په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٠\٢٠١٤

چەمکەکانی (عەشق، تەنیایی، گومان)
لە نێو شیعرەکانی سارا تیسدەیل (١٨٨٤
- ١٩٣٣).


ناڵە حەسەن      

- عەشق


سارا تیسدەیل یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی ئەمریکا، شاعیرێکی لیریکییە و شیعرەکانی پڕن لە هەستی ئەڤینی و ڕەنگە جوانەکانی سروشت و هەستە خەمناکەکانی تەنیایی و زۆر چەمکی تر ، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی تایبەتی خۆیەوە هەبوو لە هەمانکاتیش ، بە شاعیری عەشق ناسرابوو .. سارا یەکێکە لەو شاعیرە هەست ناسکانەی هەمیش بە خەیاڵی ڕۆمانسییەوە شیعری نووسیوە ، هەموو شیعرەکانی بە رەنگەکانی عەشق ڕەنگ کردوون ، لای سارا ئەگەر عەشق پەیکەرێک بێت ئەم بە هەناسەکانی عەشق ڕوحیان دەکاتە بەر .. یان شیعر وەک باڵەخانەیەک بێت ، ئەم هەموو کۆڵەگە و دینگەکانی لە عەشق بنیاد دەنێت . بەمانایەک ، لای ئەو هەموو ڕێگاکان دەچوونەوە بانە ..! بەمانای ، شیعرەکەی لەسەر هەر بابەتێک بووایە ، ئەم تێکهەڵکێشی دەکردەوە لەگەڵ عەشق .. بە دیوێکی تر ، عەشق بۆ ئەو ڕووبارێک بوو ، سەرچاوەی هەموو جۆگەلە و کانیاوەکانی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بوو . سارا ئەو ژنە شاعیرە بوو ، زۆرترین خەم و میحنەتەکانی ڕۆژانەی خۆی دەنووسییەوە ، هەموو کونج و کەلەبەرەکانی ، هەموو نهێنی و خەونەکانی ، هەموو ئازار و لاوکەکانی ، وەک تابلۆیەکی ڕەنگین و ڕۆشن لەنێو شیعرەکانی دەبیندرێن .. کەسێکە لە هەموو شاعیرێک زێتر خۆی نووسیوەتەوە .. ڕاستە بە ستایلێکی لیریکی نووسیویەتی بەڵام ، لە ڕووی ئیستاتیکی و زمانەوە شیعرەکانی لە ئاستێکی باڵای داهێنان دا بوون . وشەکانی ناسک و خەیاڵەکانی قووڵ بوون ، وەک دوالیزمێک دەستەواژە دژبەیەکەکانی زۆر بەکار دەهێنا .. ئەتمۆسفیرێکی هێندە بەلەزەت و ڕۆمانتیک لە شیعرەکانی هەبوون ، زۆر بە خێرایی ، خوێنەر و شیعرەکانی تێکەڵاوی یەکتری دەبن .. هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا ئەو ماسکە لە ڕووی مرۆڤایەتی بکاتەوە ، کە بەناوی عەشقەوە جوانییەکانیان دەشیواند .. بێوەفایی و بێبەڵێنی و دڵڕەقی و ناپاکی ئەڤیندارەکەی ، ئازاری بێوێنەی ڕۆحییان داوە .. ئەمانە هەمووی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بە ڕوونی و ئاشکرا هەستیان پێدەکرێ .. سارا شاعیرێک بوو ، ئەگەر عەشقیان لێ بسەندبایەوە نەیدەتوانی بنووسێت ، هەندێکجار تا ئاستی وەهم باسی عەشق و جوانییەکانی عەشق دەکرد ، لە نێو ئەم خەیاڵە وڕێنەییانەی دەمایەوە .. عەشق فراوانترین و بەرینترین ڕووبەر و شوێنی لە نێو شیعرەکانی داگیر کردووە .. وە ئەو خەڵاتە شیعرییەی کە لەساڵی ١٩١٨ وەری دەگرێت ، بە هۆی کۆمەڵە شیعرێک بووە بەناوی ( گۆرانییەکانی عەشق ) . جگە لەم پەرتووکە شیعرییەی ، زۆرێک لە کۆمەڵە شیعرەکانی تری ، بەژێر قەڵەمی ڕەخنەگران ڕەتبوون و هەوڵەکانیان بە داهێنانی بەرز نرخاندووە ، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢٠ بۆ کۆمەڵە شیعری ( مەشخەڵ و سێبەر ) لە ( ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز ) ئەم دیوانەی بە ( بە ڕووباری لەزەت ناو دەبەن ) . یان بەمشێوە باسی دەکەن کە ، ( ڕێبوارێکە بە پێدەشتی هونەر دا دەڕوات و ئومێد و خەمە گەورەکانی بەسەر شانەوەیە ...! ) . سارا تیسدەیل عاشقێکی ماندووە هەم لەنێو ژیان و هەم لەنێو شیعر .. ئەگەر ( مارتن هایدگەر ) زمانی شیعر بە ( ماڵی بوون ) دابنێت ، ئەم شاعیرە عاشقەمان زمانی شیعر بە ( ماڵی عەشق ) دەزانێت .. یان خودی شیعر بە ( ماڵی عەشق ) دادەنێت .. لەنێو ئەم ماڵەشدا ، لە ڕێی عەشقەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ژیان دیاری دەکات .. دەکرێت بۆ ئەم ، عەشق ئەم پێکهاتە سیحرییە بێت یان جۆرە وزەیەک بێت کە ، هێزی مانەوەی لەنێو ژیان دا پێ دەبەخشێت ، لە هەمانکاتیش ئەو هێزەشی پێ دەبەخشێ کە بە هۆیەوە بتوانێت ماڵئاوایی لە ژیان بکات .. واتە بیر لە مردن و خۆکوشتن بکاتەوە .. یان ژیانی پڕبکات لە نائومێدی و بێهوودەیی ..! کە لە بەشەکانی دواتری ئەم لێکۆلینەوەیەمان باسی دەکەین . لەنێو شیعرەکانی سارا تیسدەیل ، عەشق ئەو چەمکە فراوانە نییە کە هەموو پیرۆزییەکان لەخۆ بگرێت .. بۆ نموونە ( عەشق بۆ خاک ، بۆ نیشتیمان ، بۆ خوداوەند ، بۆ سروشت ، بۆ درەخت ، بۆ باڵندە ... هتد ) ئەو ئەم عەشقە قووڵەی کە ڕووبەری هەموو شیعرەکانی داگرتووە بریتییە ، لە نێوان عەشقی خۆیی و ئەڤیندارەکەی .. پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەرامبەرەکەی بەمانای ( من و تۆ ) یان ( ئێمە ) بە مانای عەشقی (من و تۆ) یان عەشقی (ئێمە). سارا لە شیعری (شەو)دا دەڵێ:


مانگ بۆ گوڵە زەردەکان دەجەمێتەوە
ئاسمانیش هێشتا هەر شینە
ئاسمان بۆ مانگ دروست بووە کە بیگرێتە خۆی
منیش بۆ تۆ
مانگ گوڵێکە بە بێ هەڵم
لە ئاسمان دەبریسکێتەوە
ئەبەدییەت بۆ ئەوان دروست بووە
شەویش بۆ ئێمە.


