په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٤

ئایا رێکەوتە؟

سوارە کەمال     


لە دەوروبەری مانگی حزیرانی ساڵی ١٩٩٦ دا، قسەوباسی ئەوە دەکرا کە ( پ د ک ) دووهەزار دانە جلوبەرگی کوردی داوەتە کردن، بۆ ئەرتەشی ئیراق، پاشتر کارەساتی ٣١ی ئاب روویدا.


لە پاش ٢٠٠٣ بەدواوە زیاتر لە جارێک پروپاگەندەی بوونی عزەت دووری لە هەولێرە، بڵاوکراتەوە ( جا ئەمە راستە یان نا) کێ دەیکرد باسێکی ترە، بەڵام بەدەرکەوتنی پروپاگەندەی لەو جورە بێ مەبەست نیە.


لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بڕیار درا بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵی دیکە.


بە پاساوێکی کەم هێز، لیستی کوردی بە دەستپێشخەری پارتی لە پارێزگای کەرکوک هەڵوەشایەوە، بە مەرجێ پارتی لە من زیاتر دڵنیابوو لەوەی کە یەکێتی سەرووی ١٩٠ هەزار دەنگ بەدەست دێنی.


دیارە ئەوەی کوردی بە بەغداوە بەستوتەوە پارەیە، گەرچی حکومەتی بەغدا بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕی، جگە لە هەندی وتار و گوتار، هیچ بەرتەکێکی جدی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبینرا!

پێش دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پارێزگاکانی هەرێم، ( پ د ک ) لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران رێکەوتن لە سەر چۆنیەتی دابەشکردنی وەزارەتەکان (پێش بینی دەکرا کە پارتی چاوەروانی راگەیاندنی ئەنجامەکان بکا) بەڵام وای نەکرد، قایل بوو بەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە بزووتنەوەی گۆران ( دیارە لە بوونی سیستەمێکی تەندروستدا ئاساییە).


پێش هێرشی "داعش" بۆ سەر مووسڵ ، پارتی دەستی بە لێدانی خەندەقی سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باشور و رۆژئاوا و کەرکوک وهەولێر کرد.

ئایا ئەو خالانە و چەندینی تر بەرێکەوت بووە؟


لە کاتی هەڵبژاردنەکانەوە دەگوترێت لایەنگیری ئیران بۆ یەکێتی، لە پێش بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی یەوەیە، بەواتایەکی دیکە ئاستی پەیوەندیەکانی ئەمرۆی پارتی بەبەراورد بە رابردوو، لە تەک ئێراندا وەک جاران نەماوە، پارتی بەکردار تورکیای کردووە بە تاکە دەروازە بۆ کرانەوەی ئابوری‌و سیاسی و... رێکەوتنی پەنجا ساڵەی لەگەلدا واژۆکردووە، ، کەواتە بۆ ئیران یەک لایی بۆتەوە لە ئێستادا بەرژەوەندی پارتی بە شێوەیەک لە شێوەکان گرێدراوە بە تورکیاوە.


ململانی و جەنگی نێوان ئاینزای شیعە و سننە، ئیستاش لە هەمان سەردەمی سەفەوی و عوسمانی دەچێ، بەواتایەکی تر تورکیا و ئێران تا ئێستاش بەردەوامن لە دژایەتی کردنی یەکتر، ئەگەرچی لەم رۆدا شمشیر بەکارنابەن، بەڵام بە شیواز و دەستاوێژی تر لەشەردان ..


بەکردار حکومەتی مالکی شیعەیە، ئەگەر ئێران مالکیشی لەلا پەسەند نەبێ! بە هۆی ئاینزاوە لە دۆخێکێ لەم جۆرەدا پشتگیری لێدەکات.


تورکیاش ئەگەر چی بەرژەوەندی کوردی ناوی، بەڵام بۆ ئەوەی کورد یان باشترە بلێم حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەسەنگەری شیعە بترازێنی لەم قۆناخەدا لە بەرژەوەندی دایە، بۆیە پێم وایە لە هەندێ دۆخدا پشتوانی دەکات.


کەواتە تورکیا بەرانبەر شیعە (مالکی و ئێران) لە دوو سەنگەری جیاواز و دژ بە یەکن، ئیران و تورکیا، بە دوای دەرفەت دەگەڕێن بۆ بێ هێز کردنی پێگەی یەکتر لە ناوچەکەدا.


سەرنجنامە:


ماوەیەکە پارتی دەلێت گۆڕانگاری گەورەمان لە پێشدایە، واتە بە نافەرمی دەنگۆی سەربەخۆیی یان دەوڵەتی کوردی ئەچرپێنی بە گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.


بزووتنەوەی گۆڕان لەو باوەردایە، کە ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا پشگیری یەکێتی کردووە دژ بە گۆڕان، کەواتە گۆڕان ناراستەوخۆش بێ دەکەوێتە سەنگەرگرتن بەرانبەر بە بەرژەوەندیەکانی ئێران، ئەمەش بووە هۆکارێک کە پارتی تا ئاستێکی بەرچاو سوودمەند بێ لەم هەڵوێستەی گۆڕان.


شاراوە نییە کە هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر بە لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان چۆنە و بە رێگای پارتیەوە لەهەولێ چیدا بووە.


ئەگەر زیادەڕەویی نەکەم..... و، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی توركیا لە مووسڵ و بەدیل گرتنی باڵیۆز و كارمەندەکانی، پێم وابێ لە سیناریۆیەکی موخابەراتی بۆ داپوشینی ئەمەی ئیستا روودەدا هیچی تر نەبێ. واتە دەمەوی بڵێم راستەوخۆبێ یان ناراستەوخۆ تورکیا بە ئاگایە، "ئەگەر بە ئاگاش نەبووبێ" ئەوەی لە پاش ئەم دۆخە دێتە ئاراوە بەرژەوەندی تورکیای تێدایە.


پێم وایە ئەگەر مالکی ( نەک داعش) هێرش بکاتە سەر پارتی، تورکیا دێتە وەڵام، بە دووریشی نازانم ئەگەر پارتی پێوستی بە پشتوانی تورکیا ببی وەک چۆن ئەمەریکیەکانمان بینی ،عەسکەری تورک لە شارەکانی کوردستان دەبینین.


لێرەدا دەمەوێ بپرسم:

پێم وایە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ریشەیی لە ناوچەکە روودەدەن، لەگەل ئەوەشدا لێکەوتەی جیاجیاش لەگەڵ خۆیدا دێنێ، بە هەموو لۆژیکی دەبێ بریاربەدەستانی هەرێم سوود لەم دیفاکتۆیە وەرگرن:


یەکەم: ئایا سوود وەرگرتن لەم دۆخە کاتیە، چیبکرێت بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بەقازانجی کورد بمێنێتەوە؟


دووەم: رەنگە ئەم هەرێمە هەنگاو بەرەو سیستەمی کۆنفدرالیی بنی؟ ئەگەر ئەمەی جێگیرکرد، رێکەوتن لەگەل تورکیا، یان عێراق دەکا؟ کامیان لە بەرژەوەندی کوردستانی گەورەدایە؟


سێیەم: ئایا لە بەرژەوەندی کوردە بە پشتوانی تورکیا بەرەو سەربەخۆ بوون هەنگاو بنێ؟ بۆ ئایندەی دوور، بە قازانجی هەموو بەشەكانی كوردستان دەکەوێتەوە؟


چوارەم: ئایا ئامادەگیی تەواو کراوە بۆ پێشهاتەکان؟ بۆ نموونە ئەگەر تورکیا پەیمانی میساقی میللی ساڵی ١٩٢٦ی زیندوو کردەوە، هەڵویستی لایەنە کوردیەکان چۆن بێ باشە؟


چوارەم: ئایا ئێران دەستەوەستان و بێ بەرتەک دەبێ؟


پێنجەم: پێم وایە یەکگرتوو، کۆمەڵ، لەم بارودۆخەدا، پشتوانی پارتێ دەکەن، ئایا هەڵوێستی یەکێتی و گۆران چی دەبێ؟ و....


کەواتە دەرفەتێک هاتووتە پێش، پێوستی بە گەڵالەکردنی دیدێکی ستراتیجیانەی هاوبەشی هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە، هەرچی زووتر ئامادەگیی بۆ بکرێ هێشتا درەنگە.

 

 

swarekemal@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک