٥\٧\٢٠٢٢
سێ پیت لە پیتەکانی نائومێدیی.

ناڵە
حەسەن
١
ن / نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی
بە ڕێنووسە ڕەشەکانی ونبوونم
بمکە بە ڕۆمانێکی درێژ
لەنێویدا
وردە شووشەکانی
ئاوێنەی بوونم کۆکەرەوە و
لەسەر ڕووی دەریاش
مانایەکی نوێ
بۆ ژیان و عەشق بنووسەوە
نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی
بەداوە سپییە وەریوەکانی قژی خەونەکانم و
ڕەنگی کاتژمێرە وەستاوەکانی تەمەنم
یان بە پارچە خەڵووزێکی
خەمە ئاگرینە دۆزەخییەکانم و
سترێسە ترسناکە مەرگئامێزەکانم
تابلۆیەک بکێشە
لەنێویدا
بمکە بە باڵندەیەک و
لەئاسمانی نیشتیمانم بمفڕێنە
بمکە بە ڕێژنە بارانێک و
بەسەر باخچە و گوڵە ژاکاوەکان / بمبارێنە
ڕووبارەکانی ناو تابلۆکەت
پڕکە / لە فرمێسکی سەرگۆنای
منداڵە دەستفرۆشەکان
بمکە بە ژەمێ خواردن و لەسەر سفرەی
ماڵە هەژارێک دامبنێ
یان بمکە / بە چڕایەک
لە شەقامێکی تاریک دامگیرسێنە
دەی / نەرم نەرم بم شێلە ئەی نائومێدی.
٢
ئــ / ئاگر لە پەرێزی خەونەکانم بەربووە
چاوەکانم و دەمارەکانی جەستەم وشکییان کردووە
پڕبووم لە گومان و لە تاریکی
بوون و یادەوەرییەکانم بیرنایەتەوە
نە سیماکان و نە ڕێگاکان و تەنانەت
شێوەی خۆیشم ناناسمەوە
لە دوورەوەش
ڕووناکییەکی ڕەش ڕەش دەبینم / ئەی نائومێدی.
٣
د / دەمەوێت دوورتر بڕۆم
دوور دوور دوور
دوور لەژیان و لەمرۆڤ و لە ئاوەدانی
دوور لەپەرستگەکان و لە عەشق و لە ئاوێنەکان
دوور لە هەموو شتێک
لە شوێنێک
لەژێر کەپری تاریکیدا
بەرگی مرۆڤبوون لەخۆم دابکەنم
بەتاقی تەنێ / لەگەڵ شیعر هەناسە بدەم
لەدەفتەرێکیش
جوانییەکانی / باڵندەکان و درەختەکان و
ڕووبارەکان و ئەستێرەکان .. ڕەسم بکەم
دەی نەرم نەرم بم شێلە / ئەی نائومێدی ...!
تەمووزی ٢٠٢٢
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|