٢٤\١٢\٢٠١٥
جێگۆڕکێی پەنجەکان.

سەڵاح
حەمەئەمین
-
٢
-
ئەم شەو
لەم سەرەتا بێکۆتاییەى
وەرزى خەزانى ناختدا
گۆڵە چرۆکانى ئارەزووت
بیر لە جوتبوونى بەهار ئەکەن،
لەم ساتەوەختەدا
لە من .....
لە چرکە چرکى کاتژمیرە چەق بەستووەکان
لە بێدەنگیى گەردوون،
لەو کزە با چەقۆ ئاسایەى
بە بەردەم ماڵەکەتاندا تێدەپەڕیت،
لە ئارەزووە شیتانەکانت
وەرس بوویتە
ئا ئەوەتا ....
چرۆ تازەکانى ناخت
لە کاتى جووتبوونى گوڵەکاندا
لەو دیو پەردەکانەوە
هەناسە بڕکێیانە ....
رووت بەرەوە
رووت بەرەوە و
لەگەڵ خۆتدا پەیڤەکانى عیشق بڵێرەوە.
-
٢
-
ئا ئەوەتا
لەم شەوە زستانییە تەڕەدا
بایێکى وشک
لە دەروونتا
ئارەزووە شێدارەکانت
دێنێ و ئەبا،
لە سپێدەى بەرەبەیان و
لە قورسایی زەمەنە سارد و بەسەرچووەکاندا
لە نێو لق و پۆپى درەختێکى تەڕەوە
شێت ئاسا
ئەڕژێتە نێو جۆگەى حەزەکانتەوە و
چاوەڕوانن راویان بکەم ....
ئا ئەوەتا
ئارەزووە قەتیس ماوەکانت
لەم ساتەوەختەى زستانەدا
پەى بە تەنیایی ئەبەن و
هەموو دەرگاکانم
بۆ واڵا ئەکەن ....
هێدى هێدى
بە لامدا دێن و
لە چاوتروکانێکدا
خۆت ئەئاخنیتە ناخمەوە و
لەو ساتەوەختەدا
هەموو خەونەکانت
لەسەر چڵەدارى حەزەکانت ئەنیشنەوە
نیگا ئەکەن ......
ئا ئەوەتا
چرۆ تازەکانى ناخت
لە کاتى جووتبوونى گوڵەکاندا
لەو دیو پەردەوە
هەناسەبڕکێیانە ....
ئا ئەوەتا
نیگات بە پیپلیکانەى حەزەکانتا سەرئەکەوێت و
پەى بە هەموو لووتکەکانى ئەبەدییەتدا ئەبات و
لەگەڵ یەکەم هەناسەبڕکێدا
لە لووتکەدا
لەنگەر ئەگرێت،
لەو ساتەوەختەدا
جەستەت چرۆ ئەکات ....
ئەوسا
پەنجەکانمان جارێکى دى
جێگۆڕکى لەگەڵ یەکدى ئەکەن .....
__________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/cegorkeypencekan.htm
salah1325681@gmail.com
|