٢٦\٧\٢٠١٣
باسی خەلق لە
نێوان ئایین و میتۆلۆژیادا.

شامیر مولان
-
بەشی دووەم -
میتۆلۆژیای میسری.
لەوانەیە بوونی رووباری (نیل) و بەرزبوونەوەی سالانەی ئاوەکەی لە
شێوەگرتنی هزری میسرییەکان دەربارەی خەلق رۆڵێکی مەزنی گێرابێت بۆیە
سەیر نییە گەر لە بیرۆکەی خەلقی میسریەکان دا (ئاو) وەکو توخمێکی هەرە
بەرایی و پێشین ببینین، بە گویرەی ئەفسانەی میسرییەکان، لە سەرەتادا
تەنها ئاو هەبووە ئاوێک لە توورەیی و کەف کڵۆ کردن و شەپۆلدانێکی
بەردەوام دابووە میسریەکان پێیان دەگووت (نوو) یا (نوون).ئەوەی لە
جیهانی ماددی دا هەیە لە (نوون) ەوە پەیدابووە، هەڵکشانی ئاوی نیل لە
هەرساڵێک دا بووەتە مایەی دروستبوونی هەنگامە بۆ بوونەوەرانی سەر زەوی،
لە دواجاردا لافاوەکان دادەمرکێنەوەو یەکەم تەپۆلکە لە زەوی وشک لە
یەکەم رۆژدا دەردەکەوێت،لەم تەپۆلکەوەو لە یەکەم رۆژ دا یەکەم تیشکی
خۆر سەردەردێنێت بەمەش بۆ یەکەم جار رووناکی لەدایک دەبێت، لە ژیانی
میسریەکان دا (خۆر) بە یەکیک لە رەگەزە گرنگەکان دەژمیردرا، بۆیە وەک
خوداوەندیکی ئافرینەر خودان رۆلیکی کاریگەرە، ناو و سیفەتەکانی بە
گویرەی وەختەکانی رۆژ دەگۆریت بۆ نمونە لەکاتی خۆرهەلاتن دا پیی
دەگوتریت(خیپری).......، کاتێکیش خۆر بەرزدەبیتەوەو دەکات نیوەی رۆژ
ئەوا بە (را) نیێو دەبرێت،لە کاتی خۆرئاوا بوونیش دا بریتییە لە (ئاتوم)
یان (هۆروس).پەپکەی خۆریش بە (ئاتین) ناسراوە دەشگوترێت میسرییەکان
پێیان وابووە خۆر هێلکەیەکە و هەرشەوێک خوداوەندی زەوی(گیب) دەچێتەسەر
شێوەی قازێک و لەسەری کورک دەبێ و لە بەیانیان دا دەیتروکێنێت.
لە لای میسرییەکان مانگ بە یەکێک لە خواکان دادەنرێت، مانگ برێتی چاوی
چەپی هۆروس دەکات و خۆریش چاوی راستی.(سیت) وەکو خوداوەندی تاریکی سەیر
دەکرا و لە جەنگێکی بەردەوام دایە لەگەڵ خوداوەندی روناکی.
لە ئەفسانەی میسریەکان دا (نووت) خواژنەو وەکو مانگایەک نیشان دەدرێت
کە لەسەر زەوی وەستاوەو دوو چاوەکانی بریتین لە مانگ و خۆر.خوداوەندی
با یان هەوا(شوو) ناهێڵێ (نوت) بەر زەوی بکەوێت، وەکو مانگایەکی
ئاسمانی هەر بەیانییەک دەزێ و خۆر بە جیهان دەبەخشێت لە ئێوارانیش دا (نووت)
خۆر قوت دەدا و تاریکی داددێت.
(ئاتوم) خودای خۆرە لە شاری (عین الشمس)، لە هەنگامە ئاوییەکانەوە(نوون)
سەردەردێنێ، باوەر وایە ئاتوم لە رێگەی ویست و هزرەوە خۆی خۆی دروست
کردووە،ئاتوم هیچ شوێنێکی شک نەدەبرد تا تیایدا بوەستێ، لەو چێگایەی بۆ
یەکەمجار تیایدا دەرکەوت ئاتوم تەپۆلکەیەکی سازکرد دەگوترێت ئەم
تەپۆلکەیە ئەو شوێنەیە کە پەرستگای هیلۆپۆلیس ی لەسەر بنیاد نراوە،
هەندێک دەڵێن ئەم تەپۆلکە خودی (ئاتوم)ە.لەم لێکدانەوەیەدا، بریتیە لە
گردێکی بەپیت و ژیانبەخش کە لەدوای رەوینەوەی لافاوەکان و داکشانی ئاوی
نیلەوە بەجێ ماوە،
کاری دواتری (ئاتوم) بریتی بوولە دروست کردنی خوداوەندی تر ئاخر ئەو
لەو جیهانە پان و پۆرەدا تەنها بوو،هەر بۆیە لەگەڵ سێبەری خۆی جووت
دەبێت،ئەم رێگە ناباوەی وەچە خستنەوە بەلای میسریەکانەوە شتیکی نامۆ نە
بوو، دەبینین (ئاتوم) وەکو خودایەکی نێرەموک سەیر دەکرێت، بۆیە (ئاتوم)
بەلای میسریەکانەوە تاکە هێزی ئافرێنەرە لە گەردووندا.
