١٨\٩\٢٠٢٠
چەمکە شیعرییەکان
و پەنجەرەیەک بۆ روانین.

ناڵە حەسەن
- بەشی یەکەم -
- ڕووبەری شیعر و (شاعیر و شیعرنووس).
- شیعر لە نێوان (نائومێدی و ڕەشبینی)دا.
- شیعر و (نامۆبوون).
- ڕووبەری شیعر و (شاعیر و شیعرنووس).
ڕووبەری ڕاستەقینەی شیعر ئەو شوێنەیە کە / هەموو شیعرێک ناتونێ بیگاتێ
و لە نێویدا بمێنێتەوە تەنها ئەو شیعرانە نەبێ کە ، بە مەبەستی
بەرهەمهێنانی جوانی نووسراون ، لەوێدا شیعر دەبێتە جووڵەیەکی بەردەوامی
ئیستاتیکی و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا دەبێ ، چ لەڕووی زمانەوە یان
لە ڕووی فۆرمەوە .. بە مانای ، شیعر وەکو ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی
بەردەوام و تەواو نەبوو . لەنێو ئەم رووبەرە / شاعیر لەنێو بیرکردنەوە
شیعرییەکانی لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی و کاریگەرە کەلتووری
ئایدیۆلۆژییەکاندا نابێت ، هەر خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە دەبێتە
کرانەوەیەک بە ڕووی ژیان و گەردووندا ، کەواتە شیعرەکانی نێو ( ڕووبەری
شیعر ) داهێنانەکانییان لە ئاستێکدایە و دەبنە بەشێک ، ( لە پڕۆسەیەکی
بەردەوامی لە نەبوونەوە بەرەو بوون ، لەپێناو خۆ تەواوکردنەوە دەکەونە
گەڕ ...) بە مانایەکیتر / هاوتەریب دەبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان و
چەمک و پێکهاتە گەردوونییەکان . ئازادی بوون توخمێکی سەرەکی نێو
ڕووبەری شیعرە ، شاعیر دەبێ تەواو بیرکردنەوە و بوونێکی ئازاد بێت ، پڕ
بێت لە خەون و جووڵە و نیگەرانی ، لەنێو رووبەری شیعر پەیوەندییەکان
خۆڕسک و توندوتۆڵن ، تەنانەت پەیوەندی نێوان ( سیاسەت و شیعر )یش ،
پەیوەندییەکی نزیک و لێکدانەبڕاوە چونکە ، شیعر لەنێو ڕووبەری زمان
دەتوانێ قسە لەسەر هەموو شتێک بکات ، مەبەستمە بڵێم / لەنێو پانتایی
جوانی ( شیعر و سیاسەت ) تەبا دێنەوە بەڵام ، بە دیوەکەی تر هاودژ و
پێچەوانەن ( مەبەستمان ئەو دیوەیە کە سیاسەت و گوتاری سیاسی لە جوانی
دوور دەکەونەوە ..! ) ، هەروەها زۆرێک لە قسەکانی نیو شیعر وەک قسەکردن
لە خەون ، عەشق ، بوون ، .. بەشێکی دانەبراون لە سیاسەت ، بە مەبەستی
بیناکردن و داهێنان یان گۆڕینی ئاسۆکانی نووسین بەڵام ، لەو شوێنەی
شیعر دەبێتە هۆکار لەپێناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەوێدا
، شیعر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەچێتە دەرەوەی ڕووبەری
شیعر . چونکە لە دواجاردا / زۆرێک لە شیعرە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان لە
دەرەوەی ڕووبەری شیعر وەک ، ( مەلەف و بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی )
دەمێننەوە . دەقە زیندووەکانی نێو ڕووبەری شعر شێلگیرانە و بەردەوام لە