لەم شیعرەدا ، باسی عەشقێکی قووڵمان بۆ دەکات ، عەشقێکی ئەبەدی .. لەم کورتە شیعرە وێنەیەکی زۆر سەرکەوتوومان پێشان دەدات ، لەنیو وێنەکەدا پەیوەندی بەهێز هەیە لە نێوان ( مانگ و ئاسمان و / ئەبەدییەت ) هەروەها ( عەشق و شەو و / ئێمە ) . زۆر زانستیانە لە بوون و سروشت دەڕوانێ .. باسی بوونێکی ئەبەدیمان بۆ دەکات .. بە ئاشکرا پێمان دەڵێ ( ئاسمان بۆ مانگ و ئەستێرەکان دروست بووە ئەم بوونەش بوونێکی ئەبەدییە ... ! ) مەبەستیەتی بڵێ ( ئاسمان بۆ ئەوە دروست بووە کە تا ئەبەد مانگ بگرێتە باوەش ، منیش بۆ تۆ ..! ) بە مانای ئەمیش دەیەوێ تا ئەبەد ئەڤیندارەکەی بگرێتە باوەش . ئەم جۆرە هەستە قووڵە یان ئەم عەشقە ئەفسووناوییە مەگەر تەنها لە داستانەکان دا هەبێت . لەم دیمەنەدا ، وەک چۆن پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان ( ئەبەدییەت و ئاسمان و مانگ ) .. هەمان پەیوەندی لەنێوان ( شەو و عەشق )دا نەخشاندووە .. هەرچەندە لەم وێنەیەدا دەکرێ دوو خوێندنەوەی بۆ بکەین . یەکەم / ئەبەدییەت بۆ ئاسمان و مانگ دروست بووە ، ئەمە کردارێکی پۆزەتیڤە واتە ، درەوشانەوەیە بەڵام ، شەو بۆ عەشقی ئێمە واتە ، دیوی تاریکی و ناڕۆشن کە ، ئەمەشیان نێگەتیڤە .. بەڵام ئەم لە پشتی شەو مەبەستیەتی دیمەنێکی درەوشاوە و پۆزەتیڤمان پێشان بدات ، ئەویش ( شەو بۆ عاشقان کاتی چوونە ژووان و دەست لەملانێ و ڕامووسانی و تێکەڵاوبوونە ..! بە مانای شەویش ئەبەدییەتی عاشقانە...!).


یان لە شیعری (کەمتر لە هەور بۆ باران)دا دەڵێت:


کەمتر لە هەور بۆ باران
کەمتر لە هەڵم بۆ ڕووبار
کەمتر لە گوڵ بۆ ڕەشەبا
ئەی من بۆ تۆ

زێتر لە ئەستێرەکان بۆ شەو
زێتر لە باران بۆ درەخت
زێتر لە بەهەشت بۆ زەوی
تۆ گرینگی بۆ من.

 
تەمەنی ئەم شیعرە نزیکەی سەد ساڵێک دەبێت ڕەنگە زێتریش بێت .. بەڵام لە ڕووی ستایل و زمان و جوانکارییەوە لە ئاستێکی بەرزی داهێنان دایە .. دێمەنێکی جوانی لەنێوان دوالیزمی ( کەمتر و زێتر ) نەخشاندووە ، هاوکات وەک چۆن هەور بۆ باران پێویستە و دەیەوێت بزانێت خۆی چەندە بۆ ئەو گرینگە یان پێویستە .. خۆی دەزانێت بوونی ئەڤیندارەکەی چەند بۆ ئەو هونەر و گرینگە .. زێتر لە ئەستێرەکان بۆ شەو ، زێتر لە باران بۆ درەخت ، زێتر لە بەهەشت بۆ زەوی .. لە زۆربەی شیعرەکانی ئەم سووتانە یان ئەم چەمانەوەیە و کڕنووش بردنەی تیایە بۆ دڵدارەکەی . لە هەمانکاتیش ، عەشقەکەی پڕاوپرە لە پرسیار و پرسیارەکانیشی پڕن لە ترس و گومان .. هەمیشە خوازیاری ئەوەیە وەک چۆن ئەم بۆ دڵدارەکەی دەسووتێ ئەمیش بۆ ئەو بە هەمانشێوە بێت .. وەک چۆن دڵدارەکەی بۆ ئەم وەک هەناسە گرینگ و پێویستە ، دەیەوێت ئەمیش بۆ ئەو بەم جۆرە بێت .. بۆیە هەمیشە لەنێو گومانێکی گەورەدا دەژی.


هەروەها لە شیعری (لێگەڕێ تۆ بی) لە شوێنێکدا دەڵێ:


ڕۆژێک دێ لەم هەموو بێدەنگییەم تێبگەی
کە هەمیشە ئەوەت دەزانی
من هێندەم خۆش دەویستی
هیچ کەسێکم هێندەی تۆ خۆشنەویستووە...!


سارا عاشقێک بووە بێئەندازە دڵدارەکەی خۆی خۆشویستووە ، لەهەمانکات ، بێئەندازەش دڵسۆز و بەوەفا بووە بۆی .. نەیتوانیوە هیچ کەسی وەک ئەم خۆشبوێت .. بە هەستێکی مرۆییانە مامەڵەی لەگەڵ عەشقەکەی دا کردووە ، ئامادەبووە ژیان و هەموو شتێکی لەپێناو عەشقەکەیدا بکاتە قوربانی .. لە شیعری (شەونم) هەمان هەست و وەفای مرۆیی دووبارە دەکاتەوە و دەڵێ:


من خەون بەوە دەبینم ئەو هی من بێ
من خەون بەوە دەبینم ئەو ڕاستی بێت
من هەموو دنیاکەی دەپارێزم
وەک چۆن گەڵاو گوڵەکان شەونم دەگرنە باوەش
هۆ گوڵاڵە تێنووەکە
هۆ دڵە بچکۆڵانەکە
ئاگاداربە
پێویست ناکات ئومێدی ئەوە بخوازی
سەدان گوڵ بگریتە باوەش .