بە گوێرەی هەندێک لە دەقە کۆنەکان، منداڵەکانی(ئاتووم) هەر لەو
تەپۆلکەیە هاتونەتە دنیاوە، هەندێک دەقی تریش دەڵێن ئاتوم هەر لە
ئاوەکانی (نوو)دا ماوەتەوەو هەر لەوێش دا منداڵەکانی خستوونەتەوە،ئاتوم
لە ریگەی تف دانەوەوە کورەکەی و لە میانەی رشانەوەشەوە کچەکەی بە دنیا
هێناوە. خوداوەندی هەوا(شوو) و خوداوەندی شێ(تیفنوت) بەردەوامیان بە
کاری خەلق دال ە ئەنجام دا ئاسمان زەوییان دروست کرد و هەروەها نەزمی
کۆمەڵایەتیشیان دامەزراند.
دوای ماوەیەک (شوو)و(تیفنوت) لە باوکیان جیادەبنەوەو لە گێژاوەکانی (نوو)
دا ون دەبن،ئاتوم تەنیا چاوێکی هەبوو کە دەیتوانی لێی بکاتەوە و تێی
بخاتەوە، هەر بۆیە تاکە چاوەکەی خۆی دەرهێناو ناردی تا بە دوای
منداڵەکانی دا بگەڕێت،ئاتوم کاتێ دەبینێت منداڵەکانی هاورێ لەگەڵ
چاوەکەی گەراونەتەوە، هۆن هۆن فرمێسکی خۆشی دەرێژێ ، کاتێک فرمێسکەکان
بەر زەوی دەکەون مرۆڤ پەیدا دەبن،. ئێستا ئاتوم ئامادەیە جیهان دروست
بکات،بۆیە (شوو)و(تیفنوت) دەبنە باوانی زەوی(گیب)وئاسمان(نوت). لە
میتۆلۆژیایەکی تری میسری دا (خیپری) پێمان دەڵێت؛ ئاسمان و زەوی و
شتەکانی سەر زەوی هیچیان نەبوون ، من لە (نون)ەوە ئەوانم هێنایە
بوون،جیهانم لەو شتەوە دروست کرد کە خۆمی لێوە دروست بووە و لە دەمی
منەوە هاتونەتە دەرەوە. بەو پێیە لە سەرەتادا هیچ شتێک نەببوە دوایی (خیپری)
ژیانگەیەکی ئاوی بە ناوی(نوون) دروست دەکات لە مەیشەوە هەموو کەرەستە
پێویستەکان بۆ دروست کردنی گەردوون دەردەهێنێ.
میتۆلۆژیای ئاین.
لە سەرەتادا جیهان هیچ نەبوو جگە لە زەلکاوێکی پر لە لیتە، هیج شتێک
نەدەتوانی لەوێ بژی بەڵام لە شەش ئاسمانی سەرەوە و شەش جیهانی ژێرەوە
خوداکان و ئەهریمەنەکان و گیانەوەران دەژیان،ئەم شەش ئاسمانەش دابەش
دەبن بۆ سێ چینی لەسەریەک، لە چینی خوارەوەدا کە ئاسمانی هەڵواسراوە
ئەهریمەن دەژیا، لە چینی ناوەراستیش کە ئاسمانی ئەستێرەکانە خودا
بچوکەکان دەژیان هەرچی شوێنی خودای بەدیهێنەریشە(کاموی) ئەوا لە
بەرزترین چینی ئاسمان دایە.تەخت و شانشینییەکەی کاموی بە دیوارێکی
کانزایی تۆکمە و مەحکەم دەورە درابوو و دەرگایەکی ئاسنینی گەورەش تاکە
دەروازەی چوونە ناوەوە بوو،کامۆی) جیهانی لەسەر پشتی ماسییەکی گەورەو
لە شێوەی دەریالوشێکی(ئۆقیانوس) بازنەیی گەورە دروست کرد،بە پێی ئەم
ئەفسانەیە، هەلمژین و توردانەوەی ئاو لە دەمی ئام ماسییەوە هەڵکشان و
داکشانی دەریاکانی دروست کردووە کاتێکیش کە دەبزوێت ئەوا زەمین لەرزە
پەیدا دەبێت. رۆژێک کاموی لە ئاسمانەوە سەیری جیهانی خوارە دەکات
دەبینێت تەنها ئاوە بۆیە بریار دەدات شتێک لەو ئاوەوە دروست بکات بۆ
ئەم مەبەستەش باڵندەیەک دەنێرێتە خوارەوە، کاتێ باڵندەکە دەگات دەبینێت
ئەوەی لە جیهان دا هەیە تەنیا ئاوە لەبەر ئەوە بە لێکدانی باڵەکانی
ئاوەکە شەق دەکات و بە پێ پروکێ لمی ناو ئاوەکە هەڵدەداتەوە و بە
کلکیشی رایدەماڵێت بەمەش یەکەمین پارچە زەوی وشکانی پەیدا بوو، بەم
چەشنە دوورگەکان لە شێوەی بارستاییەکی گەورەی وشکانی لە دەریاکانەوە
دەرکەوتن.
لەو دەمەی(کاموی)سەرگەرمی دروست کردنی جیهان بوو، ئەهریمەن دەیویست
کۆسپ بخاتە سەر رێی کارەکەی هەربۆیە بەیانییەک زوو و بەر لە دەرکەوتنی
خۆر لە خەو رابوو زاری قژ کردبوو تا لەگەڵ ئەکەم سەردەرهێنانی
رۆشناییدا خۆر قوت بدات بەڵام کاموی پێشدەستی دەکات و قەلەباجکەیەک
دەنێرێتە خوارەوە تا بچێتە ناو قورگی ئەهریمەن و تووشی بینەخنکێی بکات
بەمەش جیهان لەم هەوڵەی ئەهریمەن بۆ بە تاریک هێشتنەوەی دەربازی بوو.
کاتێک گیانەوەرانی ئاسمانەکان جیهان بەم جوانی و رازاوەییە دەبینن داوا
لە (کاموی) دەکەن رێگەیان بدات لەوێدا ژیان بەسەر بەرن ئەویش بەو
داوایەی ئەوان قایل دەبێت و دوای ئەمە چەندەها بوونەوری تر دروست دەکات
لەوانە یەکەمین مرۆڤ(ئاینو)، کە جەستەکەی لە زەوی و بربرەی پشتیشی لە
گۆچانی دار بیی دروستکراوە بۆیە مرۆڤ کە دەکەوێتە ساڵەوە پشتی
دەچەمێتەوە.
(کاموی) مرۆڤێکی پیرۆز لە جنسی خواکان بە نێوی (ئایۆینا) دەنێرێتە
خوارەوە تا مرۆڤەکان فێری راوکردن و چێشتلێنان بکات، دوای ماوەیەکی
دوور و درێژ لە مانەوەی لەسەر زەوی تا مرۆڤەکان فێری چلۆنێتی ژیان
بکات،ئایۆینا دەگەرێتەوە ئاسمان هەر لەگەڵ گەیشتنەوەی دا خواکان لووتی
خۆیان دەگر و بێزاری و هەراسانی خۆیان لەو بۆنە ناخۆشەی مرۆڤ دێننە
زمان بەلام نازانن ئەو بۆنە لە کویوە دێت، دواجار کە بۆیان ساخ
دەبێتەوە کە بۆنەکە لە جلو بەرگی ئایۆیناوە دەردەچێت بۆیە خواکان
دەینێرنەوە سەر زەوی و جارێکی دی رێگەی نادەن بێتەوە ئاسمانی خواکان.
میتۆلۆژیای مەکسیکی.
دایکی ئەفسانەی خەلقی مەکسیکی (کۆتلیک)ە و لەوێنەیەکی نە ناسراو
دروستکراوە، بوونەوەرێکی بێ سەرە و تەواوی ئاکارە جەستەییەکانی
چوارگۆشەیی هەڵکەوتوون، بەڵام بە کەلە سەر و مارو دەستی براوە
رازێنراوەتەوە.
کۆتلیک یەکەمجار لە چەقۆیەکی بەردین (پەیکان)سکی پر بوولە ئەنجام داژنە
خوداوەندی مانگی بە دنیا هێنا و گرۆیەک وەچەی نێریشی خستەوە کە دواتر
ئەستێرەکانیان لێوە دروست بوو،رۆژێکیان کۆتلیک تۆپەڵێک پەری باڵندە
دەدۆزێتەوە و دەیئاخنێتە مەمکییەوە کاتێکیش بەدوای دا دەگەڕیت دەبینێت
تۆپەڵە پەرەکە دیار نیییە، هەر لەم کاتەدا هەست دەکات کە سکی پرە.کاتێک
منداڵەکانی(مانگ و ئەستێرەکان) بەم باسە دەزانن شەرمەزاری دایان دەگرێت
بۆیە لەسەر پلانێک بۆ کوشتنی دایکیان ڕێک دەکەون چونکە خواژن تەنها یەک
جار مافی سکپڕ بوونی هەبوو نە زیاتر. لەو دەمەی منداڵەکانی پلانەکە
بوون بۆ کوشتنی کۆتلیک جارێکی دی زایەوەو ئەم جارە خوداوەندی جەنگی لێ
وە پاشکەوت.خوداوەندی جەنگ بە هاوکاری ئەژدیهای ئاگر توانی خوشک و
براکانی لە نێو بەرێت بە جۆرێک کە سەری خوداوەندی مانگی پەراند و فرێی
دایە نێو دۆڵێکی قوڵەوە و بۆ هەمیشە لەوێدا فرێردا.
_________________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/basixeliqlenewan1.htm
shamirmawlan@ymail.com
|