هەوڵی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێدا دەبن ، ئیش لەسەر سڕینەوەی مانا
پێشوەختەکان دەکەن . کەواتە شیعر گەڕانێکی بەردەوامە لەنێو پانتایی
مانادا .. ئەو شیعرانەی لەئاستێکی بەرزی داهێناندان بە تۆخی ئیش لەسەر
زمان و پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، ( هێما و میتافۆر و وێنە و پارادۆکس
و جێگۆڕکی و دووبارەبوونەوە و گومان و پرسیار و گەمە کردن بە وشە )
دەکەن .. چونکە لەم ڕووبەرە شیعرییە باوەڕمان بەوە دەبێ کە / هەموو
دەقێکی گەورە ڕوئیایەکی فەلسەفی گەورە و گومان و پرسیارێکی گەورە
لەگەڵدا دەبێت .. چونکە قووڵایی بەهرە و توانا مەعریفییەکانی مرۆڤ لە
وەڵامدانەوە نییە بەڵکو ، لە پرسیارکردن دایە ، ئەوە ئایین و
ئایدیۆلۆژییەکانن کە هەمیشە وەڵامێکی جێگیر و نەگۆڕییان پێیە ، هەر
لێرەوەیە شیعر ڕەنگ و ڕووبەر و سیمای خۆی لە ئایین و ئیدیۆلۆژیاکان جیا
دەکاتەوە . لێرەدا دەمانەوێت ، ( شاعیر لە شیعرنووس ) جیابکەینەوە .
واتە هەموو ئەو شیعرانەی لە ئاستێکی بەرزی داهێناندان و لەنێو ڕووبەری
شیعر دەمیننەوە ، ئەوانە نووسەرەکانییان ( شاعیرن ) ، ئەو شیعرە
سادانەی دەرەوەی ڕووبەری شیعریش نووسەرەکانییان شاعیر نین بەڵکو تەنها
( شیعرنووسن ) ، چونکە ( شاعیربوون ) جێگاکەی لە هەورازێکە هەموو
شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ ...! مەبەستمانە خۆمان لە هەندێ دەستەواژەی
نائەدەبی ڕزگاربکەین وەک ( شیعری دەرەجە یەک و دوو و دەرەجە سێ و هتد ،
یان شیعری باش و خراپ ، یان ئەو دەربڕینە نائەدەبییەی کە دەڵێن (
میللەتی کورد هەمووی شاعیرن ..! ) ، ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوانە ،
ڕوانگەی ئەو کەسانەن کە خاوەن ئەو مەعریفە شیعرییە نین کە هێزی ئەوەیان
پێ بێت ،( شیعری نێو ڕووبەری شیعر و شیعرەکانی دەرەوەی ڕووبەری شیعر )
لە یەکتری جیابکەنەوە ، یان ناتوانن ئاستەکانی جوانی و هونەری لەنێو
دەقەکان ببینن . یان بە دیوێکی تر ، هەموو وشە ڕیزکردنێک بە شیعر
دەزانن ، بۆیە تاکو ئێستا ( شاعیر و شیعرنووسیش ) لە یەکتری
جیانەکراونەتەوە .
تێبینیی: ئەم کورتە وتارە لە کتێبی (گەیشتن بە ڕووبەری شیعر) وەرگیراوە
کە ئێستا لەژێر چاپدایە، کەمێک بە دەستکارییەوە .
- شیعر لە نێوان (نائومێدی و رەشبینی)دا .
من ئێستا لە گەڕەکی نائومێدیدا دەژیم
بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە
لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە
لە ژوورێکیتر / تابلۆی ترس و نیگەرانییەکانم
لە ژوورێکیتر / تابلۆکانی مردنم
لەژوورێکیتر / تابلۆکانی تەنیاییم
لە دواهەمین ژووریش وا خەریکم
هێدی هێدی /
تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم ...!
