په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٨

ئارکۆلۆژیای زمانی مارکس

لە ئەدەبەوە بۆ گوتاری سیاسی.

 


سمکۆ محەمەد       

 - کەرتی چوارەم -


زمان وەک بەشێکی گرنگ لەپێداویستیەکانی رۆژانە و پێناسەکردنی شتەکانی دەوروبەر و خۆجیاکردنەوەی مرۆڤ لەکائینەکانی تر، ھەروەھا لەنێو ئینسانیش زمان وەکو کارپێکەرێک لەبەرامبەر ئەویدیکە، لەنێو گوتاری سیاسی و فەرھەنگی سۆسیۆلۆژی، دەورێکی کاریگەر دەبینێت، وەختێک زمان ھەم بکەرێکی تۆڕ ئاسایە و ناکرێ رێسای بۆ دابنرێت، ھەروەھا پرسیارکەرێکە لەشتەکان، کەواتە نھێنی ئەم بکەرە لەدونیایەکەوە بۆ دونیایەکی تر جیاوازی ھەیە، چونکە بیروڕایەک ھەیە کە گوایە زمان خۆی توانایەکی ناوەکی نییە، بگرە ئەوە ئینسانە دەیکات بەبکەرێک لەدەرەوەی خۆی.


(ژیل دۆڵۆز) پێیوایە زمان تەنھا دال دەخوڵقێنێ لەتێکستدا، ئەوە رووەکەی دیکەی زمانە کە کردەی زمانە و مەدلول بۆ شتەکان دیاری دەکات، ھەموو ئەو موناقەشانەی کە لەبارەی زمانەوە کراوە تائێستا، جگە لەبونیادگەراکان، ئەوەمان پێدەڵێن کە زمان مرۆڤ دروست ناکات، بەڵکو ئەوە زەروورەتە بەزمان لەنێو ئاخاوتندا ناو و ھێما لەشتەکان دەنێت و دەیبەخشێت و مرۆڤ لەمرۆڤێکی دیکەی رەش پێست و سپی پێست و سوور پێست و ھتد جودادەکاتەوە، بەنێو فەرھەنگ و سیاسەتیشدا ئەوە چینەکانن زمان دەخەنە نێو گۆڕانە کۆمەڵایەتیەکانەوە، دەنا زمان ھەر ئەو بکەرەیە کە بۆ زەرورەت کاری ئینسان مەیسەر دەکات، مارکس ئەم نھێنیەی زمانی لە تێکستی فەلسەفیدا کارپێکردووە و کردوویەتی بەزمانی تێگەیشتنی گشت بۆ گروپ و دەستەبژێری سیاسی دیاری کراو، لەم چاپتەرەدا ھەوڵدەدەین لەتێکستەکانیدا ئەو نھێنییە بدۆزینەوە کە بۆ بەرگریکردن لە فەلسەفەی سیاسی بەیانی کردووە.


لێرەدا نامەوێ تەنھا باس لەزمان بکەین وەکو ئەوەی بونیادگەر و پاش بونیادگەرەکان قسەی لێدەکەن تەنھا بۆ ئەدەب کەڵک وەربگرین، بەڵکو دەمەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم کە زمان لەلای مارکس بۆچی بەھایەکی جیاوازی ھەیە بۆ گەیاندن، ھەڵبەت ئەو گەیاندنەی کە لەرێگەی گوتارەوە خۆی نمایش دەکات و دواتر لەبەرامبەر دژەکەی کە ناوی ناوە سەرمایەداری، دەچێتە سەر زاری خەڵک و ھۆشیار دەبنەوە و دەچێتە سەر زاری کرێکار کە ئەو چینەیە لەپەراوێزی فەلسەفە نمایندەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، دەقێکە لە بانگکردنی رھەندە جۆراوجۆرە پێرفۆرماتیڤ و نمایشکەر، کرێکارانی جھان یەکگرن بۆ دەسەڵاتێکە تاکو حیکاتێکی مێژوویی دەربارەی خەباتی چینایەتی مێژووی کۆی کۆمەڵگاکان بگێڕێتەوە، ئەویش بریتییە لە مێژووی خەباتی چینایەتی، ئەمە بانگەشەی پاساوێکی تیۆری دەکات کە جۆرێکی تازەی بانگەشەی فکری سیاسی بوو لەسەردەمی ھاتنی مۆدێرنە و کەڵک وەرگرتنی سەرمایەداری لەو مۆدێرنەیە وەکو سیستم، بەکارھێنانی سەرمایەداری وەکو سوبێکتێک بۆ گوێی کرێکار و پڕۆلیتاریا کە دژە چینەکەی خۆی پێدەناسێنێت، یان باسی نەگۆڕینی ئایین و نەتەوە و مەسەلەی ژن وەکو موڵکداری سەرەتایی و زۆرێک لە تێبینییەکانی دیکەی نێو موفردەی ژیانی رۆژانە، بۆئەوەیە کرێکار لەھەر شوێنێک بێت و خاوەنی ھەر شوناسێکی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی بێت، ناچاری دەکات خۆی بناسێت، کەوابو ئامانجی مانیفێست ئەوەیە کە زنجیرە درامایەکە تەنھا بۆ خۆ بەرھەمھێناوەی سەرمایەدار نەبێت تاکو تەمەنی زیادبکات درێژە بکێشێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە خێرایی بە بیرکردنەوەی ئینسانەکان بھێنێت بۆ یەکگرتنیان لە چوارچێوەی مەبەستەکانیان وەکو ئینسان، نەک وەکو ئینسانی پلە دووی نێو سیستمەکە.


مارکس ئەوەی دەزانی کە سیستمی سەرمایەداری ھەڵگری کۆمەڵک کێشەی ئەزەلییە لەھەناوی خۆیدا، بۆیە ئەم موناقەشەیەی بۆ ئەوە درووست و لە مانیفێستێکدا بەیانی کرد کە ھەمیشە بخوێنرێتەوە و خوێندنەوەکەشی ئاسان بە زمانێک کە ھەموو کەسێ تێبگات، تاکو چیتر دوگمایانە و ئیدیۆلۆژیانەی وشک تەماشای میتۆدی مارکسی نەکرێت بۆ ژیان، یان بۆ زمان تەنانەت لەنێو ئەدەبیشدا، ھەر ئەم بەھایە بووە کە لەمارکسەوە بۆ مارکسییەکان ماوەتەوە کە ئەو گرینگییەکی لە رادەبەری داوە بە ترادیسیۆنی گریکی یۆنان، بەتایبەتی ھونەرەکەیان و فەلسەفەکەیان و بەرھەمھێنانی سیستم و ئەو چەمکانەی کە تائێستا کاریان پێدەکرێت، لەوانەش گرینگتر ژێرکەوتنی شارستانییەت وەکو بەرھەمێکی شارستانی ھونەری منەوەری بۆماوە بۆ جھانی دوای خۆی، بەتایبەتی تەوزیف کردنی ئەو شارستانییەت و ھونەرەی کە لە ماتریالیزمی دیالیکتیکدا باسی کردووە، یان ئەوەی لە دکتۆراکەی کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ئەپیکۆرسی یۆنانی، بەمەش مارکس ھەوڵیداوە شیکردنەوەیەکی جیاواز لە ئیستاتیکای تایبەتی یۆنان وەکو موعجیزەیەک ببەستێتەوە، سەبارەت بەوەش لەلای مارکسییەکان بۆتە ترادیسیۆنی فکری، بۆ نموونە دەبینین کە چۆن لەلایەن ھانس ئایسلەر نووسەرەوەی کۆمۆنیزمی ئاڵمان، ھاوکاری برێختی کراوە، کاتێک باسی مۆزیکی وەکو وێنەیەکی جھانی سیاسی ھێناوەتەوە و پەیوەندیی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکیان بەرھەمی کۆمەڵگەن، یان رزگارکەری کۆمەڵگە.


ئەو ئیستاتیکایەی لەلایەن مارکسەوە گرینگی پێدراوە لەبارەی ئەدەبەوە و ئەنگڵس ھاوکارێکی ئایدیایی بووە، فەلسەفەی بیرکردنەوەی جیاواز و دابڕانێتی لەوانی پێش خۆی، زمانی ھەقیقی راستەوخۆ و تەعبیری ھیومانیستی بۆ بۆچوونەکانی ھیگڵ کە بە مامۆستای خۆی زانیوە، بەعەقلانیکردنی سیاسەتە کە سیاسەتەوە لەپێناو سیاسەت کردن و سیاسەت بۆ گۆڕینی واقیع، ھەڵبەت بەھەندوەرگرتنی ئیستاتیکا لەنێو زماندا، جگە لە ئەدەبیاتی سیاسی، مارکس گرینگی بە ئەدەبیاتی واقیعیەتیش داوە، ھەروەک ئەوەی باسی ئەدەبیاتی فەرانسەی کردووە و جۆرج لۆکاش لە کتێبەکەی خۆی ئاماژەی پێدەدا.


مەبەستی جۆرج لۆکاچیش لەبارەی پەیوەستی نووسەرەوە بۆ بابەتی ئەدەبی، یان بۆ نووسەری سیاسی کەسێکی وەکو تۆماس مان، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە خۆپارێز بووە لە نووسین، بەپێچەوانەشەوە کتێبێکی جۆرج لۆکاچ ھەیە بەناو (باڵزاک و واقیعیەتی فەرانسە) باسی ئەو گەشە فکری یەی لە ھونەری ناوەڕک و بۆچونی ئەو کارێکتەرانە بۆ دۆخی خۆیان و گشتی ھەیانبووە، ھەروەھا نەترسانیان لە بیروباوەڕەکانیان کە واقیعییان پێ بینیووە، بریتییە لە قوڵایی بیرکردنەوە و رەھەندی ئەخلاقییانەی جھانگەراییەک بۆ ھەر کارێکتەرێک لەھەر شوێنێک بێت. کەوابوو بەھەند وەرگرتنی ئیستاتیکا لەلای مارکس بۆ ئەدەب لە واقیعبینییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە دواتر دەبێت بە ھونەر و لە ناوەڕۆکدا ھەستی پێدەکرێت کە ئەمە لە سیاقی گەشەی فکری ئەدەبیدا دەرکەوتووە.


بۆ ئەوەی پێشەکیەک بدەین بەدەستەوە دەبێ باس لەھۆکارەکانی پشت زمان واتە میتازمان بکەین، بەلەبەر چاوگرتنی روداو و کارەساتە سرووشتی و مرۆیەکان کە لەمێژوودا ھەزارەھا چیرۆکی لێ بەرھەمھاتووە, زمان وەزیفەیەکی تری وەرگرت, ئەویش بەدیکۆمێنت کردنی شتەکانە, ھەر ئەوکاتیش بۆتە بەشێک لەبەئاگا ھێنانەوەی مرۆڤ لەجۆرەکانی ترس, لەتەک ئەمانەشدا جیاکردنەوەی ھۆز و نەتەوەکان و سنوور دانان بۆ تایبەتمەندی کوولتورەکان, ئەم داتایانە کارێکی وەھای کردووە کە مرۆڤ لەڕێگای زمانەوە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە, خۆی لەکائینەکانی تر جیا بکاتەوەو ھونەری ئاخاوتنی کردووە بەیەکێک لەئەولەویەتەکانی کاری خۆی، ئەم ھۆکارانە مانایەکی دیکەی بەو زمانەدا کەپێشتر بەیەک فۆڕم کاری پێکراو بەیەک شێوە خۆی بەرھەمدەھێنایەوە لەنێو ھەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و سیاسی و تەنانەت ئابوریش.


بەرلەوەی گوتاری سیاسی ھارمۆنیا و ئیلھام لەدەقە ئایینیەکانەوە وەربگرێ، ئایین وەکو تێکست خۆی جیاکردۆتە لەو رێکخراوە کۆمەڵایەتیەی کە جیھانێکیتر بۆ خەیاڵ خوڵقاندووە کە بەشێکی کرداری توندوتیژییە و جاری وەھاش ھەیە لەرێگەی زمانەوە ئەو توندوتیژییەی بەرھەمھاتووە کە ئەمە روویەکی کۆمەڵناسانەیە بۆ زمان، ئەگەر لەمەش بترازێین و لەرێگەی زمانەوە جوانیناسی وەربگرین کە لایەنێکی تری زمانە و دژ بەتوندوتیژییە، پێشتر ئیستاتیکا لەئەدەبدا زمانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ھەبوو, ھەرلەو کایەیەشەوە تەعبیر لەشتەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دەکرا, ئەوەی کە لەزمانی نادیاری ھونەریەوە دەڕازێنرێتەوە, میتافۆڕی زمانی ئەدەبە کە ماشینێکە بۆ بەرھەمھێنان و ئاشکراکردنی دیاردە سرووشتییەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات, ئەوەیە کە لەدوایین ئامانجی گوتاری نادیاردا, گوتارێک لەناواخنی زانستێک بۆ لێکۆڵینەوە و لۆژیک بەرھەمدێنێ, ئەمەش وەکو ئەوە وایە دکتۆرێک لەژێر پێستەوە وەزیفەی خانەکانی خوێنمان بۆ ئاشکرا بکات.


ھەڵبەت سیمای میتافۆرە زمانەوانییەکان, گریمانەی پێش دیاری کردنی دال و مەدلولە کە لەفەلسەفەی ئیدیالیزمیدا کەلێنێک دەدۆزێتەوە, کەلێنێک کە پەیوەندیی لەنێوان چەمکەکاندا درووست دەکات, ئەو پرسیارانەش وەڵام دەداتەوە کە لەزمانی ناڕاستەوخۆدا شەرمن دێنە بەرچاو.

زمانێک بۆ گشت .. زمانێک بۆ دەستە.


زمانی ئەدەب ھاوارێکی ئەفسانەییە, زمانی سیاسیش گوتارێکی واقیعیە, ھونەر لەم رستەیەدا لەوەدایە کە ئەوەی لەزمانی ئەدەبیاتدا دەبینرێت, زمانی ھێماکانە و زمانێکی سانسۆر کراوە, سانسۆرێک کە مۆڕاڵ لەڕێگەی ھونەرەوە مەترسی خستۆتە ھەناوی دەقەوە, ئەمەش ھەندێ جار مرۆڤ بەخواستی خۆی پێکیدێنێ, ھەندێ جاریش دەسەڵاتە دیار و نادیارەکان کاری لەسەر دەکەن, شتێک کە لەناوەوە ھەیە لێڵ و ناڕۆشنە, ئەوەش کە لەزمانی ئاخاوتنی گوتاردا ھەیە, رۆشنتر و راستەوخۆتر دەبینرێت, بەومانایەی کە زمانی ئەدەب, زمانی دەگمەنە و حەتمی نییە, زمانێکی بێ ھێزە بەرانبەر ئەودیاردانەی کە یارمەتی ھیچ دەرەتانێک نادەن بەکراوەیی, بەڵام زمانی سیاسەت زمانێکی حەتمی و بەھێزە و داواکاریەکان رۆشنتر دەخاتە روو, ھەر ئەوەی لەگوتەی پڕ لەحیکمەتی کارمەندانی دەوڵەت, گوتاری کاتی ھەڵبژاردن, گوتاری نێو پەرلەمان و کارێکتەرە سیاسییەکان و بازرگانەکان و ھتد, زۆرێکی تری لەم بابەتەدا ھەیە, دەشێ کاریگەری راستەوخۆ و ئاشکرایان ھەبووبێت, ئەگەر ناوەڕۆکێکی فکری دیاریکراو و ھەمەلایەنەیان نەبێت, ناچنە خانەی بنەمای باسی مێژووی کردەی سیاسییەوە کە زمان دەورو نەقشی تێدا ھەیە.


بۆ ئەوەی بەراوردێک لەنێوان زمانی ئەدەبیات و زمانێک بۆ گوتاری سیاسی بکەین, بۆچوونی مۆریس بلانشۆ وەردەگرین بەسیفەتی ئەوەی ھەم کاریگەری ئیستاتیکای لەنێو کاریگەری گوتاری سیاسیدا دۆزیوەتەوە و ھەمیش لەنێو گوتاری ھونەریدا "مۆریس بلانشۆ پێی وایە زمانی نووسین بەندە بەگۆڕینەوە, تەنانەت بیرمەندە موحافیزکارەکانیش کە ئەرکیان لەبەرگریکردن لەسیستمی سەقامگرتوو و شێوە باوەکانی ژیان و کار دەزانن, نیازیان وایە لەرێی توێژینەوە و نووسینەوە بۆچوونی کەسانی تر بەلای خۆیاندا رابکێشن" (١) ھەر بۆ ئەوەش کە دووفاقیەتی زمان لەفرە ماناییدا دەربخەین, دەوتوانین نموونەیەک وەربگرین, ئەوەی کە ئەگەر لەئەدەبیاتدا سێو, یان سندوقێک لەسیاقی رستەیەکدا زیاتر لەمانایەکمان پێبدات, ئەوا لەگوتاری سیاسیدا یەک مانای راستەوخۆی ھەیە, چونکە سێو تاکو نەخورێ نازانین تامی چیە, سندوقیش تاکو سەری ھەڵنەدەینەوە نازانین بەتاڵە یان چ شتێکی تێدایە, ئەم نموونەیە پشتگیری لەزمانی بێ شەرم و راستەخۆ دەکاتەوە, بەرامبەر بەزمانی شەرمن و ناراستەوخۆ کەلەئەدەبیاتدا مەوجوودە و سیفەتێکی دیکەی زمانە لەنێو ئیستاتیکادا کە بەشێکی ئیستاتیکای سیاسی بووە.


