٢٢\٧\٢٠١٣
باسی خەلق لە
نێوان ئایین و میتۆلۆژیادا.

شامیر مولان
-
بەشی یەکەم -
ئەوەی رەگەزی مرۆڤ لە باقی بوونەوەرەکانی تری سروشت جوێ دەکاتەوە بە
تەنها سیفەتی کۆمەڵایەتی بوونی نیە هەروەک (هیگڵ)باوەری وابوو ئەوەش
نییە کە مرۆڤ بوون تەنها لە توانستی ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمان بۆ
دەربرینی واتادا کورت بکرێتەوە چون (ئەرستۆ) جەختی لەسەردەکاتەوە، لە
گێتی گیانەوەران دا پتر لە نمونەیەک دەبینین کە لەچوارچێوەی سیستمی
کۆمەڵایەتی یاخود لەشێوەی ژیانی بەکۆمەڵدا دەژین وەلێ مرۆڤیش نین واتە
کۆمەڵایەتی بوون تاکە پێوەری مرۆڤ بوون نیە ئەگەرچی لە ئاستی
کۆمەڵایەتی بوون دا مرۆڤ باڵاترینە،بە بارەکەی تریش دا دەشێ کەسێک لە
دەربرینی دەنگیانەی زمان بێ بەهرەبێت بەڵام هەمان ئەو تاکە دەشێ لە
ژیانی کەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی دا بەشدارێکی کارابێت ئەوەی دەکرێت
وەکو ئەدگاریێکی جیاکەرەوەی جۆری مرۆڤ لێی بنوارین بوونی هۆشمەندی و
توانای بیرکردنەویەتی لە وجودی خۆی و دەوروبەری و دیاردەکان.
مرۆڤ بە سروشتی خۆی کائینێکی زانینخوازە(کونجکاو)و تا دوارادە تینوی
مەعریفەی شتەکانە، کاتێکیش مرۆڤ پێدەنێتە دنیاوە بەر لێشاوێک لە پەنهان
و نەزانراوەکان دەکەوێت هەربۆیە لێرەوە دەستو پەنجە لە تەک پرسیارە
بەرایی و ئەزەلییەکان دا نەرم دەکات، گەردوون و تەواوی دیاریدە
سروشتییەکان دەبنە هەوێنی لە دایکبوونی سەرسامی مرۆڤ و بەدوایی دا
چەندین پرسیار سەرهەڵدەدەن: من چیم و کێم؟ لە کوێوە هاتوم؟کێ یان
بەرینتر و بابەتیانە تر بڵێم چی من و زەوی و ئاسمانی تەژی لە ئەستێرە و
خۆر هەسارەی ئافراندووە؟...تد، ئەمەو چەندەها پرسیاری دی جێگایەکی
فراوانی لە بیر و زەینی مرۆڤ داگیر کردووە مرۆڤیش لێبراوانە لە هەولی
تەیکردن و دۆزینەوەی وەڵام بەو پرتسیارانە دا بووە،لێرەوە میتۆلۆژیا
وەکو سەرەتاییترین فۆرمی لێکدانەوە دێتە ئاراوە، بە سەرنج دان لە
ئەفسانەکان و بی گوێدانە مێژوو و جوگرافیای دەرکەوتنیان دەبینین تەواوی
ئەفسانەکانی تامەزرۆ و گەریدەی دۆزینەوەی (کۆسمۆگۆنیا)ن واتە ئەو
جەوهەرە بنەرەتییەی کە تەواوی وجودی لێوە پەدابووە.هەرچی ئایینیشە ئەوا
بە شێوەیەکی کامڵتر باسی خەلق دەکات و رووبەرێکی فراوانتری
پێدەبەخشێت،بەشێوەیەکی گشتی، ئایین وەزیفەی خەلق دەداتە پاڵ هەبوویەکی
بان سروشتی و ئافراندنی تەواوی سروشتی ماددی وەک زادەی ئیرادەی
خالیقێکی لە ماددە بەدەرو لە شێوە بەدەر سەیر دەکات . لەم وتارەدا بە
چەند زنجیرەیە رووناکی دەخەینە سەر تێروانینی ئەفسانەو ئایینەکان لە
مەر بابەتی خەلق ، بە ئەفسانەکان دەسپێدەکەین و بە ئایینەکان کۆتایی
پێدێنین.
میتۆلۆژیای چینی.
بەگوێرەی ئەم میتۆلۆژیایە ، لەسەرەتادا ئاسمان و زەوی یەک شتن و لە
یەکدی جیانەکراونەتەوە تەواوی بوون هیچ نییە جگە لە
هەنگامە(فەوزا)،گەردوون بە هێلکەیەکی رەشی گەورە دەچوێنرێ کە (پان گو)ی
لە نێو خۆی دا هەڵگرتووە،دوای ١٨هەزار ساڵ (پان گو)لە خەوێکی قووڵ
رادەبێت دوای هەلسانی، هەست بە بینە خنکێ سەخت دەکات لەبەرئەوە بە
هەموو تین تاقەتییەوە هەوڵی شکاندنی ئەو هێلکەیە دەدات کە ئەوی
تیادایە،بەشە روون و سوکەکەی هێلکەکە(سپیێنە) ئاسمانەکان دروست
دەکات،زەردێنەکەش دەبێتە زەوی(پان گو)لە نێوان ئەم دوو بەشەی هێلکەکە
وەستاوە بە جۆرێک سەری لە ئاسمان چەقیوەو پێیەکانی رۆچوونەتە
زەویەوە،ئاسمان و زەوی لە گەشەو گەورەبوونێکی یەکبینەدان بەرێژەی ٩ پێ
لە رۆژێک دا هاوشان لەگەل ئەمەدا (پان گو)ش لە گەورەبوون دایە،دوای ١٨هەزار
ساڵی تر، ئاسمان بەرزتر و زەوی ئەستورترە (پان گو)ش وەکو ستوونێکی ٩هەازار
مەتری لە نیوانیان دا وەستاوە نەبادا جارێکی دی بەیەکدی بگەنەوە،کاتێک
(پان گو) دەمرێت هەناسەکەی دەبێتە هەور و با، دەنگەکەشی دەبێتە زایەڵەی
هەورەکان،چاوێکی دەبێتە خۆر و ئەوی تریشیان بە مانگ، چوار پەل و
جەستکەی دەگۆرێت بۆ پێنج کێوی گەورە و خوێنەکەشی دەبێتە ئاو، خوێن
هێنەرەکانی دەبنە رێگاگەلی دوور-درێژەوەبوو و زەوی بە پیتیش لە
ماسولکەکانییەوە بە ئیجاد دەبێت،ئەستێرە بێشومارەکانی ئاسمانیش لە قژ و
ریشی (پان گو) ەوە پەیدادەبن،گوڵ و درەختەکانیش لە پێست و
گەندەمووەکانیەوە دروست دەبن،مۆخی پان گو دەبێتە مرواری،ئارەقەکەشی بە
وێنەی باران دەرژێت و تەواوی زەوی ئاو دەدات،بە گوێرەی ئەم ئەفسانە،
رووبارەکان لە فرمێسکەکانی پان گو سەرچاوە دەگرن و تروسکایی چاوەکانیشی
دەبێتە هەورە بروسکە و رووناکی، ساماڵی ئاسمان و دەرکەوتنی خۆر
بەرەنجامی ئاسوودەیی و بەختەوەری پان گو ە هەروەک هەورەغیمەی ئاسمانیش
بەرهەمی تورەیی و خەفەتباری ویە.بە پێی یەکێک لە گێرانەوەکانی ئەم
میتۆلۆژیە ئەسپێکانی سەر لاسەی پان گو دەبنە باپیرانی مرۆڤایەتی!!!
میتۆلۆژیای پان گو ، لە ناو نەژادەکانی باشوری چین بەسێوەیەکی تر باسی
لێوە دەکریت،لێرەش دا پان گو هەر بە پێشینەی مرۆڤایەتی دادەنرێت بەڵام
لەوەدا جیاوازە کە پان گو- خاوەن جەستەیەکی مرۆڤییە بەلام سەری سەگی
بەسەرەوەیە، ئەفسانەکە بەم چەشنەیە...پاشا (گاو زین)لە ئاسمانەوە
فەرمانرەوای زەوی دەکات، ئەم پاشایە سەگێکی هەیە بە ناوی (پان گو)،پاشا
(گاو زین)لە دوژمنایەتییەکی سەرسەخت دایە لەگەڵ پاشا(فانگ) لەبەرئەوە
پاشا (گاو زین )بەڵێن دەدات هەرکەسێک بکارێت پاشا(فانگ) بکوژێت و
سەرەکەی بۆ بێنێت ئەوا لەبەرامبەردا ئەو کچەکەی خۆی پێشکەشدەکات وەلێ
کەس توانای رووبەروبوونەوەی پاشا(فانگ)ی نەبوو ئەمەش لە ترسی سەربازە
دڵێر و ئەسپە تیژ رۆکانی پاشا(فانگ).هەر کە ئەمە دەبیێت، پان گو-
خەوتوویی پاشا کەی دەقۆزێتەوەو لە شوێنەکەی خۆی ئۆغر دەکاو بەرەو کۆشکی
پاشآ(فانگ )تێدەقوچێنێت،پاشا فانگ کە دەبینێ پان گو لە وێدا وەستاوە و
کلکی دەسەنگێنێ خۆشحاڵ دەبێتدەڵێت؛ببینە،کۆتایی پشا(گاو زین)نزیک
بۆتەوە،تەنانەت سەگەکەشی ئەوی جێهێشتووە.
لە نیوەشەودا و لەو کاتەی پاشا(فانگ)سەرمەستی مەی خوردنەوەیە،پان گو
بازدەداتە سەر نوێنی پاشا و قەپێکی بەهێز لە قورگی پاشادەگرێ و سەری
لەلاشەی جیادەکاتەوە،سەری پاشا فانگ بۆ گەورەکەی دەهێنیتەوە،پاشا (گاو
زین) بەبینینی سەری رکابەرەکەی بە لێکراوەیی لە خۆشی دا شاگەشکە دەبێت
و فەرماندەدات گۆشتی تازەی بۆ بهێنن بەڵام (پان گو) گۆشتەکە بە
نەخوراوی بەجێدێلێت لە قوژبنێکی ژوورەکەدا هەڵدەکورمێ و دەنوێت بۆماوەی
٣ رۆژ هیچ ناخوات،پاشا پرسیاری لێدەکات بۆ هیچ ناخۆیت؟ ئایا
لەبەرئەوەیە پەیمانەکەی خۆمم نەبردۆتەسەر؟ دوای ئەمە (پان گو)دێتە گۆ و
بەرسڤی پاشا دەداتەوە دەڵێ گەورەم ، نیگەران مەبە تەنیا زەنگە
زێرینەکەی خۆتم بەسەر دا رۆکە و لێم گەرێ لە ماوەی حەوت شەو حەوت رۆژ
دا دەبم بە مرۆڤ،پاشا ئەوەی کرد کە پان گو دەیویست بەڵام لە رۆژی شەشەم
دالە ترسی ئەوەی نەوەکو لا تراسا بمرێت، کچی پاشا زەنگەکە لەسەر پان گو
هەڵدەگرێت بەمەش هەرچەندە لە ماوەی شەش رۆژ دا جەستەی پان گو دەگۆرێت
بۆ مرۆڤ بەلام حەوت رۆژەکە تەواو ناکات لەبەرئەوە هێشتا سەری سەری
سەگە،پان گو دواجار هاوسەرگیری لەگەڵ کچی پاشا دەکات و بەڵام کچە
نەیدەویست لەگەڵ پیاوێکی وەهادا بیبینن بۆیە بریار دەدەن لە ئاسمانەوە
دابەزنە سەر زەوی و لە بەرزاییەکانی باشوری چین نیشتەجێ دەبن و لەوێ
دابە ئاسودەیی ژیان بەسەردەبەن و چوار منداڵ دەخەنەوە سێ کور و کچێک کە
دەبنە پێشینی مرۆڤایەتی.
میتۆلۆژیای ئیسکەندیناڤی.
(ئۆدین) بەهێزترین و بە تەمەنترینی خواکانە، بۆماوەی چەندین چەرخ
فەرمانرەوایەتی هەموو شتێکی دەکرد،ئەو ئاسمان و زەوی دروست کرد، مرۆڤی
ئافراند و گیانیشی پێ بەخشی.ئەگەرچی بە باوکی هەمووان دادەنرێت لێ (ئۆدین)هەر
یەکەم بوونەوەر نییە.
ئەم ئفسانەیە پێمان دەڵی لەسەرەتادا،نە زەوی و نە ئاسمان و نە ئاو
هەبووە،ئەوەی هەبووە تەنها نەبوون(واڵایی) بووە کە چاوەنۆری تەژیبوونی
خۆی دەکرد،لە باشوری ئەم نەبوونە شانشینی ئاگرین(موسپێل) هاتەبوون و لە
باکوریش شانشینی بەستەڵەک(نیفلهیم) واتە ئاگر و سەهۆڵ لەمسەر و ئەوسەری
نەبوون دا جەمسەرگیر بوون هەرچی ناوەندی ئەم بەتاڵییەشە ئەوا تیایدا
هەوا پەیدابوو،کاتێک هەوای گەرمی (موسپێل) گەیشتە هەوای ساردی(نیفلهیم)
ئەوا سەهۆل دەستی کرد بە توانەوە،دڵۆپەکانی ئەم توانەویە بوو مایەی
دروستبوونی شتێک لە شێوەی زەبەلاحێکی نوستوو بە نێوی (یمیر).هەر کە
نوست (یمیر)دەستی کرد بە ئارەقە کردنەوە، لە ژێر باڵی چەپییەوە نێر و
مێ یەک و لە لاقەکانیشیەوە نێرینەیەکی دی هاتە دنیا ئەمانە یەکەمین
زەبەلاحی بەستوو بوون کە گشتیان لە (یمیر)کەتوونەوتەوە.ئینجا لە
توانەوەی زسەهۆڵەکە مانگایەک بە ناوی- ئودهوملا- پەیدابوو لە گۆکانی
گوانییەوە چوار رووباری شیر سەرچاوەیان بەست بۆ تێر شیر کردنی (یمیر).شەختە
سەهۆڵی سوێریش خۆراکی ئودهوملا بوو،لە کۆتایی رۆژی یەکەم دا مووەکانی
سەری لابرد لە کۆتایی رۆژی دووەم دا سەری بەتەواوی رووت کردەوە و لە
کۆتایی رۆژی سێیەم دا پیاوێکی قۆز و بەهێزبە نێوی(بوری) پەیدا بوو.
بوری کورێکی هەبوو ناوی (بۆر )بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ بێستلا- ئەنجام
دا کە کچی یەکێک لە زەبەلاحە بەستووەکان بوو،(بۆر)و (بێستلا) سێ کوریان
خستەوە بە ناوەکانی: ئۆدین، ڤیلی ، ڤی،
ئۆدین و براکانی زۆر رقیان لە (یمیر)بوو بۆیە پلانیان بۆ سربرینی یمیر
دانا و سەریان لە لاشەی جیاکردەوە، ئەوەندە خوێنی لێهات تا بەتەواو
زەبەلاحەکانی لە خوێن دا نغرۆ کرد بەڵام (بیرگلەمیر) و هاوسەرەکەی
رزگاریان بوو ئەمەش بەهۆی دروست کردنی بەلەمێک لە قەدە داری هەلکۆلەراو.
ئۆدین و براکانی زەوی یان لە گٶشتی (یمیر) ەوە ئافراند، لە ئێسک و
ددانەکانی شیەوە بەردو تاوێریان دروست کرد،لە خوێنەکەشیەوە رووبار و
دەریاچەکانیان هێنایە بوون، لە کەلەسەری (یمیر)ەوە
یاسمان پەیدا بوو کە لە چوار لاوە بە چوار کورتەباڵا(گزگل)ەوە بە
نێوەکانی باکور، باسور ، رۆژهەڵات و رۆژئاوا پاسەوانی دەکرا.ئاورینگی
ئاگری موسپێل بەرەو ئاسمان هەلکشا و خۆر و ئەستەرە و مانگی دروست کرد،
لە مێشکیشیەوە هەورەکان پەیدا بوون.
زەوی لە شێوەی بازنە دا چێ کرا و لێوارەکانیشی بە دەریای مەزن داپۆشرا،
ئۆدین و براکانی مەملەکەتێکیان بەناوی (میدگارد)دامەزراند قەڵایەکیشیان
لە برۆکانی (یمیر)سازکرد،رۆژێک لەکاتی پیاسە کردنیان بە قەراگی دەریادا
٢ قەدەداریان بینی :ئۆدین- هەناسە و ژیانی دانێ، وڤیلی مێشک و هەست و
ڤی-یش بیستن و بینایی پێ بەخشین. بەمەش یەکەمین پیاو(ئاسک) و یەکەمین
ژن(ئیمبلا)هاتنە بوون و میدگاردیش بوو نیشتیمانیان.
بە گوێەرەی ئەم میتۆلۆژیایە، لە ژێر میدگارد جیهانی مەرگ و
لەسەرووشیەوە جیهانی خواکان هەیە کە تیایدا ئۆدین لەسەر تەختەکەی خۆی
دانیشتووەو چاودێری جیهانەکان دەکات (میدگارد)و جیهانی خواکانیش لە
رێگەی پەلکە زێرینەوە بەیاکدییەوە دەبەسترنەوە، لە ناوەندی هەموو
جیهانەکانیش درەختێکی مەزن هەیە کە گەڵاکانی سێبەر بۆ جیهان دەکات و
رەگەکانیشی دەبنە راگری جیهان.....
shamirmawlan@ymail.com
|