لەو شیعرەی سەرەوەو لە شیعری تریش کاتێک ، نائومێدییەکانی خۆمم
دەربڕیوە و لە شیعرێکدا بەرجەستەم کردوون ، جاریوابووە ، پرسیاری ئەوەم
لێکراوە کەوا ، بۆچی لەم شیعرەم هێندە ڕەشبینم ؟ ، منیش لە وەڵامدا
گتومە / من نائومێدم نەک ڕەشبین ..! کەواتە بەپێی ئەو وەڵامەم دەبێ (
نائومێدی و ڕەشبینی ) ، دوو چەمکی جیاواز بن ، ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە
نزیکایەتییان هەبێت بەڵام ، دوو وشەی تەواو جیاوازن .. هەوڵدەدەین لەم
نووسینە زۆر بە کورتی ماناکان و جیاوازییەکانییان بخەینە ڕوو .. بە
بروای من زۆر ئاساییە شاعیرێک یان نووسەرێک لەنێو شیعر و
نووسینەکانییان ڕاستگۆیانە ( نائومێدییەکانی ) خۆیان دەرببڕن ، ئەوە
هیچ بەمانای ئەوە نایە ، ئەو شاعیر و نووسەرانە کەسی ڕەشبینن ، یان (
نائومێدی ) چەمکێک و بارێکی نێگەتیڤ نییە ، کە دەڵێین نێگەتیڤ نییە ،
مانای ئەوە نییە بڵێین پۆزەتیڤە ، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارێکی ئاساییە
، کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە ، ئەوکەسە ئومێد
و خەونی گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون ، واتە لەو
چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم
نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە ، بۆ یە دەڵێین / بارێکی نێگەتیڤ نییە ،
چونکە هێشتا لە لەگەڵ خەونە و ئومێدەکانیی دەژی بە ئومێدی ئەوەیە یان
لە هەوڵی ئەوەیە ڕۆژێکدا بێت پێی بگات . بەمانای ئەگەرچی بە
ئومێدەکانیی نەگەیشتووە و لە ئێستادا کەسێکی نائومێدە بەڵام ، دەستی لە
خەون و ئومیدەکانیی بەرنەداوە یان هەڵنەگرتووە . بەڵام / ( ڕەشبینی )
چەمک و بارێکی نێگەتیڤە . کەسی ڕەشبین هیچ ئومێدێکی بەژیان نەماوە ، (
بوون و نەبوونی ) خۆی لە نیو ژیاندا وەکیەک چاولێدەکات ، ژیان هیچ
بەهایەکی تیا نەماوە تا بۆی بژی ، پڕبووە لە هەستەکانی پووچی ، بەمانای
بەو پۆینتە گەیشتووە کە ژیان ئەوە ناهێنێ کە بۆی بژی ، زۆرێک لەو
کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ئەوکەسانە لەهەمانکاتیش لەبارێکی
دەروونی ناهەمواردا دەژین تووشی نەخۆشی خەمۆکی و زۆرێک لە نەخۆشیتری
دەروونی دەبن . لە لێکۆڵینەوەکمان لەبارەی ( شیعر و خۆکوشتن ) ئەوەمان
خستبووەڕوو کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن
بردووە ، ئەو کەسانە بوون کە دەرگیری نەخۆشی خەمکی ببوون و ئەوکەسە (
ڕەشبینانە )بوون کە هیچ باوەڕ و ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو ، حەز
دەکەم دواقسەم لەمبارەوە ئەوە بێت کە / ڕاستە من لە هەندێک لە
شیعرەکانم نائومێدی یان نائومێدییەکی گەورەشم بەرجەستە کردووە بەڵام /
بۆ یەک چرکەش لە ژیانم ڕەشبین نەبووم .
- شیعر و (نامۆبوون).
نامۆبوون چەمکێکی فرەمانا و فرە ڕەهەندە ، چ لەلای خەڵکی ئاسایی و چ
لەلای نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفەکانەوە ، مانا و خوێندنەوەی
جۆراوجۆری بۆکراوە ، ئێمە لەو کورتە نووسینەمان هەوڵدەدەین هەندێک لە
خوێندنەوە و مانا جیاوازەکان بخەینە ڕوو ، وە هەروەها هەڵوێستە لەسەر
ئەو خوێندنەوەیە بکەین کە پەیوەندی بە شیعر و داهێنانەوە هەیە.