لەراستیدا زمانی گشت لەگەڵ زمانی دەستە، تەنھا لەشێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و بەرھەمھێنانەوەی نییە، بەڵکو لەشێوەی ئاڕاستەکردنیشێتی لەکایەکانی فەرھەنگ و سیاسەتدا، بۆ نموونە دەستە کە مامەڵە لەگەڵ زماندا دەکات، واتە مامەڵە لەگەڵ گشت دەکات، بەڵام لەفەرھەنگدا ئەمە مەدلولێکی تری ھەیە، ئەویش خۆبەرھەمھێنانەوەیەتی لەنێو تێکست و ھیچی تر، بەوپێیەی کە فەرھەنگ و کردەیەکی تاکییە و لەجیاتی گشت بیر ناکاتەوە و مانا بۆ شتەکان دابنێت، بەڵام لەزمانی گشتدا ھەر ھەمان زمانە کە گشت دەتوانێ جارێکی تر گشت بخاتە بەردەم لێپرسینەوە و خۆ بەرھەمھێنانەوە، ئەویش لەرەنگدانەوەی زمانی ئاراستەکردندایە، مەبەستم لەئاراستەکردن ئەوەیە کە سیاسەت شێوەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتیە، وەکو سۆسیۆلۆژیەکان دەڵێن، ھەر ئەمەیە جیاوازی نێوان گشت و دەستە کە زۆرجار جیاوازی دەخاتە نێو گوتاریشەوە.


ئەندێشەی مارکس و تێڕوانینەکانی ئەو سەبارەت بەگەشەسەندنی کۆمەڵەکان و بەتایبەت رەخنەکانی لەسەرمایەداری کاریگەری لەسەر دیدیگای بەشێکی زۆر لەسەر ئەندێشەی دوای خۆی دانا لەرۆژئاوا و دواتریش گەیشتنی فکرەکە بە رۆژھەڵات، ھەمان کاریگەری زیاتریشی ھەبوو، چونکە چەوساندنەوە چینایەتیەکە لەلایەک و نەبوونی زمانێک بۆ دەربڕین بەرامبەر بەچەمکە سیاسییەکان کە بازاڕیان پێوەدەکرا تەکانێکی گەورەی دا، گەورەترین کەسێک کە دامەزرێنەری رەوتی فکری مارکس بوو، ئانتۆنیۆ گرامشی بوو کە دوو دەیەی تەمەنی خۆی لەزیندان مۆسۆلۆنیدا بردەسەر، ئەو لەنێو کایەی رۆشنبیری رۆژئاوا و ھەڵوێستی رۆشنبیر بوو، لەنێو ئەدەب و ھونەریشدا (جۆرج لۆکاچ) بوو، ئیدی چۆنییەتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئەدەبیەکان، بەری ئەو گوتارەگرت کە پشتبەستوو بوو بەدیموکراسیەتی بۆرژوازی و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەوکات، ئیدی دەوڵەت ھەموو ھەوڵی ئەوەبوو کە لەنێو ئەندێشەدا قەڵەمڕەوی زیاتر بکات، لەوچوارچێوەیەدا دامودەزگاکانی بەئیدیۆلۆژیاکرد، بۆیە ھەریەک لەگرامشی و جۆرج لۆکاچ بڕوایان وابوو کە کاریگەری ئەو زمانەی مارکس ھێشتا دەتوانرێت بەرھەمبھێنرێتەوە و لەرێگەی کۆمەڵی مەدەنی جیاجیاوە کە لەھەمووی گرینگتر توخمەکانی ژیانی رۆژانەیە بگۆڕدرێت و رێگە نەدرێت دەوڵەت کۆنتڕۆڵی بکات، تەنانەت کاریگەری لەسەر میتۆدی خوێندنی زانکۆکانیش دانا، ئیدی پێشبڕکێ لەم میانەیەوە دەستپێکرد و ھەرکەسێکیش ئەو پێشبڕکێیەی بردەوە، ئەوا لانیکەم سەرمەشقی کۆمەڵی دیکەی پێدەکرێ و ئاراستە جێکەوتەکەی دەوڵەت لەنێو دامودەزگاکانی وەخۆی نامێنێ.

سیاسەت لەزمانی تاکەوە بۆ زمانی کۆ.

تائێستا ئینترۆپۆلۆژیای زمانەوانی و خودی ئینترۆپۆلۆژیستەکانیش, نەیانتوانیوە نەتەوەیەک یان گروپێکی کۆمەڵایەتی سابا لەھەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێت بەنموونە وەربگرن و بیسەلمێنن یەکەمین داھێنەری زمان بوونە و ئەسڵی زمان جێگاو رێگایەکی دیاری کراوی ھەبێت بەوانەشەوە پێش یۆنان و میسر و ھیندستان و رۆما ھەبوون, بەشێک لەپەیوەندیەکانی بەرھەمھێنان, ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دەرکەوتەکانییەتی لەتەکنیک و شێوە فراماسیۆنی کۆمەڵایەتیدایە کە تان و پۆی سترۆکتۆرەکان روونی دەکەنەوە, ئەو بەشە مەعنەویەش لەبەشەکانی تری سەرخانی کۆمەڵگەدا رووبەرێکی فراوان داگیر دەکات. ئەوەش کە لەزماندا ئامادەیە بەرمەبنای کێبەرکێی چینەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان بووە لەمێژوودا, یەکەمین ھۆکاریش بۆ جیاوازی زمانەکان, ئەوەبووە کە مرۆڤ لەدوای جێھێشتنی شوێنێک بۆ شوێنێکی تر گەشەی بەخۆیەوە بینیوە, ھەر ئەوکات گروپێک یان بنەماڵەیەک رێکەوتوون لەسەر شێوەیەک لەئاخاوتن و پێناسەیەک بۆ شتەکان کە لەڕەوتی کارکردندا کەڵکیان لێوەرگرتوون بۆبڕیار و ئاکامەکانی. بەمەش بیرکردنەوە ماھیەتی شتەکانی بەرھەمھێناوە, دەشێ مێژووی بیری سیاسی وەک مێژووی بیر تەماشا بکرێت, بەڵام لەچوارچێوەیەکی تایبەتدا لەبارەی دەوڵەت و تاکەکەس, رەوایی و دەستوور, ئازادی و یەکسانی, کە پەیوەندییەکی پتەویان بەبیروڕای گشتی و بۆچونی ئایینی و گەشەکردنی فەلسەفی و زانستیانەوە ھەیە.


