‌که ده‌ڵێت : pak dit bandage van mijn hart een gele bloem met bloed van mijn hart Meisje ( huilend ) : de bewakers hebben je geschoten
ئه‌و وه‌رگێڕدراوه ده‌ڵێت : ئه‌و برین پێچه له دڵم بگره گوڵێکی زه‌رد له‌گه‌ڵ خوێنی دڵم کچ به‌گریانه‌وه پاسه‌وانه‌کان ته‌قه‌یان لێ کردی ؟
زۆر به‌ڕوونی دیاره که کۆتایی هۆنراوه‌که له سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاسته‌که‌ی خراپتری پێ کراوه ، کوڕ پێی ده‌ڵێت ئه‌م برینه سووره خوێناویه‌ت ده‌ده‌مێ له جیاتی گوڵی سوور واتا دڵمت ده‌ده‌مێ ، کچ ناگری که ئه‌و ووشه‌ی گریانی له نێوان دوو که‌واندا داناوه به‌ڵکو هاوار ده‌کات . دواتر ده‌لێ بابگریم.
کوا ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌ی که کچ پێی ده‌ڵێت وه‌ره سه‌ر بکه سه‌ر ڕانم با بگریم ، واتا ده‌یه‌وێت په‌شیمانی ده‌رببڕێت ، که لێره‌شدا په‌شیمانی سوودی نیه . فه‌لسه‌فه‌ی هۆنراوه‌که‌ی گۆران ئالێره‌دایه که هاندانی خراپ و نه‌زانانه له ژیاندا باش نیه و هه‌روه‌ها له کاتی ره‌فتاردا ته‌نها به‌کار هێنانی سۆز و دوور خستنه‌وه‌ی ژیری ئه‌نجامی باشی نابێت ، که ئه‌مانه هه‌مووی له ده‌قه هۆڵه‌ندیه‌که‌دا نین و هیوادارم هیچ هۆڵه‌ندیه‌ک نه‌ی خوێندبێته‌وه تاوه‌کو گۆرانی مه‌زن به‌و شێوه لاوازه نه‌ناسن . پێشم باشه خوشکه ناهید خۆی له هه‌رکوێ بڵاوی کردوه‌ته‌وه داوایان لێ بکات که لای ببه‌ن ..
تکایه بۆ دیتنی ئه‌و بابه‌ته بچۆ سه‌ردانی ئه‌م سایته بکه:
hiwarashid@hotmail.com
|