١٦\١٢\٢٠١٦ بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ؟
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە ...؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە ...؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە ...؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی ...؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر ...! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە ...! ) . بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر ...! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات.
هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات . بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت . شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە..!
بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین، ئەی ژیان مانای چییە ... ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە ...؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە:
|