سرووشتی دەوڵەت پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ بیری سیاسیدا ھەیە, لەسەدەی حەڤدەھەم ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەکی سرووشتی گەیشتە لوتکە, بەر لەوکاتە ئەم بیرانە لەگەڵ جیھانبینی دینەکی گشتیدا گونجێندرابوون, ئەلێرەوە تێدەگەین کە زمان لەنێو بیری سیاسی و گەشەی فەلسەفەدا چ شتێکی جێھێشتووە, لەسەدەکانی ناوەڕاستەوە زانایانی بیری لاھوتی, لە کەشوھەوایەکی وەھادا زمانی ئەدەبیان بەسەر تەواوی کایەکانی تردا زاڵ کردبوو, دواتر لەگەڵ ھاتنی رێنیسانسدا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مشت و ماڵ کرا و فەلسەفەی عەقلانی ھاتە ئاراوە, پرسیاری مارکس لە مەسەلەی لاھوت و ئایین وەکو بەشێک لە رۆشنبیری مێژوویی گەلان، لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو کە بۆی روون نەبوو لەدوای ئیدیۆلۆژیای ئاڵمانی و دوای بەرھەڵستکاری مەسییحیەت لە رۆژئاوا و باڵادەست بوونیان لەنێو دەسەڵاتی تەشریعی، چ بەرھەمێکی نوێی رۆشنبیری دێنێتە ئاراوە، " لاھوتییەکان باوەڕیان وایە سەیرکردن بەسە بۆ ئەو کارانەی کە لەدۆخی پەیوەست بوون لەنێو وانەکان و نەسڕینەوەیان، لەبەر ئەوەی لاھوتییەک نەبووە بتوانێت سەبارەت بە ھەموو شتێک بدوێت و رووی وتەکانی لەھەر کەسێک بکات، بەتایبەتی خێوەکان ھەرگیز لاھوتی نەبووە، کێشەیەکی لەگەڵ تارماییدا ھەبێت، چونکە لاھوتی ئاسایی بڕوای بە بوونی خێوەکان ھەیە، ھەروەھا بڕوای بە ھیچ یەکێک لەو شتانە نییە کە دەکرێت ناوی بنێن فەزای گریمانەیی بۆ تارمایی بوون، بڕوای لاھوتی بە جیکارییەک نییە لەگەڵ خۆی، چونکە بڕوای بە جیاکاری نییە لەنێوان ئەوەی کە بوون نییە، بۆ نموونە بابەتێک بڕوای بە دژییەکەکان و ئەرکی قوتابخانەکان نییە". (٢). درێدا لەم توێژینەوەیدا باسی لە تارماییەک دەکات لەپێشووتر شکسپیر وەکو شانۆ باسی لەو دەسەڵاتە ترسناکە کردووە و ئەو تارماییەشی بەیان کردووە کە دەسەڵات و سیستمەکەش ترسی لێنیشتوە، بەڵام ئەوەی جێگەی گووتنە ئەوەیە، ئەم تێکشتە چیرۆکی تایبەتی خۆی ھەیە، مەبەستم ئەوەیە کە تێکشتنەکە باکگڕاوندێکی مێژوویی ھەیە، وێلبرس سکوت لە کتێبەکەیدا لەژێر عینوانی. ( خمسە مداخل الی النقد الادبی) دەڵێ" وەکو گلبێرت موری لە توێژینەوەیەکدا باس لە ھاوبەشی نێوان ھاملێت و ئۆریستس دەکات، ئۆریستیش کەسایەتییەکی کلاسیکی روونی گریکییە، ئەو لە قەسیدەی تراژیدیادا دەردەکەوێ کە سۆفۆکلیس نووسیویەتی کە گرینگترین نموونەی کارێکتەری گریکییە، بەتایبەتی تێکستی ئەلیکترا وەکو پاڵەوانی تراژیدیایی کە کەسایەتییەکی ناسراوی عیبادەتی ئایینی و باوەڕداری داستانی و شیعری گۆرانییە". وێلبرس لەو توێژینەوەیەدا گەیشتۆتە ئاستێک بۆ قەناعەت کە پێوایە شکسپیر ئەو فکرەیەی لە خەیاڵی خۆیەوە بەرھەم نەھێناوە، بەڵکو لە چیرۆکێکی مێژوویی دانمارکی و لەوێشەوە لە چیرۆکێکی گریکی وەرگرتووە، چونکە خاڵی ھاوبەشی نێوان چیرۆکی ساکسۆی دانمارکی کە لەوێدا دایک دەکوژرێت و لەلایەن کچەکەیەکەوە ئۆفیلیا دەنێژرێت و پاشان ئاھەنگی بۆ دەگێڕن، لە چیرۆکە گریکیدا ئۆرستۆس کوڕی ئاکاممنونە و ھەمان کارێکتەری تراژیدییە وەکو ھاملێ تکە تۆڵە دەکاتەوە، ھەر سێ کارێکتەرە پاڵەوانەکە، پەیوەندیی شوێن و کردەوەیان تەنھا کوشتنە، بەڵام ھەرکام لەوانە کەسێک دەکوژێت، ئیدی بەپێی تێکستەکە جێگەی کارێکتەری ناسراوی تێکستەکە کراوەتەوە، ئەلێرەدا تێدەگەین کە تێکست بەھەموو ھاوبەشییەکەوە، پەیوەندیی بە ھەلومەرجی ژیان و ستایلی سیستمی سیاسییەوە ھەیە، بۆیە رەگوڕەشەیەکی قوڵی ھەیە و ئاسانە بە فکری سیاسییەوە گرێ بدرێت، ھەروەک ئەوەی جاک درێدا تێکستی ھاملێتی کە تارمایی تێدایە، گرێداوە بە تارماییەکەی مارکس کە لە تێکستی مانیفێستدا بەیانی کردووە، چونکە خوێندنەوەکە مەعریفییە نەک سیاسی و ھیچی تر.


ئەم موناقەشەیە کە کوشتنی باوکە، لەو سەردەمەدا تائەو جێگایە بڕی کردووە کە ئەدەب و ھونەر تەنھا دەربڕین بووە, بەڵام نەیتوانیوە گوتارێک بێت بۆ رزگارکردنی ئینسان لەملکەچ بوون بۆ ھۆکارە ئابوری و کوولتوریە جێکەوتەکان, جگە لەو چاکسازییە کۆمەڵایەتیەی کە تەنھا بۆ بەرگرتن بوو لەھەر جۆرە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و شکستپێھێنانی سیستمی سەرمایەداری کە بە تراژیدیا کۆتایی ھاتووە.


ئەگەرچی پێشتریش ھونەر بۆ ھونەر دەوری ھەبووە, بەڵام موناقەشەی بیرمەندانی پێش مارکس ئەو رێگەیەیان خۆش کرد کە لەمیتۆدی ھونەر بۆ ھونەرەوە بگۆڕدرێت بۆ ھونەر بۆ ویژدان و ھارمۆنی کردنی پێداویستی و ھەڵوێست, ئەوەی کە زیاتر کاریگەری خستە سەر زھنیەتی مارکس و ئەنگڵس, بایەخدان بوو بەئەدەب و نووسینەکانی باڵزاک, ھەروەک بەئاشکرا ئەنگڵس دەڵێ " ئەوەندەی شت لەباڵزاکەوە فێربووم, بەتایبەتی مامەڵەکردنی لەکەڵ پاڵەوانی رۆمانەکانی، ئەوەندە لەمێژووی ئابوری و خەڵکی پسپۆڕەوە فێر نەبووم".(٣)


مارکس بەنیاز بوو لەدوای تەواوکردنی دەقی سەرمایە, خوێندنەوە بۆ نووسینەکانی باڵزاک بکات, چونکە ئەوانەی کە لەپەنا باڵزاک خەریکی ئەدەب بوون, بەشان و شەوکەتی دەسەڵاتدا ھەڵیان دەدا و بەئەنقەست دەسەڵاتی پاڵەوانی نێو رۆمانەکانیان رادەست دەکرد, نەک وەکو ھونەرکارییەکەی باڵزاک فرەدەنگی و واقیعیەت و توانای پاڵەوان بکاتە وێنەیەک بۆ ژیانی ئاسایی، بۆیە بەھاتنی باڵزاک ئەم تەرزە لەنووسین شەرم گرتی و پاشکۆیەتی پێ بەخشرا, نموونەش ئەو رۆماننوسانەی پێشتر باسمان کرد کە خۆبەرھەمھێنانەوەی ئەو زمانە گشتگیرە بوو کە لەنێو دەقی مانفێست بوو، تەواوی چیرۆکەکانی پەنجە بۆ ئەو ھەقیقەتانە رادەکێشن کە بایەخیان بەسەرمایە دەدا و پەردەیان لەسەر ھەڵدەماڵی, ئیتر رۆمانی ساختە و لاوەکی مۆدێلی بەسەرچوو, زمان لەنێو ئەدەبدا بوو بەجێگای داخوازیەکانی مرۆڤ و یەکێک لەئامرازەکانی گەیاندن و گوتاری سیاسی لەلایەک، ھەروەھا چێژێک بۆ پێچەوانە کردنەوەی ژیان و دەرچوون لەواقیعی تاڵ.


"گوتاری سیاسی نیازی بەجۆرێک لەپێشخستن ھەیە کە لەسەر بنەمایەکی زانستی بێت, وەک چۆن سیستمی دەوڵەت نیازی بەژێرخان ھەیە بۆ راگرتنی سەرخان کە بریتییە لە زمان و فەرھەنگ و ژیانی کۆمەڵایەتی بە گشتی, بەڵام ئەمانە نابنە وەڵامێکی راستەوخۆ تاکو بپرسین ئایا ئەم رووداوانەی کە لەبەردەستاندان و چیرۆکێکن بۆگێڕانەوە, تێبینی لێکراوە, پەسەندە یان نا؟ بەڵکو دەبێت ژێرخان زانیاری لەگەڵدا نرخێنرابێت و ھاوکاری گوتاری سیاسی بکات.".(٤)


نووسینە سەرەتاییەکانی مارکس بابەتی رۆژنامەوانی بوون, بەشێک لەو نووسینانە, ناڕەزایەتی بوون لەیاساکانی چاودێری, ھەروەک دەڵێ" چاودێری کردن وەکو کۆیلەیەتی وایە و ھیچ پاکانەیەکی ناوێ" . دواتر قەناعەتێکی بۆ درووست بووە کە بەرھەمھێنانی مەعریفە ھاوکارێکی کاریگەرە لەئاڵوگۆڕی جھاندا, بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە چۆن مومکین دەبێت, وەختێک ئایدیۆلۆژیەتی فەلسەفەی ئایدیایی کە واقیعی کۆمەڵایەتی دادەپۆشێ, پێویستی بەئاشکرا کردن و رەخنەکردن ھەیە, وەکاری ئێمە ئەوەیە ئینسان لەو ئایدیۆلۆژیا دۆگما و وەھمیانە رزگار بکەین, وەختێک دەبینین ترادیسیۆن رەگوڕیشەی لەفەلسەفەدایە، وەختێک دەبینین ئایین بۆ مانەوەی خۆی دەبێت بەئایدیۆلۆژیایەک کە مرۆڤ ناچار بکات ببێتە کارێکتەرێک و بەرگری لەو وەھمە بکات کە لەتێکستەوە بۆتە بەشێک لەژیان، ، لەزمانی ئیلاھیەوە بۆتە زمانی مرۆڤ و ھتد، ھەروەھا ریگەش نەدراوە ئەو کەسانەی واقیعبینن و تەواو تێگەیشتوون لەئایدۆلۆژیاو شێوەی بەرھەمھێنانەوەی لەماناکانی دیکەی ژیاندا، وەختێک دەبینین کە نەتەوە ھێشتا مانا رەسەنەکەی خۆی ک درووستکراوە بەدەستنەھێناوە و کراوە بە کارگەیەک بۆ بەقوربانی کردنی ئینسان لەو پێناوەدا، ھەروەھا رێگەنەدراوە بەئازادی و بەراستەوخۆ موناقەشەی ئەو سوبژێکتە بکرێ، بۆ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگە لەو تێگەیشتنە وەھمیە بگەن و ئەلتەرناتیڤی ژیان بەھەند وەربگرن، بۆیە زۆرجار لەبەر ھەلومەرجی نالەباری سیاسی, مارکس ناچار بووە بەزمانێکی رەمزی و تەنز ئامێز بنووسێ, تاکو سەرچاوەی زانیارییەکان بپارێزێ، ھەروەک چۆن کەسێکی وەکو سوکراتیش لەسەر وەختی خۆیدا بەزمانێکی تەنزی قسەی دەکرد و وەڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تیۆری پەڕەسەندن دژی ئایینە؟


ئەگەر ئایین وەکو مێژووی سەرەتا و درووست بوونی بەشەر و کائینەکانی دیکە وەربگرین، لەوێدا جیاوازییەکەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە بۆچی پێچەوانەی ئەو فەلسەفەی تیۆلۆژییە، چونکە لەلای فەلسەفەی ماتریالیستی مێژویی، رەتکردنەوەی داھێنانی ھێزێکی دیاریکراوە کە پەڕەسەندن ئەم بیرۆکە ئایدیالیستییە یە، بەپێچەوانەوە بابەتەکە پرۆسەیەکی درێژخایەنی ئۆرگانیکی ژیانە کە مرۆڤ تێیدا کارێکتەری چالاک بووە و لەرێگەی عەقڵەوە ئاشکرای کردووە، بۆیە خۆی جوداکردۆتەوە لە کائینەکانی دیکە. داروین بە راشکاوانە باس لە رەتکردنەوەی بیروباوەڕی زاناکانی بەر لەخۆی دەکات کە باوەڕین وابووە، توخمەکان نەگۆڕن و سەربەخۆ داھێنراون، بەپێچەوانەوە توخمەکان بە حوکمی ئەوەی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، لە زنجیرەیەک بۆ ماوەییەوە دەگوازرێتەوە بۆ فۆڕمێکی تر، ئەمەیە مارکس لەرووی زانستییەوە کەڵکی لێوەرگرتووە و لە ماتریالیزمی مێژوویدا ھەموو جۆرە بیرۆکەیەکی ئایدیالیستی رەتدەکاتەوە سەبارەت بە بوون، بۆ ماتریالیزمی دیالیکتیک. بەڵام دیالیکتییکەکی مارکس بۆ زمان، ئەو گۆڕانە بوو کە چەمکی نوێی لەئەنجامی بەکارھێنانی چەمک لەلای ھیگڵ و فیوبارخ بەرھەمھێنا، ئەویش دۆزینەوەی فەلسەفەیەکی نوێ بوو لەنێو ھێزو ئیرادە لەلای ئینسان و دۆزینەوەی خەباتی چینایەتی نوێ.

مانیفێستێک بۆحیزب.. زمانێک بۆ سیاسەت.


تارماییەک لەئەوروپا دێت و دەچێ تارمایی کۆمۆنیزم, ھەموو ھێزەکانی ئەوروپای کۆن پاپا و تزارا رادیکاڵە فەرەنسیەکان پۆلیسی نھێنی ئەڵەمان بۆ دوورخستنەوەی ئەم تارماییە لەپەیمانێکی موقەددەسدا پێکھاتوون " مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست. ئەمە رستەی یەکەمی مانیفێستی پارتی کۆمۆنیزمە کە مارکس و ئەنگلس دایانڕشت, بەرلەوەی پرس لەتارمایی مارکس بکەینەوە سەبارەت بەبانگەوازێک بۆ کۆمۆنیزم و ترسی دەسەڵات لەو بانگەوازە, باسێکی کورت دەربارەی بیروبۆچونی ھەندێک بیرمەندی ئەم سەدەیە وەردەگرین, دوای تێپەڕبوونی ١٥٠ ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەم بانگەوازە ئێمە لەبەردەم دوو بۆچوونی دژ بەیەکین، یەکێکیان باس لەمانی بەھای ئەو بانگەوازە دەکات کە سەرەنجام بەمەرگی سیستمی سەرمایەداری تەواو دەبێ، ھەروەھا پێی وایە کە مادام دوو چین لەوێدا بەیان کراوە و ھەر ئەم دوو چینە لەململانێدان و دژیەکن کە لەنێوان ھێزەکانی بەرھەمھێنان و پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانە، کەواتە دواجار حیسابێک بۆ چینەکەی مام ناوەند نەکراوە کە ھەر ئەوان بەشێکن لەجوڵەی ژیان، بەڵام ناچنە نێو مێژووەوە، بۆچونەکەی تریش کە بەرگری لێدەکات، پێی وایە مارکس سنوورێکی بۆ پاوانخوازی سەرماداری دانا کە چاکسازی لەسیستمی ژیان و سەعات کار و مافی کرێکار و زەمانەت و نەمانی باب مەزنی و کویلایەتی ھەموویان بەرھەمی مانیفێستن و لێرەوەیە کە دەبێ ھەمو گۆڕانکارییەکانی ژیانی سیاسی لەچاوی ئەو فەلسەفەیەوە بەرھەمھاتووە.


خۆبەرھەمھێنانەوەی زمانی مارکس لێرەوە دەردەکەوێت کە چۆن کاریگەری لەسەر دەقی ئەدەبی ھەبووە، نموونەش بەرھەمھێنانەوەی زەمەنی میترۆنۆمیکی ئامێر مۆدێرنانە نییە، بەقەد ئەوەی بەرھەمھێنانەوەی مانای دەقێکە لەنێو گوتارێکی ئەدەبیدا، کە مارکس ئایدیای ئەدەبی لە گۆتە وەرگرت، لەوێوە بوو کە ئەو چاودێری دەقی ئەدەبی دەکرد بەتایبەتی لە دەقی فاوست، بناغەی ئەم تێڕوانینە لەنێو ئەدەبدا روانگەیەکی سۆسیۆلۆژیانەی ھەبوو، چونکە ھەر بەرھەمێکی ئەدەبی ئەگەر پانتاییەکی فراوانتری نەبوو لە گوتاری پشتی دەقەکە، یا لانی کەم خوێنەری ھەموو نەتەوەکانی بەبێ سنوور نەناسییەوە کە ناچار بە خوێندنەوەی ببن، مانای وایە تاک رەھەندی و تاک ئاراستەیە و ئایدیایەکی پڕ کێشەیە لەنێو خۆیدا وەکو دەقی ئەدەبی، ئەو بەرھەمگەلە حەماسییەی کە لەیەکتر نزیک دەبوونەوە لەروانگەی جھانبینییەوە، نموونەی مۆرتێ و فاوست و ئۆلیسیس ی جەیمز جۆیس و ھتد، رەھەندی ئینتەرناسیونالیان وەرگرت بۆ جەوھەری دەقەکانیان، ئەم حیکایەتە تەنھا فۆڕمی نەگۆڕی، بەڵکو ناوەڕۆکی دەقیشی گۆڕی لە جوگرافیای تەسک و تاک نەتەوەیی و وەرگرتنی فەزای ئەدەبی، بۆ سەراپاگیر کە شەقامی بیرکردنەوەی فراوان تر کرد، ھەموو ئەمانە کاریگەری زمانی مانیفێست بوون کە مارکس بیری لێکردۆتەوە لە رووی سۆسیۆلۆژیای ئەدەبییەوە کە دواجار جۆرج لۆکاچ و لۆسیان گۆڵدمان و باشلار و واڵتەر بنیامین، بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی و رزگارکردنی پانتاییەکی بەرتەسک بۆ فرانکردنی بیرێکی دیکەی جھانی کەڵکیان لێوەرگرت.


با بیھێنینەوە یادمان کە یەکەمین ناو لە بەیانی حیزبی کۆمۆنیستیدا، سێ جار لە ھەمان لاپەڕەدا دووبارە بووە کە بریتییە لەوشەی تارمایی، تارماییەک لە ئەوروپا نیشتەجێیە مارکس ئەمەی لە ساڵی ١٨٤٧ گوتووە، کە ئەمە تارمایی کۆمۆنیزمە، مارکس ئەو کاتە زەمەنی ھەندێک بڕگەکانی لە پێشەوە داناوە، وای دەبینێ ئەو کاتە ئاماژەیە بە تۆقاندنی ھەموو ھێزە ئەوروپییە کۆنەکان، بۆیە ئەوکاتە ھیچ کەس نەبوو باسی ئەو نەکات"(٥). بۆیە دریدا ئەم تارمایەی بەیانی حیزبی کۆمۆنیست بە تارماییەک ناودەبات و بەراوردی بە تارمایی شانۆیی ھاملێتی شکسپیر دەکات، چونکە دەیسەلمێنێ کە مەزن کردن وەکو ئەوەی شکسپیر باسی دەکات زیاتر لە خۆی گەورەتر کراوە. چونکە لەوێ خێوەکە لەو شانۆییە فاڵچییەکە کوێرەکان نایبینن، بەڵام بینەر و چاودێران دەیبینن، دیسان دەڵێ" کێ دەتوانێ نکوڵی لەوە بکات ھاوپەیمانیەتییەک لە دژی کۆمۆنیزم، ھاوپەیمانی یەک لە ئەوروپای کۆن یان تازە ھەیە وەکو ھاوپەیمانییەتییەکی پیرۆز بمێنێتەوە، وەکو وێنەی باوکێتی باوکی پیرۆز کە پاپا یە، ئەویش وێنەی تارماییەکەی مارکسە لە نێو بەیانی حیزبی کۆمۆنیزم کە مارکس نموونەی پێھێناوەتەوە.


بەرھەحاڵ ئێمە سەرەتا بۆچوونە دژەکە وەردەگرین، ریمۆن ئاڕون بۆچوونی کەسێک وەردەگرێت بەناوی ئەکسلۆس و پێیی وایە مارکس بەو پێیەی مانیفێستی نووسیووە، چونکە بانگەوازە بۆ مەیدان و سەرەتایی گۆڕینی گوتاری فەلەسەفەیە، کەواتە فەیلەسوف نییە و تەنھا کۆمەڵناسێکی شارەزایە و بەپێچەوانەوە فەیلەسوفی نامۆبوون نییە و ھیچی تر، بەڵام پاشان لەبارەی مانیفێستەوە ئارۆن دەڵێ" مانیفێستی کۆمۆنیزم دەقێکی نازانستییە و نووسراوێکی ریکلامیە، بەڵام ئەنگڵس و مارکس فکرە زانستییەکانی خۆیان لەو مانیفێستە دەخاتە ڕوو، ھەروەھا فکری سەلمێنراوی مارکس تەنھا درووستکردنی دووبەری جەنگە لەنێوان سەرمایەدار و کرێکار، وەختێک باس لەئێمە و ئەوان دەکات ئێمە وەکو مرۆڤایەتی لەناودەبات ھێشتا پێناسەی ئەوان نادیارە، ئەم خەڵسەتەی تێدایە لەلایەنێکەوە دوژمناکاری چەوسێنەران و چەوساوەکان و لەلایەنی دیکەشەوە ئینتیما بۆ درووستکردنی تەنھا دوو مەیدانی شەڕ لەدوو جەمسەری دژەیەکدا ھەیە" ھەروەھا وەکو ریمون ئارۆن باسدەکات، دوو شێوە لەدژبەری دەستنیشانکاری سەرمایەداری لەنووسراوە زانستیەکانی مارکس و لەکتێبی مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەبینرێن، شێوازی یەکەم ناکۆکی نێوان ھێزەکانی بەرھەمھێنانە لەگەڵ پەیوەندیەکانی بەرھەمھێناندا، بۆرژوازی بەردەوام ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی بەھێزتر درووستدەکات، بەڵام پەیوەندیەکانی بەرھەمھێنان واتە پەیوەندیی خاوەندارێتی و شێوەی دابەشکردنی داھات بەھەمئاھەنگی ھێزەکانی بەرھەمھێنان ناگۆڕێن، سیستمی سەرمایەداری دەتوانێ زۆرتر لەپێشوو رێژەی بەرھەمھێنان بەرزبکاتەوە، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی سامانیش دیسان ھەژاری تووشی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا دەبێتەوە، کەواتە ئەم دژیەکە لەئاکامدا قەیرانی شۆڕشی لێدەکەوێتەوە کە موچە وەرگرەکانن، واتە فەرمانبەرانی حکومی، ئەوانەن کە مارکس وەکو چینی ناوەندی حیسابی بۆ نەکردوون، بەڵکو لەو مێژووە حەتمیەی دیاری کردووە کە مەرگی سەرمایەدارییە". (٦). بۆچوونەکەی تر کە (جۆن کاسیدیە) بەرگری لەمارکس دەکات، پێی وایە دەقێکی فەلسەفییە و ئەوەی کە ئێستا ھەیە سەرمایەدارەکەی سەردەمی مارکس نییە و خۆشگوزەرانیەکی ھێناوە کە بەرھەمی ئەو ترسەیە لەمانیفێستدا ئاماژەی پێکراوە و بەربڵاوبووەوە. (جۆن کاسیدی) کە بیرمەندێکی شارەزایە لەسیستمی سەرمایەداری و یەکێک لەتوێژەرەوەکانی سۆسیالیزمە و لەزانکۆی (وڵ ستریت) و بەرپرسی دانانی ستراتیژیەکانی سەرمایەگوزاریە, سەبارەت بەپرسی ئەوەی ئایا مانیفێست ئەرزشێکی سیاسی ماوە و قابیلی خوێندنەوەیە یان نا؟ دەڵێت" قەناعەت بەقسەکانی مارکس دەکەم کە راستی گوتووە" لەشوێنێکی تردا دەڵێت" یەکێک لەوانە گرنگەکانی مارکس ئەوەیە کە رەوتی سەرمایە بەرەو لای پاوانخوازی دەچێت, ئەمەش دەبێتە ھۆی ھاتنەدی رێسایەکی سیستماتیکی دژوار, ئەم مەسەلەیەش دواتر بەبۆچوونێکی ریفۆرمخوازانە لەلایەن کەسانی وەک (تیۆدۆر رۆزۆلفت و فرانکلین رۆزۆلرت) سەلمێنران" لەشوێنێکی تردا قسە لەسەر زمانی سیاسییانەی مارکس دەکات وەک پێناسەیەک بۆ شیرکەت و ماشینێک کە لەسەردەمێکی تردا بەرچاو دەکەون دەڵێت" شەپۆلی گەورەی گارخانە و داروسازی و پیشەسازی و ئەسلەحە سازی, پەیوەندیی جۆراو جۆریان پێکەوە ھەیە کە لەکۆمەڵگەکانیشدا رەنگدانەوەی ھەلومەرجی مادی ئەو سەردەمە مێژووییەی دەبێت کە پێشبینیەکانی وەدی ھات" سەبارەت بەوەی کە بەشێک لەبیرمەندانی ئێستا ھەمان زمانی مارکس بەکاردێنن بەڵام وشکترەو پێیان ئەغزە ناوی مارکس بێنن دەڵێت" بەجیھانی بوونی سەرمایە لەو ئاوازانەیە کە وێردی سەر زمانی ھەموو کەسێکە, بەڵام ناوھێنانی مارکس بۆ کەسێکی وەکی (دانی رودێک) کە ئوستادی زانکۆکانی ئامریکایە بۆ داھاتووی پیشەکەی قازانجی نییە" لەکۆتاییدا جۆن کاسیدی دەڵێت " ھەتا سیستمی سەرمایەدار بمێنێت مارکس ھەر بەزیندووی دەمێنێتەوە", کەوابوو مارکس زیندووە بەپێی ئەم بۆچوونەی جۆن کاسیدی. ھەر ئەم بۆچوونە لۆژیکییەی مارکسە کە نامۆبوونی کرێکاری لێکەوتۆتەوە، مارکس پێی وایە مرۆڤ وەختێک لەنێو کار و سەرمایەی سیستمێکدا دەژی کە بەرھەمی رەنجی خۆیەتی، سیفەتی مرۆڤ بوونی خۆی لەدەستدەدات، بۆیە بانگەوازی ئەوە دەکات لە مانیفێستدا کە ستەمی سەر ئەو چینە بەرھەمھێن و داینەمۆیەی کۆمەڵگە ھەڵبگیرێت و کۆتایی بە جھانی دوو چینی بێت، بۆ ئەمەش ھەر سێ قۆناغی گەشەسەندنی سیستمەکانی وەبیرھێناوەتەوە کە چۆن ئینسان تێیدا نامۆ بووە لە خۆ ناسینی خۆی، چونکە نامۆبوون ئەگەرێکە بۆ نەفیکردنی نەفی، واتە نەخێر لە نەخێر، بەوپێیەش بێت ئەم کردەیە کە فکر و ھۆشیاری لە پشتەوەیە، جۆرێکی دیکەی گەڕانەوەی خاوەندارێتیی تایبەتییە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە لابردنی خاوەندارێتی تایبەتییە کە لەھەناوی کۆمەڵگەدا بۆ کەسانی ھۆشیار دێتە پێشەوە، تیۆریزەکردنی ئەم چەمکە واتە نامۆبون لەلای مارکس، رەتکردنەوەی ئەو پەیوەندییە بوو کە لەقۆناغە بەشەرییەکاندا دووبارە دەبووەوە، بۆ نموونە بەر سوکراتیش و دوای ئەویش کە لەنێو چرۆکە ئایینییەکانیشدا بەکارھاتووە، بەڵام راستییەک ھەیە دەبێ بیدرکێنین، ئەویش کەڵک وەرگرتن لەم چەمکە بۆ مارکس، لە ھێگڵەوە ھاتووە کە دواجار لابردن و ھەڵپەساردنی دیالیکتیک بوو وەکو دەسەڵاتێکی باڵا لەنێو فکردا، چونکە پرۆسەکە بۆخی بەھەمھێنانەوەی خۆی بوو کە مۆدێرنە دەیویست بەلارێدا بیبا تکە بە خۆیکردنی پرۆلیتاریا و کرێکار، لە یاسا و ریفۆڕمەکاندا کۆکرابۆوە نەک شۆڕشی ریشەیە دەرھەق بە سیستمەکە.