لێرەدا هەمان ئەو هەستەی پێشووی دووبارە دەکاتەوە ، کە خەون بەوە دەبینێت دڵدارەکەی ڕاستی بێت و وەهم نەبێت ، وە خەونیش بەوە دەبینێت کە بۆ ئەم بێت بۆ کەسیتر نا ، لەگەڵ ئەم ئومێد و خەونە خۆشانەی ، دڵە بچکۆڵانە و بێگەردەکانیش ئاگادار دەکاتەوە کە ، خەون بەوە نەبینن کە سەدان گوڵ بگرنە باوەش و سەدان گوڵ بۆن بکەن تەنها گوڵێک و بەس .. ئەویش گولێکی ڕاستەقینە نەک وەهم و خەون.


لە شیعری (فڕین) لە شوێنێکدا دەڵێ:


ئێمە دوو هەڵۆین
بەیەکەوە دەفڕین
لەژێر بەهەشتەکانەوە
بەسەر چیاکانەوە ....
هەور بە دوامانەوە لوول دەخوات
وێنەی ناسکیمان دەکێشێ.


گوتمان عەشق ئەو هێزەی پێ دەبەخشێ دەتوانێ ژیان بەجۆرێکی تر ببینێت .. تا ئەوپەڕێ درەوشانەوە ئومێد بەخش بێت . کەسێکی بە توانا و بەرچاو ڕۆشن بێ و ژیان جوان و ناسک ببینێت ، تابلۆکانی ژیان پڕکات لەڕەنگە ئاجوغە ناسکەکان ، ژیان پڕکات لە سەما و گۆرانی ئەوەتا ، عەشق وای لێدەکات بڵێ ، ( ئێمە دوو هەڵۆین ...) هەڵۆ لە هەموو کەلتوور و زمانێک هێمایە بۆ هێز و توانا و خۆ ڕاگری ..) بەیەکە دەفڕن بۆ هەموو شوێنێک ( لە ژێر بەهەشتەکانەوە ، بەسەر چیاکانەوە ، بەنێو بادا ، ... هەوریش هەر بەدوایانەوەیە و وێنەی ناسکی و جوانییان دەکێشێ ..! ) چ خەیاڵێکی ڕۆمانتیک و ڕەنگینە ..؟ چ ناسک و نەشئەئامێزە ژیان کاتێک ، دیوە درەوشاوەکەی عەشق دەبینین .. کاتێک عەشق دەبێتە کەژاوەیەک لە سەما و خۆرەتاوێک لە ڕووناکی..؟


یان لە شیعری (ڕامان)دا دەڵێ:


ستریفۆن لە بەهار ماچی کردم
ڕۆبینیش لە پایزدا
بەڵام کۆلن تەنها سەیری دەکردم
هەرگیز ماچی نەدەکردم

ماچی ستریفۆن لە هەزەلیەت دا ونبوو
هی ڕۆبینیش لە یاری
بەڵام ماچی نێو چاوەکانی کۆلن
ڕاویان دەکردم بە ڕۆژ و شەو.


لێرەدا هەست ناسکی و خەیاڵپەروەری شاعیرمان بۆ دەردەکەویت ، قسەیەکی تەقلیدیش هەیە کە دەڵێن ( شاعیر کەسایەتییەکی هەست ناسکە ..! ) دیارە ئەم قسەیە تا ئاستێک حەقیقەتی تیایە .. دەکرێ لێرەدا ئەو پرسیارە بکەین / بۆچی شاعیران لە کەسانی ئاسایی زێتر لە خەیاڵ نزیکن و لە خەیاڵدا دەژین ..؟ ئەمەش بابەتێکی گرینگە و پەیوەندی بە خودئاگا و ناخودئاگایی کەسەکە واتە شاعیرەکەوە هەیە ، کە دواتر ڕۆشنتر دێینە سەری .. ئەگەر بڕوانینە ئەم شیعرەی سارا هەمان ئەو ڕاستیانە دەبینین کە ئێستا گوتمان .. ( ستریفۆن لە بەهار ماچی کردووە ، ڕۆبین لە پایزدا بەڵام کۆلن هەرگیز ماچی نەکردووە هەر سەیری کردووە ، واتە تەنها بە خەیاڵ ماچی کردووە یان تەنها بە ڕوانین بەمانای تەنها بە چاو .. کەچی ئەم ماچە خەیاڵییە ، ئەم ماچە وەهمییە ، شەو و ڕۆژ ڕاوی کردووە ..! ) تەواو گیرۆدەی کردووە و کاریگەری لەسەر هەموو دەمارەکانی هەست و سۆزی جێهێشتووە .. لێرەدا ناسکی سارا مان بۆ دەردەکەوێت ، کە تەنها بە سەیرکردن و خەیاڵ هەستی بە چ جۆرە ماچێک کردووە ، کە لەنێو قووڵترین هەستی خۆشەویستی سەرچاوەی گرتووە ...! لەهەمان کات تامەزرۆیی و تێنوێتی لێوەکانی ئەو کەسە بۆ ماچ و ئاوێزانبوون و تێکەڵاوبوون دەردەخات.