- نامۆبوون لەلای (هیگل) پەیوەندی بە ( دابڕان )ەوە هەیە ، یان هەر
بەمانای ( دابڕان ) دێت ، وەکچۆن لە کاتی لەدایکبوون منداڵ لە دایک
دادەبڕێ و دێتە نێو ڕووبەرو دنیایەکی نوێوە و تووشی حاڵەتی نامۆبوون
دەبێت ، هەروەک لە کتێبی ( بوون و داهێنان )ی د. محەمەد کەمال دا
هاتووە / لەلای هیگل پڕۆسەی داهێنانیش بە نامۆبوون دادەنرێت چونکە ، لە
ڕێگەی داهێنانەوە بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن.
- نامۆبوون لەلای (مارکس) پەیوەندی بەکاڵا و بەرهەمهێناوە هەیە /
بەمانای کاتێک ( کرێکاران ) کاڵاکان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان لێی
بێبەشدەبن ، خێروبێری ئەوکاڵاو بەرهەمانەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و
خاوەن کارەکانەوە ، لێرەدا کرێکاران بەرامبەر ئەو کاڵا و تەنانەت ئەو
دنیایەش کە بەرهەمی دەست خۆیانە نامۆدەبن ، هەر لەسەر ئەو بنەمایە
مارکس ڕەخنەی لە هیگل هەبوو کە داهێنانی بە پڕۆسەیەکی نامۆبوون دادەنا
، مارکس پێی وابوو ئەو جۆرە دابرانە نامۆبوون بەرهەم ناهێنن ، بەلای
مارکس ئەوکاتە داهێنان نامۆبوونی لێدەکەوتەوە کاتێک بیرۆکەکان لە
نووسەرەکان دادەبڕێن و لەلایەن کەسانیترەوە داگیربکرێن و خاوەنەکانی پێ
بچەوسێننەوە ، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ( کرێکاران و بەرهەمهێنانی
کاڵاکان )
- نامۆبوون لای (مارتن هایدگەر) مرۆڤی دەستەمۆ کاتێک دەکەوێتە
ژێرکاریگەرییە دەرەکییەکان واتە هێزە دەرەکییەکان ئاراستەی
جووڵەکانییان کۆنتڕۆل دەکەن ئەوکەسانە کەسانی نامۆن . چونکە هەمووشتێکن
بەس خۆیان نین . وە خاوەن بوونێکی دەستەمۆ و ناڕەسەنن . ناتوانن تەعبیر
لە خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن . ئێمە لە پەیوەند بە شیعر و
داهێنان هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕایەی ( هایدگەر ) دەکەین و دەیکەینە
سەرچاوەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانە . هەروەک لە کتێبی ( ئەدەب و
ئایدیۆلۆژیا ) پێداگریمان لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی هایدگەر کردبوو لە
وتاری ( بوون و ئەدەب ) ، لە پەیوەند بە بوون و ئازادی نووسەرەرەوە .
چونکە خودی داهێنان ( بە پێشمەرجی ئەنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ ) دادەنرێت ، (
داهێنان و نامۆبوون )یش لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی ناکۆکییان هەیە ،
بۆیە کەسێکی نامۆ بە داهێنەر دانانرێت چونکە ( ناتوانێت خۆی بڕیار
لەسەر پڕۆژەکانی بوونی خۆی بدات ...! ) ، هەموو بڕیار و پڕۆژەکانی
لەژێر کاریگەری دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان دەبێت ، بۆیە دەگەینە ئەو
ئەنجامەی کە کەسی داهێنەر نامۆنییە و یان کەسی نامۆ ناتوانێ داهێنان
بکات ...!
تێبینیی: بۆ نووسینی ئەم کورتە وتارەمان سوودمان لە کتێبی (بوون و
داهێنان)ی د محەمەد کەمال وەرگرتووە.
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|