٢\١٢\٢٠١٨
با بەدەم خۆرئاوابوونەوە ئاواببین.

ناڵە
حەسەن
لەم زەمەنە
زەندەقچووە زریاناوییە
ژیان چیڕۆکی مردنی خۆی
بە بێدەنگی
بە قەڵەمێکی سپی
لەژێر سێبەری دارسنەوبەرێک
دەنووسێتەوەو ئاوا دەبێ
ژنەکان نائومێدانە
بەڕێنووسە خۆڵەمێشییەکانی خەفەت
خەونە سەربڕاوەکانی خۆیان
لەنێو دڵۆپە بارانەکان
دەنووسنەوەو ئاوادەبن
هەور هەگبەی هیواکانی خۆی
بە پەلکەزێڕینە
دەسپێرێ و ئاوادەبێ
ڕووناکی / ڕازە ڕەونەقاوییەکانی خۆی
لەنێو قووڵایی ڕووبارەکان
جێدەهێڵێ و ئاوادەبێ
کاتژمێرە خەواڵووەکان
بە دەوری
بازنە خواروخێچەکانی خۆیان
دەسووڕێنەوە و ئاوادەبن
تریفە و تەم / تاو تاو
دووردەکەونەوە و ئاوادەبن
ڕۆژەکان و ساڵەکان و سەدەکان
وەکو گەڵا
بەنێو بادا پەرشوبڵاو دەبنەوە
ورد ورد
وندەبن و ئاوادەبن
من و تۆش
لەنێو
سەودا سەرییەکانی سەفەر و
نەغمە غەمگینەکانی غوربەتدا
غەرقبووین
نامرادانە نەمانتوانی
دوابەشی قەسیدەکانی عەشق
بنووسینەوە
ئیدی لەم سەردەمە
سەرابییە سەرمەستییەی
ونبوون و ئاوابوونەدا
کاتێک /
خاک و خولیاکان
ئایندە و ئارەزووەکان
شکۆ و شوناسەکان
دەبن /
بە پاییزێک لە تۆز و غوبار
دەی /
دەبا من و تۆش
بە بێدەنگی
هێمن هێمن
لە ئێوارەیەکی هەناری دا
ببین بە هەڵم و
بە دەم خۆرئاوابوونەوە / ئاواببین...!
تشرینی یەکەمی
٢٠١٨
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|