- تەنیایی


سارا تیسدەیل ژیانێکی پڕ میحنەت و ئازاری هەبووە .. تەنیایی ڕووبەرێکی گەورەی لە ژیانیدا داگیر کردووە و کەسێک بووە دەتوانم بڵێم لەنێو تەنیاییدا گەورە بووە . تەمەنی منداڵێتی ئەو پڕ موعانات و نائومێدی بووە .. تا تەمەنی نۆ ساڵی لەبەر نەخۆشی و باری تەندروستی ، نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە .. قۆناغی منداڵێتی سارا بە ڕێگا ئاساییەکاندا تێنەپەڕیوە ، بێبەشبووە لە چوونە نێو دنیای منداڵان و قوتابخانە و یاری و مومارەسەکردنی خەون و هەستەکانی منداڵی .. ئەم منداڵێکی نەخۆش و دابڕاو بووە لە جیهانی ڕەنگینی منداڵان .. قۆناغی منداڵێتی ئەو ، سەرەتای تێکەڵبوون و ڕووبەرووبوونەوە بووە لەگەڵ هەسی تەنیایی .. سەرەتای چوونە نێو دنیای دابڕان و بیرکردنەوە و خەیاڵ بووە .. ژیان لەگەڵ خەون و وەهم .. هەرچەندە سارا بە درەنگ وەختەوە دەست دەکات بە خوێندن و دەجێت بۆ قوتابخانە بەڵام ، کەسێکە لەگەڵ هەموو ناخۆشییەکان و قوڕسایی ژیانی کۆڵ نادات و بەدوای ئومێد و خەونەکانی خۆی دا دەکەوێت . وەک شاعیرێک بە هۆی داهێنانەکانییەوە ، زۆرێک لە دەرگاکان لەبەردەمی دا دەکرێنەوە و دەستی بە زۆرێک لە ئومێدە جوانەکانی را دەگات .. بەڵام ، تەنیایی دەبێت بەشێک لە ژیانی و تا دواچرکەکانی هەناسەدان لێی جیانابێتەوە . سارا لە ساڵی ١٩١٣ دا واتە ، لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا ، عەشقی بە دووڕیانیک دەگات ، لە نێوان دووکەس دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێ ، لە نێوان شاعیرێک و بزنزمانێک .. سارا ئەوکاتە بەپێی بیرکردنەوە و عەقلی خۆی ، بزنزمانەکە هەڵدەبژێرێ .. لە ساڵی ١٩١٤ ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵدا پێکدەهێنێ .. بەڵام ، لە ژیانی هاوسەرێتییەکەی سەرکەوتوو نابێت .. ژیانێکی پڕ لە کێشە و پڕ لە ناخۆشی بەسەر دەبات . لە ساڵی ١٩٢٩ واتە دوای پانزە ساڵ ، جیا دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە نێو ماڵی تەنیایی .. تەنیا و تەنیا و تەنیا .. بە مانایەک تەنیایی لای سارا تەنها تەنیایی جەستە و ئازاری جەستەیی نییە ، تەنیاییەکەی ئەم تەنیاییەکی ڕۆحییە ، خەم و برینەکانی قووڵ قووڵن ، لە ناوەوەن .. ئەم لەنێو قووڵایی تەنیاییدا دەژی ، تا ئەو ئاستەی کەسەکەی ناوەوەی خۆی هەست بە تەنیایی دەکات .. تەنیایی ئەم شۆڕدەبێتەوە بۆ ناخودئاگایی .. بەمانایەکی تر ، تەنیایی ئەم دەبێتە بەشێک لە ناخودئاگایی .. گوتمان شیعر نیشتیمان و ماڵی عەشق بوو بۆ سارا .. ئەم لەم ماڵەیدا هەمیشە هەستی بە تەنیایی دەکرد .. سارا هەر منداڵێتی خۆی لەدەست نەدابوو ، بەڵکو گەورەترین و پڕبەهاترین شتی ژیانی لە دەست دابوو ، ئەویش عەشق بوو ..! سارا ١٥ ساڵ لەگەل کەسێک ژیا بەڵام ، تەنانەت لەم ژیانی هاوسەرێتییەش لەنێو قوولترین قووڵاییەکانی تەنیاییدا دەژیا .. تەنیایی ، پەیوەندی بە کات و شوین و سنوور و نیشتیمان و ماڵ نییە .. تەنیایی ڕۆحی ، پەیوەندی بە حەز و ئارەزووەکان و بە خەونەکانەوە هەیە .. بەمانایەکی تر ، پەیوەندی بە ڕووبەری ناخودئاگاییەوە هەیە .. سارا لە ماڵەکەی عەشق کەسێکی تەنیا و نامۆ بوو .. وەک چۆن عەشق سێبەری کرد بوو بەسەر سەرجەم شیعرەکانیدا ، لە نێو ئەم سێبەرەش تەنیایی رەنگێکی دیار و بەرچاو بوو ، پەیکەری شیعرەکانی ئەسمەرتر پێشان دەدا .. هەوڵدەدەین لە خوارەوە هەست و بیرکردنەوە و کاریگەرییەکانی تەنیایی ئەم شاعیرە ناسکەمان ، لە نێو شیعرەکانی دا بە چەند نموونەیەک پێشان بدەین.


سارا لە بەشێکی شیعری (من ئەستێرەکان دەناسم)دا دەڵێ:

بەڵام چاوەکانی تۆ تاریکن بۆ من
وەک ئەوەی کە هەمیشە بانگم بکەن
من ئەوە نابینم کە خۆشمت بوێ
یان هەرهیچ منت خۆشنەویستووە

من زۆر شت دەزانم
بەڵام ساڵەکان دێن و رەتدەبن
من پێویستە بمرم ئەوە نەزانم
کە ئەوشتەی دەمێکە دەیزانم.


چ هەستێکی تەنیایی کوشندە لەم شیعرەدا هەیە .. ناخۆشترین شتێک ، تۆ لەگەڵ کەسێک بژی و هەست بکەی ئەم کەسە تۆی خۆشناوێت ، یان هەر تۆی خۆشنەویستووە .. وە یەقین و دڵنیاش بیت لەم هەستەی خۆت .. ئەوەیە خەم و ئازاری ڕۆحی و تەنیایی ڕۆحی . ئەو بە پێویستی دەزانێت بمرێت .. بەڵام ، ئەوە نەبیستێ یان ئەوە نەزانێت کە کەسێک نییە ببێتە هاودەمی هەست و سۆزەکانی و یان هاودەمی خەم و خەون و خولیاکانی و وەکو خۆی خۆشی بوێت و لەم تەنیاییە ڕۆحییە ڕزگاری بکات .. بەلام واوەیلا بۆخۆی ، ساڵەکان دین و رەتدەبن .. تەمەن دەڕوا و ئەمیش لەنیو ئەم خەێاڵە ئازاربەخشانە تابڵۆی شیعرەکانی ڕەنگ دەکات و وشەی نێو شیعرەکانی وەک رەشەبا بە هاوار دەهێنێ .. چەند بەسۆن برینە گەرمەکانی دڵ .. ؟ چەند تاریکن ئەشکەوتە ڕەشەکانی تەنیایی..؟ ژیان بەبێ خۆشەویستی نەک هەر تەنیاییەکی ئەبەدییە بەڵکو ، مردنێکی هێواشە...!


لە شیعری (فڕین) یشدا دەڵێت:


کاتێک یەکێک لە ئێمە دەروات
لێگەڕێ با ئەویتر ون نەبێت.


سارا چونکە هەمیشە لەگەڵ کەوتن و دڵشکانەکان گەورە بووە ، چونکە لە تەجروبەکانی ژیان و عەشق دا ، شکست لەدوای شکستی بینیوە ، چونکە کەسێکی هەڵبژارد بوو کە لە بنەڕەتەوە ، سوارچاکی نێو خەونەکانی خۆی نەبوو بۆیە ، لە هەمووشتێک ترساوە و گومانی لە هەمووشتێک کردووە .. وەک دوو هەڵۆ .. لەنێو گەرمەی فڕین و گەڕان بە نێو کۆڵانەکانی هەور ، بڕۆننێ ئەو بیر لە چی دەکاتەوە ...؟ ( کاتێک یەکێک لە ئێمە دەڕوات با ئەویتر ون نەبێت ..! چونکە لەوە دڵنیایە ، ئەویتر هەر خۆیەتی ...! وە دڵنیاشە لەوەی هەرچەند لەنیو هەوریشدا بفڕن ئەمان تاسەر بەیەکەوە نابن و ڕێگاکان بۆ درێژماوە تەریب و پێکەوە نابن .. لەنیو فڕینیش دا ئەم لە دابڕان و باڵشکان دەترسێ .. لە ونبوون و ژیانی تەنیایی دەترسیت ..! بۆ ئەو تەنیایی لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکە .. لەسەر زەوی ، لەنیو ئاسمان ، لەنیو هەموو وەرز و ساڵەکاندا .. تەنیا و تەنیا و تەنیا..!


یان لە شیعری (گۆرانی شەو لە ئەمالفی)دا دەڵێت:

ئاخ دەمتوانی گریانی پێ ببەخشم
یان گۆرانی
بەڵام ئەو بە درێژایی ژیانم
بێدەنگی پێ بەخشیم...!


سارا هەمیشە تەنیا و بێدەنگ بووە .. تۆ لەوە گەرێ ، بۆ ماوەی پانزە ساڵێک کەسێک لە گەلیدا ژیاوە .. لەیەک ماڵ لە یەک ژووری خەوتن .. بەڵام ئەو هەمیشە هەستی بە تەنیایی کردووە ، پەپوولەکانی هەست و سۆزی ئەو لە باخجەیەکی تر سەمای خۆیانیان کردووە ، لەسەر گوڵەکانی نیو دڵی کەسێکیتر نیشتوونەتەوە .. ئەو هەمیشە لە ماڵی عەشق بۆ خۆی لەسوچێکدا ، بەبێدەنگی لە نێو خەیاڵەکانی تەنیایی ماوەتەوە .. لەگەڵ خەون و نائومێدییەکان و وەهمەکانی ژیاوە .. ئەم لەنێو هەموو خۆشییەکانی عەشق لەنێو ئاواز و گۆرانییە بەسۆزەکانی عەشق لەنیو گوڵ و گولزارەکانی عەشق ، بەدرێژایی ژیان بێدەنگی پێ بەخشراوە ، لە تابلۆ و دێمەنەکانی ژیان ، بێدەنگی ڕەنگ و هێلەکانی تەنیایین ، تەنیاییش ماڵێکی هەمیشەیی مردنە...!


هەروەها لە شیعری (خەونەکانی دڵم) دەڵێت:


خەونەکانی دڵم یان بیری گێژەلووکەییم
هیچیان لەگەڵ من نەمانەوە
بەڵام بە منداڵی
ئارەزوویەکی قووڵم هەبوو بۆ گۆرانی
دەکری هەرکاتێک بڕۆیت و بەجێمبێلی
منیش مردن بدۆزمەوە لەویدا بمێنمەوە
یاریم لەگەل نۆتەی ئەو شتانە دەکرد
کە وەک بارانەکەی دوینێ ، لە بیرکران...!


خەونەکانی دڵی ، یان ئومێدە گەورەکانی ، یان خەیاڵە جوانەکانی .. ئەوشتە پێویست و گرنگانەی کە هەمیشە بیری لێدەکردنەوە .. هەموو ئەو شتانە ، لەنیو ماڵەکەی عەشق ئومێدی بۆ دەخواستن .. بەڵام ، هەموویان لەگەڵ بادا ڕۆیشتن ، هیچیان لەگەڵ ئەم نەمانەوە .. ژیانێک بەمجۆرە بۆ ئەو بە هێچ شێوەیەک جیگایەکی نییە لە نێو ئومێد و خەونەکانی .. گەڕان بەدوای مردن و مانەوە لە نێو مردن ، بۆ ئەو گەلێک ئارامتر و دروشاوە و پڕبایەخترە .،. ئەو لەگەل ئەوشتانە دەژیا و یاری بە نۆتەکانی ئەو خەونانە دەکرد کە ئێستاش لەبیرکراون ، وەک بارانەکانی ڕابردوو .. بوون بە بەشێک لە ڕابردوو .. مرۆڤ کاتێک تەنیا دەبێت یان لەگەڵ خەمەکانی دەژیت ، تروسکاییەکان کزتر و دوورتر دەکەونەوە ، یان هەر نابیندرێن .. سارا سەرتاپای ژیانی بەمشێوەیە ژیا ، هەموو شیعرەکانی لەنێو ئەم خەیاڵانە هاتبوونە بوون . دیارە شیعری تری لەم بابەتەی گەلێک زێترن بەڵام ئێمە هەر بۆ ڕوونکردنەوە ئەم چەند نموونەیەمان باسکرد.

- گومان.

سارا تیسدەیل مرۆڤێکی هەست ناسک و شاعیرێک بوو ، بەردەوام حیکایەتی عەشق و خەمەکانی خۆی دەنووسییەوە .. ماڵی عەشق بۆ ئەو پڕ بوو لە تەنیایی و نائومێدی یان پڕ بوو لە گومان .. هەر وشەیەک ، هەر هێمایەک هەڵگری چەندەها گومان بوون . سەرچاوەی گومانەکانیش هەم ترس بوون هەم نیگەرانی .. دیارە بە پێی لێکدانەوەی ( مارتن هایدگەر ) ترس و نیگەرانی چیاوازییەکەیان لەوەدا بوو ، ترس سەرچاوەکەی دیار بوو ، بۆ نموونە ، کاتێک تۆ لە ئاگر دەترسێی چونکە دەبینی شت دەسووتێنێ .. کەچی ، نیگەرانی جیایە/ سەرچاوەکەی دیارنیە ، بەڵام ، هەستی پێدەکرێ . تۆ سەفەرێک دەکەیت ، نیگەرانی ئەوەیت ، نازانی دەگەیت یان نا ..؟ کە گەیشتی سەرکەوتوو دەبیت یان نا ..؟ سارا گومانەکانی هەم ترس بوون چونکە دەیبینی مرۆڤێک بۆتە شەریکی ژیانی بەڵام ، وەک پێویست ئەمی خۆش ناوێت ..! نیگەرانی ئەوەش بوو ، نەیدەزانی ئایندەی بەرەو کوێ دەروات .. یان دوای ئەم عەشقە ژیانی چ ئاراستەیەک وەردەگرێ .. یان خۆی چی بەسەر دێت ..؟ چونکە هەمیشە بیرکردنەوە و خەیاڵی مەترسیدار بە بیری دا دەهاتن .. زۆر بیری لە مەرگ و مردن دەکردەوە .. ژیان هیچ نرخێک و پیرۆزییەکی نەمابوو بۆ ئەو . لە نێو شیعرەکانی بۆ ترس و گومانەکان ، دەتوانین نموونەی زۆر بهێنینەوە .. ئەوەتا لە شیعری (من ئەستێرەکان دەناسم) دەڵێت:


من ئەوە نابینم کە خۆشمت بوێ
یان هەر هیچ منت خۆش نەویستووە.


لێرەدا گومانێکی ئاشکرا دەبیندرێ .. گومانی ئەوە دەکات ڕەنگە هەر هیچ خۆشی نەویستبێ ..! ) لە بنەڕەتیشدا ئەم گومانە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە .. ترس لەوەی خۆی داوەتە دەست عەشقێک کە هیچ خۆشەویستی و لەزەتێکی بۆ ئەم تیا نیە .. لە هەمانکاتیش نیگەرانییەکی گەورەش لەپشتی ئەم گومانەوە هەیە کە ، نازانێت ئایندەی بەرەو گوێ دەڕوات .. چونکە هەروەک باسمان کرد ئەم لەبەردەم دووڕیانێک دا بوو .. یەکێکیانی ڕەت کربوویەوە .. ئێستاش پەشیمانی دادی نادات .. تازە درەنگ وەختە ...! یان لە شیعری (ڕۆژی مەی)دا دەڵێ:


من چۆن لەوە دڵنیابم و
دووبارە ببینمەوە
دنیا لە ڕۆژی یەکەمی مەی
دوای باران بدرەوشێتەوە.


دیارە ئەم شیعرە هەستێکی قووڵ و مانایەکی ئێجگار قووڵی هەیە .. ئێمە ناچینە نێو دوورنما و قووڵایی بیرکردنەوەکانی ، لە شیعرەیدا تەنها مەبەستمان پێشاندانی لایەنی گومانەکەیەتی .. چونکە بە گومانە نازانێت ئەو دڵنیاییە لە کوێ بێنێ کە ، دووبارە ئەوە ببینێت ، دنیا لە ڕۆژی یەکەمی مەی دوای باران بدروشێتەوە ... ! شیعرێکی ئێجگار بەرزە و پڕاوپڕە لە شیعرییەت . یان لە شیعری (لێگەڕێ تۆ بیت) دەڵێ:


کاتێک لەسەرم ڕادەکشێیت
لە دواهەمین ڕۆژدا
لێگەڕێ تۆ بیت...


جارێ هەر لەسەرەتاوە ترسێکی گەورە لەم شیعرەدا هەیە .. دواهەمین ڕۆژ .. ڕۆژی جیابوونەوە و دابڕانیان لە یەکتری پێشان دەدا .. ئەمڕۆ یان سبەی ، دەبێتە دواهەمین ڕۆز .. لەهەمانکات ، وێنەی گومانێکی گەورەش دەکێشێ . بۆیە داوای لێدەکات و پێی دەڵێت ( لێگەرێ با تۆ بیت ..! ) چونکە کەسەکەی بەرامبەری تەنها بە جەستە لەگەڵ ئەو بووە ، رەنگە بە ڕۆح و خەیاڵ لە شوێنێکی تر ، یان لەلای کەسێکی تر بوو بێت .. بۆیە گومانی لێدەکات کە خۆی بێت .. وە داوای لێدەکات تەنها بۆ یەکجار یان بۆ دواهەمین ڕۆژ و بۆ دواهەمین جار .. لێگەڕی باخۆت بیت ..! وەهەروەها نیگەرانی ئەوەش / کە دوای ئەم دابڕان و جیابوونەوەیە ، ئاخۆ دەبێ ژیانی بەرەو چ مەرگەساتێک بڕوات ...؟ لە چ ڕووبەرێکی نادیار خۆی ببینێتەوە...؟


لە پشتی ئەم گومانانەش پەشیمانییەکی گەورە یان هەست کردن بە تاوان دەبیندرێ .. چونکە خۆی ئەم چارەنووس و قەدەرەی بۆخۆی هەڵبژاردووە ...! ئەمە خواست و ئارەزووی خۆی بوو .. بە ئارەزووی خۆی شاعیرێکی هەست ناسکی ڕەتکردەوە و کەسێکی بزنزمانی هەڵبژارد ...! چۆن هەست بە پەشیمانی و تاوان نەکات ...؟ ماڵی عەشق بۆ ئەو ببوو بە ( ماڵی مردن و تەنیایی و گومان و ترس و نیگەرانی ...! ) . خالێکی تر کە پێویست دەکات لەم بەشەدا باسی بکەین ئەویش ، پرسیار کردنە ...! سارا لە نیو شیعرەکانیدا پرسیار زۆر دەکات .. دیارە پرسیاریش بۆ ئەوە دەکرێت کە بۆ گەڕان بەدوای زانین و فێربوون ، بۆ دەستکەوتنی وەڵام .. بەڵام پرسیارەکانی سارا گومانی گەورەی لەپشت بوون ..زۆرجارانیش کە مرۆڤ گومانی لە شتێک هەبێت ، پرسیار دەکات بۆ ئەوەی وەڵامی زیاتری دەست کەوێت و بگاتە ئاستی دڵنیا بوون .. بەڵام ، سارا هەرگیز بەم ئاستەی دڵنیابوون ناگات ، تاسەر لەنێو گومانەکانی دەمێنێتەوە و بۆیە بەردەوام پرسیارەکانی دەکات ..؟ هەروەک دەبینین لە شیعری ( کەمتر لە هەور بۆ باران ) دا دەڵێ:


کەمتر لە هەور بۆ باران
کەمتر لە هەڵم بۆ رووبار
کەمتر لە گوڵ بۆ ڕەشەبا
ئەی من بۆ تۆ...؟


یان لە شیعری (پێویستە گوێی پێ نەدەم)دا دەڵێ:


من پێویستە هێمن بم
وەک ئارامی گەڵای درەختەکان
کاتێک باران شۆڕدەبێتەوە بۆ خەرەندان
پێویستە من بە دڵی خەمناکمەوە بێدەنگ بم
ئەوکات تۆ ئەمە دەزانی...؟


دیارە لێرەدا باسی ئاکامەکانی دوای ئەم عەشقە دەکات ، باسی ئایندەیەک دەکات کە لەهۆش و بیری خۆی نەخشەی بۆ کێشاوە .. چونکە ئەو لە تەمەنی عەشقی خۆی بە تایبەت لە ساڵەکانی پێش لێکدابڕانیان بۆ ساتێکیش ئەم هێمنی و ئارامییەی بۆ خۆوە نەبینی بوو .. ئەم هێمنی و بێدەنگییە مەبەستی مردنە .. بۆیە پرسیاری لێدەکات و دەڵێ ، وەک چۆن باران شۆڕدەبێتەوە بۆ خەرەندا ، ڕۆژێک دادێ منیش بە دڵی خەمناکمەوە بۆ نێو مردن شۆڕ دەبمەوە و لەوێدا بۆ تاهەتایە بێدەنگ دەبم ، ئایا تۆ ئەمە دەزانی ..؟ چ پرسیارێکی گوماناوی و مەترسیدارە ..؟ یان لە شیعری ( شەوی بەهار ) سەرتاپای ئەم شیعرەش باسی حیکایەتی عەشق دەکات و لە ئاکامی نائومێدییەکانی یان باشترە بڵێین گومانەکانی بە شیوەی پرسیار دەردەبرێ و زێتر لە پرسیارێک دەکات .. بۆ نموونە دەڵێ ( دوای عەشق من بۆ بگریم ..؟ / من بۆ نا بەختەوەرم ...؟ من بۆ کێ هەموو جوانی خۆم بسووتێنم ..؟ ئاخ جوانکیلەکە ئایا بەس نییە ..؟ ئەمانە و چەندین پرسیاریتر ...! ) . لە پشتی ئەم پرسیارانەوە گومان و ئامانجەکانی خۆی پێشان دەدات .. پرسیارەکان دەبن بە میتافۆر و کۆد پێویستییان بە هەڵوەستە و تێڕامان و وردبوونەوە هەیە .. کە شیعرەکانی سارا دەخوێنییەوە ، گومانەکان هێندە بە تۆخی هەست پێدەکرێن تا ئاستی نامۆیی ، هەست دەکەی ئەم مرۆڤە نامۆیە بە هەموو شتێک . زمانە شیعرییەکەی پڕ دەبێت لە ڕەشبینی و بەشێوەیەک نامۆ تا ئاستی ئەوەی حەز دەکات دەرگای ژیان لەهەموو بارێکەوە بە ڕووی خۆی دابخات . هەروەکو لە شیعرەکان دەخوێنینەوە ، ( دەیەوێت لە ژیان ڕابکات .. بەدوای مردن دا بگەڕێت و بیدۆزیتەوە و لە نێویدا بمێنێتەوە ...! ) ئەمە هەستێکی قووڵی نامۆبوونە . نامۆبوونیش بە شیوە گشتییەکەی ، بارودۆخێکی بوونی مرۆڤە ، چەمکێکی گشتییە و هەروەها کێشەیەکی بەرفروانە ، ڕەهەندەکانی لایەنەکانی فەلسەفە و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و زۆرێک لایەنیتر دەگرێتەوە .. زۆرێک لە فەیلەسوفان و زانایان لەسەر نامۆیی قسەیان کردووە و شیکار و بەدواداگەڕانیان بۆ کردووە ،، نامۆیی لە ( کانت ) ەوە دەست پێدەکات و تا دەگاتە ( فیختە ) و ( شوبنهاوەر ) و ( هیگل ) و ( مارکس ) و تا بوونخوازەکان بە تایبەت ، ( مارتن هایدگەر ) و ( ژان پۆل سارتەر ) .. بە شێوەیەکی گشتی هەموو پێناسە و ڕاڤەی نامۆییان کردووە بەڵام ، لێرەدا بە جیا لە قسەی ئەم فەیلەسوفانە حەزدەکەم تەرکیز بکەمە سەر قسەکانی ( د ، محەمەد کەمال ) لە پێشەکی ( پەرتووکی نامۆ ) دا کردوویەتی و دەڵێ ... ( نامۆیی بە مانا گشتییەکەی بارودۆخێکی بەسەرا سەپێندراوە لە بوونی مرۆڤدا ، کە مرۆڤ لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەکاتەوە و دەیکات بە بێگانە .. یان دەڵێت ، لەم بارودۆخەی بووندا مرۆڤ دەبێت بە کەسێکی دیکە و خۆی ون دەکات و ژیانیشی دەبێت بە لاسایی کردنەوە ...! ) .. ئەم پێناسەیەی ( د. محەمەد ) مەعریفییانە مەبەستەکەی ئێمە زێتر و ڕوون دەکاتەوە .. لە تەک ئەمەش ، ئێمە دەمانەوێت قسە لە پەیوەندی نێوان نامۆیی و شیعر بکەین .. نامۆیی خۆی چەمکێکی گشتییە و فەلسەفە و زانست ئیشی زۆریان لەسەر کردووە ، هەروەها نامۆیی لەنیو شیعریش بە شیوەیەکی بەرچاو دەبیندرێ .. واتە نامۆیی لەلای شاعیران دیاردەیەکی فرە باو و بەرچاوە ، هەروەک لە شوێنی تر باسمان کردووە کەوا ، شیعر لەسەر مەعریفە ئیش دەکات بۆیە ، لە فەلسەفە نزیک دەبێتەوە ، تەنانەت لە زانستیش .. ئەوەتا زۆرێک لە فەیلەسوف و زانایان ئیشیان لە سەر شیعر کردووە . هەر بۆ نموونە .. ( سیگمۆند فرۆید ) بۆ نووسینەوەی زانستە دەروونییەکانی سوودی لە دەقەکانی ( شکسپیر ) بینیوە ، ( مارتن هایدگەر ) ئیشی لەسەر شیعرەکانی ( هۆلدەرلین )کردووە ، هەروەها ( جولیا کریستینا ) بۆ شیکردنەوە چەمکەکانی سیمۆلۆژیا و بابەتە دەروونییەکان ، ئیشی لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) کردووە و زۆرانیتر .. لێرەوە دێینەوە سەر سارا تیسدەیل دەبینین ئەمیش لەنێو ماڵی عەشق ، گومانەکانی پڕاوپڕن لە نامۆیی ، تا ئاستی ونبوون .. تا ئاستی ئەوەی ، نامۆ بێت بەو عەشقەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەنێویدا ژیا .. یان بەهۆی ئەم عەشقەی لەژێر زەبری کەسێکی دیکەدا خۆی ونکردووە بۆتە کەسێکی تر و ناتوانێ نوینەرایەتی تواناکانی خۆی بکات یان ناتوانێت خۆی بێت ، وەک حەقیقەتی خۆی بیر بکاتەوە و بڕیار بدات و بژی ، ئەمەش لە نێو شیعرەکانی ڕەنگی داوەتەوە ، ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی نامۆ بێت بە ژیان و دەوروبەر ، تەنانەت نامۆش بێت بە خۆدی خۆی .. چونکە ئەو بە ئومێدی کەسێکی تر و عەشقێکی تر بوو . یان باشتر بڵێین بە ئومێدی ژیانێکی تر بوو . ئەو ژیانەی لەنیو خەیاڵ و خەونەکانی نەخشەی بۆ دەکێشا و وێنای دەکرد ، ئەوە نەبوو کە ئەم ئێستا لە نێویدا دەژی .. عەشق نامۆی و بێگانەی کردبوو بە هەموو شتێک ...! وایلێکرد بوو لەنێو ئەم ڕووبەری عەشقە یان لەنێو تەواوی ڕووبەری ژیان نامۆ بێت .. ئەم هەستە گوماناوییەش سایەی کردبوو بەسەر زۆرێک لە شیعرەکانی .. بۆ نموونە لە شیعری (ماچ)دا ، دەڵێ:


من بە ئومێد بووم خۆشی ویستبام
دەمی ماچ کردبام
بەڵام من وەک باڵندەیەکی بریندار وام
کە نەتوانێ بگاتەوە باشوور.


ئەو نائومێدییەی لەم شیعرەدایە ، لە زۆرێک لە شیعرەکانی تریش دەبیندرێن .. ئەم وەک باڵندەیەکی بریدار وایە ناتوانێ بگاتەوە باشوور ، جگە لەوەی بە ڕۆح و جەستە و دڵ بریدارە ، شەکەت و هیلاک و ماندووە ، ڕەنگە ونیش بووبێت ، بۆیە نەتوانێ بگاتەوە باشوور .. سارا لە نێو ماڵی عەشق و لەنێو نیشتیمانی شیعر و لە نێو تەواوی ژیان ون ببوو .. بەو مانایەی نەیدەزانی ئاراستەکانی ژیانی بەرەو کوێ دەڕۆن ...! خۆی دابووە دەست قەدەری مەرگ ، یان بەمانایەکی تر ، پشتی لە ژیان و رووی لە مەرگ کردبوو .. ئەمەش جۆرێک بوو لە یاخی بوون . یاخیبوونیش لوتکەی نامۆ بوونە بە ژیان و دەوروبەر .. ئەوەتا لە ئاکامی ئەم گومان و نامۆبوونە ، خەونەکانی بەتاڵ دەبنەوە یان دڵدارەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی لە خەونەکانی دوور بکەوێتەوە ، هەروەک لە شیعری ( ماڵی خەونەکان ) دا باسی دەکات ، کە ئەمەش کارەساتیکی گەورە و خەمناکە ، مرۆڤەکان لە خەونەکانیان دوور بکەونەوە یان خەونەکانیان بەتاڵ ببنەوە . ئەمەش قووڵایی نائومێدی و دەستبەردار بوونە لە ژیان .. یان بارودۆخێکی نامۆ و نەگونجاوت بەسەردا سەپێندراوە ناتوانی بەرگەی بگریت . یان نامۆ و بێگانە دەبیت بەرامبەری .. بۆیە زۆرێک لە مرۆڤەکان لە بارودۆخی وادا ، تووشی نائومێدی دەبن .. ساراش ئەم نائومێدییەی لەنیو زۆرێک لە شیعرەکانی دەربڕی بوو .. بۆ نموونە لە شیعری (ناشتنی عەشق) دەڵێت:


من هاتووم عەشق بنێژم
لەژێر دارێک
لە دارستانێکی بەرین و تاریک
تا کەس نەتوانێ بیبینێ...!


ئەگەر دیقەت بدەینێ دەبینین ، هێندە بە عەشقەکەی نامۆیە تا ئەوپەڕی نائومێدی .. دەیەوێت عەشقەکەی بنێژێت ، لە شوێنێکی هێندە تاریک ، نە خۆی و نە هیچ کەسێکیتر نەتوانن بیبینن ...! یان لە شیعری (دوای عەشق)دا دەڵێ:


ئیتر سیحرەکە بە تاڵبوویەوە
ئێمەش بینیمان وەک کەسانی تر
تۆ چیتر بۆ من موعجیزە نیت
هەروەها منیش بۆ تۆ...!


لەم شیعرەدا کاتێک ، دەگاتە ئەوپەڕی نامۆیی ، یان باشترە بڵێین ئەوپەڕی نائومێدی ئیتر هاوارێکی یاخییانە دەکات و دەڵێت / ئیتر بەسە ، ئەم بارودۆخە نەگونجاوەی بەسەریدا سەپێندراوە و کە تیایدا ئەم نامۆییە رەتدەکاتەوە و دەڵێ .. ئیتر تەواو ، سیحری جوانییەکان و خۆشییەکانی ئەم عەشقەمان بەتاڵبوونەوە .. ئێمە وەک زۆرێک لە عاشقانی تری وەک خۆمان ئەم باتاڵبوونەوەیەمان بە چاوەکانی خۆمان بینی .. ئیتر تەواو ، نە چیتر تۆ بۆ من موعجیزەی نە منیش بۆ تۆ .. ئەمەش دیوێکی تری ، لووتکەی نامۆیی و نائومێد بوونە ، بۆیە ژیانی بە خۆکوشتن کۆتایی هات...!

 

شیعرێکی ''سارا تیسدەیل'' بە دەنگی ''سۆفیا فێداینا''.

_______________________________
سەرچاوەکان:
١- پەرتووکی (THOSE WHO LOVEE).
LOVE POEMS BY SARA TEASDAKAE
٢- پەرتووکی (نامۆیی) لە نووسینی / غیاسەدین نەقشبەندی.
{ئێمە سوودمان لە پێشەکی ئەم پەرتووکە بینیوە کە بەڕێز (د. محەمەد کەمال نووسیویەتی}.
٣- چەند ماڵپەڕێکی ئینتەرنێت بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ژیان و بەرهەمە شیعرییەکانی سارا تیسدەیل.


جۆزەردانی ٢٠١٤ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک