٥\١٢\٢٠١٩
بەشی نۆزدەیەم لە قەسیدەی
''دەقی تەمەن''.

ناڵە
حەسەن
١
کاتێک بە پێخاوسی
بە ڕێگایەکدا دەڕۆیت و بەردەمیشت
بە وردە شووشە داپۆشراوە
لە چاوەڕوانی ئەوەدا مەبە
کەسێک بێت و شووشەکانت بۆ ڕاماڵێ
چونکە ئەویش پێشوەختە
ڕێگاکەی بەردەمی بزمارڕێژ کراوە
چاوەکانت دامەخە
دوور بڕوانە دوور
هێشتا کات ماوە بۆ خەون بینین
٢
شیعر فێری کردم و
هێزی ئەوەی پێبەخشیم
لەنێو نووسینەکانم خۆم بم و
ڕێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی نەدەم
بوونم داگیر بکات
بۆیە منیش دواجار گوتم
( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )
بەڵام داخەکەم
دوای سی ساڵ لە شیعر نووسین و بیرکردنەوە
هێشتا / نەمتوانیوە وەک پێویست
خۆم بناسم و
بە وردی خۆم بخوێنمەوە
٣
لەنێو خەمەکانی دایک و باوکم
کتێبەکانی مرۆڤبوونم خوێندەوە
لەنێو خەونەکانی خۆشم
سروودە خوێناوییەکانی نیشتیمان
٤
منداڵی من
کۆلارەیەکی پەڕ ڕەنگین بوو
لە دارتەلی
گەڕەکێکی هەژارنشین گیربووە و
لێنابێتەوە
لە وەرزەکانی قاتوقڕی و گرانیدا
دەبێ بە کولێرەویەک و
منداڵە برسییەکان ژیر دەکاتەوە
لە شەوە درێژەکانی پایزانیش
وەک حیکایەتخوانێکی بە ئەزموون
بۆ کوڕ و کچانی گەڕەک
چیڕۆکی عەشق و ئازادی / دەگێڕێتەوە ...!
٥
من زۆرجاران حەزم لە تەنیاییە
نامەوێت /
لە چاوەڕوانی کەسێکی تر بم
من بەوە ئارام و دڵفراز دەبم
کە هەموو چرکە و ساتەکانی تەمەنم
تەنها و تەنها / بە خۆم ببەخشم ...!
٦
تۆ لەنێو
گەڕەکی چڵەنێرگزەکان دەژیت و
منیش لەنێو نیشتیمانی غوربەت
چی تۆی گەیاندە
نێو کیشوەرەکانی دڵی من
ئەی ئاگر و پەنگر / ئەی موسیبەت ...!
٧
من / مەرکانەکانی تەنیایی خۆم
پڕ دەکەم لە گوڵ و
دڵە ماندووەکەی تۆش
پڕ لە خۆشەویستی
من / باخچەی شیعرەکانی خۆم
بە پەیکەری عەشق دەڕازێنمەوە
نیگا و چاوەکانی تۆش
بە تیشکە پرشنگییەکانی ڕووناکی
لەگەڵ ئەوەش لێمببوورە
گەر / بۆ تا ئەبەد نەتبینمەوە ...!
٨
بیرت دەکەم
زێتر لەوەی
کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە
بەرینتر لە ڕووبەرەکانی بیرکردنەوە
بیر بیر بیر بیر بیر
هێندەم بیر لێکردییەوە
تا هەموو
بیرکردنەوەکانی خۆم بیرچوویەوە
ئێستا من لەنێو تۆدام
هاتووم تا لەمەودوا
لەنێو یادەوەری و
لەنێو /
بێستانی بیرکردنەوەکانی تۆ
بۆ هەمیشە بمێنمەوە
٩
هەموو دەرگاکانی ژیانتان
بەڕوو داخستم
منیش ئێستا لە دووری دوورەوە
دوور دوور دوور
دوور لە ئێوە
لەسەر / ئەستێرە ئاورینگییە ئیرۆسییەکەی شیعر
لەژێر / ڕەشماڵێکی ڕەنگینی پڕ لە ڕاز
بەتاقی تەنێ و هەموو شەوێ
مێژووی مردنە ماسۆشییەکانی ئێوە و
چرۆی چیرۆکە چراخانییەکانی
لەدایکبوونی خۆم / دەنووسمەوە ...!
١٠
تۆ پەیکەرێکی لە نوور
چاوەکان و نیگاکانیشت
پڕن لە ڕووناکی
گەر غەریبی
نیشتیمانی لەدایکبوونی خۆت دەکەی
وەرە بە تاو
بە پەیژەی پەراسووەکانم هەڵگەڕێ
تا بتگەینمەوە
نێو کۆڵانەکانی خۆرەتاو
١١
من وام
لەگەڵ ژیان شیعر
لەگەڵ شیعر بەفر
لەگەڵ بەفر ڕووناکی
لەگەڵ ڕووناکی با
لەگەڵ با ئاگر
لەگەڵ ئاگر خەون
لەگەڵ خەون تۆ
لەگەڵ تۆش / عەشق کۆمان دەکاتەوە
١٢
ئەی پەپوولە وردیلەکەی
نێو نیگا زەردباوەکانی مانگ و
نێو / خەون و خەیاڵە خەمڵیوەکانی خودا
تۆ لەنێو چاوەکانی من / وەک هەمیشە
لە هەموو ئۆقیانووسەکانی دونیا بەرینتری
لە هەموو چیا سەرکەشەکانی عەشق بەرزتری
تۆ / بە تەنیا تۆ
لە قەسیدە و شیعرەکانم ناسکتری
لە ترپەکانی دڵم زێتر / لە من نزیکتری
١٣
من ماڵم لەنێو مەمکۆڵەکانی گەردوونە
ئەستێرەکان هاورێمن
لەسەر پشتی شەپۆلەکانیش
سروودەکانی ڕووناکی دەنووسمەوە
خودایەک / لەنێو کتێبە شیعرییەکانم پێی گوتم
مژدەبێ لێت
تۆ بڵێسەی خۆرەتاوێکی ئەبەدیت
مردن ناتوانێ لێت نزیک بیتەوە
١٤
لەوەتەی بەبیرم دێت
لەنێو ئۆقیانووسەکانی ئاگر
ئایەتە ئیرۆسییە ئەوینییەکان / دەنووسمەوە
لەنیو نیگا نەرمەکانی نیشتیمانیش
کتێبێک / لە بارانە بڵێسەییە بریناوییەکان
١٥
تۆ تەمێکی سپیت
لەنێو خەیاڵە تەوراتییەکانی تەمەنی من
تۆ / شیعرێکی شەونماویت
لەنێو شەوە شلێرییەکانی شەونامەی من
بەڵام موخابن ئێستا
من و تۆ / ملوانکەیەکین بە گەردنی مردنەوە
وەکو کەمانجە ئاوییەکانی دەریا
میلۆدییەکی غەمگین بۆ ژیان دەژەنین ...!
کانوونی یەکەمی ٢٠١٩
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|