کاری مانیفێست وەکو سەرەتا ئەمە بوو، (پیتەر ئۆزربۆن) لە کتێبی چۆن مارکس بخوێنینەوە، پێی وایە خۆ ئەگەر مۆدێرنەش ناوێکی تایبەتی بێت بۆ ئەزموونێکی تایبەتی زەمەنی مێژوویی، ئەوا لۆژیکێکی تێپەڕی کەڵەکەکراوی نەفی کە ئێستا دەخاتە پێش رابردوو و داھاتوو دەخاتە پێش ئێستاوە، بۆیە لە پێناسەکەی مارکسدا بۆ مۆدێرنە سەرمایەداری خۆی بەرھەمی مۆدێرنەیە لە ئاستێکی جھانیدا، بەڵا م مارکس دەسەڵاتێکی وێرانکەری دا بەو کارێکتەرەی کە دەتوانێ بونیاتی سیستمەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، چونکە رەھەندێکی خوڵقاوی توانا و ئیمکانیاتەکانی کرێکاری لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە، بەوپێیەی کە لۆژیکی سەرمایەداری مانەوەی لە سیحرەکەیدایە کە جیاوازی چینایەتییە، ئەمە لەرێگەی مانیفێستێکەوە کە زمانێکی سادە و راستەوخۆیە بەتاڵ بووەوە، کەوابوو پێویست بەسەرھەڵدان و زیندووکردنەوەی ھێزی کرێکار و پرۆلیتارە بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی بزووتنەوەی سیاسی چارەسەری سەرەتا و کۆتاییە، ئەمە ئەو خاڵە جەوھەرییەیە ک تیۆر دەکات بە پراکتیک.


ئیستا دێمە سەر ئەوەی کە بایەخدان بەزمانی مارکس لەدیدی بیرمەندی گەورەی ھەڵوەشانەوەگەرایی چ گرنگیەکی ھەبووە و بۆچی بەرواوردی دەکات لەگەڵ زمانێک کە شکسپیر لەئەدەبدا بەکاریدەھێنێت.


موناقەشەکردنی پرسی ئەو زمانەی کە مارکس بۆ فەلسەفەو بیرکردنەوە بەکاری ھێناوە, پرسێکە لەلای ژاک درێدا لەمیانەی تەماھی کردنی زمانی فکر و ئەدەبەوە ھاوسەنگیەک درووست دەکات, ئەو ھەوڵدەدات تارمایی دەقی ھاملێتی شکسپیر لەگەڵ تارمایی مارکس بەراورد بکات و بڕوای بەزمانی راستەوخۆ نییە, تا دەگاتە ھەڵگرتنی سنووری نێوان بیرکردنەوەو فەلسەفە و ئەدەب, درێدا لەتێزەکەیدا کە بۆ ھەڵوەشانەوەی دەق موناقشەی دەکات, پاشان پەیوەندیی لەنێوان حیکایەتی تارمایی ھاملێت و تارمایی بزووتنەوەیەکی سیاسی گرێدەدات, ئەو یەکەمین پرسیاری لەوێوە دەستپێدەکات و دەڵێ" بۆچی تارمایی لەلای مارکس بە(کۆ) ھاتووە؟ ئایا لەکەسێک زیاتر ئامادەیە؟ ئایا ئەو تارماییە لەگەلێکەوە ھاتووە"(٧). دواتر موناقەشەی زمانی سیاسی دەکات بەبەراورد لەگەڵ زمانێک کە تەنھا بۆ ئەدەبە و کەشکسپیر لەھاملێتدا وەکی سیمبۆل بەکاری ھێناوە, لێرە تارمایی وەکو باوکێکی رزکارکەر ھاتووە, بەھەمان شێوەش تارماییەکەی مارکس بانگەواز کردنە بۆ بزوتنەوەیەکی رزگارکەری مرۆڤ لەدەستی چەوساندنەوە و جیاوازیە چینایەتیەکان, لەمبارەیەوە فلادیمیر ئیلیچ لینین دەڵێ" ھەر وشەیەک بۆخۆی گشتی کردنێکە کە بەیارمەتی زمان و فەرھەنگ کۆکراوەتەوە, ئیتر نەسل بە نەسل کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ھەموان و بیرکردنەوە و لۆژیکی دابین کردووە".

 
لەچاوپێکەوتنێکیدا درێدا کە لەکتێبی ھەڵوێستەکاندا لەساڵی ١٩٨١ ئەنجامدراوە و موناقەشەی پێداویستی سیاسی و پەیوەندیی نێوان مارکسیزم و پێکھاتە شکێنی دەخاتەڕوو, دەڵێ" دەبێ کەڵک لەزمانی مارکس وەربگرین, تاکو بەباشی کەڵەکەبوونی میتافیزیکی بناسین کە لەمێژوودا لەسەر یەک ھەڵچنراون" لەکتێبی تارماییەکانی مارکسیشدا دەڵێ"دەبێ بەتێڕوانینێکی فەلسەفیەوە تەماشای فکری مارکس بکەین" بەبڕوای ئەو ئینتەرناسیونالی نوێ, نەخاوەن ئۆرگانی سیاسییە و نەخاوەن حیزبە, بەڵکو پڕۆسەیەکی ئەدەبییە لەنێو ئازارو مەینەتیەکانی خەڵکدا لەدایک بووە, بۆ ئەمەش وەڵامی ئەرکە گرینگەکانی کاری ئێمەی رۆشنبیرە لەنێو ئەو فەلسەفەیەدا, مارکسی رەسەن و مارکسی ناڕەسەن لەیەکتر جیابکەینەوە و کامیان لەمێژوودا بھێڵینەوە و کامیان بخەینە نێو زبڵدانەوە, لەسەرووی ھەموشیانەوە پێویستمان بەو وشانەیە کە لەزمان و ئەندێشەکانی مارکسدا دژ بەنایەکسانی و ستەم ھاتووە" ئەم بەگشتی کردنی فەرھەنگ و زمانە لەتێڕوانینی فەیلەسوف و بیرمەندانی پاش مارکس, ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو لۆژیکەی مارکس کە لەخەیاڵی ئینساندا ھەیە بۆ لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی جێگیربووە و لۆژیکی بەجیاوازییە چینایەتییەکە داوە لەڕێگەی فرەیی ئایین و نەتەوە و خێزان و موڵکایەتی تایبەتی وەکو جۆرێک لە ئازادی تاک، بەڵام ئەمە لەچەمکە نەفی نەفیدا سیحرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە کە رۆژئاوا دوای کەڵک وەرگرتن لە مانیفێست لەئەدەب و ئابوری و سیاسەتیشدا سوودی لێبینی.

زمان لەسروشتەوە بۆ مەبەست.

بەگشتی مرۆڤ جگە لەزمانی دەروونی, خاوەنی دوو جۆر لەزمانە, (زمانی سرووشتی و زمانی دەستکرد). زمانی سرووشتی ئەو زمانەیە کە لەرێگایەوە رۆژانە دیالۆگ دەکەین و لەیەکتر تێدەگەین, زمانی دەستکردیش ئەو زمانەیە کە لەچەند کۆڵەکە و نیشانەیەکدا و بەمەبەستێکی تایبەت درووستمان کردوون و گەشەی کردووە, بۆ نموونە (زمانی سیمبول) واتە سیمۆلۆژیا ( ئاماژە) کە لەماتماتیکدا نازناوی (شیمی) یان (کۆدی) لێنراوە و لەھونەری شانۆییشدا کاری پێدەکرێت, ئەو زمانە ناڕاستەوخۆیەیە کە بەشێوەیەکی تر ئاراستە دەکرێت, لێرەوە تێدەگەین کە زمان لەنێو سیستمدا کردارێکە لەبەرئەنجامی خوێندنەوەگەریە و پشت بەبایەخی خودی ھۆشیار دەبەستێت.


بەڕای سۆسێر (پراکتیک) لەزماندا واتە کۆنتڕۆڵی ژینگەیە و جێگرەوەکەشی ئەو شتانەیە کە ئاماژەی بۆدەکرێت, لەلایەکی ترەوە پێی وایە سیمۆلۆژیا بەشێکە لەکۆمەڵناسی و درێداش دواتر ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ" پەیوەندیی بەھوشیاریەوە ھەیە".(٨)


دیالیکتیکێک کە مارکس لەزمانی سیاسەتدا کەڵکی لێوەرگرتووە, فەلسەفەیەکە لەگەڵ ھەموو کوولتورەکاندا تەماھی دەکات, بەومانایەی کە گووتاری یەکگرتنی کرێکاران لەھەموو دونیا, گووتارێکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەزھەب و ئیتنیک و ترادیشنەکان، دەگاتە بیری ھەرکەسێکی ئەم سەرزەمینە, چونکی ئەو سیستمەی کە کەوتە بەر رەخنەی مارکس, بەئاشکرا چینەکانی لەبەرامبەر یەکتردا راگرتبوو, بەئاشکرا چینەکان لەبەرامبەر کێبەرکێدان, وەکو ئەوەی کە دەبینین لە ژیانی واقیعیدا، ھەڵبەت تاکۆتایی ھاتن بەو سیستمەش جیاوازی چینەکان ھەردەمێنێت, کەوابوو زمانێک کە مارکس لەڕووی سیاسیەوە پێشکەشی کردووە, لەواقیعی ژیانی رۆژانەی کرێکاردا تێگەیشتنی ئاسانترە لەوەی کە بەزمانی فەلسەفە توێژینەوە, لەسەر گۆڕینی ژیانێکی باشتر بکرێت و کۆمەڵگە ئۆرگانیزە بکرێت, بەپراکتیک کردنی گوتاری یەکگرتن, نەھێشتنی جەھەنم و ھێنانە ئارای بەھەشتێکە کە ئینسان لەرێگەی ئیمکانیەتی خۆیەوە دەتوانێت ژیانی تێدا بکات, ھەر شۆڕشێک لەمێژووی کۆمەڵگەی بەشەریدا بووە, زمان بەشێک بووە لەئیشکالیاتەکانی, نەگەیشتنی فەلسەفەی لاھووتی لەرێگەی ئایینەکانەوە, بەشێوەیەک لەشێوەکان نەگەیشتنی زمانی دەقەکان بووە، ھەروەھا زمانی ناڕاستەوخۆی ئەدەبی گەلانیش تاکو ھاتنی مۆدێرنە ھەمان ئیشکالیات بووە.

رۆژنامە... تریبۆنێک بۆ گەیاندنی گووتار.

بەرلەوەی مارکس دەست بۆ کاری رۆژنامەوانی بەرێت وەکو چەکێکی رەخنەیی دژ بە سیستمی دەسەڵاتی چینایەتی, خەریکی نووسینەوەی کتێبی (خانەوادەی پیرۆز) بوو کە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەی رەخنەیی بوو بەرامبەر بە سیستمی دەسەڵاتدارێتی چینایەتی, پاشان ئەم پڕۆژەیە بوو بەکارێکی ھاوبەش لەگەل ئەنگڵس دا کە وەڵامی ھێگڵیە لاوەکان بوو, دواجار کە بیر لەوە دەکاتەوە لەرێگای رۆژنامەوە وەکو کایەیەکی گرنگ بۆ بڵاو کردنەوە و گەیاندنی گوتاری سیاسی و فەرھەنگی و موناقەشە فەلسەفیەکان و ئاشنا کردنی کریکار بەبزووتنەوەیەکی چالاک و دژ بەسیستمی سەرمایەداری, دواتر لەرێگای رۆژنامەی (پێشکەوتنی) فەڕانسییەوە کە لەپاریس دەردەچوو بۆچوونەکانی بڵاودەکردەوە, ئەوەبوو پۆلیسی ئەو وڵاتە رێگەیان لەبڵاکردنەوەی نووسینەکانی گرت و ناچار کرا بەرەو بڕۆکسل سەرھەڵبگرێ, لەوێش بەھەمان شێوە لەلایەن پۆلیسەوە رێگەی لێدەگیرێ نووسینە سیاسییەکانی بڵاوبکاتەوە, دواجار ناچار دەبن لەگەڵ ئەنگڵسدا, بەیانێک بەناوی مانیفێست دەربکەن, وەک یەکەمین بەیان بۆدانانی حیزبی کۆمۆنیست ھەروەک پێشتر باسمان لێوە کرد.


ئەگەرچی مارکس بەردەوام لەژێر چاودێری پۆلیسدا بوو, دواجار ناچار دەبێ رۆژنامەی (new rainsh ziytong) دەربکات و ببێتە سەرنووسەری رۆژنامەکە, لەبەر ئەوەی لەورۆژنامەیەدا بیروبڕوای سیاسی دژ بەدەوڵەت بڵاودەکرایەوە, لەساڵی ١٨٤٩ بەبیانووی ئەوەی کە کرێکاران ھاندەدات و رۆژنامەیەکی تەحریزیە رۆژنامەکە دادەخرێت, دواتر وەکو گۆڤارێکی مانگانەی سیاسی ئابووری دەریدەکرد, ھەڵبەت مارکس رۆژنامەی تەنھا بۆ بڵاوکردنەوەی بیرو بۆچوونی سیاسی و بەتایبەتی کۆمۆنیستی نەبوو, بەڵکو بەشێکی کارەکەیان بڵاوکردنەوەی ئەو دیکۆمێنتە نھێنیانە بوو کە لەدادگای پڕۆسیەکاندا ھەبوو, ئەوەبوو حکومەت ناچار بوو نامیلکەیەک بەناوی نھێنی دادگایی کردنی کۆمۆنیستەکان لەشاری کۆڵن بڵاوبکاتەوە, پاشان لەساڵی ١٨٥٥بەناچار لەرۆژنامەی (new odrzaytong) نووسینەکانی بڵاو دەکردەوە, لەساڵی ١٨٥٩ لەگەڵ ئەنگڵسدا رۆژنامەی (گەل) یان دەردەکرد, لەساڵی ١٨٦٢ لەرۆژنامەی (پرێس) دەینووسی کە رۆژنامەیەکی زیاتر ھوونەری بوو, لەساڵی ١٨٦٥ لەرۆژنامەی (سۆسیالیستی دیموکراتی) بۆچوونەکانی دەنووسی.


ھەڵبەت ناوھێنانی ئەو رۆژنامانەی کە مارکس کاری تێدا کردوون و نووسینی بڵاوکردۆتەوە, ئەوەندە گرنگ نین, بەقەد ئەوەی گرنگیەکەی لەوەدایە کە ئەو رۆژنامەی وەک تریبۆنێک بەکاردەھێنا بۆ گوتاری سیاسی و کێبەرکێی حکومەتی پڕوسیا و سیستمی سەرمایەداری, بەمەش توانی کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر خوێنەر و چینی کرێکارانەوە ھەبێ و پشتگیری لەقسەکانی بکەن.

_________________________________________________
ئەو سەرچاوانەی کە بۆ ئەم چاپتەرە کەڵکیان لێوەرگیراوە.
١- گۆڤاری سەردەم ژمارە ١٤ فایلێک لەسەر مارکس.
٢- جاک دریدا. اگیاف مارکس. ترجمە منژر العیاشی. دار مرکز الانماء الحچاری. سنە ١٩٩٧. ل٤٧.
٣- دەسنووسە فەلسەفییەکانی مارکس. لەسایتی مارکسیزم وەرگیراوە.
٤- (ستیڤن ئێرک لیدمان. رێگوزەری بیری سیاسی, وەرگیڕانی لەسویدیەوە, ئاسۆس کەمال١٩٩٧ ل ١٢.
٥- جاک دریدا. تارماییەکانی مارکس، وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئیبراھیم بەھادین خەتێ. چاپی یەکەم ٢٠٠١٦. دەزگای چاپی رێنما. ل٢١٢.
٦- ریمۆن ئارۆن . قۆناغە بنەماییەکانی ھزر لەکۆمەڵناسیدا. بەرگی یەکەم. وەرگێڕانی بۆ کوردی. عەبدولڵا رەسوڵی. ل٢٤٠.
٧- رۆژنامەی رێگای کوردستان ژمارە (٧١٢) ١١/١١/٢٠٠٦.
٨- جاک دریدا.اگیاف مارکس. ترجمە. منژر عیاشی. مرکز القومی للنشر. سنە ٢٠٠٣. ل٢٣.
٩- کەڵک لە کتێبی. فردیناند دی سوسیر. علم اللغە. وەرگیراوە.
 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک