١٠\١٢\٢٠١٨
باڵایەک رەنگینتر لە گوڵ.

ناڵە
حەسەن
پشووبە ئەی شۆخ
پەنجەکانت ماندوو بوون
بە ژەنینی ئەو پیانۆیەی
کە ئاوازە غەمگینەکانی نائومێدی دەژەنێت
چاوەکانت ماندوو بوون
لە خوێندنەوەی کتێبی
جەنگەکان و کوشتنەکان و مردنەکان
مەمکەکانت ماندوو بوون
لەنێو وەرزە درێژەکانی چاوەڕوانی
بگەڕیوە ئەی شۆخ
خەونەکانت پیر بوون
بە ئەوسەری ڕێگا تاریکەکانی نەگەیشتن
وەک من/ لەنێو مەملەکەتی بۆشاییدا
هەر دەڕۆیت و
لە هیچ شوێنێ
لەژێر کەپرێک ناگیرسێیتەوە
ئەی موسافیرە نامرادەکەم
بگەڕێوە و
لە کەنارەکانی ژیان
لە پەنا تاشە بەردەکانی بێهوودەیی
مرۆڤێک
لە چاوەڕوانیت
لە نێو بەلەمەکانی نائومێدی
حیکایەتەکانی تەنیاییت دەنووسێتەوە
شاعیرێک لەنێو خەونەکانتدا
سوورێتی شەوەکانت
سپێتی نیگاکانت
شینێتی خەونەکانت
ڕەشێتی ئومێدەکانت
زەردێتی ڕازەکانت
لە قەسیدەکدا دەنووسێتەوە
ئەی شۆخ
ئەی باڵا ڕەنگینتر لە گوڵ
ئەفسوونتر لە پەرییەکانی خودا
من و تۆ قەدەرمان وایە و
هەردەبێ لە بۆشایی
نێو ئاسمانی ئەستێرەکی تەنیا
بە ئاراستەی پێچەوانەی یەکتر
هەر بسووڕێینەوە..!
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|