٢٠\١\٢٠٢٠
چایی و ماست!

جەلال قادر
لە دڵی خۆیدا وتی:
تا مرۆڤ بەیانییان بە سەرمای زستان لەخەو ڕانەپڕێت و نەچێت بۆ کرێکاری،
قەدری پارەداری و ژیانی خۆشگووزەرانی و گەرمای هاوین نازانێت.
لەگەل بەرەبەیان خۆی لەناو قاپووتە خاکییەکەی پێچایەوە و بە ئاسپایی
لەدەرگەی ماڵ هاتە دەر.
بەم بەری بەیانییە جگە لە کرێکار و خەلکی کاسبکار و نەداران کەسیتری
نەدەبینی. خواپێداوەکان درەنگتر لە خەو هەڵدەستن و قەیماخ و پەنیر و
لۆر و هەنگوین و نانی چەور دەخۆن. لەم کاتە خۆزگەی بەو هاوڕێیانەی
دەخواست کە زوو ئەم مەمڵەکەتەیان بەجێهێشت و ڕزگاریان بوو لەدەست ئەم
دەسەلات و سیاسیانە، کە هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک میلەت بەشەڕ دەدەن.
بەدەم ڕێگەوە، ئەو ڕۆژانەی هاتەوە یاد، باوکی لەگەل مەلا بانگدان لەخەو
هەڵدەستاو بەرەو مەیدانی کرێکاران دەکەوتە ڕێ. ئەویش لەژێر جێگەوە بیری
لەوە دەکردەوە: ئاخۆ باوکم دەبێت چی بخوات و چۆن چۆنی پارەمان بۆ پەیدا
بکات؟. کەچی ئێستا خۆی لەسەر هەمان شەقام ڕێدەکات و بیر لە رابووردوو
دەکاتەوە، کاتێ باوک و باپیری لەم سەر زەمینە هەمیشە ڕاکە ڕاکەیان بوە
بەدوای تیکەیەک نانێکەوە و بە کۆیڵایەتی ژیاون.
لە چایخانەکەی سەر جادەکەی (رەحیم ئاوا) لەگەل کرێکارەکان دانیشت و
داوای چایی و ماستی لە چایچییەکە کرد. وردە وردە ژمارەی خەلکی بێکار
زێتر دەبوو، زۆربەشیان هەروەک ئەو چایی و ماست و نانی گەرمیان دەخوارد.
هەرچەندە لە توانایدا بوو قەیماخ و هەنگوین یان نۆکاو بکڕێت و بیخوات،
بەلام ئەم لە منداڵییەوە وا ڕاهاتبوو ئەگەر بۆ ژەمی بەیانیان ماست و
چای نەخوات ڕۆژەکەی لێ تێکدەچێت. سەردەمانێک لەبەر هەژاری لەگەڵ خوشک و
براکانی سێ جەمە ماست و چایان دەخوارد، دێتە یادی جارێکیان ماستتەکە
بەشیانی ناکرد، دایکی بڕێک ئاوی تێکرد و وتی : بخۆن تا سکتان دەتەقێت.
لە چایخانەکە پیرەمێردێکی قات لەبەر و شیک، زەڕبینێکی بەدەستەوەبوو.
بەتەنیشتییەوە دانیشت و بزەخەندەیەکی کرد، لێیپرسی : دەتەوێت ناو لەپی
دەستت بخوێنمەوە؟
سەیرێکی ناو لەپی دەستی خۆی کرد و وتی: پەنجا ساڵە ئەم دەستانەم
ماندوون، ئێستا دەبێت تۆ چی تیا بخوێنیتەوە.
- من دەتوانم ئاییندەت بخوێنمەوە.
+ لەم ولاتە ئاییندەمان روون و ئاشکرایە.
پیرەمێردە فاڵچییەکە توند دەستی چەپی گرت و خێرا ڕووانیە ناو لەپی و
وتی: تۆ گەشتێکی دوورت لە پێشە!
بەم وتەیەی سەری سوووڕما و ئارەزووی کرد، فاڵچییەکە ئاییندەی
بخوێنێتەوە، خێرا لێیپرسی : چەندم لێدەسێنیت؟
- هەرچەند لە تواناتدایە، یان پارەی ژەمێک خواردنم بەرێ!
بە چایچییەکەی وت: ژەمێ خواردن لەسەر حیسابی من بەم مێوانە بدە.
لەم کاتە کرێکارێک بە کۆخە کۆخ، هەموو گیان دەڵەرزی، مێردمنداڵێکی دە
ساڵانێکی لەگەلدابوو بەرانبەری دانیشتن و داوای ماست و چایان لە
چایچیەکە کرد.
منداڵەکە کراسێکی شڕی لەبەردابوو، باوکەکە کە بەردەوام دەڵەرزی
چاکەتێکی کۆنی پۆشیبوو، دیاربوو لە یەک دوو شوێن بە دوورمان دوورابوەوە.
باوکەکە جەمانییەکەی دایە بانشانی و بە کوڕەکەی وت: چای کەم ڕەنگ بخۆ
گەرم دەبییتەوە.
ئەویش هێشتا پاروەکەی بەدەمەوە بوو، لە باوکەکەی پرسی: نەخۆشییت؟
- بەڵێ...سەرمام بوە...
+ بۆ کوێ دەچیت؟
- بۆ کرێکاریی، ئیشێک هەیە دەبێت تەواوی بکەم. ئەم کوڕە بچکۆڵانەم
یارمەتیم دەدات.
+ هەنگوین بخؤ گەرم دەبیتەوە.
هەرچەندە لە وتەکەی پەشیمان بوەوە، بەلام تازە قسە لە زار دەرچوو و
ناگەڕێتەوە.
باوکە و کوڕە لەسەرخۆ نانی گەرمیان لە باوەش دانا و پڕ بە دڵ تیکەیان
لە ماستەکە دەدا و دەیانخوارد.
کابرای فاڵچی بەدەم نانخواردنەوە لێیپرسی: ئێستا ئامادەیت، ناو لەپی
دەستت بخوێنمەوە.
ئەمیش زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و وتی: کاسبییەکەی تۆ خەراپ نییە، بەلام
لەم ولاتە ناولەپی دەستەکان وەک یەک وایە. ئەگەر ئاسمان گڕ بگرێت، ئێمە
لێرە خوێن دەڕێژین.
- مەبەستت چییە، چۆن دەبێت یەک چارەنووسمان هەبێت؟ تکایە دەستم بەرێ تا
بیخوێنمەوە.
فاڵچییەکە بەزۆر دەستی ڕاکێشا و زەڕەبینەکەی لەچاوکرد و کەوتە
خوێندندنەوەی.
ئەوش چاوی لە مێردمنداڵەکە بوو، کە خێرا لەتە نانەکەی دەخستە ناو
ماستەکە و قوومی لە چایەکە دەدا.
لە هەمان کات گوێی لە فاڵچییەکە بوو پێیگوت: ببوورە هێڵەکانی ناو لەپی
دەستت گرژ و خاوبوونەتەوە، ناتوانم بیانخوێنمەوە!
زستانی ٢٠٢٠
ماڵپهڕی جهلال قادر
|